ئیسلام و سێکسواڵیتی... سێکس وەک پاڵنەرێکی بیری جیهادیی

سەرھەڵدانی داعش گەلێک مشتومڕی بە شوێن خویدا ھێناوە، نەک ھەر لە کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش ، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین جیھان لەم چرکەساتە مێژووییەدا بە تەواوی بەم ھێزەوە سەرقاڵە. بەوەشدا داعش گروپێکی ئایینی - سیاسییە، بۆیە مشتومڕەکانیش زیاتر رەھەندی سیاسی و کەلتوورییان ھەیە.
لە رووی سیاسییەوە داعش لە ھەناوی قەیرانێکی سیاسیدا سەری ھەڵداوە و ئەجیندایەکی سیاسی جێبەجێ دەکات، کە دەشێت ئەم ئەجیندایە ھی ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە یا زلھێزی جیھانیش بێت،

تەواوی فۆرم و کڵێشە جیۆپۆلتیکییەکانی ناوچەکەی کردۆتە ئامانج. لە رووی کەلتوورییشەوە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتە ئیسلامییەکەی و چەسپاندنی شەریعەت بۆتە ھۆی پیادەکردنی رێژەکی زۆر لە توندوتیژی و رەفتاری نامرۆڤانە و بەدیلگرتنی دەیان ژنی یەزیدی و کردنیان بە سەبایا بە پێی شەریعەتی ئیسلام.

سەلەفییەت و ئیسلامی سیاسی وەک بەرھەمێکی سیستەمی سەرکوت و چەپاندن.

دەکرێت بڵێین داعش گروپێکە ھێز و تەکنەلۆژیاکەی سەر بە دنیای ھاوچەرخە و مینتاڵیتەکەیشی ھی سەرەتاکانی سەرھەڵدانی ئیسلامە. بۆیە پرسیار و مشتومڕە سیاسییەکان زیاتر یا سیاسین یا ئایینی، وەک ئەوەی ئەو دەوڵەت و ھێزانە کێن کە لە پشت دروستبوونی ئەم ھێزەوەن؟ ئاییندەی سیاسیی ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ ئیسلامییەکان و پرۆژەی ئیسلامی دوای سەرھەڵدانی داعش چییان لێ دێت؟ و... لە نموونەی پرسیار و مشتومڕە ئایینیەکانیش ئایا داعش نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات یا نا؟ داعش سەر بە دنیای ئیسلامە یا دنیای مۆدێرن؟ تا چەند رەفتارەکانی داعش لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا کۆکن، ئایا دەتوانرێت داعش تەکفیر بکرێت؟ ئەمانە وگەلێک پرسیاری دیکە. بەڵام ئەوەی ئەم وتارە مەبەستییەتی لە سەری بوەستێت جیایە لەو رەھەندانەی کە باسکران و بابەتێکە کە کەمتر قسەی لەبارەوە کراوە، ئەویش رەھەندی سیکسواڵیتییە لە پێکھاتنی کارەکتەری ئیسلامیی بە گشتی وجیھادی ئیسلامیدا بە تایبەتی وەک بەشێک لە پاڵنەرە سایکۆلۆژییەکانی دروستبوونی فەندەمینتاڵیزمی ئیسلامی. بە واتەیەکی دیکە ئەمە ھەوڵێکە بۆ نیشاندانی رۆڵی ئەو چەپاندنە سێکسییەی ناو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە بەرھەمھێنانی توندو تیژی ئیسلامییدا.

گەرچی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان لە سەر سەرھەڵدان و گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییەکان زیاتر تەرکیز دەخەنە سەر فاکتەرە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بە پاڵ ئەم فاکتەرانەیشەوە، بێبەشی و چەپاندنی سێکسی، کە ئامانجێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە، رۆڵێکی گرنگ و حاشاھەڵنەگری ھەیە لە پێکھاتنی دەروونی و داڕشتنی کەسێتی ئیسلامیی جیھادیدا (پەیوەستکردنەوەی بێبەشی سێکسی بە فەندەمینتاڵیزمی تیرۆریستەوە دواجار ھیچ نییە جگە لە وردکردنەوەی بێبەشیی ئابووری)(١) چونکە لەم کۆمەڵگایانەدا سەرەڕای ئەو سەرکوت و داخرانە سیاسییەی ھەیە بەڵام ئابووری بازاڕ، نیمچە کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ناچاری ھێناوەتە ئارا، دەڵێین ناچاریی لەبەر ئەوەی پێداویستییەکانی ئابووری و جووڵەی سەرمایە وا ئەخوازێت، بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیای پەیوەندی و راگەیاندن (مۆبایل و سەتەلایت و ئنتەرنێت) لە پاڵ فراوانبوونی کەرتی گەشتیاریی و بازرگانی سێکسی... ھتد ھەموو تا رادەی وروژاندن کار دەکەنە سەر مەیل و ئاراستە و حەزە سێکسییەکانی گەنج. بەڵام لە بەرامبەردا تاک لەژێر قورساییەکی زۆری سیستەمی ئەخلاقی و کەلتووریی باوی کۆمەڵگەدایە و ناچار دەبێت وزە سێکسییەکەی بچەپێنێت و قەتیسی بکاتەوە. ئەمەش بە دەربڕینە ئابوورییەکە واتە رادەیەکی زۆر لە خستنەرووی ھۆکارەکانی وروژاندن و تواناییەکی کەم لە سەرفکردنی وزەی سێکسی. ئەم ناکۆکی و دووفاقییەی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵاییەتی دواجار تاک بەرەو بێئومێدی (احباط) لە دۆخی سیاسی و ئابووری دەبات و وا دەکات رەفتار و بیرکردنەوەکانیشی نەرێنی بن، کە سەرەنجام یا دوور دەکەوێتەوە لە چالاکی سیاسی و ھەڵدێت لە روو بە روو بوونەوەی گرفتەکانی یاخود پەنا دەباتە بەر توندوتیژی لە سیاسەتدا و دەیخاتە نێو شەڕێکەوە کە ھەموو شتێک وێران دەکات. فرۆید پێی وایە فشاری کۆمەڵایەتی لە رووی دەروونییەوە چەپاندنێکی ناخودئاگا بەرھەم دێنێت کە ئەگەر دەرفەت ھەبوو لە رەفتارێکی دوژمنکارانەدا بە رووی ھەموو ئەوانە ھەڵدەگەڕێتەوە کە بە بەرپرسیان دەزانێت لە کۆژانەکانی(معانات)، ھەندێک جاریش وەک رەتکردنەوەی ئەو واقیعە، راکردن بێت لێی یا خۆبەدەستەوەدان، بە خۆکوشتن کۆتایی دێت (٢).

ئەنجامدانی توندوتیژیش بە ھەر ئاراستەیەکدا بێت روو بە خود یا بەوانی دیکە ھیچ نییە جگە لە خاڵیبوونەوەی بارگەکانی شڵەژان و تێکچوونە دەروونییەکان لە جەستەی من یا ئەوانی دیکەدا (شڵەژانی دەروونی گرنگترین ھاوەڵ و شەریکەتاوانی شڵەژانی کۆمەڵایەتییە و رووە شاردراوەکەی پێک دەھێنێت.دیارترین بەڵگەش بۆ ئەمە فاشیزمی سیاسییە)(٣).


سێکسواڵیتی لە ئیسلامدا.

لەنێو ھەر سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکەدا ( جودایزم، کریستیانیزم و ئیسلام) ھەڵوێستی ئایینی ئیسلام لەبارەی سێکس و ئارەزووە سێکسییەکانەوە روونتر و راشکاوتر و جێی بایەخی زیاترە، ئەم بایەخدانەی ئیسلام بە سێکس لەسەر ئاستی تاکی موسڵمانیش رەنگی داوەتەوە و بۆتە بەشێک لە پێکھاتەی کەسێتی موسڵمان.

لە کاتێکدا ئایینی ئیسلام ھانی تاکی موسڵمان دەدات بۆ ھاوسەرگیریی و لەم نێوەشدا ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیریی بە نیوەی ئیمان دەزانێت، بەڵام کریستیانیزم ھانی رەھبانییەت و خۆگرتنەوە (بەپێی توانا) دەدات. فرەژنی لە هەر یەکە لە جودایزم و ئیسلامدا و تاکھاوسەرێتی (بە مەرجە قورسەکانی ئایینزای کاسۆلیکییەوە) لە مەسیحییەتدا جێگەورێگە و پێگەی سێکس لە ھەر یەکە لەم ئایینانە نیشان دەدات.

سەرەڕای خاڵە ھاوبەش و جیاوازەکانی ئەم ئایینانە لەمەڕ سێکس و ئارەزووە سێکسییەکان ، بەڵام جیاوازییەکی جەوھەری ھەیە لە نێوان ئیسلام لە لایەک و جودایزم و کریستیانی لە لاکەی دیکەوە ئەویش وێناکردنی ئیسلامە بۆ دنیای دوایی و ژیانی باوەڕداران لە نێو بەھەشتدا، کە حۆری و غیلمانیان بۆ دانراوە و ئەو گۆڕانەی کە لە بەھەشتا بە سەر وەزیفەی سێکسدا دێت لە سێکسێکەوە لە پێناو وەچەخستنەوە (لە سەر زەوی) بۆ سێکسێک لەپێناو چێژدا( لە بەھەشتا) ئەمەش جیاوازە لەو وێنایەی کە جوداییزم و کریستیانیزم بۆ ئەو دنیایە ھەیانە؛ چونکە لەم دوو ئایینەدا بەھەشت(بەو شێوەیەی کە لە ئیسلامدا باسی دەکرێت) و حۆری و سێکسکردن بوونیان نییە.

ئەگەر ھۆکارێکی بایەخدانی ئیسلام بە سێکس و سێکسواڵیتی لە پەیبردنی ئەم ئایینەوە بێت بە گرنگی و بایەخی رۆڵی رەمەک(غریزة)ی سێکس لە ژیانی تاکدا،ئەوا ھۆکارەکەی دیکە پەیوەندی بەو پاشخانە کەلتوورییەوە ھەیە کە ئایینی ئیسلام تیایدا سەریھەڵدا، واتە کەلتووری نیمچە دوورگەی عەرەب کە وەک رۆشنبیری سعودی کامل نەجار ئاماژەی پێدەدات عەرەبی پێش ئیسلام زۆر پەرۆش و ھۆگری سێکسکردن بوون و بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو سێکسیان دەکرد کە ھیچی کەمتر نەبوو لەو ئازادییە سێسکییەی کە لە پەرستگاکانی عەشتاردا دەکرا. ئەم ھۆگربوونە بە سێکس تەنانەت لە ناو زمانیشیاندا رەنگی داوەتەوە و چەندین چەمک و دەستەواژەی جۆراوجۆریان بۆ سێکسکردن و ئەندامی زاوزێی ژن و پیاو بەکارھێناوە، ئەمەش وەک رەنگدانەوەیەکی ئەو شێواز و رێگایانەی کە بۆ سێکسکردن بەکاریان ھێناوە. کاتێکیش ئیسلام دێت زۆرێک لەو شێواز و رێگایانە وەک خۆیان دەمێننەوە، (قال ابن عباس إن هذا الحي من قريش كانوا يتزوجون النساء ويتلذذون بهن مقبلات ومدبرات فلما قدموا المدينة تزوجوا من الانصار، فذهبوا ليفعلوا بهن كما كانوا يفعلون بمكة فأنكرن ذلك وقلن هذا شئ لم نكن نُؤتى عليه. فأنتشر الحديث حتى انتهى الى رسول الله-ص- فانزل الله تعالى في ذلك " نساؤكم حرث لكم فأتوا حرثكم أنى شئتم"(البقرة/٢٢٣). قال: إن شئت مقبلة وإن شئت باركة وانما يعني بذلك موضع الولد)(٤) ئبین عەباس وتویەتی ئەو بەشەی قوڕەیش ژنیان دەھێنا و لە پێش و لە پاش چێژیان لێ دەبینی، کاتێکیش چوون بۆ مەدینە و ژنیان لە ئەنسارەکان ھێنا، ھەمان شتیان لەگەڵ ئەمانیشدا کرد کە لە مەکە دەیان کرد و ژنەکانیش رەتیان کردەوە و وتیان ئێمە ئەم شتەمان لەگەڵ نەکراوە. ئەم قسەوباسەش بڵاو بووەوە تا گەیشتەوە پەیامبەر(د.خ) ئیدی خودا ئەم ئایەتەی دابەزاند" ژنانو کێڵگەی خۆتانن، لە ھەر کوێوە دەتانەوێ، بچنە کێڵگەی خۆتانەوە ـ قورئانی پیرۆز ـ وەرگێڕانی ھەژار" وتی ئەگەر ویستت روو بەروو ئەگەر ویستیشت لەسەر چۆک لەمەیشدا مەبەستی لە شوێنی منداڵبوونە. ھەر ئەم حەزەی عەرەبەکان بۆ رێگە جۆرا وجۆرەکانی سێکسکردن وای کردووە کە چەندین لێکدانەوە و راڤە بۆ (انی شئتم) بکرێت تا بتوانن چۆنیان بوێت لەگەڵ ژناندا جووت ببن. بۆیە ئیسلام کە ھات نەیتوانی ئەو حەزەی خەڵکی بۆ سێکس کۆنترۆڵ بکات و تەنھا رێکیخستەوە بە جۆرێک بواری دا بە پیاوان چەندین ژن و کەنیزەکیان ھەبێت، تەنانەت کەسێکی وەک مەغیرەی بن شعبە حەفتا ژنی ھەبووە جگە لەک کەنیزەک، ئەو چوا چوار ژنی دەھێنا و دواتر تەڵاقی دەدان(٥). ئەمە گەرچی لە رواڵەتا رەھەندێکی رادیکاڵانە دەدات بە روانینی ئیسلام بۆ سێکسواڵیتی و چۆنێتی وەڵامدانەوە بە غەریزەی سێکسی بەڵام لەناوەڕۆکدا روانینێکی چەپێنەر و پیاوسالارییانەی تەواوی بەسەردا زاڵە چ لە ژیانی ئەم دنیایی و چ لە ژیانی ئەو دنیاییدا.

ئەگەر لایەنە رادیکاڵەکەی ئیسلام لەوەدا بێت کە پیاوان ئازادن چوار ژن و چەندیشیان توانی کەنیزەک (إما) واتە کۆیلەی سێکسیان ھەبێت و بەمەش چێژ لە پەیوەندی سێکسی وەرگرن و سێکس تەنھا لە رەھەندە زایەندییەکەی (تناسلي)دا قەتیس نەمێنێتەوە و وەزیفیەکی لیبیدی وەرگرێت. ئەوا لایەنە پیاو سالارییەکەی لەو رەفتار و تێڕوانینەدایە کە بۆ ژن ھەیەتی بەو واتایەی ئەم ئازادییە تەنھا بۆ پیاوە و ژنان نەک ھەر ئەو ئازادییەیان نییە و خراونەتە خزمەتی تێرکردنی ئارەزووی سێکسی پیاوانەوە. لایەنە چەپێنەرەکەیشی لە قەدەغەکردنی ھەر جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی و سۆزدارییە لەنێوان نێر ومێدا ئەگەر لە چوارچێوەی پرۆسەی ھاوسەرگیرییەکی شەرعیدا نەبێت. پێویستە ئەمەیان بە دووخاڵ کەمێک روون بکەینەوە.

١. ژن لەئیسلامدا سەرچاوەی خۆشی و چێژبینینی پیاوانە(٦) و خودا حەز و ئارەزووکردنی ژنانی بۆ خەڵکی (مەبەست لە موسڵمانانە) رازاندۆتەوە تا ببنە سەرچاوەیەک بۆ چێژ و کامەرانی و ناز ونیعمەتی ژیان {زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاء وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذَلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَاللّهُ عِندَهُ حُسْنُ الْمَآبِ}. [آل عمران: ١٤]. غەزالیش دەڵێت (و في الاستئناس بالنساء من الاستراحة مايزيل الكرب و يروًح القلب و ينبغي ان يكون لنفوس المتقين استراحات بالمباحات)(٧) واتە لە ھاودەمی ژناندا حەوانەوەی تیایە کە خەم ناھێڵێت و دڵیش ئاسوودە دەکات، دەروونی خواپەرستەکان پێویستە حەوانەوەی رێپێدراویان ھەبێت. ھەر بۆیە ئەگەر ژنێک رازی نەبێت سێکس لەگەڵ مێردەکەیدا بکات ئەوا بەر نەفرەتی خواوەند دەکەوێت (من حديث أبي هريرة رضي الله عنه أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال: إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه فلم تأته فبات غضبان عليها لعنتها الملائكة حتى تصبح. من حديث أبي هريرة رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: والذي نفسي بيده ما من رجل يدعو امرأته إلى فراشه فتأبى عليه إلا كان الذي في السماء ساخطاً عليها حتى يرضى عنها)(٨).

واتە (ئەبو ھورەیرە گێڕاویەتییەوە کە پەیامبەر (د.خ) فەرموویەتی: ئەگەر پیاوێک ژنەکەی بانگ کرد بۆ سەر جێی و ئەویش رەتی کردەوەو مێردەکەیشی بە تووڕەییەوە مایەوە ئەوا تا بەیانی فریشتەکان نەفرەتی لێدەکەن. دیسان ئەبو ھورەیرە دەڵێت کە پەیامبەر گوتویەتی بەوەی گیانی منی بەدەستە ھەر پیاوێک ژنەکەی بانگھێشت بکات بۆ سەرجێی و ژنەکە رازی نەبێت ئەوەی لە ئاسمانە (واتە خودا) لێی توڕە دەبێت ھەتا مێردەکەی لێی رازی نەبێت) بەم واتایە ئەگەر ژنێک لە وەڵامدانەوە بە داوای مێردەکەی دڵی مێردەکەی رازی نەکات ئەوا خواش لێ رازی نابێت ھەتا رەزامەندی پیاوەکەی بەدەست نەھێنێت. جگەلەوە پیاو مافی خۆیەتی لەبەرامبەر یاخی بوونی ژنەکەیدا کە ئەگەر ئامۆژگاریشی کرد و ھەر بەقسەی نەکرد ئەوا دەتوانێت جێگە خەوتنی لێ جیا بکاتەوە و لێی بدات( ھەندێک دەڵێن لێدانی توند نا!) (وَاللاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا) لە ھاوسەرگیری ئیسلامیدا مافی نەفەقەی ژن بەستراوەتەوە بە تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاوەکەی و ئەم حوکمە شەرعییە تەوزیف کراوتەوە نێو یاساکانی ئەمڕۆی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامییەوە. لێرەدا بوونی ژن بچووک و کورت دەکرێتەوە بۆ جەستە و لە جەستەیشیدا رەھەندە سێکسواڵیتی و وروژێنەرییەکەی زەق و زۆپ دەکرێتەوە نەک بوونەوەرێک بە تەواوی رەھەندە مرۆییەکانییەوە.

ئەگەرچی ئیسلام بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی ژن ھەندێک حوکمی داناوە تا ئەوەی ژن دەتوانێت لەسەر پەککەوتنی سێکسی مێردەکەی داوای تەڵاق بکات بەڵام لەمەشدا وەک فاتیمە مەرنیسی ئاماژەی بۆ دەکات ئەم رێ و شوێنانە لەو ترسەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە چەپاندنی ئارەزووە سێکسییەکانی ژندا ھەیە بەتایبەت کە ژنان لە پێش ھاتنی ئیسلامدا سەر بەخۆییەکی تەواویان ھەبووە لە ژیانی سێکسییاندا، بۆیە دامرکاندنەوەی ئەو حەز و ئارەزووە زۆرەیان بۆ سێکسکردن کارێکی ئەستەم بوو، بەوەشەوە ھێشتا لەو سەردەمەدا گەلێک حاڵەتی خیانەتی ھاوسەری روویداوە کە پیاوان چوونەتە لای محەمەد شکاتیان لە دەست ناپاکی ژنەکانیان کردووە ئەمەش بۆتە ھۆی دابەزینی ئایەتی (الملاعنە).

ئەوەش کە دەووترێت مەبەست لە فرەژنی رێگرتن بووە لە ئیباحییەتێک کە پێش سەرھەڵدانی ئیسلام لەناو نیمچە دوورگەی عەرەبیدا باو بووە ئەوا ئەو رێگرتنە تەنھا ژنانی گرتۆتەوە و ئیباحییەتەکە بو پیاوان لە ژێر ناوی فرە ژنی، کۆیلەی سێکسی و ھاوسەرگیری موتعە و... ھتد خراوەتە نێو چوارچێوە شەرعەوە. چونکە بە پێچەوانەی ئەو را و بۆچوونانەوە کە دەڵێن ژنان پێش ھاتنی ئیسلام لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی خراپدا بوون، ژنان خاوەن بڕیار و سەربەخۆیی خۆیان بوون.

٢. سەبارەت بە چەپاندنی ئارەزووە سێکسییەکانی تاکیش، ئیسلام وەک گشت ئایینەکانی دیکە ھەمان میتۆد و ئەحکامی فیقھی و شەرعی پەیڕەو کردووە، بەڵام بە ھەندێک تایبەتمەندێتییەوە، کە لێرەدا لەبەر ئەوەی لە باسەکە دەرنەچین ناچینە نێو ئەو بەراوردەوە. دەستەواژەی چەپاندن لە ئیسلامدا بەرامبەر دەستەواژەی حەرام دێت کە قەدەغەکردنێکی خواوەندیی دەگرێتەوە. ئاشکرایە ئیسلام کۆمەڵێک یاسا و رێ شوێن و سزای توندی داناوە بۆ پەیوەندی (ناشەرعی) سێکسی و سۆزداریی نێوان نێر و مێ. ھەڵبەتە لە ئیسلامدا رێ و شوێنی خۆپارێزیی ھەیە بۆ روونەدانی پەیوەندی ناشەرعی لە نێوان نێر و مێدا لە گرنگترینیان سەپاندنی باڵا پۆشی و نیقاب کردنی ژنان و رێگرتنە لە تێکەڵاو بوونی کچ و کوڕ لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە رووی زاتیشەوە تاک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وروژاندن و دوور کەوتنەوە لە سەرچاوەکانی گوناە و زیناکردن پێویستە ھاوسەرگیری بکات ، خۆ ئەگەر ئەو کەسە توانای مەسرەفکردن و ئیدارەدانی ژیانی خێزانی نەبێت، ئەوا دوو رێگەی لەبەردەمدایە یا ئەوەتا لایەنی ئاییندارییەکەی زیاتر بەھێز بکات بەتایبەت رۆژووگرتن (عن عبد الله بن مسعود قال : قال لنا رسول الله صلى الله عليه وسلم (ص) يا معشر الشباب ، من استطاع منكم الباءة فليتزوج فإنه أغض للبصر ، وأحصن للفرج ، ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء)(٩) واتە لە عەبدوڵای کوڕی مەسعودەوە وتوویەتی پەیامبەر د.خ پێی وتین: ئەی گەنجان ھەر کەسێک لە ئێوە توانی ماڵ و حاڵی ھەبێت ئەوا با ژن بێنێت لەبەرئەوەی ئەمە بۆ پاراستنی چاو (لە تەماشاکردن) و پاراستنی کۆئەندامی زاوزێ باشترە ئەگەر کەسێکیش نەیتوانی ئەوا با بەرۆژوو بێت کە رێگرە لێی. رێگەی دووەمیش ئەوەیە کچە کەنیزەکە ئیماندارەکان بخوازێت { وَمَن لَّمْ يَسْتَطِعْ مِنكُمْ طَوْلًا أَن يَنكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِن مَّا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُم مِّن فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ ۚ}.

پەنابردنە بەر تەسەوف و زوھدیش واتە چەپاندنی حەز و ئارەزووەکان کە حەزی سێکسی لە گرنگترینیانە، بەوەشدا کە حەزی سێکسی دۆخێکی رەمەکییە بۆیە دەستبەرداربوونی ئەم حەزە زۆر ئەستەمە ئەگەر مەحاڵ نەبێت و خاوەنەکەی دووچاری چەندین گرفت وشڵەژانی دەروونی و رەفتاریی دەکاتەوە. ھەر لەم سۆنگەیشەوە غەزالی لە کتێبی (احیاء علوم الدین)دا ئاماژە بەوە دەکات کە تەنھا ئەو گروپە دەربازی دەبێت کە رێگەی پەیامبەر و ئەسحابەکانی گرتووە، دنیای بە تەواوی تەرک نەکردووە و ئارەزووە سێکسییەکانیشی بەتەواوی سەرکوت نەکردووە تەنھا ئەو حەزانە نەبێت کە لەملکەچبوون بۆ شەرع و عەقڵ دەردەچن (١٠). دیارە بۆ موسڵمانێکی نیمچە دوورگەی عەرەبیی ھەزار و چوار سەد ساڵ لەمەو پێش کپ کردنەوەی حەزوو ئارەزووە سێکسییەکان نەک ھەر سەختە بەڵکو رێگەیەکی ئاسانتر ھەیە ئەویش بەشداریکردنە لە شەڕ وفتوحاتدا ھەتا ھەم بارە ئابووییەکەی خۆیی پێ باش بکات ھەمیش لەو شەڕانەدا ژن و کچی سەبیەی دەست کەوێت.

حەزی دەستکەوتن و گرتنی ژنان بە سەبیە لەو سەردەمەدا بە شەڕکردن لەگەڵ کۆمەڵگە ناموسڵمانەکاندا ناوەستێتەوە و سەر دەکێشێت بۆ شەڕە ناوخۆییە خوێناوییەکانی نێو باڵ و مەزھەبە دەسترۆیشتووەکانی خەلافەتی ئیسلامی، مێژووی شەڕەکان پڕن لە نمونەی لەم جۆرە. بۆ نمونە لە شەڕی جەمەلدا لایەنگرانی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب داوایان لە عەلی کرد تا رێگەیان بدات کە عائیشە کچی ئەبوبەکری سدیق و ھاوسەری محەمەد (لە کاتێکدا ھاوسەرەکانی محەمەد پێیان دەوترا دایکی موسڵمانان) بەسەبیە بگرن بەڵام عەلی رێگەی نەدا و پێی گوتن ئایا دایکی خۆتان دەکەنە سەبیە؟(١١). لە شەڕی کەربەلا و پاش کوشتنی حوسین، ھەندێک لە خەڵکی شام داوایان دەکرد فاتیمەی کچی حسین بکرێتە سەبیە. ھەر یەکە لە تەبەری، ئیبن کەسیر و ئیبن تەیمیەش باسیان لەوە کردووە کە لە رووداوی حەڕەدا کە لەئەنجامی ھەڵگەڕانەوەی عەبدوڵای کوڕی زوبێر لە خەلافەتی یەزید، لایەنگرانی یەزید ھێرشیان کردە سەر شاری شاری مەدینە، چەکدارەکانی ئەم خەلیفەیە بۆ ماوەی سێ شەو و سێ رۆژ بەھەزاران کچ و ژنیان ئیغتیساب کرد(١٢).

بە وەستانی شەڕی (فتوحات) لە ساڵی ٧٣٢ز ١١٤ک ئیدی گرتنی ژنانیش بە سەبییە رادەوەستێت ھەتا ھاتنی ئیمپراتۆریای عوسمانی. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای وەستانی سەردەمی فتوحاتەوە واتە نزیکەی دوای ٣٦ ساڵ دیاردەی تەسەوف و زوھد یا دنیا نەویستی زیاتر پەرە دەسێنێت و بڵاو دەبێتەوە. واتا دەرکەوتنی تەسەوف و پشت کردنە خۆشییەکانی دنیا ھاوکاتە لەگەڵ زیاد بوونی سامان و خۆشگوزەرانی خەلیفەکان و دارودەستەکانیان و سەرکردنە سەر رابواردن لە لایەکەوەو لەلایەکی دیکەیشەوە فراوان بوونەوەی ئاستی ھەژاری و نەداری رەشە خەڵکەکە. لێرەوە بێ ئومێدی ھەندێک کەس لە گەیشتن بەو خۆشی کامەرانییەی دەوڵەمەندەکان و دارو دەستەی خەلیفەکان ناچاریان کردن بەوەی حەز و ئارەزووەکانیان بچەپێنن و ھەوڵ بدەن بۆ بەدەست ھێنانی بەھەشت (١٣).

سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەوایی لە مەغریبەوە ھەتا پاکستان، کە بە کۆمەڵگەی موسڵمان دادەنرێن، لە جیھاندا بە سیستەمگەلێکی ستەمکار ناسراون، ستەمکارییەک کە ھەموو واتاکان لە ژیان وەردەگرێتەوە و تەواوی مافەکانی تاک زەوت دەکات. لەم رووەوە ئەگەر ئەم وڵاتانە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست وڵاتانی داگیرکراو بووبێتن، ئەوا دەتوانین ئەمڕۆ بە وڵاتانی زەوتکراو ناویان بەرین؛ چونکە لەلایەن کەمینەیەکی فەرمانڕەوای سیاسیی بازرگانەوە کۆی سەرچاوە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە و سەرچاوەکانی بڕیاری سیاسییان لە ھاوڵاتییان زەوت کردووە. بە واتایەک فەرمانڕەواکان سەرچاوە سروشتییەکان وسەرچاوەکانی دەسەڵاتیان زەوت کردووە و سەرچاوە مرۆییەکانیشیان پشتگوێ خستووە و ژێرپێ ناوە؛ ئەم بێبەشییە ئابوریی - سیاسییە دواتر ورد دەبێتەوە و بەنێو کۆی بونیادی کۆمەڵایەتیدا رۆدەچێت.

ئەو واتا سیمبۆڵییەی کە دەوترێت تاک لەم کۆمەڵگەیانەدا سەرکوتکراو ترسێنراو و خەسێنراوە لە خۆوە نەھاتووە و پەیوەندییەکی زۆری بە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ھەیە {ئەگەر سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بنەما و بەرھەمھێنەری چەپاندنی دەروونی و کوشتنی چێژی ژیان و ژیاندۆستی بێت و دروستکەری کەسێتی تێکشکاو و تاکی کەرامەت شکێنراو بێت، ئەوا بێبەشی ئابووری مۆرکی خەساندن لە نەستی مرۆڤدا وەردەگرێت و زامێکی نەرجسی لەنەستیدا دروست دەکات. چونکە پارە و سامان بە ھۆی ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەوە کە ھەیەتی لەسەر نەستی تاک سیمبۆڵیکی چوکی (قضیبي) و تێرکردن وەردەگرێت، پڕبوونی گیرفان بە پارە ئەو غرور و شکۆ منداڵانەیە دەوروژینێت کە لە ھەستی خاوەندارێتیکردنی مەمکی دایکێکی بەخشندەدا ھەیە}(١٤). گرێی خەساندن گەورەترین گرێکوێرەی ھاوڵاتییە لەم کۆمەڵگە دواکەوتووانەدا کە دەرکەوتەکانی لە دەستبردن و تەحەڕوش کردن بە ژنانەوە دەست پێ دەکات و بە فرەژنیدا تێدەپەڕێت و لە بە سەبیەگرتن و ئیغتیساب کردنی ژنان لە لایەن داعشەوە دەگاتە ترۆپکی خۆی، ئەمانە نمایشگەلێکن بۆ نکۆڵی کردن لە خەساندن و نیشاندانی پیاوەتی.

گرێی خەساندن لە بنەڕەتەوە گرێیەکی منداڵییە کە یاسای باوک بەسەریدا دەیسەپێنێت بۆ قەدەغەکردنی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دایکدا، بۆیە منداڵ لە پرۆسەیەکی تەمایھکردندا (Identification) بە باوک، مەیلە سێکسییەکەی بەرەو دەرەوە و ژنێکی دیکە وەردەچەرخێنێت. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تاک ھەر لە منداڵییەوە تەماھی بە چەند سیمبۆڵێکی دیکەی کۆمەڵایەتی دەکات لەوانە مامۆستا، پاشان لە چوونە سەری تەمەندا تەماھیکردن بە ھەر کارەکتەرێکی دیکە کە کاریگەری کاریزمیی لەسەر تاک ھەیە وەکو سەرکردەکان. ھەموو ئەم پرۆسەی تەماھیکردنانەش لە سەرسامییەوە بە ھێزی باوک - سەرکردەوە سەرچاوە دەگرن. سەرسامییەک کە ھاوکات لەگەڵ خۆیدا بڕێک شەڕەنگێزیی و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە، چونکە ترس لە خەساندن لەلایەن ئەم سیمبۆڵانەوە تاک دەخاتە بەردەم ھەڕەشەیەکی دەرەکی بەردەوامەوە.

ئەگەر تەماھیکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا و ملکەچبوون بۆی رێگە چارەیەک بێت بۆ قەرەبۆکردنەوەی ئەو شڵەژان و تێکچوونە ناوەکی و دەروونییەی کە لەئەنجامی ھەست بەکەمیکردن و خۆ بەھیچ نەزانیندا دێتە ئاراوە، ئەوا ئەڵتەرناتیڤێکی تر تەماھیکردنە بە دژایەتیکردنی دەسەڵات و خۆخستنە پاڵ سەرکردە و قارەمانی فریادرەس و چوونە ناو ئەو گروپانەوە کە ھەستی دڵنیایی و ئاسودەیی دەروونییان دەداتێ، بەمەش پابەندێتییەکانی بە جفاتەکەیەوە دەبچڕێنێت و نکۆڵی لە ھەر جۆرە ئینتیمایەکی پێشووی دەکات. بەم جۆرە تاک ئەو وێنە زاتییە سوکایەتی پێکراوەی رابردووی دەنێتە چاڵ و پەشیمانیش دەبێتەوە لە داننان بە پەیوەندییە مرۆییەکانی پێشووی، لە تایبەتمەندێتییەکانی ئەم پرۆسەیە لادانە بەلای توندڕەوی و پەڕگیریدا(١٥).

لەم کۆمەڵگەیانەدا لە ملکەچ کردن بۆ دەسەڵاتیشدا نەمانی ئینتیما ھەر ئامادەیی ھەیە، کە بەدەربڕینە مارکسییەکەی تاک پشت دەکاتە ھاوچین و ھاوخەمەکانی و لە گەڕاندا بۆ خۆ لادانێکی وەھمی لە خەساندن و پڕکردنەوەی گیرفانی بە پارە، ئینتیمای بۆ پێگە ئابوورییەکەی پێشووی نامێنێ.

لە راستیدا کۆمەڵگاکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە کۆمەڵگەی کوردیش بەدەرنییە لێیان، سیخناخن لە مرۆگەلی بێ ئینتیما و تووڕە لە ئینتیما یا بە واتایەکی دیکە تاکی ناھاوڵاتی، کە بە رواڵەت لە ژیانێکی مۆدێرندان لە ناوەڕۆکدا شێوە ژیانێکی خێڵەکییانە دەژین کە بێبەشن لە ھۆکارەکانی ژیانێکی کامەران و لەرێگەی بەدەستھێنانی ئەو کامەرانییەدایە کە ئیدی ئینتیماکانیش لەدەست دەچن. کۆچکردن بەرەو رۆژئاوا و ناچاربوون بەھەڵگرتنی ناو و ناسنامەی جیاواز لە ناو و ناسنامەی راستەقینە، نمونەیەکە لە نکۆڵیکردن لە ئینتیمائاتەکانی پێشوو و دەربڕینێکی ئەم ھەڵھاتنە رەمزییەیە کە پێشتر ئاماژەمان پێیدا. کۆمەڵناسی مەغربی (عەبدولسەمەد ئەلدەیالمی) لە نەمانی ئینتیمای تاک بۆ کۆمەڵگەی مەغریبیدا ئاماژە بۆ دوو ئاراستە دەکات. ئاراستەی یەکەمیان کۆچکردنە بەرەو ئیسپانیا و ئاراستەی دووەمیان خۆتەقاندنەوەی ئیسلامییەکانە، کە ھەردووکیانی بە زمانی مەغریبی بەحەریک (بنەمای وشەی حریق) واتە سووتاندن ناوبردووە.

ئاراستەی یەکەمیان ئاراستەیەکی ئاسۆییە واتە کۆچکردن بەرەو ئیسپانیا و ئەوروپا کە کۆچبەرەکان بەر لەوەی بچنە ناو خاکی ئیسپانیاوە تەواوی بەڵگەنامەکانیان دەسووتێنن، تاکو ناسنامەیەکی دیکەیان دەستبکەوێت و لەوێشەوە بگەن بە ژیانێکی خۆشگوزەران ، بگەن بەسەر زەمینی بەدیھاتنی خەون و خۆزگە و حەزەکان. بەڵام ئاراستەی دووەمیان ئاراستەیەکی شاقووڵییە واتە بەرزبوونەوە لە زەوییەوە بۆ ئاسمان کە ئیسلامییەکی خۆکوژ لە پرۆسەیەکی تەواو نەھیلیستیدا گشت لینک و ئینتیماکانی بە کۆمەڵگەوە لە رێگەی خۆتەقاندنەوە دەسووتێنێت( ئەو گڕو کڵپەیەی لە خۆتەقاندنەوەدا پەیدا دەبێت بێگومان سووتانێکی زۆر خێرا و بە ھێزە) بۆ ئەوەی بچێتە بەھەشت و بگات بە کامەرانییەکی ھەتا ھەتایی سێکسی.

ھەردوو حاڵەتەکە ھەڵھاتنە لە شوێنکاتێکی نەخوازراو و تەحەمول نەکراوەوە بەرەو شوێنکاتێکی خواستراو، جیاوازییەکە لەوەدایە سەفەرکردن بۆ وڵاتێکی دی تووڕھەڵدانی ھەموو رابردووە، لە کاتێکدا خۆکوژێکی سەلەفی لە پرۆسەی باوەشکردن بە رابردوودا و لە ھەوڵی گەڕاندنەوەی رابردوودا دەیەوێت بڕوات بۆ بەھەشت. عەبدول لەتیف ئەلدەیالمی لە بارەی رۆڵی چەپاندنی سێکسییەوە جەخت لەسەر بێبەش(حرمان)ی سێکسی دەکاتەوە کە بریتییە لە ھەستی بێئومێدی و شکست، ھەر ئەم بە ھۆی ھەستەشەوەیە مرۆڤ بەھای مرۆیی خۆی لا کەم دەبێتەوە و بێھیوا دەبێت لە ژیان. بۆیە خۆتەقاندنەوە یا پەنابردنە بەر جیھاد و توندوتیژی تەنھا چارەسەرێکە لە بەردەمیدا بۆ ئەوەی ھەم رزگاری بێت لە خودێکی بێتوانا لە بەرەنگاربوونەوەی ژیانی مۆدێرن و شکستخواردووش لە بینینی رۆڵی نێرینەیی تەقلیدی خۆی ئەویش توانای نیکاح و نەفەقەیە(١٦). ھەر بۆیە لەم کۆمەڵگەیانەدا چوونی تاک بۆ ناو گروپە ئیسلامییەکان و ھەڵبژاردنی رێگای جیھادکردن واتای کرانەوەی دەرگای ھیوایەکە کە ئەگەر سەرکەوتنی بەدەست ھێنا ئەوا سیستەمێکی داعشیی دادەمەزرێنێت کە تیایدا پیاوەتیی لەدەستچووی دەگەڕێنێتەوە و ژن و کەنیزەکی زۆری دەبن. خۆ ئەگەر کوژراش ئەو ئەوا دەچێتە بەھەشت و لەوآ دەگات بە حۆری و غیلمان.


جیھادی نیکاح و لەشفرۆشیی پیرۆز { البغاء المقدس}.

وەک زۆربەی ئایینەکانیتر لە ئیسلامیشدا میسۆلۆژیا، چ وەک بابەت چ وەک رەمز، ئامادەیی ھەیە. چەمکی سێکسی پیرۆز یا لە شفرۆشی پیرۆز (الجنس المقدس او البغاء المقدس) یەکێکە لەو چەمکە میسۆلۆژییانەی کە لەگەڵ جیھادی نیکاحدا کە لەلایەن داعشەوە دەرچوو، لێکچوونێکی زۆریان ھەیە. لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەلایەن دەستە و دامەزراوە و بانگخوازەکانەوە فەتوا لەسەر پرسی جۆرا وجۆر دەرئەچێت، بەڵام فەتوای جیھادی نیکاح یەکێکە لەو فەتوا پڕ مشتومڕانەی کە لە لەلایەن ھەندێکەوە رەت دەکرێتەوە و لەلایەنی ھەندێکی ترەوە پەسەند دەکرێت و بگرە چەندان کچ و ژن لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی جیھان بەو جیھادەوە پەیوەست بوون.

ئەم فەتوایە دەربڕی فەنتازیایەکی سێکسییە کە فرەژنی و کۆیلەیی سێکسیی ئەم دنیا و حۆرییەکانی ئەو دنیا لە ئەندێشەی تاکی موسڵماندا دروستیکردووە، بۆیە تەنانەت ئەگەر جیھادی نیکاح لەلایەن بەشێک لە موسڵمانانەوە رەتیش بکرێتەوە ئەمە ناکاتە رەتکردنەوەی خودی فەنتازییە سێکسییەکە، ئەو فەنتازیایەی کە ریشەکەی لە کۆمەڵگە دێرینەکاندا ھەیە.

لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا سێکس لەگەڵ ھەر یەکە لە ئەفسانە و ئاییندا پەیوەندییەکی تێکچڕژاو و پێکەوە بەستراویان ھەیە، ھەر لە یەکگرتنی خواوەندی نێر ومێی سۆمەرییەکانەوە تا سروتەکانی پەرستنی زێ و پەرستنی چوک و چیرۆکی ئادەم و حەوا کە لە ھەر سێ ئایینە یەکتا پەرستییەکەدا بە شێوەی جۆرا وجۆر باسی لێکراوە، بەگشتی لە کۆمەڵگایانەدا سێکس وەک شتێکی پیرۆز سەیری کراوە. ئەم پیرۆزییە دەگاتە ئاستێک کە لای سۆمەرییەکان خواوەند خۆی سەرپەرشتی و چاودێری لەشفرۆشیی پیرۆز دەکات و دەبێت ھەموو ژنێک بۆ یەکجار لە ژیانیدا لە پەرستگاکانی عەشتار واتە خواوەندی خۆشەویستیدا لەگەڵ بێگانەیەکدا سێکس بکات و لەبەرامبەریشدا بڕێک پارە وەربگرێت، سرووتەکەیش بەو جۆرە بوو کە ژنان لە پەرستگای عەشتاردا دەوەستان و چاوەڕێی رێبوارانیان دەکرد و دەبوو نەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە تا سێکس نەکەن. لە پاڵ ئەم شێوازەدا ژنانێکیش ھەبوون کە بەردەوام لە پەرستگای عەشتاردا دەژیان خۆیان تەرخان کردبوو بۆ سێکسکردن و پێیان دەوترا (قادیشتۆ) واتە ژنانی پیرۆز وپاکیزە(١٧).

سەرنج بدەن کە قادیشتۆ و ژنە موجاھیدە خۆبەخشەکان بۆ نیکاحکردن لەگەڵ موجاھیدە ئیسلامییەکاندا چەند لەیەک دەچن. لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئایینی جودایزمیشدا ئەم سروتەی سۆمەرییەکان دێتە ناو ئایینەکەوە و سولەیمان بڕوای پێی بووە و سروودی سروودەکانیش لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا بوون (١٨). ھەر لە راستای ئەم پیرۆزییەدا، ئەرکی چێژبەخشیی سێکس دەگۆڕدرێت بۆ وەچەخستنەوە بە بێئەوەی پیرۆزییەکەی لەدەست بدات. لە چیرۆکی (گەلی لووت)دا تەنھا لوت و ھەردوو کچەکەی دەمێننەوە و ژنەکەی بەھۆی ئەوەی گوناھبار بووە بەر سزای خواوەند دەکەوێت. لە تەوراتدا ئاماژە بەوە دەکات کاتێک لووت و ھەر دوو کچەکەی شاری سدۆم بە جێدەھێڵن و دەچنە ناو ئەشکەوتێکەوە. کچەکانی لووت، بەھۆی نەمانی پیاوەوە بۆ ئەوەی منداڵ بخەنەوە، باوکیان سەرخۆش دەکەن و پاشان سێکسی لەگەڵ دەکەن، قورئان ئاماژەی بەم رووداوە نەداوە (١٩). لە ئایینی مەسیحییەتدا تێکەڵاو بوونی سێکسی پیرۆز بە ئەفسانە و ئایین لە فۆرمە ھەرە نمونەییەکەیدا بەرجەستە دەبێت کاتێک خواوەند جوبرائیل دەنێرێتە لای مریەم تا پێی راگەیەنێت کە کوڕێکی دەبێت. لە چیرۆکی ئادەم و حەوادا قابیل و خوشکەکەی زادەی سێکسکردنی ئادەم و حەوان لە ناو بەھەشتدا (٢٠).

لەو کاتەیشەوە کە ئایین چەمکی ئەخلاق دەگرێتە خۆی و تابۆ و قەدەغەکراوەکان(التابو و المحرمات) سەرھەڵدەدەن حەزی سێکسیش رەھەندێکی گڵاوی بۆ دروست دەبێت ئەویش زیناکردنە لەگەڵ مەحرمەکان و سێکسی نا شەرعی. بەڵام وزەی سێکسی رەھەندە پیرۆزییەکەی ھەر دەمێنێتەوە و وەک ئەسپاردەیەکی (امانە) یەزدان بۆ مرۆڤ تەماشای دەکرێت و لەم ئەسپاردەیەشدا ھەرچەندە رەھەندە زایەندییەکەی (تناسلی) کاری سێکسی کراوەتە بنەما، بەڵام لایەنە ئیرۆتیکییەکەیشی فەرامۆش نەکراوە. ئەوەی کە لە ھاوسەرگیریی ئیسلامیدا بەدەستھێنانی رازییبوونی مێرد لە رووی سێکسییەوە لە ژنەکەی کراوەتە مەرجێک بۆ بەدیھێنانی رازیبوونی خودا ھیچ نییە جگە لە بەخشینی پیرۆزیی بە وزەی سێکسیی پیاوان و بە پیرۆزکردنی دەسەڵاتی رەھای پیاوان (٢١). نەک ھەر ئەمە بەڵکو سێکسکردن لەگەڵ سەبیە و ژنە دیلەکانی جەنگدا وەک فەرمانێکی ئیلاھی سەیردەکرێت بێگومان بە جێھێنانی فەرمانی خودایش ھەم فەرزە و ھەم ئەنجامدانی چاکەیە، شێخ متوەلی شەعراوی پێی وایە ئیغتیسابکردنی ژنانی بەدیلگیراو رێزگرتنە لێیان (ومعاشرة النساء الأسيرات معاشرة الأزواج تكريم لهن , إذ يفعل بهن السيد ما يفعله مع زوجته)(٢٢)، واتە جووتبوون لەگەڵ ژنانی بەدیلگیراودا، جووتبوونێکی ھاوسەرییانە، رێزگرتنە لێیان، چونکە ئەوەیان لەگەڵ دەکرێت کە گەورە لەگەڵ ژنەکەیدا دەیکات.

بەم واتایە دەبێت کچە یەزیدی و مەسیحییەکان دەبێت سوپاس و ستایشی موجاھیدەکانی داعش بکەن کە لە سروتێکی دیۆنیسۆسیدا(٢٣) وەک بوونەوەرێکی سێکسیی پەتی مامەڵەیان لەتەکدا دەکەن و لەھەمان کاتیشدا دەشێت تێرکردنی سێکسی جەنگاوەرانی خودا ھۆکارێک بێت بۆئەوەی ئەم قادیشتۆیانەی سەدەی بیست و یەک بەر بەزەیی و لێخۆشبوونی خوداوەند بکەون.


_______________________________

پەراوێز:

١. عبدالصمد الدیالمي، المدینة الاسلامیة و الاصولیة والارھاب ، دار الساقي ط ١ ٢٠٠٨، ص٨.

٢. العنف و التسامح http://chebbah-65.newstarforum.net/t468-topic.

٣. د. مصطفی الحجازي، التخلف الاجتماعي مدخل الی سیکولوجیا الانسان المقھور، المرکز الثقافي العربي، دار البيضاء ـ المغرب، ط ٩ ٢٠٠٥ ، ص ٨٦.

٤. النجار، کامل، مفردات الجنس عندالعرب، http://www.ahewar.org/debat/show.art.

٥. ھسپ.

٦. ژن لە ئیسلامدا کارەکتەرێکی دوالیزمی ھەیە، ھەڵبەتە ئەم دوالیزمەیە لەئیسلامدا حاڵەتێکی روونە کە دیارترینیان دوالیزمەی خواوەند - شەیتانە، لەلایەکەوە رەھەندێکی سسێکسواڵیتی ھەیە و لەگەلێک ئایەت و حەدیسدا پەسنی کراوە و وەک ھاوسەر و ھاوبەشی سێکسی پیاوان باسیان لێکراوە لەلایەکی دیکەیشەوە کارێکتەرێکی مەترسیداری ھەیە و ھۆکارێکە بۆ تووشکردنی پیاوان بە گوناە و بگرە شەیتان لە وێنەی ژندا خۆی نیشانی مرۆڤ دەدات. ئەگەر کارەکتەری یەکەمیان لە ژێر کاریگەریی ژیانی سێکسی نیمچە دوورگەی عەرەبیی پیِ ئیسلامدا بووبێت ئەوا کارەکتەری دووەمیان لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینە میتۆلۆژییە ئایینییەکانی ناوچەکەدایە بۆ ژن کە ژن وەک ھۆکاری یەکەم گوناە و تەنانەت دووەم گوناھیش دەزانن واتە خواردنی سێوەکە و کوشتنی ھابیل.

٧. فاطمة المرنیسي، ماوراء الحجاب الجنس کھندسة اجتماعیة، ترجمة فاطمة الزھراء ازرویل، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب، ط ٤ ٢٠٠٥، ص ٣٤.

٨. http://fatwa.islamweb.net/fatwa/index.php?page=showfatwa&Option=FatwaId&Id=68777.

٩. .http://library.islamweb.net/newlibrary/display_book.php?idfrom=827&idto=828&bk_no=80&ID=544


١٠. مجدي رشاد عزام، شعر الزھد في العصر العباسي الاول بحث مقدم لنیل درجة الماجستیر في اللغة العربیة وآدابھا جامعة السودان للعلوم و التکنولوجیا، ٢٠١٢، ص ٤٩.

١١. http://www.alukah.net/sharia/0/25899.

١٢. ابن کثیر، البدایة والنھایة، بیت الافکار الدولیة، لبنان، ٢٠٠٤ ص ٩٧٤.

١٣. مجدي رشاد عزام، شعر الزھد في العصر العباسي الاول بحث مقدم لنیل درجة الماجستیر فی اللغة العربیة وآدابھا جامعة السودان للعلوم و التکنولوجیا، ٢٠١٢، ص ٦٩.

١٤. د. مصطفی الحجازي، التخلف الاجتماعي مدخل الی سیکولوجیا الانسان المقھور، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب، ط ٩ ٢٠٠٥ ، ص ٨٧.

١٥. د. مصطفی الحجازي، التخلف الاجتماعي مدخل الی سیکولوجیا الانسان المقھور، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب، ط ٩ ٢٠٠٥ ، ص ١٢٩.

١٦. عزالدین اللواج، الجنس و الدین والسیاسة -http://alwatanlibya.com/more-26091-22.

١٧. الممارسات الجنسیة في العلم القدیم http://outofspacetime.wordpress.com/category.

١٨. ھسپ.

١٩. ترکي علي الربیعو، العنف و المقدس و الجنس في المیثولوجیا الاسلامیة، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب ط ٢ ١٩٩٥ ، ص ١٢٦.

٢٠. ترکي علي الربیعو، العنف و المقدس و الجنس في المیثولوجیا الاسلامیة، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب ط ٢ ١٩٩٥ ، ص١١٦.

٢١. فاطمة المرنیسي، ماوراء الحجاب الجنس کھندسة اجتماعیة، ترجمة فاطمة الزھراء ازرویل، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب، ط ٤ ٢٠٠٥، ص ٥٧.

٢٢. http://alkalema.net/women.htm.

٢٣. دیونسیوس: خواوەندی مەی و مەستی، خۆشی و سەرگەرمیی لای یۆنانییەکان.

_______________________________

سەرچاوەکان:

١. ایجلتون ، تیری، الارھاب المقدس، ترجمة اسامة اسبر، بدایات للطباعة و النشر،دمشق سوریة، ط ١ ٢٠٠٧.

٢. تیمیة، ابن، منھاج السنة النبویة ج٤ تحقیق د.محمد رشاد سالم ط ١ ١٩٨٦.

٣. الحجازي، د. مصطفی، التخلف الاجتماعي مدخل الی سیکولوجیا الانسان المقھور، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب، ط ٩ ٢٠٠٥.

٤. الدیالمي، عبدالصمد، المدینة الاسلامیة و الاصولیة والارھاب ، دار الساقي ط ١ ٢٠٠٨.

٥. الربیعو، ترکي علي ، العنف و المقدس و الجنس في المیثولوجیا الاسلامیة، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب ط ٢ ١٩٩٥.

٦. الطبری ،ابي جعفر مجمد بن جریر ، تاریخ الطبری الخلافة فی عھد الامویین ، دار ابن الکثیر دمشق ـ بیروت ، المجلد ٤، ط ١ ٢٠٠٧.

٧. فروم، اریک ، الدین و التحلیل النفسي، ترجمة فواد کامل، دار غریب ، القاھرة.

٨. فریشاور، بول، الجنس في العالم القدیم، ترجمة فائق دحدوح مطابع جوھر الشام ، دار نینوي، ط ١ ١٩٩٩.

٩. المرنیسي، فاطمة، ماوراء الحجاب الجنس کھندسة اجتماعیة ، ترجمة فاطمة الزھراء ازرویل، المرکز الثقافي العربي، دار البیضاء ـ المغرب، ط ٤ ٢٠٠٥.