کابرای ئەم دیوی دەرگاکە
لە رۆمانی (دادگایی) فرانز کافکادا، پیاوێك بەرەو دەرگایەك دەڕوات کە دەرگای بەهەشتی یاسایە. پاسەوانێك لەبەردەم دەرگاکەدا راوەستاوە، کابرا مۆڵەتی چوونە ژوورەوە لە پاسەوانەکە دەخوازێت، بەڵام پاسەوانەکە پێی دەڵێت : هەرچەندە دەرگاکە کراوەیە بەڵام ناتوانم رێت پێ بدەم بچیتە ژوورەوە.
کابراکە دەڵێت کەواتە تا وەرگرتنی مۆڵەت دەبێت چاوەڕوان بکەم. رۆژان و ساڵان دەڕوات و کابرا هەر خەیاڵی لای چوونە ژوورەوەیە و بەردەوام هەوڵ دەدات و هەمیشە رێگری لێ دەکرێت. ئەم مرۆڤە لە پای تۆمەتێك دراوەتە دادگە کە خۆیشی نازانێت ئەو تۆمەتە چییە. ئەم مرۆڤە پیر دەبێت و دەکەوێتە سەرەمەرگ، ئەم پرسیارە دەکات:" بۆچی بە درێژایی ئەم ساڵآنە هیچ کەسێك جگە لە من داوای مۆڵەتی چوونە نێو دەرگای بەهەشتی نەکردووە) پاسەوانەکە پێی دەڵێت: جگە لە تۆ کەس ناتوانێت مۆڵەتی چوونە ژوورەوە بەدەست بهێنێت ، لە راستیدا ئەم دەرگایە بۆ تۆ دروست کراوە. من ئیتر دەرگاکەش دادەخەم). {ئەریك فرۆم: شۆڕشی ئومێد، ل ٢٢}. کابرا تازە ئەوەندە پیر ببوو کە توانای ئەوەی نەبوو تێ بگات لەوەی چی گوزەراوە چی دەگوزەرێت، هێز و توانای جەستەیشی وا نەبوو کە سەرکێشی بکات و بە زۆر خۆی بکات بە ژووردا، خۆ لە کاتی گەنجێتیشدا هەروا بوو نە لەرووداوەکان تێ دەگەیشت و نە ئەو جەسارەتیشی تیا‌بوو کە بەبێ مۆڵەت خۆی بکات بە ژووردا.
دەشێت دۆخی ئەو کابرایە دۆخی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێت لە نێو ئەو تەونە ئاڵۆزەی سیستمی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان و یاسا بۆرۆکراسییەکان. بەڵام چاوەڕوانییەکەی و ئەو وەهمەی کە تێیدایە پڕاو پڕ دەربڕی دۆخی تاکی کوردە لەم جێگەیەی کە پێی دەگووترێت هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوەی دەسەڵات بە جۆرێك بە شتە وردەکانەوە مەشغوڵی کردووە کە ناتوانێت لە ناوەڕۆك و جەوهەری شتەکان تێ بگات. سەرنجی خراوەتە سەر یەک دەرگا و یەك دەروازە و پێی وایە کە بڕینی ئەودەرگایە هەموو شتێکی بۆ ئاسان دەکات، بڕینی ئەو دەرگایەشی بەستۆتەوە بە ویست و بڕیاری دەرگاوانەکە، بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی ئەو شتەیە کە نایەت. چاوەڕوانی ئەوەیە کە دەسەڵات هەر لە خۆیەوە بگۆڕدرێت، جا ئەو گۆڕانە لە دەم و چاوەکاندا بێت یا لە سلوکی دەسەڵات. هیوای بەوەیە کە رزگارکەرێك بێت و لەو دۆخەوە بیبات بەرەو دۆخێکی تر.
گرفتی مرۆڤی کورد ئەوەیە کە چاوەڕوانی هەموو کەسێكە جگە لە خۆی، هیوای بە هەموو کردەیەکە لە دەرەوەی خۆی جگە لە کردەی خۆی. ئەمە ئیتر ترۆپکی بێ هیواییە، کە خۆت هیوا و ئومێدێك نەکەیتە بابەت و خۆشت نەبیتە سوژەی بەرجەستەبوونی ئەو هیوایە.
بێگومان ئەم تێکشکانی ئیرادە و بێهیواکردنەی مرۆڤی کورد بە پرۆسەیەکی کورت ماوەدا تێ نەپەڕیوە، بەڵکو چەشنی شاخێك کە چەندین تونێلی تیا دروست بکەیت کە دواجار هەرەس دەهێنێت، ئیرادەی مرۆڤیش وایە دەبێت چەندین دەلاقەی تێ کەوێت تا لە پەل و پۆ دەکەوێت.
لەباری سیاسییەوە مرۆڤ کاتێك بێ ئیرادە دەکرێت کە بڕیاردانی بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی بسپیرێت بە کەسانی تر(نوێنەرانی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا). لە کەسێك کە ئەکتی سیاسی دەنوونێنێت بگۆڕێت بۆ کەسێك کە ئەکتی سیاسی دەسپێرێت بە نوینەرەکەی. لە باری دەروونی و مەعنەویشەوە یەکەمین شۆک کە بەر مرۆڤی کورد دەکەوێت کەوتنی دەماکەکانی سەر رووخساری بەناو شۆڕشگێڕەکانە کاتێك دەچنە دەسەڵات. ئەو بە ناو شۆڕشگێڕانەی کە کاتێك بە شاخەکانەوە بوون ئیدیعای خۆنەویستی و تووڕهەڵدانی چێژە مادییەکانیان دەکرد. بەڵام کاتێك هاتنەو ناو شارەکان و دەسەڵاتیان گرتە دەست هەموو هەوڵێکیان بۆ خۆپەرستی و تێرکردنی چێژەکانیان بوو، ئەمەشیان کردە مۆدیلێک بۆ شێوازی ژیانی هاوڵاتییان. شۆکێك کە هاوڵاتی کوردی لەو داڵغە و زیندە خەونە Daydream بە ئاگاهێنایەوە لە سەردەمی بەعسدا هەیبوو و چەندین چالاکی و کاری پێ ئەنجام دەدا. جیاوازیی گەورەی نێوان مرۆڤی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعس و سەردەمی دەسەڵاتدارێتی هەرێم ئەوەیە کە مرۆڤ لە یەکەمیاندا خەونێکی هەبوو کە کردبوویە پاساوێك بۆ زیندە خەونەکانی و ئەکتی رۆژانەی. تاکی کورد لە سەردەمی بەعسدا بەرەنگاریی هەڵبژارد بوو، بەرەنگارییش فۆرم و دەرکەوتەکانی جۆراوجۆر و تەنانەت جیاوازیشن، لە بەردانەوەی ریشێك کە سەردەمانێك بەعسییەکان پێی قەڵس دەبوون تا لەبەرکردنی جلی رەش، تا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و تەسلیم نەکردنی ئیرادەی خود بە نوێنەرە بەعسییەکانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانی، لە نووسینی شیعرێك یا چیرۆکێکەوە تا گوتنی سروودێك یا بەشداریکردن لە چالاکییەکی سیاسی و خۆپیشاندانێکدا. دواجار بەرەنگاری و دەرچوون لە نێو سیستمە سیاسییەکە بۆ تاکی کورد مانایەکی تایبەتی و ژیانیی هەبوو. بەڵام لە دووەمیاندا هاوڵاتی خەونی نەماوە و زیندە خەونەکانیشی تەنها لە چوارچێوەی شتە روواڵەتییەکان و شتە بچووکەکانی ژیانی رۆژانەدا دەخولێتەوە. بەدی نەهاتنی ئەو حەز و شتە بچووکانەیش بۆ ئەم، لە کاتێکدا ژیانی ئەفسانەیی و رەنگاو رەنگی بەرپرسان و دەوڵەمەندان و بازرگانەکان دەبینێت، خۆی لا بچووک دەبێتەوە و خۆی وەك کەسێکی بی بەها دێتە بەرچاو.
ئەگەر بە دەربڕینە فۆکۆییەکە گوزارشتی لێ بکەین ئەوا تاك لەسەردەمی بەعسدا لە رێگەی سیستمی سزاییەوە(النظام العقابي) هەوڵی جڵەوکردنی دەدرا، بەڵام لەمڕۆدا لە رێگەی سیستمی کۆنترۆڵکردنەوە( نظام السیطرة) هەوڵی جڵەوکردنی دەدرێت. لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی‌دا تاکی کورد خراوەتە نێو تەونێکی ئاڵۆزی سیستمییەوە، سیستمی سیاسی نوێنەرایەتی، سیستمی ئابووریی نیو لیبراڵیزم، بازاڕ و کۆمپانیاکان، سیستمی کەلتووریی بەرخۆری و بەکاربەریی؛ کە جووڵەیان لێ بڕیووە.
بێئومێدیی، سەرکەوتنی ئەڵتەرناتیڤێك و شکستی ئەڵتەرناتیڤێکی تر
وەك ئاماژەمان پێیدا دەسەڵاتی رەهای بەعس مرۆڤی خستبووە نێو پرۆژەیەکی بەرەنگارییەوە. بەڵام دەسەڵاتە دیموکراسییەتە هەجینەکەی کوردایەتی مرۆڤی خستۆتە نێو سیستمی سیاسی نوینەرایەتییەوە و ئەمەش کراوەتە تاقە چالاکی سیاسی بۆ تاکی کورد و هیچ دەسەڵاتێکی لە داڕشتتنی بڕیار و دیاریکردنی ژیانی سیاسی – ئابووری – ئیداری خۆیدا( تەنانەت بە فۆرمە شێوێنراوە رۆژئاواییەکەیشی) نییە.
یه‌كێك له چالاكییه سیاسییه‌كان له سیستمی دیموكراسیدا، نه‌ك تاقه چالاكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستاندا ده‌یبنین، به‌شداریكردنی هاوڵاتییانه له ده‌نگدان‌وهه‌ڵبژاردنه‌كاندا، چونكه ئه‌م به‌شداریكردنه، له ڕواڵه‌تدا واده‌رده‌كه‌وێت، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی فه‌رمانڕه‌وا وحكومه‌ته‌وه هه‌یه له‌لایه‌ن تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه. هه‌روه‌ك له‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌ڵبژاردن و دیموكراسییه‌تی تێدا به‌رقه‌راره، ئه‌گه‌رپارتێك ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا به ده‌نگده‌رانی داوه نه‌باته سه‌ر، ئه‌وا ده‌نگده‌ران له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی دوای ئه‌ودا، به ده‌نگ پێنه‌دان سزای ده‌ده‌ن و تۆڵه‌ی لێده‌كه‌نه‌وه (له ڕاستیدا ئه‌مه‌یش گه‌مه‌یه‌كه به عه‌قڵی خه‌ڵك ده‌كرێت).
ئەمڕۆ دەبینین له بێزاریی و توڕه‌ییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌دا، خه‌ڵكی په‌شیمانی خۆیان له چوون بۆ ده‌نگدان ده‌رده‌بڕن و ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی خۆیان، له بێنه‌زمی و قه‌یران و ناعه‌داله‌تییه‌كان به "خۆزگه‌ی" نه‌چوونه ده‌نگدان یان به ده‌نگ نه‌دانی فیعلی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام ئایا كه‌س ده‌توانێت كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌شداریكردنی هاوڵاتیان له ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردندا پێشبینی بكات، لە کاتێکدا خودی حزبەکان یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا؟ کەوایە لە دۆخێکی وادا چوون و نەچوون بۆ هەڵبژاردن هیچ لە دۆخە سیاسییەکە ناگۆڕێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش هێشتا تووڕه‌یی له پارتی و یه‌كێتی و بێ‌ئومێد بوون لە گۆڕان قابیلی ئه‌وه‌یه، كه له‌سه‌ر وه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به وتاری حه‌ماسی وجۆشدار بڕه‌وێته‌وه و ڕێژه‌ی به‌شداریكردن به‌رز بكرێته‌وه.
یەکێك لە هەڵە هەرە کوشندەکان، خەمی هاوڵاتییە لە شك نەبردنی بەدیل کاتێك دەگەڕێت بۆ هه‌ڵبژاردنی باشترین یا له‌بارترین، یا لایه‌نی كه‌م باش و گونجاو، سەرنج دەدات هەموویان دەستخەڕۆیان کردووە و دواجار دەڵێت بەدیل نییە و به‌مه‌یش دووچاری بێزاری و بێئومێدی ببێت . بەڵام له‌مه‌دا هه‌ربه ته‌نها حزبی كوردی به‌رپرسیار نییه، به‌ڵكو به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به ئاستی هوشیاریی وهه‌ژاریی مرۆڤی كورده‌وه هه‌یه. به‌رپرسیارێتی هاوڵاتی لەوەدایە كه به ته‌نها له نێو ئه‌وانه‌ی كه‌هه‌ن ده‌گه‌ڕێت وخۆی ماندوو ناكات تا له ئه‌نجامی گه‌ڕانی به‌رده‌وامیدا خۆی داهێنه‌ری پرۆژه و بەدیل بێت، ئەمەش وێڕای پەیوەندی بەو خۆ بەهیچ نەزانین و هیچ لە خۆڕانەبینینەوە هەیە کە گەمارۆی بیرکردنەوەی هاوڵاتی داوە ، هەروەها بەشێکی دیکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت وەك کاری سیاسەت پیشەکان، نەك کاری گشت هاوڵاتییان. لێرەدا ئیتر بەتەواوی دەکەوێتە بەرامبەر سیاسەتەوە و رایدەگەیەنێت کە كاری به‌سه‌رسیاسه‌ته‌وه نییه و به نه‌فره‌تی ده‌كات. لە کاتێکدا مرۆڤ هه‌رچه‌نده خۆی دڵخۆش بكات به‌وه‌ی كه كاری به سیاسه‌ته‌وه نییه، به‌ڵام دواجار سیاسه‌ت كاری به‌سه‌رئه‌وه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌و به پێی ساده‌ترین لۆژیك مه‌حكومه به‌وه‌ی كه له جوگرافیایه‌كی سیاسی‌دا بژیێت كه ناوی وڵاته، داوای لێكراوه له به‌رامبه‌ر یاساكان، ده‌ستوور‌و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و فه‌رمانڕەوایاندا خۆی بسازێنێت و بگونجێنێت، ملكه‌چیان بێت و پارێزگاری‌یان لێبكات وجێبه‌جێیان بكات. واته فه‌رمانبه‌رێك بێت له نێو سیستمێكی سیاسی- ئابووری و ئیداری و جوگرافیایه‌كی دیاریكراودا.
بۆیە دووركه‌وتنه‌وه و تووڕه‌یی له سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر ناوی تۆڵه كردنه‌وه یان سزادانی حزبەکانی لێ بنرێت، ئه‌وا له ڕاستیدا جگه له وه‌همی تۆڵه‌یه‌ك چیدی نییه و، له هه‌قیقه‌تیشدا په‌رده‌دادانه به‌سه‌ر ئه‌و چاوەڕوانییە نا بەجێیەدا بۆ ڕزگاركه‌رێك تا بیكات به ڕابه‌ر‌و شوێنی كه‌وێت.
بێئومێدییەك کە سیاسەت دروستی کردووە ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە ملهووڕییەکانی پارتی و یەکێتییەوە هەبێت لە بەرامبەر هاوڵاتی کورددا، ئەوا بەشەکەی تریشی دەگەڕیتەوە بۆ سەرکەوتنی گۆڕان، وەك هێزێکی راستڕەو، لە شکست پێهێنانی ناڕەزاییەکانی دە ساڵی رابردووی خەڵکی کوردستان و هێشتنەوەیان لە وێستگەی چاوەڕوانیدا، و شکستی چەپ و کۆمۆنیزم لە بەسەرکەوتن گەیاندنی ناڕەزاییەکاندا.
ئابووری وەك ئەداتێك بۆ بێئومێدکردنی مرۆڤ
ڕاپه‌ڕینی ساڵی 91ی خه‌ڵكی كوردستان له ڕووی مێژووییه‌وه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ نه‌مانی شه‌ڕی سارد و سه‌رهه‌ڵدانی جیهانگیریدا . بڕیاری ناوچه‌ی دژه فڕین و به‌رنامه‌ی (Provide Comfort) ی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپه‌یمانان ده‌روازه‌ی به ڕووی هاتنی تازه‌ترین كاڵای بازرگانیی بیانی بۆ نێو بازاڕه‌كانی كوردستان واڵاكرد. كوردستانێك كه به‌عس ژێرخانە ئابوورییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندبۆوه، شه‌ڕی ئێراق - ئێران و پرۆسه‌ی جینۆساید به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی وێران كردبوو و په‌كی خستبوون و زۆرینه‌ی جووتیار‌و كرێكاری به‌رهه‌مهێنی كردبووه سه‌رباز‌و خه‌فیفه و بێكار‌و فیرار. كاتێكیش ڕاپه‌ڕین دێت، پارتی و یه‌كێتی و حزبه‌كانی تر دێنه‌وه كوردستان، ئه‌م دۆخە ئابوورییە وێران و هەژارییەی کە هەیە له‌گه‌ڵ ئەو خۆشەویستییە ناوشیارانەیەی خەڵکی بۆیان دەقۆزنەوە و ئاوێتەی سیاسه‌تی ڕاو وڕووت گه‌راییانه‌و ئاودیوچێتیانه‌ی خۆیانی دەکەن.
پرۆسەی پەناگەی ئارام (Provide Comfort)، هاوڵاتی له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و كه‌سێتییه‌وه ئاماده کرد بۆ بوون به كه‌سێكی سست و به‌كاربه‌ر و ده‌رفه‌تێكیش بوو بۆ وه جووڵه‌كه‌وتنی سه‌رمایه‌ی بازرگانی و عه‌قارات. پاشان به مۆنۆپۆڵ كردنی خاله گومرگییه‌كان له لایه‌ن پارتی یەكێتییه‌وه و چاوپۆشی هاوپه‌یمانان له هاوردنی كه‌لو په‌ل بۆ نێو كوردستان، ئابووری كوردستان له ئابوورییه‌كی نیمچه به‌رهه‌مهێنه‌وه ده‌بێته ئابوورییه‌كی به‌كاربه‌ری ته‌واو.
رووخانی بەعس و پاشان بە تاڵانبردنی نەوت بە ناوی هەناردەکردنەوە لە لایەن دوو حزبی دەسەڵاتدار و بوژانەوەیەکی کاتیی ئابووری کوردستان کە ئاستی مووچەی مووچەخۆرانی بەرزکردەوە و جووڵەی وەبەر سەرمایەگوزاریی کۆمپانیاکان خست. قۆرخکردنی سەرچاوەکانی داهات و سامان لەلایەن دەسەڵاتی کوردایەتییەوە و هاندان و تەشویقکردنی هاوڵاتییان لەلایەن میدیاکانی دەسەڵاتەوە لە رێگەی ریکلامی بازرگانییەوە بۆ کاڵاکان، نه‌ریتی به‌رخۆری، به‌كاربه‌ری و مەسرفەگەرایی بە تەواوی دەخاتە شوێن چالاكییه مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر. هه‌بوونی كاڵا و هه‌ڵپه‌كردن بۆ به‌ده‌ستهێنانیان نه‌ك بوونی زات و به‌ده‌ستهێنانی خودێتی له ناخی مرۆی كورددا بنج داده‌كوتێ. نه‌ریتی شت كڕین لای ئه‌وانه‌ی كه توانای كڕینیان هه‌یه و حه‌زی كڕین لای ئه‌وانه‌یش كه بێ توانان له كڕیندا ده‌بێته پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌وڵه‌كانی هاوڵاتی و پاساوێكیش بۆ توندكردنه‌وه‌ی گیانی ململانێی ناڕه‌وا و ماستاوچێتی و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئاتاجه ماددیه‌كان. لێره‌وه له شوێنی ئازادی عه‌قڵ، بیركردنه‌وه و كار و بڕیاردان، ئازادی شت كڕین و مه‌سره‌ف و ئازادی هه‌بوونی كاڵا له ناخی مرۆی كورددا بنج داده‌كوتێ. فرۆم گوته‌نی هاوڵاتی ئاسوده‌یی و ئارامیی ده‌روونی له پێناو وه‌همی خۆشگوزه‌رانی شه‌خسیدا ده‌گۆڕێته‌وه به شپرزه‌ییه‌كی بێ وێنه له ناخ‌و ڕۆحی‌دا.
بێئومێدییەك کە دۆخی ئابووری بۆ هاوڵاتی دروست کردووە، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە سیاسەتی نیو لیبراڵییانەی دەسەڵاتەوە هەبێت کە تەواوی کۆمەڵگەی کردۆتە بازاڕگەیەکی گەورە و بە بڕیارەکانی زوو زوو کۆمەڵگە تووشی شۆك دەکات، ئەوا هۆیەکی تری بە هۆی دابەزینی مووچەوەیە چونکە مووچەکەی لە ئاستی ئەو کەلتوورە مەسرەفگەراییەدا نییە کە ئەمڕۆ بنجی داکوتاوە.
دروستکردنی گیانی بەرەنگاریی
ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی زه‌وتكردنی ڕۆحی و مه‌عنه‌ویی مرۆڤ له نێو هه‌لومه‌رجێكی بابه‌تیدا به‌ڕێوه بچێت، ئه‌وا یەکەمین هەنگاوی ڕێگای سه‌ندنه‌وه و بیناكردنه‌وه‌ی ده‌روونی لە خودەوە دەست پێ دەکات. ناكرێت مرۆڤ خۆی هیچ كارێك بۆ بیناكردنی كه‌سێتی و ڕۆحی خۆی ئه‌نجام نه‌دات و هه‌ر به ته‌نها قسه به ده‌سه‌ڵات بڵێت و ئه‌و به‌رپرس بكات له نه‌هامه‌تبیه‌كانی. چونكه به‌شێك له سلبیات و خراپییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی شانی هاوڵاتیش ده‌گرێته‌وه. مرۆڤێك كه ده‌روون و كه‌سێتییه‌كی هاوسەنگ و ته‌ندروستی هه‌بێت ڕۆژێك هه‌ڵناپه‌ڕێت و ڕۆژێك شیوه‌ن بكات، ئه‌مه سیمای كه‌سێكی بێ شوناس و شڵه‌ژاوه.
مرۆڤی كورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت تاكێكی هوشیار‌و مرۆڤێكی به به‌رهه‌م و داهێنه‌ر بێت، پێویسته ڕۆحیه‌تی ئینتیما و پابه‌ندبوون له خۆیدا زیندوودا بكاته‌وه، ده‌روون و كه‌سێتی خۆی هاوسه‌نگ بكاته‌وه. هه‌م ئازادییه شه‌خسییه‌كانی، كه ده‌سه‌ڵاتی كوردیی وسیستمی نه‌ریتپارێزیی كۆمه‌ڵایه‌تی لێیان زه‌وت كردوه، به‌ده‌ست بهێنێت و هه‌م ئاسوودەییه ده‌روونییه‌كانیشی.
ئاسوودەیی ده‌روونی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ كۆیله‌ی حه‌ز‌و هه‌ڵپه شه‌خسییه‌كانی نه‌بێـت، ئه‌و حه‌ز‌و پاڵنه‌رانه‌ی كه كۆیله‌بوون و باڵبه‌ستیی زیاتر بۆ خۆی و خانەوادەکەی و قازانج و سودیش بۆ كۆمپانیاكان و ده‌وڵه‌مه‌ندان ده‌هێنێت. ئاسوودەیی ده‌روونی ئەو کاتە بە دەست دێت کە هەموو ئه‌و ئاره‌زووانه جڵەو بکەیت كه خزمه‌ت به گه‌شه و بوونی مرۆییانه‌ت ناكه‌ن، ئه‌و ئاره‌زووانه‌ی كه مرۆڤ له مرۆڤ بوون ده‌خه‌ن و ده‌یكه‌نه كۆیله‌ی ماشین و كاڵا. فرۆم دەڵێت:" مرۆڤی ته‌واو گه‌شه سه‌ندو‌و ڕاسته‌قینه مرۆڤێك نیه كه چه‌ندی "هه‌بێت" به‌ڵكو مرۆڤێكه كه خودی خۆی "زۆره". {ئەریك فرۆم: لەو دیو زنجیرەکانی وەهمەوە، ل ٥١}به ده‌ستهێنانی ئاسوودەیی ده‌روونی بڕیارێکی تایبه‌ت و شه‌خسییە بۆ فڕێدانی ڕواڵه‌تچێتی و به‌هێزكردنی جه‌وهه‌رگه‌رایی. له كۆیله‌بوونی حه‌زه‌كانه‌وه بۆ تێگه‌یشتنیان، له كۆیله‌بوونی كاڵاكانه‌وه بۆ ناسینییان، له چاوگێرانه‌وه بۆ تێڕامانی ورد، له سه‌تحییه‌ته‌وه بۆ قووڵ بونه‌وه. ده‌شێت خه‌تكێشان و سنوردانان له نێوان هه‌ردوو مه‌مله‌كه‌تی هه‌ست‌و عه‌قڵدا بۆ پێوانه كردن‌و بڕیار دان شێوه‌یه‌ك بێت له شێوه‌كانی ئه‌و هوشیارییه خواستراوه كه ڕۆڵی هه‌یه له بیناكردنه‌وه‌ی كه‌سێتی مرۆڤدا. تاك بۆ ئەوەی ببێتە تاکێکی بەرەنگار پێویستە لە خۆیەوە دەست بکات بە بەرەنگاری ئەو پاڵنەرانەی کە بەرەو دەستەمۆیی و ملەکەچیی دەبەن، وازهێنانە لە سەرسام بوون بە باق و بریقەکانی دنیای مۆدێرنەی سەرمایەداری کە چێژێکی کاتی و کۆیلەییەکی هەمیشەیی بۆ دەهینن. ئەمە پێش مەرجی بەشداریکردنە لە پرۆسەی بەرەنگاریی سیستمی کۆمەڵایەتی.
پاسەوانی ئەودیوی دەرگاکە
ئەم گوتەیەی پاسەوانەکە کە دەڵێت:" جگە لە تۆ کەس ناتوانێت مۆڵەتی چوونە ژوورەوە بەدەست بهێنێت، لە راستیدا ئەم دەرگایە بۆ تۆ دروست کراوە." .. بانگهێشت کردنێکە بۆ نواندنی ئەکتێك، وەك ئەوەی پێت بڵێ ئەوە مێژووی تۆیە و خەتای خۆتە کە ناچیتە ناو مێژووکەتەوە. بۆیە بەرلە تەواوکردنی رستەکەی بەوەی کە دەرگاکە کڵۆم دەدات. پێویستمان بەوە دەبێت دیمەنەکە ئاوەژوو بکەینەوە بەوەی ئاراستەی کردنەوە و داخستنی دەرگاکە بگۆڕین. بەمەش شوێنی پاڵەوانەکە و ئێمە دەبێت بە بەهەشتی یاسا و شوێنی پاسەوانەکەیش دەکەوێتە دەرەوە. واتە ئەسڵی مەسەلەکە گۆڕینی شوێنەکە نییە، بەڵکو گۆڕینی دۆخی شوێنەکەیە. ئەمە ئەو ساتە وەختەیە کە ئیدی مرۆڤ دەستەبەرداری چاوەڕوانییەکانی دەبێت و لە جیاتی ئەوەی چاوەڕوانی ئەفسوون و جادوویەك بکات تا شوێنەکەی بۆ باش بکات خۆی ئاڵوگۆڕ لە دۆخی شوێنەکەی دروست دەکات.
جۆزێف کامبڵ لە کتێبی (پاڵەوانی هەزار روو)دا دەڵێت:" ستەمکار بەخۆی دەنازێت، هەر ئەمەیشە کە رووخانی مسۆگەر دەکات، ئەو شانازی بە خۆی دەکات و لە خۆی رازییە چونکە تەنها لە پێناو خۆیدا دەستی بە دەسەڵاتەوە گرتووە. قارەمانی ئەفسانەیی لە جەرگەی تاریکییەکانەوە دەردەکەوێت و لەگەڵ خۆیدا نهینی کەوتنی ستەمکاری پێیە، بە جووڵەیەکی زۆر سادە وەکو پەنجەدانان لەسەر دوگمەیەك تەواوی ئەو هەل و مەرجە وێران دەکات کە وا دەردەکەوێت زۆر سەختە){ جۆزیف کامبل، البطل بألف وجه، ص٣٤١}. بەڵام سەردەمی قارەمانێتی شەخسی و سەرکردەی کاریزمی بەسەر چوون. ئەگەرچی دروستبوونی قارەمانی مێژوویی نا مومکین نییە، بەڵام چاوەڕێ کردنی هاتنی قارەمان وەك فریادرەسێك جگە لە بەدبەختی، بە وتەی برێخت، هیچی تر نییە. کەوایە قارەمان دەشێت ئەمجارە لە جەستەی بزووتنەوەیەکی بەرەنگار و جەماوەرێکی زیندووی خۆراگردا خۆی نماییش بکاتەوە کە به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵكی له پرسه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كاندا دەستەبەر دەکات.
بەشداری راستەوخۆی خەڵکی بەرەنگار لە سیاسەتدا کۆتایی بە وەهمی ئاوەدان کردنەوەی نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستان دەهێنێت کە ئەکتەرەکانی دەسەڵاتی رەها لە کوردستاندا خەڵكی پێ فریو دەدەن، کۆتایی بە چاوەڕوانی ئۆپۆزسیۆنی لاستیکی و چەپی کاغەزی(بە قەولی ئیرەجی ئازەرین) دەهێنێ تا گۆڕانکاری بۆ دروست بکات.