الصفحات

تەنیایی

 


دیسانەوە دەنگی گۆرانیبێژە شەوگەڕەکە لە دوورەوە دەژنەوێت. وا ئەمشەویش ئەو ‏لە ‏قەراغشارەوە لە شوێنە نادیارەکانی ئەم ژیانەوە بە دەم گۆرانیچڕینەوە خۆی بەم شارەدا ‏دەکات. ‏کەمێک لەناو جێگەکەدا گوێی لێ دەگرێت، بەو هیوایەی خەوی لێ بکەوێت. بەڵام ‏خەو ‏ناچێتە چاوانی‏ و لەناو جێگەکەدا هەر تەپوتل دەکات. بەتانییەکە بەسەر خۆیدا دەدات ‏و ‏کونبڕی دەکات تا گوێی لە هیچ نەبێت. بەڵام دەنگەکە هەتا دێت نزیکتر دەبێتەوە. ‏ئەم ‏گەلێکجار بەدەم گوێگرتن لە دەنگی ئەوەوە چاوی چۆتە خەو، وەک چۆن چەندینجاریش ‏چون ‏ئێستا دەنگەکەی خەوی لە چاوانی تۆراندووە. لەژێر بەتانییەکەدا تەنگەنەفەس دەبێت و ‏وەک ‏ئەوەی لە بنی دەریایەکدا بێت و پەلەقاژەی مەرگی بێت، زۆر بە خێرایی بەتانییەکە ‏لەسەر ‏سەری لا دەبات و هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت. ‏




لەناو نوێنەکە دێتە دەرێ و قەیرێک لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دەوەستێت وەک ‏ئەوەی ‏بۆ شتێک بگەڕێت. دەنگی گۆرانیبێژەکە لە ناو کۆڵانەکدا دەبیستێت. دیوارەکانی ‏ژوورەکەی ‏لێ دێنەوە یەک، وا هەست دەکات گۆڕەوشاری دەدەن. دەرگەی سەر باڵکۆنەکە ‏دەکاتەوە، ‏هەوایەکی سارد لەگەڵ دەنگی گۆرانیبێژەکەدا خۆیان بە ژووردا دەکەن. ئەم لە ‏باڵکۆنەکەوە ‏سەرنجی دەداتێ. ئەو بەم نیوەشەوە لەسەر سوچی کۆڵانەکەوە بێباکانە خەریکی ‏چڕینی ‏گۆرانییەکانی خۆیەتی. ئاوڕێک بە لای چرپایەکەدا دەداتەوە، گوڵێ دەبینێت لە تاو ‏هەوای ‏ساردی ژوورەکە خۆی گرمۆڵە کردووە. ئەم ‏بە پەلە و لە هەمان کاتدا بە بێدەنگی ‏خۆی ‏دەگۆڕێت. بڕیاری داوە ئەمشەویش شوێنی بکەوێت. بەڵام نابێت ونی بکات (تا نەیگرم ‏وازی ‏لێ ناهێنم.  دەبێ بزانم کێیە، چ کارەیە، لە کوێوە دێت و بۆ کوێ دەڕوات؟ بۆچی تەنیا ‏بە ‏شەوان دێت و گۆرانی دەڵێت؟ دەبێت نهێنی ئەم پیاوە بدۆزمەوە کە ئاوا هەمیشە شەوان ‏کوچە ‏و کۆڵانەکان تەی دەکات و غەمناکانە گۆرانی دەچڕێت. ئای لە گۆرانییەکانی ئەو پیاوە ‏کە بەردەوام گوێی لێ دەگرم و گوێم لێ گرتووە. هەرچەندە ورد ورد دەمهاڕێت بەڵام ناشتوانم دەستبەرداری ‏بم. ‏لە مێژە نهێنی ئەو پیاوە کرمئاسا مێشکم دەخوات. کەسێک بەم دەنگە خۆش و نامۆیەوە، ‏شەوان ‏ئاوا بە سەلیقەی هونەرمەندێکی زۆر شارەزا گۆرانی دەڵێت، هەر دەبێت رۆژانە لە ‏شوێنێک ‏پەراوە لەسەر گۆرانیگووتن بکات. دەبێت هەر لەو شوێنەشدا بژیێت. بێگومان ‏دەبێ ‏چیرۆکێکی خەمناکیشی لە ناو دڵیدا هەڵگرتبێت، بۆیە وا بەم غەمگینییە گۆرانی دەڵێت) ئەم بیری نایەتەوە کەی ئەمەی گوتووە. ئەو خونیاگەرە بە چەندین زمانی جۆراوجۆر گۆرانی دەڵێت و ‏هی ‏گەلێک ‏گۆرانیبێژیش. هەر کاتێکیش گۆرانی یەکێک لە گۆرانیبێژەکان دەڵێتەوە رێک ‏دەنگی ‏دەبێت بەو گۆرانبێژە.‏

ئەم سەرەتا وای دەزانی ئەو پیاوە جادووگەرێکە، پاشان وای بۆ دەچوو ‏قەلەندەرێکی هەزاردەنگ بێت. هەندێک شەو تەنیا سۆڵۆیەک دەژەنێت ساز، کەمانچە ‏یان ‏گیتار و .. هتد. شەوی وا هەبووە بە کوردی گۆرانی چڕیووە. ‏شەوانێکیش بە ‏فارسی، ‏عەرەبی، تورکی، ئازەری و ئەرمەنی. باشتر وایە بڵێێن ‏ئەو گۆرانی ناڵێت بەڵکو ‏شتێک ‏دەڵێت کە لە ناڵەیەك دەچێت تا لە گۆرانی. ئاخر ئەو ‏گۆرانییانەی ئەو دەیانڵێتەوە ‏هەمیشە ‏خەمێکی قووڵیان لێ دەچۆڕێتەوە. خەمێک تەنانەت ئەگەر لە ‏وشەکانیشی تێ ‏نەگەیت، بەڵام ‏بە ئاوازەکانیا دەزانیت باس لە چ کۆستێکی گەورە دەکەن، ‏باس لە بەجێمان، ‏دابڕان و ‏دوورکەوتنەوە دەکەن. ‏

ئەم بە بێ سرپە لە ماڵ دێتە دەرەوە. کە دەرگەی حەوشەکە بە کراوەیی بە جێ دەهێڵیت ‏ئینجا ‏بیری دەکەوێتەوە دەرگەی باڵکۆنەکەیشی دانەخستۆتەوە و دەترسێت گوڵێ سەرمای ‏بێت. ‏بزەیەکی قەهراوی دەکەوێتە سەر لێوەکانی و دە نێو کۆڵانەکە دەکەوێت. ‏ئەوەتا ‏هێشتا ئەو لەو سەری کۆڵانەکەیە هەر دەڵێیت چاوەڕوانی ئەمە. دەڵێیت ‏ئاگاداری ‏بڕیارەکەیەتی. ئەو بە فیتولێدان بەرەو ئەو سەری کۆڵانەکە هێواش هێواش بەرەو ‏ناوەندی ‏شار دەڕوات. ئەمیش هەر لەسەر هەمان ریتمی رۆیشتنی ئەو شوێنی دەکەوێت. 

ئەم لە بیری نایەت ئەو پیاوە لە کەیەوە بە ناو ئەم شارەدا دەگەڕێت و گۆرانی ‏دەڵێت. ‏هێندەی لە ‏یادە کە لە سەرەتای گەنجێتییەوە گوێی لە گۆرانییەکانیەتی. ئەو کاتانەی تازە ‏یەک ‏دوو ساڵێک ‏دەبوو بۆ خەوتن لە باخەڵی دایکی هاتبووە دەرێ و جێونوێنی جیا ‏کردبۆوە. ‏شەوانە هەر کە ‏خێزان چاویان دەچووە خەو، ئیتر دەنگی گۆرانیبێژەکە دەهاتە گوێی ‏و بە ‏گۆرانییە غەمناکەکانی ‏ئۆقرەی لێ دەبڕی‏.‏

ئەو رۆژگارە خونیاگەرەکەیشمان دەنگێکی ناسکتر و گەنجانەتر لە ‏ئێستای هەبوو.‏ ‏ئەم ‏لە نێو ‏جێگەکەیەوە بەدەم هەنسکهەڵدانەوە هەتا چاوانی دەچوونە ‏خەو ‏گوێی ‏لە ‏گۆرانییەکانی ‏دەگرت. ئەو ‏جارانەیش کە گۆرانییەکانی نەیاندەهێشت بخەوێت ‏و ‏خەویان لێ دەزڕاند، دەرگەی حەوشەی ‏دەکردەوە و چاوی بەمسەر و ئەوسەری ‏کۆڵانەکەدا ‏دەگێڕا تا بزانێت ئەو دەنگە لە کوێوە دێت، تا ‏بیبینێت. بەڵام فریا نەدەکەوت و‏ بە ‏تەنها ‏تارماییەکی دەبینی کە هێدی هێدی بۆ ئەوسەری ‏کۆڵانەکە دوور دەکەوتەوە. ‏هەندێکجار ‏بە ‏هێواشی بە پەیژەکەدا دەچووە سەربان و چاودێری ‏دەکرد. بە دزی ‏خێزانەکەیەوە دەچوو چاو و ‏گوێی بە کونەکانی دیوارەبلۆکەکەی ‏حەوشەوە دەنا. بەسەر ‏دیوارەکەدا ‏هەڵدەزنا، بەڵام تەنیا ‏تارماییەکەی دەبینی، ‏کە بە گورانیووتنەوە لە نێو کۆڵانە ‏تاریکەکەیاندا‏ ‏رەت دەبوو. تەنانەت ‏هەندێکجار هەستی بە پێیەکانی ‏دەکرد کە بەسەر سەربانە ‏گڵینەکەیاندا ‏دەڕۆیشت. ‏چەندین جار ‏بەیانیان زوو لە ناو جێگەکەی دەرپەڕیووە ‏و ‏سەیری ‏بەردەرگا و ناو ‏کۆڵانەکەی ‏کردووە ‏بەشكو ئەمە خوایە لە پەنایەکدا خەو بردبێتییەوە و لە ‏نزیکەوە بیبینێت. ‏بەڵام ‏هیچ ‏شوێنەوارێکی بەدی نەدەکرد. سەرەتا دایکی، خوشک و براکانی ‏وایاندەزانی عاشق ‏بووە و ‏سەرەتاتکێ ‏لەگەڵ کچە ‏دراوسێیەکدا دەکات. بۆیە لەو رەفتارانەی ‏ئاگاداریان دەکردەوە ‏و لێی ‏تووڕە دەبوون چونکە ‏ئەمە دەبێتە ‏هۆی حەیاچوونیان. ‏بەڵام ئەم باسی ‏چیرۆکی ‏ئەو ‏گۆرانبێژەی بۆ دەکردن و پرسیاری لە دایک، ‏خوشک و براکانی دەکرد. ئەوان ‏ئەمەیان ‏بە ‏زرنگانەوەی مێشکی دەزانی. پاشان وەک ئەوەی هەموویان لەسەر ‏قسەیەک ‏رێککەوتبن ‏ئامۆژگاریان دەکرد توخنی ئەو گۆرانیبێژە نەکەوێت و نەبێتە هاوڕێی، ‏پێیان ‏دەگوت (ئەو ‏گەنجێکی وێڵ، سەرگەردان و بێ کەسە. نزیکی مەکەوە و مەیناسە، ‏نەوەک ‏خووت تێک بدات) ‏پێیان دەووت (زۆر کەس دوای ئەوەی بوونەتە هاوڕێی، ‏خوویان ‏تێکچووە، ئەو بە جێی ‏هێشتوون). ‏ ‏

          ئەم بە هۆی ئەوەی ئەوەی لە ماڵەوە شوێنی بۆ کۆششکردن لە وانەکانیا ‏نەبوو، ‏دەچووە بەردەرگا ‏و لەناو کۆڵانەکەدا هۆنراوە و وانەکانی بە ئاوازەوە ئەزبەر دەکردن ‏و ‏دەیووتنەوە. یان لەگەڵ ‏برادەرەکانیا دەچوونە یاریگاکەی تەنیشتیان، کە تاقە یاریگای ‏گەورەی ‏شار بوو و ئەمان هەم ‏بۆ ‏دووگۆڵی وهەم بۆ کۆششکردن لە وانەکاندا دەچوونە ‏وێندەر. ‏ئەو کاتانە چێژێکی زۆری ‏لەوە دەبینی، کە شەوانە یان بەیانیان زوو بە تەنیا لە ‏کۆڵان یان ‏یاریگاکەدا کۆشش بکات. ‏چونکە دەیتوانی بە دڵی خۆی ورەور بکات و ‏بەبەرخۆیەوە گۆرانی ‏بڵێت. بە ئومێدی ئەوەی  ‏گۆرانبێژەکە لە ژێڵدا بێت و گۆرانی بۆ بڵێت، ‏ئیدی ئەویش لە ‏نادیارەوە پەیدا دەبوو و لە پەنایەکی ‏تاریکی کۆڵانەکەدا یان لەناو یاریگاکەوە ‏گۆرانیان بۆ ‏یەکتر دەسەندەوە. ئەم بە دەم گۆرانیووتنەوە ‏بەرەو لای تاریکایی و دەنگەکەی ئەو ‏دەچوو. ‏بەرەو ناو تاریکایی یاریگاکە دەڕۆیشت. بەڵام ئەو ‏بە پەلە دوور دەکەوتەوە و خۆیی ‏لێ ون ‏دەکرد. ئەمیش لەبەرئەوەی هێشتا گەنجێکی کەمئەزموون بوو و لە هەموو شتێک و ‏کەسێکی ‏نامۆ و نەناسراو ترسێنرا بوو، بۆیە نەیدەتوانی لە ‏کۆڵانەکە زۆر دوور بکەوێتەوە. ‏ئەم تێبینی ‏کردبوو لەو کاتانەدا هەندێک لە کچانی دراوسێ و ‏کۆڵانەکەیش لەودیوی چیغ و ‏ستارەکانی ‏سەربانەکانەوە گوێیان هەڵدەخست. ‏

ئەو کاتانە ئەم لە دڵەوە حەزی دەکرد هاوەڵی بکات و پێکەوە کووچە و کۆڵانەکانی ‏شار ‏بگەڕێن. ‏بەڵام ئەمێک کە بە رۆژیش بۆی نەبوو بە تەنیا یان تەنانەت لەگەڵ ‏برادەرەکانیشیا ‏لە ‏کۆڵانەکەیان دووربکەوێتەوە و تا باخە سەوزەکانی قەراغ شار یان بۆ ‏گەڕەک و ‏لاکۆڵانەکانی شار ‏بچێت، چۆن دەیتوانی بە شەو بچێتە دەرەوە و هاوەڵی گەڕانی ‏بێت؟ ئاخر ‏گەڕەکەکەی ئەوان لە ‏قەراغی شاردا بوو پڕی بوو لە شەقاوە و چەقۆوەشێن، ‏هەتیوباز و ‏منداڵباز.  زۆربەی منداڵان ‏ئەگەر خۆشیان ئەقڵیان پێ نەشکابا ئەوا خێزانەکانیان ‏رێیان ‏نەدەدان لە کۆڵان و گەڕەک ‏دووربکەونەوە نەکا لاقە بکرێن. ‏خۆ ئەگەر ‏منداڵانێک ‏سەرکێشیان کردبا و توخنی ئەو شوێنە دوورانە کەوتبان، ئەوا بە سەرفرازی ‏نەدەهاتنەوە.‏

وا دەگاتە سەرەتای شەقامی مەولەوی، ئەو شەقامەی ڕێی بەردەوامی چوون و ‏گەڕانەوەیەتی ‏بۆ ناو بازاڕ و ناوەندی شار. شەقامەکە چۆڵ و تاریکە. تاکوتەرا کەسانێکی بێ ‏خانەولانە یان ‏بەهۆی کارکردنەوە بە شەقامەکەوەن. گڵۆپی دارتێلەکان شەوانە هەڵناکرێن. ‏هەندێک دوکان لە ‏ترسی دزیوفزی، بۆ ئاسایشی شەقام و دوکانەکانیان، خۆیان گڵۆپیان بۆ ‏دوکانەکانیان داناوە و ‏دایدەگیرسێنن. گڵۆپی داگیرساوی ژێر چەرداخی دوکانێک، بەردەمی ‏دوکانەکە دەکاتە ‏سەکۆیەکی شانۆ. ئەم دەیبینێت ئەو لەبەر رووناکییەکەدا گۆرانی )ئەرێ گوڵێ)ی سێوە ‏دەڵێتەوە. ئەم ‏چاوەکانی پڕ ئاو دەبن و بینایی لێل دەبێت، بەڵام بە خێرایی بەرەو رووناکییەکە ‏دەڕوات. ‏قەستیەتی یەخەی بگرێت، رایوەشێنێت و پێی بڵێ: (برالە! ئەرێ ماندوو نەبوویت؟ ‏دەزانیت ‏تۆ سەدان و هەزاران شەوە ‏بەم ئاواز و گۆرانییانەت منت وێران کردووە؟ یەخەت بەرنادەم هەتا ‏بەڵێنم ‏پێ نەدەیت کە هیچ ‏شەوێکی تر نەیەیتەوە بۆ کۆڵانەکەمان و دەست لە یەخەم بەر ‏نەدەیت). ‏خۆی لەبەردەم دوکانەکەدا دەبینێتەوە یەخەی جەمالی بەدەستەوەیە کە لەسەر پارچە ‏مقەبایەک ‏راکشاوە. جەمال دەست بە جنێودان و کفرکردن دەکات. جنێو بە کورد و هەموو ‏سەرکردەکانی ‏دەدات. جنێو بە خودا و ئاسمان و هەموو پەیامبەرەکانی دەدات. ئەم بە هۆش ‏خۆی دێتەوە ‏باوەشی پیادا دەکات، بێباک لەو بۆنە ناخۆشەی بەهۆی فەرامۆشکرانییەوە لێی ‏دێت، ‏بەسەریا دەگری.‏

-        جەمال گیان بمبوورە! بمانبوورە! بیری ئەو پەنجەیەت دەکەم رۆژانێک دەتکرد بە قنگی هەموومانا.

جەمال بە توندی دەستی ئەم لە یەخەی دەکاتەوە و لێی پاڵ دەکەوێتەوەو هاوار دەکات:

-        پەنجەم بە قوزی ژنی هەموو سەرکردەکانی کورد ‏

جەمال بە گەنجی مرۆڤێکی ئاسایی بووە، هەتا ئەو کاتەی مامۆستا یاسینی برای ‏لە ‏ڕووداوەکانی ساڵی شەستوسێدا گولـلەباران دەکرێت و ئەمیش کە دەچێتە سەر لاشە ‏خوێناوی و ‏شێواوەکەی ئیدی باری ‏دەروونی تێک دەچێت. کوژرانی ئەو پیاوە شۆکێک بوو ‏بۆ جەمال و ‏خێزانەکەیشی، کە ژیان و چارەنووسیانی بۆ هەتاهەتایە گۆڕی. ‏ساڵانێکی زۆرە ‏هەموو ‏جیهانەکەی ئەو لە شەقامەکانی مەولەوی و سەعید تەها کۆییدا بچووک بۆتەوە، لەوێدا ‏پیاسەی ‏دەکرد و بوزی بە خەڵکییەوە دەکرد. بەڵام لەوەتەی چاوەکانی لە دەستداوە، ئیدی گەڕانیشی نەماوە، لە پاسارەکانی ئەو گووزەرەدا لەسەر پارچەمقەبایەک، بەتانییەشڕەیەک دەژی و بەردەوام بە تووڕەییەوە جنێو بە هەموو کورد و سەرکردەکانی دەدات.‏

ئەم بە دەم هەنسک هەڵدانەوە لە جەمال دوور دەکەوێتەوە و شوێن دەنگەکە ‏دەکەوێتەوە، ‏کە دیسانەوە دوورکەوتۆتەوە. بەزەیی بە تەنیایی و بێدەسەڵاتی خۆیدا دێتەوە وا ‏بێهوودە بەم ‏نیوەشەوە شوێن ئەو بابایە کەوتووە و ناتوانێ پێی بگات. ‏

بەڵام لێی ناگەڕێت ئەمشەو لە دەستی دەرچێت، دەبێت بزانێت ئەو هەر بە ڕاستی مرۆڤە ‏یان ‏تارمایی، ڕاستییە یان خەیاڵ. ئاخر چلۆن دەتوانێت ‏بەو هەموو زمانانە گۆرانی ‏بچڕێت. ‏دەگاتە لای مزگەوتی گەورە. ئەم زۆر لێی نزیک دەبێتەوە و دەستی بۆ درێژ دەکات، ‏نووکی ‏پەنجەی بەر شانی دەکەوێت ( دەی چنگم لێت گیر بێت! دەزانیت تۆ لە گەنجێتیمەوە ‏منت بە ‏دەنگی خۆت ئالوودە کردووە؟ بیرت دێت شەوێکیان بەردەوام گۆرانیت دەگووت و ‏ئەو ‏گەڕەکەت چۆڵ نەدەکرد وەک ئەوەی چاوەڕێم بیت بێمە دەرەوە بۆ لات؟ بەڵام من هێندە ‏ماندوو ‏و بێزار بووم لە گوێگرتن لە گۆرانییەکانت، لە حەوشەکەدا هاوارم بەسەرتا کرد: بەسە ‏ئیدی ‏ئەم ئاوازە ڕاگرە! بەسە مێشکم تەقی! دراوسێکان لەم هاتوهاوارەی من ڕاپەڕین و ‏بەسەرماندا ‏دابارین. هەبوو پێکەنینی بە حاڵم دەهات، هەیانبوو بەزەیی پێمدا دەهاتەوە و ‏سەرکۆنەی ‏دایکمیان دەکرد، کە هەوڵی چارەسەرکردنم نادات. مەلای گەڕەک و چەند پیرەمێرد ‏و ‏پیرەژنێک وتیان: دەبێت قورئانی بەسەرا ‏بخوێنین تا ئەوان لێی دوورکەونەوە. ‏چەند ‏سەرەژنێک بە دایکمیان وت هەموو گەڕەک و خەڵکی شارەکەیش دەزانن کوڕەکەت و ‏گوڵێ ‏عاشقی یەکترن. ئەگەر تۆ خوازبێنی بۆ ناکەیت، ئێمە دەچینە خوازبێنی، با ئاوێک بە ‏ئاگری ‏ئەم دوو دڵەدا بکرێت. هەر ئەوە شەوە دایکم و ژنانی گەڕەک گوڵێیان بۆ خواستم و ‏بۆشیان ‏گواستمەوە. بەو نیوەشەوە خەڵکی گەڕەک کردیان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ. بەڵام من ‏هەر بێ ‏ئارام و شپرزە بووم. کاتێکیش خەڵکەکە هەموو ماڵیان چۆڵ کرد و من و گوڵێیان بە ‏تەنیا بە ‏جێهێشت. من لەرزێکی توندم لێهات. گوڵێ بە خەندەیەکی جانانە و دوور لە شەرمی ‏تازە ‏بووکێک، یەک یەک جلکەکانی لەبەر خۆی داکەندن، لێم نزیک بووەوە، دەستی بەسەرما ‏هێنا ‏و سەرمی توند بە سنگییەوە نووساند. خزاندمییە ناو جێگەکەوە (وەرە ئازیزەکەم سەرت ‏بنێ ‏بەم سنگ نەرمەمەوە. وەرە با مەمکەکانم دەموچاوت و گوێیەکانیشت داپۆشێت. وەرە ‏لەسەر ‏ئاوازی لێدانی دڵم کە لە ژێر مەمکی چەپما خۆی حەشارداوە سەما بکە و ئاواز بخوێنە ‏‏) ئەو ‏چی وت، منیش وام کرد. گەرمی و بۆنی خۆشی سنگ و مەمکی جەستەمیان گەرم ‏داهێنا، ‏گڕیان تێ بەردام. من نازانم چەند جار تەپوتل و ئەمشان و ئەوشانمان کرد. هێندە ‏دەزانم پاش ‏کەمێک ئەو بەتەواوی شلوشەکەت بوو و کەوتە خەوێکی قووڵەوە. هێندەی نەبرد ‏جەستەیشی ‏شل و خاو بوویەوە، ئیدی سنگ و مەمکی توانای جڵەوکردنی سەر و ‏گوێچەکەکانمیان نەما. ‏هەر ڕێک لەو کاتەدا دیسانەوە دەنگی تۆ کۆڵانەکەی پڕ کردەوە. لە ‏بیرمە ئەو شەوە، وەکو ‏چەندین شەویتر کە دوای ئەوەی گوڵێیان بۆ لە پەردە دەکردم و لە ‏یەکتر تێر دەبووین، تێر ‏گریام. بۆ بەدبەختی خۆم دەگریام، بۆ ئەم چارەنووسەم دەگریام وا ‏منی بە تۆوە شەتەک دا. ‏بۆیە هەر دەبێت بتگرم و ئەم فەرمانەی خودا بشکێنم کە دەبێت بۆ ‏هەمیشە گوێبیستی ئاواز و ‏گۆرانییەکانت ببم. ئەها! وا خەریکە دەتگرم)  تەقەی سەرقاپێکی ‏قابلەمە ڕایدەچڵەکێنێت. ‏نیگا دەکات بەو دوای نیوەشەوە لە بەردەم دەرگای مزگەوتەکەدا ژنێکی ‏دێوانەی بێ سەرپەنا ‏لەسەر پارچە مقەبایەک دانیشتووە و چەند مرۆڤێکی بێ خانەولانەیش ‏لەملاولای ژنە ‏دێوانەکەوە لاڵ و پاڵ لێی کەوتوون. ‏ژنەکە گەمە بە سەرەقابلەمەیەک دەکا. ‏زووزوو بەری ‏دەداتەوە سەر زەوییەکە و خڕەیەکی تایبەتی لێ هەڵدەسێنێت، چەند وشەیەک ‏دەڵێت کەس ‏لێیان تێناگات ( سەبەتاڵ .. خڕڕڕڕڕڕڕ.... سەبەتاڵ سەبەتاڵ خڕڕڕڕڕڕڕ) ‏ئەم دەحەپەسێت. ‏ئاخر ئەوە گوڵێیە! ئەی بۆ وای لێ بەسەر هاتووە. قوڕگی پڕ لە گریان ‏دەبێت.  

لە گەرمەی جەنگی عێراق – ئێراندا، بە هۆی پریشکی ئاگری جەنگەکەوە ‏ناوچە ‏سنوورییەکان ‏ چۆڵ کران. سەدان خێزان ئاوارەی ناو شار و شارۆچکەکان بوون. ‏خێزانی ‏گوڵێش بە ناچاری زێدی خۆیان بە جێهێشت، هاتنە سلێمانی، لەم کۆڵانەی ئەماندا ‏گیرسانەوە و ‏بوونە دراوسێیان. گوڵێ بە هۆی کوژرانی براکەیەوە لە یەکێک لە تۆپبارانەکانی ‏ئێراندا بۆ ‏سەر شارۆچکەکەیان بەردەوام جلی رەشی لەبەردا بوو. ئەو شۆڕەکچێکی سپیکەلانەی ‏چاووبرۆ گەورەی ‏دەم هێشوویی بوو. دوو ‏کەزیەی ڕەشیشی بە ژێر ‏ڕەفتەکەیدا کە لە پشت گوێچەکەیەوە دەیبەست بەسەر شانوملیدا ‏هاتبوونە خوارەوە و دڵی ‏گەنجانی بۆ خۆی دەبرد. خوشکوبراکانی گوڵێ لە قوتابخانەیەکی ‏گەڕەکەکەدا وەرگیران و ‏دەستیان بە خوێندن کرد. ئەم لە وانەکانیاندا یارمەتی خوشکوبراکانی ‏ئەوی دەدا و ئەمەیش ‏هەردووکیانی لە یەکتر نزیک کردەوە و دڵبەستەی یەکتر بوون. ئەم ‏ئیدی لە نێوان گوڵێ و ‏گۆرانیبێژەکەدا دابەش بوو. ئەوان ئەمیان خستە نێو دوو دونیاوە و هەر ‏یەکەیان بۆ خۆیی ‏پەلکێش دەکرد. بەڵام سەرەنجام هەردووکیان هەر دەیانهێنایەوە ناو کۆڵان، ‏هەستهەڵگرتنی ‏شەوانە، ئێشکگرتن و خەوزڕان. چیرۆکی ئەم و گوڵێ و سەرسوچی کۆڵان، ‏ئەم و ‏گۆرانیبێژەکە و گەڕان بەناو کۆڵانەکەدا بە تەواوی لای هەموو کەس ئاشکرابوو. ناوی ‏ئەم ‏بەردەوام لەسەر زاران بوو، زاری ناسیاو و نەناس. ‏

چەندین شەو باوکی گوڵێ بە تێڵایەکەوە ڕاوی نابوو. دەیانگێڕاوە شەوێکیان ‏تووشی هێزە ‏تایبەتەکەی مولازم موحسین بووە و خەریکبووە بیکوژن. بەڵام کاتێک مولازم موحسین ‏ناسیوویەتییەوە ‏وتوویەتی ‏ئەو کوڕە عاشقەکەیە، ئیدی لێی گەڕاوە. ئەم موستیلە و دیاری بۆ گوڵی دەکڕی ‏بەڵام ئەو ‏نەیدەوێرا وەریان بگرێت. ئەم دەیان نامەی عاشقانەی بۆ گوڵێ نووسین بەڵام گوڵی ‏بە هۆی ‏ئەوەی کاتی خۆی نەخرابووە بەر خوێندن و خوێندەواری نەبوو، لە ژووانەکانیاندا ‏خۆی ‏نامەکانی بۆ دەخوێندەوە. هاوینان لەسەربان کاتی خەو، هەتا لە نێو چیغەکانیانەوە ‏دەستی ‏شەوباشیان بۆ یەکتر بەرز نەکردبایەوە نەدەخەوتن. بەیانیانیش هەر دەبوو ئەم گوڵێ ‏ببینێت بە ‏پێوە لە ناو چیغەکەدا پاش لە خەوهەستانی دەستێک بە سەر و قژەکەیدا بهێنێت. ‏ئاخر ئەم ‏جارێکیان ئەو داوایەی لە گوڵێ کردبوو.‏

خێزانی ئەم ڕازی نەبوون خوازبێنی گوڵێی بۆ بکەن، گوڵێش لەلایەن ‏باوکییەوە بە ‏زۆر بە مێرد درا و لە یەکتر دابڕان. ئیدی ئەم بۆ ئەبەد خۆشەویستی و ‏هاوسەرگیری لەبیری ‏خۆی دەرکرد. خۆ دوای ئەوەی بە هەر فەلاکەتێک بووە خوێندنی تەواو ‏کرد و لە ‏فەرمانگەیەکدا بوو بە فەرمانبەری گەنجینە، گەلێک کچی ناسین بەڵام نەیتوانی ‏هیچیانی ‏خۆش بوێت. تەنانەت دوای مردنی پیرە دایکەکەیشی، خوشک و براکانی زۆریان ‏لێ دەکرد ‏هاوسەرگیری بکات بەڵام ئەم ڕازی نەدەبوو و ژیانی تەنیایی پێ باشتر بوو. هەموو ‏جارێکیش ‏هەر ئاوا وەڵامی دەدانەوە: ‏

‏- باشە وا هاوسەرگیریم کرد و منداڵم خستنەوە. خێزانێکی پڕجووڵە، ‏دەنگەدەنگ، ‏خۆشەویستی و ئالوودەبوونم دروستکرد. خێزانێکی پڕ لە پێکەنین و قسەی ‏خۆش، تژی لە ‏خەون و ئارەزوو. بەڵام پاشان چی؟ منداڵ گەورە دەبن و دەڕۆن. سەرەنجام من و ‏هاوسەرکەشم ‏یەکێکمان لە پێشاندا دەمرین. چی لەو خێزانە دەمێنێتەوە جگە لە بێدەنگی، ‏تەنیایی و ‏چۆڵەوانی؟ من کە دواجار چارەنووسم هەر تەنیایی بێت. بۆ هەر لە ئێستاوە درێژە ‏بە ‏تەنیاییەکەم نەدەم؟)

هاواری نۆکاوفرۆشەکەی بەردەم مزگەوتەکە بە ئاگای دەهێنێتەوە. دەیەوێت بچێت ‏بۆ ‏لای ژنەکە(گوڵێ). دیسان گوێی لە گۆرانیبێژەکە دەبێتەوە، کە گۆرانی ئەرێ گوڵێ ‏دەڵێتەوە. ‏ڕای دەگۆڕێت و بەرەو لای دەنگەکە پێچ دەکاتەوە. ئەویش دووردەکەوێتەوە( ئەی بە ‏نەفرەت ‏بیت!) دەکەوێتە لۆقە و نەرمەغار. ئەویش بە هەمان شێوە. بەسەر شەقامەکەدا بەرەو ‏بەردەکی ‏سەرا و پاشان بە شەقامی سابونکەراندا شوێنی دەکەوێت. نەشئەیەک دەیگرێت (چەند ‏خۆشە ‏بەم شەوە فێنکە بەسەر شەقامەکاندا ئازادانە ڕابکەیت! خۆ مرۆڤ ئەگەر چەندە ‏زەرووریش ‏بێت ناتوانێت بە ڕۆژ بەبەرچاوی خەڵکەوە بە سەر شەقام و جادەکاندا رابکات) ‏لە کۆتایی ‏شەقامەکەدا بەرەو لای ڕاست و گردی سەیوان دەڕوات و ئەمیش هەروا بە ‏شوێنیەوەتی. ‏دەگەنە گردی سەیوان ئەم تەواو شەکەت و ماندوو دەبێت. ئەمجارە لە ناو کێلی ‏گۆڕەکاندا لێی ‏ون دەبێتەوە. ئەم بێباکانە لە پاڵ دارئەرخەونێکا دادەنیشێت و سەیری دیمەنی ‏شار دەکات. بە ‏دەنگی بەرز دێڕە شیعرەکەی حەمە عومەر عوسمان دەڵێتەوە:‏

ئه یوت.. بڕوانه ئه و خامۆشییە..‏

مه زار به هه شتی خۆشیی نه دیوه

دره ختی مه یل و شه ڕ و ئاژاوه..‏

له گۆڕا ڕه گ و ڕیشه ی ڕزیوه

دەنگێک رای دەچڵەکێنێت:‏

-        ئەوە دیسانەوە تۆیت، بەم شەوە خەوم لێ دە زڕێنیت؟‏

ئەوە دەنگی گۆڕهەڵکەنەکەیە کە لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت

-        ئەرێ تۆ بۆ وازم لێ ناهێنیت؟ نابینیت چەندە ماندووم؟ بۆ نایەڵیت کەمێک بحەوێمەوە ‏و ‏چێژ لەم شنەبایەی بەیانیان وەرگرم؟ ‏

-        ببوورە خاڵە گیان! من ئەمە یەکەم جارمە بە شەو بێمە ئەم گۆڕستانە. من بە شوێن ‏ئەو ‏گۆرانیبێژە نەفرەتییەدا هاتم. ئەو چەندین ساڵە ژیانی لێ کردووم بە دۆزەخ. نازانیت بۆ ‏کوێوە ‏چوو؟ ئەم وەڵامی دەداتەوە.

-        هەر هەمان بەیت و بالۆورەی جارانە. ڕۆڵە گیان! تۆ گەلێکجار دێیتە ئێرە. من ئەمە ‏چەندین ‏جارە پێت دەڵێم، گۆرانیبێژەکە خۆتیت! جگە لە تۆ کەسیتر نییە. کابرای ‏گۆڕهەڵکەن وای ‏پێ دەڵێت. ‏پاشان دەستێک دەخاتە سەر شانی و هەناسەیەک هەڵ دەکێشێت:‏

-        وا مەلا بانگدانە، من دەبێت بۆ مزگەوت بچم. ئەم چاڵەم ئامادەکردووە. بچۆ ناوی با ‏کەمێک ‏پشوو بدەیت.. وەرە .. دەی .. ئە ئاوا‏

ئەو هێدی هێدی بەرەو چاڵەکە شۆڕ دەبێتەوە. لەسەرخۆ رادەکشێت، چاوەکانی دەنووقێنێت ‏و ‏بەبەرخۆیەوە گۆرانی دەڵێت.‏

 

14.10.2021