الصفحات

ئۆیتەنازی Euthanasie


  ئەڵمانەکان بە زۆری پێیان خۆش نییە وشەی ئۆیتەنازی بەکاربهێنن و لە جیاتی ئەوە ئاکسیۆنی T4 بۆ ئەو تاوانانە بە کاردەهێنن. ئەمەش کورتکراوەی شەقامی تیەگارتن ٤ Tiergartenstraße 4 یە، ناونیشانی ئەو ئۆفیسەی لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٠دا  نازییەکان، وەک بەشێک لە سیاسەتی چاککردنی وەچەخستنەوە، تێیدا پلانیان بۆ لە ناوبردنی کەسانی کەمئەندام و نەخۆشانی دەروونی و عەقڵی داڕشت. 



پلانەکە لە لایەن ٤٠ پزیشک و پسپۆڕی باڵای زانستییەوە بەڕێوە دەبرا کە خۆیان هەرگیز چاویان بە قوربانییەکان نەکەوتووە، بەڵام لە رێگەی راپۆرتە پزیشکییەکانەوە و لە بەر رۆشنایی ئەو دوو پرسیارەی داخۆ: ئەو کەسە چاک دەبێتەوە؟ جارێکی تر توانای کارکردنی دەبێتەوە؟ بڕیاریان لەسەر ئەوە دەدا کێ بۆی هەیە بژی و کێش پێویستە بمرێت. ئەمە بەشێک بوو لە ستراتیژییەتی نازییەکان لە بواری ئەندازەی کۆمەڵایەتیدا بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی رەگەزی. دکتۆر ڤاڵتەر گرۆس بەرپرسی نووسینگەی ڕۆشنگەری تایبەت بە سیاسەتی دانیشتووان و خۆشگوزەرانی ڕەگەزی، پاساوی ئەو سیاسەتە ڕەگەزییەی دەدایەوە بەوەی"پێچەوانەی  ئاراستەی هەنووکەیی وەچەخستنەوەیە کە لە نێو دانیشتووانی لەشساغ و تەندروستدا ڕێژەیەکی کەمە و لە نێو نەخۆشانی بۆماوەیی، نەخۆشانی عەقڵی، شێتۆکە، گەمژەکان و لە نێو ئەو تاوانبارانەی تاوان لە  نێو خوێن و دەمارەکانیاندایە"(١). کەوایە ئەم مرۆڤانە بەو دۆخە جەستەیی و دەروونییانەوە کە هەیانبوو دەکەوتنە دەرەوەی پرۆژەی نازییەکان بۆ ئەو کۆمەڵگە ئایدیاڵەی دەیانویست لە ڕێگەی بە سەربازگەکردنی کۆمەڵگە و جەنگەوە بونیادی بنێن. چونکە ئەم گروپە مرۆییانە بۆ ئەو فۆرمە لە ژیانی کۆمەڵایەتی کە پێویستیی بە مرۆڤی ساغ، پتەو و بەهێزە بۆ ئەوەی هەموو کاتێک وەک جەنگاوەرێک بۆ جەنگ ئامادە بێت، دەبنە مرۆگەلێ بە دەر لەو مەرجانەی کۆمەڵگەی جەنگاوەر دەیانخوازێت، هەروەها چاودێریکردنیشیان پێویستیی بە تەرخانکردنی سەرچاوەی مرۆیی و دارییە.

هێتلەر لە نێوان ساڵانی ١٩٢٤ – ١٩٢٥نووسیوویەتی " کاتێک مرۆڤ چیدی هیج توانایەکی نامێنێت بۆ خەبات لە پێناو تەندروستییەکەیدا، ئیدی مافی ژیانیش کۆتایی پێ دێت" ئەو لایەنە ئەرێنییەکانی لەناوبردنی نزیکەی ٧٠٠٠٠ کەمئەندام لە ساڵی ١٩٢٩دا و لە کۆنگرەی پارتەکەیدا ڕوون دەکاتەوە(٢). کەوایە بۆ سەرخستنی پرۆژەی بەسەربازگەکردنی کۆمەڵگەی ئەڵمانی و ئامادەکردنی وڵات بۆ پەلاماردان و داگیرکاری وڵاتانی تر، پێویستە کۆمەڵگە لە کەسانی کەمئەندام، پەککەوتە، نەخۆش و... هتد پاک بکرێتەوە.

ئەسپارتاییەکان لە مێژوودا بە جەنگاوەر ناسراون و بەردەوام لە جەنگ و ناکۆکی سەربازیدا بوون، بۆیە پێویستییان بە سیستمێکی سەربازیی توند هەبوو کە بە پەروەردەکردن و ڕاهێنانی منداڵان لە تەمەنی حەوتساڵییەوە لەسەر هونەرەکانی جەنگ و ئامادەکردنیان بۆ بوونە جەنگاوەر دەستی پێ دەکرد. لە کۆمەڵگەی جەنگاوەراندا کەسانی لاواز، نەخۆش و کەمئەندام مافی ژیانیان نییە. بە پێی یاسای لیکۆگۆرسی ئەسپارتاییەکان کۆرپەی تازەلەدایکبووانیان دەبردە کن پیر و ڕیشسپییەکانی شار بۆ پشکنینی جەستە و لەشولاریان. ئەگەر منداڵە ساواکە بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەوان جەستەیەکی بەهێز و پتەوی هەبووایە، ئەوا فەرمانی ژیان و پەروەردەکردنیان دەدا، بە پێچەوانەیشەوە ئەگەر لەڕولاواز بووایە یان کەمئەندامییەکی هەبووایە ئەوا دەبرایە شوێنێکی دوورەدەست و شاخاوی و دەبووە خۆراکی ئاژەڵ و باڵندەگۆشتخۆرەکان، چونکە خواوەندەکان ئەم کۆرپانەیان لە هێز و هەڵکەوتەی جوان بێبەش کردووە و دەشبنە بارگرانی بەسەر خۆیان و ئەوانیترەوە. تەنانەت لای ئەسیناییەکانیش کە زیاتر بە دەوڵتشاری فەلسەفە و مەعریفە ناسراوە یاسای سۆلۆن ڕێگەی دەدا بە لەناوبردنی منداڵانی کەمئەندام. لەمەدا ئەفلاتون پشتگیری ئەم نەریت و یاسایە دەکات و پێی وایە بوونی کەسانی کەمئەندام و زاوزێکردنیان دەبێتە هۆی لاوازکردنی کۆمارەکەی، بۆیە ئەو دەخوازێت ئەمانە بۆ دەرەوەی وڵات دوورببخرێنەوە تا تەنها کەسانی ژیر و بە توانا لە بەرهەمهێنان، بەرگریکردن و فەرمانڕەواییکردندا لە وڵاتدا هەبن(٣).

ئەمە لەلای بەدوە بیابانشنیەکانیش تاڕادەیەک دەبینرێت.  لە سەردەمی ئەوەی پێی دەووترێت قۆناغی جاهیلی لە لای بەدووەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی کە گرنگییەکی زۆر بە سوارچاکی و شەڕ و جەنگاوەری دراوە و جەنگاوەربوون مایەی شانازی بووە، ئەو کەسانەی کەمئەندامییەکیان هەبووایە یان ئەوانەی تووشی گەڕیی و گوولی دەبوون دەیانبردنە جێیەکی دوور و بە جێیان دەهێشت هەتا لەوێدا دەمرد یاخود هەتا مردن بەردبارانیان دەکرد(٤).

 

پاشخانی پرۆژەکە یان بریاری کوشتنەبەزەیی

بیرۆکەی ئۆیتەنازی یان کوشتنەبەزەیی سەرهەڵداوی قۆناغی نازیزم نەبوو، بەڵکو ڕیشەکەی بۆ سەرەتای ساڵانی بیستی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە کاتێک زانا و توێژەران لە وڵاتانی پیشەسازی لە ئەوروپا و ئەمریکا بیرۆکەی چاککردنی وەچەخستنەوەیان پێشخست. ئەم بیرۆکەیەش لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا و بە تێهەڵکێشکردنی تیۆرەی پەرەسەندنی چەشنەکانی چارڵز داروین  لە نێو بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا سەری هەڵدا. پاش جەنگی یەکەمی جیهان و دۆڕانی ئەڵمانیا ئەم بیرۆکانە لە ئەڵمانیا زیاتر مۆرکێکی ئەڵمانیان وەرگرت بە جۆرێک لەگەڵ تیۆرەی راسیزمدا بگونجێت. بۆ نموونە لایەنگرانی چاککردنی وەچەخستنەوە ڕایان وابوو کە وڵات زۆرێک لەو هاوڵاتییانەی لە دەست داوە کە لە ڕووی جینی و بۆماوەییەوە سەرکەوتوون. هەر بۆیە پێویستە شتێک بکرێت بۆ گرەنتی زیادبوونیان. لە سەردەمی کۆماری ڤایماردا، لە نێو دامەزراوە زانستی و پزیشکییەکان و بگرە کڵێسەکانیشدا ئەم ئایدیایانە بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبوونەوە(٥). بە پاڵ بیرۆکەی چاککردنی وەچەخستنەوەوە زانا ئەڵمانییەکان بیرۆکەی پاکژیی ڕەگەزییان (Eugenik) هێنایە ئاراوە کە ئەمەیش ڕەهەندێکی ڕەگەزی و ڕاسیستی بە توێژینەوەکانیان و سیاسەتی کۆمەڵایەتییان بەخشی. نازییەکان لە سەرێکەوە بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی ڕەگەزی (ئاری) هانی وەچەخستنەوە و زۆربوونی دانیشتووانیان دەدا و  لە سەرێکی دیکەشەوە ئەم سیاسەتەیان بە چاککردنی وەچەخستەنەوە و پاکژیی ڕەگەزییەوە دەبەستەوە و مەرجدار دەکرد. ئەمەیش سەری کێشا بۆ دانانی یاساگەلێکی ڕەگەزی و ڕاسیستی کە لە ڕێگەیەوە گروپگەلێکی مرۆیی کرانە ئامانجی لەناوبردن وپاکتاوکردن. ئەم پرۆسەیە بە داماڵینیان لە مافەکانیان و لە هاوڵاتیبوونیان دەستی پێ کرد، پاشان گۆشەگیرکردن وپەراوێزخستنیان ئینجا بە پاکتاوکردنیان کۆتایی هات، چونکە زۆر بە سادەیی بە لای نازییەکانەوە ئەمانە هەڕەشە بوون بۆ سەر پاکژیی ڕەگەزی (ئاری)(٦).     

جێبەجێکردنی پلانەکە

ساڵی ١٩٣٣ کۆمەڵێک یاسا دەرچوون لەوانە " یاسای خۆپاراستن لە نەخۆشییە بۆماوەییەکانی وەچەخستنەوە Gesetz zur Verhütung erbkranken Nachwuchses" کە لە ١٤ جۆلای ١٩٣٣دا دەرچوو و بڕیاری لەسەر نەزۆککردنی زۆرەملێی ئەو کەسانە دەدا کە نەخۆشی بۆماوەییان هەیە. پاشان لە ١٨ی ئۆکتۆبەردا " یاسای پاراستنی تەندروستی بۆماوەیی گەلی ئەڵمانیا Gesetz zum Schutze der Erbgesundheit des deutschen Volkes " دەرچوو(٧). بەڵام پلانەکە بە کرداری لە ساڵی ١٩٣٩ دا دەستی پێ کرد هێتلەر ئەو کاتە گووتی( کاتی جەنگ گونجاوترین کات بوو بۆ دەربازبوون لەو نەخۆشییە بێچارەیە)(٨) .

شەش سەنتەر بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دیاریکران، پێنجیان لە ئەڵمانیا و یەکێکیشیان لە ئۆستریا. دەیان پزیشک، کارمەندی تەندروستی، چاودێری دەروونی و تەندروستی لەم سەنتەرانەدا زۆر بە وردی، سیستماتیک و پیشەییان کاریان کردووە.

یەکێک لەو سەنتەرانە میمۆریاڵی کوشتنەبەزەیی شاری براندنبۆرگ  ئەن دێر هافلە Brandenburg an der Havel کە دەکەوێتە بەری رۆژئاوای شاری بەرلینی پایتەختەوە و خۆم سەردانم کردووە.


"نووسراوی سەر دیواربەندەکە: "هەرگیز لە یادی مەکەن! لەم جێیەدا و لە رێی تاوانی کوشتنەبەزیی(ئۆیتەنازی)ی فاشیستەکانەوە ٨٠٠٠ مرۆڤی بێگوناه لە ناوبران"

ئەم میمۆریاڵە جیا لە پێنج سەنتەرەکەی دیکە کە پێشتر نەخۆشخانە بوون، پێشتر زیندان بووە. ساڵی ١٧٩٠ بیناکە دروست کراوە و سەرەتا خانەیەک بووە لە دەرەوەی شارەکە بۆ داڵدەدان و حەوانەوەی خەڵکی هەژار و سەربازانی کەمئەندام و خێزانەکانیان. خزمەتی بە نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی کردووە. لە ساڵی ١٨١٠ بە دواوە و بە هۆی پڕبوونی بەندیخانەوە، بەندکراویان لە زیندانی شپانداوەوە وەرگرتووە. ساڵی ١٨٢٠ بە تەواوی کرایە دەزگایەکی سزایی و زیندانێکی سەخت بۆ پیاوانی بەندکراو.

ساڵی ١٩٣٣ ئۆردوگایەکی دەستبەسەرکردنی تیا دامەزرا بۆ نەیارانی سیاسی. ژنە سەندیکالیست و خەباتکاری کۆمۆنیست گیرترود پیتەر یەکێکە لەو ناوە دیارانەی لەو ساڵەدا پاش ئازار و ئەشکەنجەی زۆر و دەستدرێژیکردنە سەر لەو زیندانەدا لە سێدارە درا.



"لەم بینایانەدا رۆژی ٢٢.٩.١٩٣٣ ژنە خەباتکار و خۆڕاگری ڕێگەی ئاشتی و سۆسیالیزم بە دەستی فاشیستەکان کوژرا"


لە ساڵی ١٩٣٩ ەوە زیندانەکە بە سەنتەرێکی کوشتنەبەزەیی گۆڕدرا. لە ساڵی ١٩٤٠دا و تەنیا لە نێوان مانگەکانی شوبات و تشرینی یەکەمدا نزیکەی نۆ هەزار کەس لەم سەنتەرەدا بە شێوەی جۆراوجۆر یان بە گازی ژەهراوی کوژران و پاشان سووتێنران، واتە بە تێکڕایی ٣٠ بۆ ٣١ کەس لە رۆژێکدا. هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک دەربارەی خۆڵەمێشی قوربانییەکان لەبەردەستدا نییە. قوربانییەکان لە منداڵانی خوار سێ ساڵەوە هەتا گەورەساڵانی تێدا بوون. لە سەدا دەی قوربانییەکان منداڵان بوون. لە سەدا دەیان پاشخانی جوویان هەبوو. هەندێک لە قوربانییەکان تاوانبارانێک بوون کە نەخۆشی عەقڵییان هەبوو. بەشێکی قوربانییەکان لە شێوازی کوشتنیاندا تاقیکردنەوەی زانستییان لەسەر کراوە بۆ نموونە کوشتن لە ڕێگەی برسیکردنەوە. مێشکی بەشێکیشیان توێژینەوەیان لەسەر دەکرا.

دوای نازیزمیش ئەو پزیشک و کارمەندانەی لەو سەنتەرانەدا کاریان دەکرد، حوکم نەدران. چونکە ئەمانە کارەکانیان وەکو ئەنجامدانی ئەرکێکی ئیداری تەماشاکراوە. هەرچەندە لە رووی یاساییەوە لە سەردەمی نازیزمدا کوشتن سزای بۆ دانراوە. بەڵام بۆ دەربازکردنی ئەنجامدەرانی لە ژێر باری بەرپرسیارێتی یاسایی، فۆرم و ناوی جۆراوجۆر بۆ ئەم جۆرە تاوانانە بە کارهێنراوە وەکو کوشتنەبەزەیی  Euthanasie کە وشەکە لە بنەڕەتدا یۆنانییە و مانای مەرگی جوان یان کامەران دەگەیەنێت. بەڵام ئەم تاوانانە هیچ پەیوەندییەکیان بە مەبەستە سەرەکییەکەی کوشتنەبەزەییەوە نییە کە ڕەهەندێکی مۆراڵی و ویژدانی هەیە و بۆ چارەسەری دۆخیکی تەندروستیی تەنگانە یان ئومێدلێبڕاوەوە هەیە تا کۆتایی بە ئازار و کۆژانەکانی کەسانێک بهێنرێت کە دووچاری نەخۆشی و پەککەوتنی کوشندە و بێچارە بوون. بەڵام بەکارهێنانی لە کۆنتێکستی ئەم پرۆگرامەدا تەنیا چەواشەکارین بۆ تاوانگەلیکی سیستماتیک و مەبەستداری مرۆێیانێکی بێ گوناه کە خۆیان دەستیان لە دروستکردنی ئەو دۆخەی خۆیاندا نەبوو و بگرە زۆربەیان خەڵکانێکی بەرهەمهێن بوون و لە بواری جۆراوجۆردا خزمەتی کۆمەڵگەیان دەکرد لەوانەیش ئەو سەربازانەی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا لە ڕیزەکانی سوپادا بەرگریان لە وڵات کردبوو و خزمەتیان کرد بوو. بەڵام دواتر  بە هۆی تێکچوون و پەشێوییە دەروونییەکانەوە کە بە هۆی جەنگەوە دووچاری ببوون کەوتنە نێو دامەزراوە دەروونی و عەقڵییەکانەوە و ڕەوانەی دەزگاکانی تی ٤ کران(٩). بە گوێرەی هەندێک توێژینەوەی نوێ لە کۆی نزیکەی ٧٠هەزار کوژراو ٥هەزاریان لە سەرباز و جەنگاوەرە کۆنەکان بوون کە لە جەنگی یەکەمدا دووچاری نەخۆشییە عەقڵییەکان ببوون.

پرۆسەکان بەشێوەیەکی زۆر نهێنی و ئاستێکی بەرزی زانستی، تەکنەلۆژی و بیرۆکراتی بەڕیوەچوون. وەکو ئەنجامدانی کارێکی ڕۆتینی هەر وەزیفەیەک ئەنجام دراون کە پێویستە بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێن. لێرەشەوە پاساوەکانی بەرپرسیارێتی مۆراڵی یاسایی بەشداربوون لەو تاوانانەد دەرهەق بە قوربانییەکان هاتنە ئاراوە، بەوەی ئەمانە هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرەوەی خۆیان بەتایبەت لە ژێر حوکمی ئەمنی وبیرۆکراتی نازیزمدا کە بە لایەوە گرنگ نییە (ئەو بوونەوەرانە وەکو "بابەتی کاری" فەرمانبەر هەستیان چۆنە و چییان لێ بەسەر دێت، ئەوەی گرنگە ئەو فەرمانانەی پێ دراون بە لێهاتوویی و زیرەکی ئەنجام بدات)(١٠) . بەڵکو گرنگ ئامانجە ئابووری و بایۆلۆژییەکانە. لە رووی ئابوورییەوە کەسانی کەمئەندام و نەخۆشانی دەروونی و ژیریی بە لای نازییەکانەوە مرۆگەلێکی بێبەرهەمن و بۆ کۆمەڵگە بێکەڵکن، وێڕای ئەوەی بارن بەسەر ئابووری وڵات و کۆمەڵگەوە. لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە کوشتن و قڕکردنیان تەنیا ڕزگاربوون و کۆتایهێنانە بە ژیانێک شایستەی ژیان نییە lebensunwertes Leben وەک ڕێگەیەکی چاککردنی وەچەخستنەوە. چونکە بە قڕکردنیان رەگەزی ئەڵمانی لە نەخۆشی، گرفت و تێکچوونە بۆماوەییەکان پاک دەبێتەوە.

وێڕای ئەوەی ئەم پلانە زۆر بە نهینی ئەنجام دراوە بەڵام دزەکردنی هەندێک زانیاری، نازییەکانی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر کردەوە. بە تایبەت لەلایەن کڵێسا و پیاوانی ئایینییەوە. بۆ نموونە لە ٣ی ئابی ١٩٤١دا قەشە کلیمنز ئۆگۆست گراف ڤۆن گالین Clemens August Graf von Galen لە شاری مۆنستەر لە وتارێکیدا دژایەتی و ناڕەزایەتی خۆی بۆ ئەو پلانە دەردەبڕێت کە سیستمەکە مرۆڤ وەکو ئامێری کۆن، ئەسپ و مانگا سەیر دەکات کە هەرکاتێک لە بەرهەمهێنان کەوتن ئیدی لە ناو ببرێن (دەبێت ئەو ڕێوشوێنانەی لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکاندا تاقیکراونەتەوە کەسانێکی"بێبەرهەم"یش بگرێتەوە، ئەوانەی نەخۆشی سییەکانیان هەیە، کەسانی بەساڵاچوو، کەسانی کەمئەندام و بۆ ئەو سەربازانەی کە لە شەڕدا بە سەختی بریندار بوون، بەکاربهێنرێت. ئەوکات هیچ کام لە ئێمە لە ژیانماندا سەلامەت نابین)(١١) .

ئەم ناڕەزایەتییانە هێتلەریان ناچارکرد لە ڕۆژی ٢٤ی ئۆگۆستدا فەرمان بە کۆتایهاتنی پرۆگرامەکە بکات. بەڵام ئەمە هەر بۆ چاوبەستەکی بووە، چونکە هەتا ئەو دەمە نزیکەی ٧٠ هەزار کەسی پەککەوتەی جەستەیی و دەروونی لە ئەڵمان و خەڵکی ئۆستریا کوژراون. بەڵام لە ڕاستیدا نێوان ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٤٥ نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لە ناوبراون، واتە پرۆژەکە بە نهێنی هەر بەردەوامی هەبووە(١١).



ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرێک لە کارمەندانی دامەزراوەکەی براندنبێرگ پۆستی سەرەکییان لە کوشتنی جووەکاندا لە پۆڵەندای داگیرکراو وەرگرت. ئەوان ئەو تەکنەلۆژیایەی کوشتن کە لە براندنبێرگ پەرەی پێدرابوو، گواستەوە بۆ ئۆردوگاکانی مردنی نازییەکان. واتە ئاکسیۆنی تی ٤ بوو بە مۆدێل و نموونەیەکی سەرکەوتوو، لای نازییەکان، بۆ پیادەکردنی پلانی قڕکردنی جوو و رۆمییەکان(قەرەج) و ئەوانیتر. دەتوانین بڵێین پیلانی ئەوەی پێی دەووترێت پاککردنەوەی کۆمەڵگە لە گروپە کۆمەڵایەتییە بێزراوەکان بە لە ناوبردنی کەسانی کەمئەندام دەستی پێ کرد و بە هۆڵۆکۆست گەییشتە لوتکە. ئاکسیۆنی تی٤ بەردی بناغەی ئەو پرۆسەیەیە کە نازییەکان بۆ قڕکردنی جووەکان ناویان نا "چارەسەری کۆتایی"(نازییەکان بەر لە دروستکردنی ژوورەکانی گاز هەوڵیان دا هاوکارە دەروونپەککەوتە و جەستە شێواوەکانیان لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەووترێت کوشتنەبەزەیی" ئۆیتەنازی" قڕبکەن و بە بەکارهێنانی باشترینی پیاوەکان لە پیتاندنی باشترین ژنەکاندا ،هەردووکیان لە ڕووی ڕەگەزییەوە، یاریدەی زیادکردنی ڕەگەزە باشترینەکە بکەن. ئەمەش بە زانستی چاککردنی وەچەخستنەوە Die Eugenik ناسراوە. ئیدی قڕکردنی جووەکان ڕێک وەکو ئەو هەوڵانە، مەشق بوون بۆ بەڕێوەبردنی عەقڵانییانەی کۆمەڵگە و هەوڵێکی سیستمی و بەرنامەڕێژکراوبوو بۆ تێهەڵکێشکردنی زانست و فەلسەفەی تەتبیقی و ئەنجامەکانی  لە خزمەتی ئەو بەڕێوەبردنەدا)(١٢) .

 

هێمپیلشە، سەربووردەی ڕزگاربوویەک لە کاتی وونبوودا

لە ٨٨٤ منداڵ و گەنج تەنیا ١٣ منداڵ رزگاریان بوو. ئێلڤیرا مانتی ٨ ساڵان یەکێک بوو لەو رزگاربووانە کە خوشکەکەی خۆی لە نێو قوربانییەکاندا بوو. باوکی ئەو بە گوێرەی ڕاپۆرتی نازییەکان لە شوێنی کارەکەی کابرایەکی شەرمن بوو. بەپێی یاسای تەندروستی بۆماوەیی حاڵەتی "ناکۆمەڵایەتی" وەک نەخۆشییەکی بۆماوەیی پۆلێن دەکرا. بۆیە لە تەمەنی چوار ساڵیدا بە زۆر خرایە ناو خانەی منداڵانەوە. دوای سێ ساڵ لە " نەخۆشخانە عەقڵییەکان" لە (زاکسۆن-ئانهاڵت) وەرگیرا. لە ڕۆژی ؟/؟ /١٩٤٠ بە ڕووت و قووتی لە ڕیزەکەدا لە دوای لیزای خوشکیەوە لە بەردەم (ژووری گاز) دا ڕاوەستابوو، بە بێ ئەوەی بزانێت لەو دیوی دەرگەکەوە چی هەیە و چییان بەسەر دێت. دوای ئەوەی خوشکەکەی دەنێرن بۆ ژوورەکە و ئینجا نۆرەی ئەو دێت. بەڵام لە پڕێکدا رێگەی پێ دەدرێت بسووڕێتەوە و رزگاری دەبێت. بە گشتی ئێلیڤرا نزیکەی ٧ ساڵ لە نێو ئەو دامەزراوانەدا ژیان بەسەر دەبات.

                              


لە میمۆریاڵەکە وێڕای بەڵگەنامە و وێنەکان هەروەها کتێبێکی ئەو، کە هاوسەرەکەی بۆی نووسیووەتەوە، بۆ فرۆشتن دانراوە. ناوی کتێبەکە(Die Hempelsche  هێمپیلشە)یە (*). چیرۆکی ئەم ڕزگاربووە پێمان دەڵێت، هەمیشە لە تاوان و کۆمەڵکوژییەکاندا هەر چەندە لەو پەڕی نهێنیشدا ئەنجام بدرێن، بەڵام هێشتا شتانێک یاخود کەسانێک دەرباز دەبن بۆ ئەوەی حیکایەتەکەمان بۆ بگێڕنەوە. ئەمە لە هۆڵۆکۆستیشدا هەر وا بوو. لە هەموو کات و شوێنێکی تریشدا بە هەمان شێوە ڕزگاربووانێک دێن و پێمان دەڵێن: ئێمە لەوێ بووین، بە تەواوی بوون و هەستەکانمانەوە ئەو مەرگەساتانەمان هەست پێ کرد. 



پۆستئۆیتەنازی 

٤٦ ساڵ دوای دەربازبوونی، واتە لە ساڵی ١٩٨٦ەوە، ئێلیڤیرا دەست بە هەوڵەکانی دەکات بۆ سەرلەنوێ ڕاهێنانەوە(Rehabilitation)، وەرگرتنەوەی دۆسێکانی یان لایەنی کەم ناونانیان وەکو دۆسێی نازی و هەڵوەشاندنەوەی(دادگاکانی تەندروستی بۆماوەیی) Nichtigkeitserklärung des Erbgesundheitsgesetzes نازییەکان کە لەسەر بنەمای یاسای (خۆپاراستن لە نەخۆشییە بۆماوەییە گوازراوەکانەوە) دامەزران. ئەو لە لایەن دەزگاکانی دەوڵەتی کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتییەوە  و پاشانیش (دوای  ڕووخانی دیواری بەرلین) لە لایەن حکومەتی فیدراڵ و حکومەتە خۆجێیەکانیشەوە بە هۆی بیرۆکراسی و ڕۆتینەوە دەستی دەستی زۆری پێ دەکرێت. ئەو لە ساڵەکانی ٩٠، ٩١، ٩٢، ٩٣، ٩٤ و٩٧ لە نووسینی یاداشتنامە بۆ وەزیر و بەرپرسە خۆجێیەکان و فیدراڵییەکان بەردەوام دەبێت.

یاساکە لە ١٤/٧/١٩٣٣ دەرچووە و لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٤ دەست بە جێبەجیکردنی کرا(١٣). لە بەهاری ساڵی ١٩٩٩ بۆندستاگ بڕیاری پوچەڵکردنەوەی یاساکەی دا و لە هاویندا دەست بە جێبەجێکردنی کرا.

من وا حەوت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم، بە هۆی بەشداریکردنم لە گەلێک پرۆژەی ئینتگراسیۆن و پێکەوەژیاندا بە هەندێک پرس، بابەت و چەمک ئاشنا بووم، لەوانە ئۆیتەنازی، چارەسەری کۆتایی، گلایسی ١٧ و ... هتد. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام کاتێک دەربارەی (ئۆیتەنازی) لە هاوڕێ ئەڵمانەکانم و لە شوێنی کارەکەیشم لە هاوکارەکانم پرسیارم کردووە، بە دەگمەن زانیاریان هەیە. بەشداربووانێکیش لەم پرۆژەیەدا هەمان پرسیاریان لە هاوڕێ و هاوکارەکانیان کردووە، وەڵامەکان نائومێدکەر بوون.



ئێرە پێشتر زیندانێک بووە کەوتووەتە دەرەوەی شار. کاتێکیش کراوە بە سەنتەری کوشتنەبەزەیی ئێرە سەنتەری شار بووە و چوار دەوری بە خانووبەرە گیراوە


پەراوێز و سەرچاوە:

 

1.  زیگمۆند باومان الحداثة و الهولوکست، نقله الی العربیة حجاج أبو جبر و دینا رمضان، ط١، ٢٠١٤، المدارات للأبحاث والنشرص ١٣٨.

2.  https://www.bagwfbm.de/article/713 https://www.abipur.de/referate/stat/648311686.html

3. https://resalahmasriyah.mam9.com/t111-topic   

4. https://www.almayadeen.net/articles/blog/

5. https://www.planet-wissen.de/geschichte/nationalsozialismus/nationalsozialistische_rassenlehre/geschichte-der-eugenik-verbrechen-.

6.  https://de.wikipedia.org/wiki/Nationalsozialistische_Rassenhygiene

7.   https://www.ndr.de/geschichte/chronologie/Euthanasie-Programm-Die-Rassenhygiene-der-Nationalsozialisten,euthanasie100.html

8.  https://encyclopedia.ushmm.org/content/ar/article/the-murder-of-people-with-disabilities

9.  https://de.wikipedia.org/wiki/Aktion_T4

10.   زیگمۆند باومان الحداثة و الهولوکست، نقله الی العربیة حجاج أبو جبر و دینا رمضان، ط١، ٢٠١٤، المدارات للأبحاث والنشر، ص ٢٥٤.

11.   https://de.wikipedia.org/wiki/Clemens_August_Graf_von_Galen

12.   زیگموند باومان الحداثة و الهولوکست، نقله الی العربیة حجاج أبو جبر و دینا رمضان، ط١، ٢٠١٤، المدارات للأبحاث والنشر، ص ١٤٥.

13.   بە پێی ئەم یاسایە کە یاسای نەزۆککردنیشی پێ دەگووترێت و بەشێک بوو لە بزاوتی پوختەکردنەوە یان پاککردنەوەی ڕەگەزی، ڕێ بە نەزۆککردنی کەسانێک دەدات کە نەخۆشی بۆماوەییان هەیە و لە ڕووی پزیشکییەوە بسەلمێنرێت کە نەوە و وەچەکانی ئەگەری تووشبوونیان بە گرفتە جەستەییە و عەقڵییەکان هەیە. هەروەها ئەم حاڵەتانەیشی دەگرتەوە، بیرکۆڵی، شیزۆفینیا، مانیا یان تێکچوونی دووجەمسەرە، پەرکەم، نەخۆشی هانتگتۆن، لاوازی بینین، نابیستان و لاڵەکان و تێکچوونە بۆماوەییە توندەکان.

14.   https://taz.de/Die-Akte-Hempel/!1276537 /

     ئێلیڤیرا پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکات ناوی ئێلڤیرا هێمپێل بوو. (هێمپێلش) فۆرمێکی کۆنە کە مانای وایە سەر بە بنەماڵەی هێمپێل بووە.