بە کۆمەڵایەتیکردنی گێلێتی


گەمەی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن بە عەقڵی هاووڵاتی

وێنەی تەلەفزیۆنیی کاریگەرییەکی ترسناک لەسەر هۆش و هزری بینەر دادەنێت و بیرۆکە و دەربڕینی تایبەت دەخوڵقێنێت. وەک ئەو کاریگەرییانەی بەرنامە سیاسییەکان لە گەڵاڵەبوونی رای گشتیدا هەیانە. یاخود ئەو جووڵە و دەربڕینانەی ناو دراماکان و بەرنامە تەرفیهییەکان کە بە زوویی دەکەونە سەر زاری هاووڵاتییان.
لێرەدا کاریگەرییە گەورە و بەرچاوەکە و لێدانە راستەوخۆکە زیاتر بەر ئەو گروپە لە کۆمەڵگە دەکەوێت کە بەرگرییەکی کەمییان هەیە و توانای خۆپاراستنییان لەو هێرشانە نییە، ئەوانیش مناڵان و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ئاستی هوشیاریی و مەعریفییان نزمە و ناتوانن بە قووڵی لە شتەکان بڕوانن یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان ئالوودەی تەماشاکردنی تی ڤی بوون. بە داخەوە، ئەم گروپەش رێژەیەکی زۆر لە کۆمەڵی کوردی پێک دەهێنن. هەر بۆیە کاریگەرییە خراپەکانی بابەتەکانی کەناڵەکان لە چاو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا زیاترە.
ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری کەناڵی تەلەفزیۆنی( ئاسمانی و دیجیتاڵیی لۆکاڵی) کوردی هەن و سیمایەکی لیبراڵییانەیان بە میدیای کوردی بەخشیوە. بە رواڵەتیش وا دەردەکەوێت بەراورد بە وڵاتە داخراوەکان، کە بە قۆرخکردنی راگەیاندن بیرکردنەوەی هاوڵاتییان لە قاڵب دەدەن، ئەم لیبراڵیزمە میدیاییە، پرەنسیپی کێبەرکێی میدیایی و هەمەچەشنیی لە سەرچاوەکانی گەیاندنی زانیاریدا دروست بکات. بەڵام ئەمە تەنها درۆیەکی گەورەیە، راستییەکە ئەوەیە کە ئەمە فرەییەکی رووکەشە و لە ناوەڕۆکدا هەموو کەناڵەکان کار لەسەر چەواشەکردن و گێلکردنی جەماوەر دەکەن. بۆ نموونە ئەرکی بەرنامە سیاسییەکان لە هەموو کەناڵەکاندا( لە پارتییەوە تا گۆڕان و ئیسلامی) سەپاندنی پرەنسیپ و جیهانبینییەکە بەسەر بینەردا تا ببێتە چاویلکەیەک و لەوێوە سەیری دونیای پێ بکات. واتە وەزیفەی ئەم تەلەفزیۆنانە دروستکردنی جیاوازییەکی رواڵەتی و سیاسییانەیە لە نێوان هاووڵاتییاندا، نەک دابەشکارییەکی کۆمەڵایەتی و بونیادیی. دیارە رۆڵی بەرنامە تەرفیهی و زنجیرە دراماکانیش ئەوە زۆر خراپترە کە مەرامیان ئەوەیە هاوڵاتی کورد لە مرۆیەکی بیرکەرەوەوە بکەنە ئامێرێکی گۆشتیی بەردەم ئامێرێکی کارەبایی. بەم مانایە ئەگەر سەرەنجام کەناڵەکانی سیاسەت و هەواڵ، وشیارییەکی ساختە و سادە لەلای بینەر دروست بکەن، بەوەی لە رێگەی نیشاندانی شتێکەوە شتێکی دیکە لە بینەر دەشارنەوە. ئەوا کەناڵە تەرفیهییەکان گێلێتییەکی تەواو بەرهەم دەهێنن و مرۆڤ وا لێ دەکەن کە هەمیشە لە خەون و خەیاڵاتی بێ مانادا بژیێت، بۆ نموونە هەندێک زنجیرە دراما پەخش دەکرێن( وەک شۆفێری تاکسی و کچە زەنگین و کوڕە هەژار) کە مرۆڤ هان دەدەن بۆ حەزکردن لە گێلبوون و بە نیشاندانی دیمەنە گاڵتەجاڕییەکانی کارەکتەرە گێلەکانی ناو دراماکان گێلێتی و گەمژەیی لەلای مرۆڤ شیرین و خۆشەویست دەکەن.
ئەم پرۆسەی گێلکردنە لە ژێر ناوی ئەو شتەدا بەڕێوە دەچێت کە پێی دەگووترێت دروستکردنی کەناڵی پڕبینەر. ئەمەش کێبەرکێیەکی نەک هەر لە نێوان کەناڵە سیاسی - هەواڵییەکانی وەکو (کەناڵەکانی پارتی، یەکێتی، کەی ئێن ئێن، رووداو و ئێن ئارتی)دا دروست کردووە بۆ کێشکردنی بینەر. بەڵکو کەناڵە سەرگەرمکەرەکانی (وەکو ئێن ئارتی ٢، کوردماکس، جەم تیڤی و ... هتد) بە هەمان شێوە کێبرکێ دەکەن بۆ ئەوەی ژمارەی بینەرانیان زیاتر بکەن. لەم نێوەشدا بۆ بەهێزکردنی نەریتی سەرگەرمی لە لای هاوڵاتی، داهێنان دەکەن یا بەرنامەی کەناڵی دیکە بە پارەیەکی زۆر دەکڕنەوە تا زۆرترین بینەریان هەبێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بینەری زۆری بۆ چییە و چ کاریکی پێیانە؟ ئایا بینەران(ی ئازیز یا خۆشەویست!!!) ئەو بڕە پارە و پولە زۆرو زەبەندە دەهێنن کە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لە پێناویاندا خەرجی دەکات؟ ئەگەر وانییە ئەی ئەو (باییە) چییە و چەندە کە بینەر دەیدات بە (کارە خزمەتگوزارییەکانی) کەناڵەکە؟
هاووڵاتی دەبێتە بینەری (بابەتێک)ی تەلەفزیۆنی لە (ماوەیەکی زەمەنی) دیاریکراودا، کە تیایدا کۆمەڵێك داتا و زانیاری یا پەیام و بیرۆکە وەردەگرێت کە کەناڵەکە دیاریکردووە، چونکە:
1. مادە یا بابەتی پەخشکراو، کەناڵەکە دیاری دەکات و بینەر تەنها ئەوەی لەسەرە سەیری بکات.
2. ماوەی پەخشکردنیش، کە لە رادیۆ و تەلەفزیۆندا کاتی زێڕین هەیە بۆ پەخشکردنی مەوادەکان، دیسان کەناڵەکە دیاری دەکات و بینەر هیچ رۆڵێکی لە دیاریکردنیدا نییە. خۆ رۆڵی بینەر لە دیاریکردنی سیاسەتی کەناڵەکەدا ئەوە هەر باسی مەکە.
واتە بینەر بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت لە رێکەوتنێکی نەنووسراو و رانەگەیەنراو لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیدا، کات و وزە و بیرکردنەوەی خۆی تەرخان دەکات بۆ کەناڵەکە، لە بەرامبەردا چەند وێنە یا دیمەنێک وەردەگرێت، کە دەشێت بەلای ئێمەوە پڕو پووچ یا قسەی قۆڕ بێت. بەڵام خۆی لە راستیدا ئەم پڕوپووچێتی و قۆڕییاتەیە کە ئەسڵی مەسەلەکەیە و بۆ کەناڵەکە زۆر جێی بایەخە. چونکە لە ژێر ناوی کاتبەسەربردندا، بینەران:
1. دەچنە نێو هاوکێشەیەکی بازرگانییەوە، دەبنە کڕیار و بەکارهێنەری کاڵای کۆمپانیاکان کە کەناڵەکە ریکلامییان بۆ دەکات.
2. دەستبەرداری وشیاری و ئیرادەی ئازادانەی خۆیان دەبن و تەسلیمی ئەو سیاسەتە ئیعلامییە دەبن کە کەناڵەکە دیاریکردووە.
لێرەوە دەکرێت بڵێێن تێچوونی سەیرکردنی ئەو بەرنامە و درامایانە لەسەر بینەر زۆر زیاتر دەکەوێت ئەویش بریتییە لە کات، پارە و عەقڵ(وشیاریی).

• بۆ ئەم بابەتە سوودم لە کتێبێکی پییەر بۆردیۆ بیرمەند و کۆمەڵناسی فەڕەنسی وەرگرتووە بە ناوی( التلفزیون و الیات التلاعب بالعقول)