کلیپتۆکراسی لە بەرگی نیولیبراڵیزمدا


هەتا بەر لە هاتنی قۆناغی نیولیبراڵیزمەکەی تاتچەریزم و ریگانیزم چەمکی چاکسازیی یا ریفۆرم ماناو مەفهومێکی پۆزەتیفی لە ئەندێشەی کرێکاران و هەژاران و توێژە مامناوەندییەکانی کۆمەڵگەدا هەبوو، کە زیاتر باشبوونی هەلومەرجی ژیان، خزمەتگوزارییەکان و بیمە کۆمەڵایەتییەکانی دەگەیاند. بەڵام بە جێبەجێکردنی پلان و سیاسەتە ئابوورییەکانی (مارگرێت تاتچەر) سەرۆک وەزیرانی ئەودەمەی بەریتانیا و سەرۆکە هاوقۆناغەکەی (واتە رۆناڵد رێگان سەرۆکی ئەمریکا)، ئیدی ریفۆرم مانایەکی دیکە وەردەگرێت کە زیاتر دەربڕی کەمکردنەوەی ئەرکەکانی دەوڵەتە لە بەرامبەر هاوڵاتییان، زیادکردنی رێژەی باج، کەمکردنەوەی بیمە کۆمەڵایەتییەکانە، کە پێشی دەگووترێت سیاسەتی سکهەڵگوشین. سیمایەکی ئەم سنووردارکردنەی رۆڵی دەوڵەت و حکومەت لە ئاستی ئابووریدا دەستبەستراوی دەوڵەت لە بەرامبەر بازاڕ و لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا دوورکەوتنەوە و فراوانبوونەوەی مەوداو کەلێنی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە بوو.


سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە زۆربەی دەوڵەتانی جیهانی بەرەو گرتنەبەری ئەو رێگەیە و هەر لە ژێر ناوی چاکسازیدا، هان دا. هەڵبەتە ئەنجامدانی ئەم سیاسەتانە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک رێ و شوێنی یاسایی، سیاسی، ئیداریی و ئابووریدا بوون و لە فۆرمی لیبراڵ دیموکراسیدا بوون.
لە کوردستان قەیرانی ئابووری کراوەتە پاساوێک بۆ ئەو شتەی پێی دەگووترێت چاکسازیی نیولیبراڵییانە، کە ئەنجامدەری ئەم چاکسازییە دەسەڵاتی دزسالارەکانە Kleptocracy ، کە ناتوانێت نوێنەرایەتی حکومەتێکی بۆرژوازیش ( بە پێی مەفهومە باوەکەی) بکات. بەڵکو تەنها نوێنەری بەرژەوەندی ئۆلیگاریشییەکی حزبی و سەربازیی ناو پارتی و یەکێتی دەکەن. پەندێکی کوردیی هەیە دەڵێت ئەگەر دز و خاوەن ماڵ یەک بن، گا بە کڵاورۆژنەدا هەڵ دەکێشن. سەرەڕای پارادۆکسیەتێک کە لە پەیوەندی دز و خاوەن ماڵ لەم پەندەدا هەیە، بەڵام خۆیشی نیشاندەری دۆخێکە کە خاوەن ماڵ و دز تیایدا هاوبەرژەوەندیی دەبن. ئەم دۆخە لە ئێستادا بووەتە واقیعێک کە دز و خاوەنماڵ لە یەک کارەکتەردا خۆیان نماییش دەکەن.
لە کاتێکدا مووچە خۆران و هاوڵاتییانی کوردستان کێشەی نەبوونی مووچە و قەیرانێکی دروستکراویان هەیە دەستەی فەرمانڕەوایش لە کوردستان درۆی بەڵێنی چاکسازی وچاککردنی دۆخی ئابووری کوردستان دەکاتەوە، ژێر بەژێر خەریکی بەرزکردنەوەی رسوماتەکان و زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکانە. وێڕای کەرتی هاتوچۆ کە نرخەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە. وا خەریکە لە کەرتی تەندروستیش دەست دەکات بەو وێرانسازییە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبینین کە چۆن هاوڵاتییان دەستیان دەچزێت بە بەرزیی نرخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکاندا. ئەم بەرزکردنەوەیە ئەگەرچی لە ژێر ناوی دابینکردنی مووچەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییدایە، بەڵام ئەمە درۆیەکە و ئەسڵ و ئەساسی نییە چونکە:
1. هیچ یاسایەک نییە کە دەسەڵات بداتە وەزارەت یا فەرمانگەیەک تا بتوانێت داهاتەکەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دابینکردنی مووچەی کارمەندەکانی تا وەزارەتی تەندروستیش هەمان بە پێی ئەو یاسایە مووچەی وەزارەت و فەرمانگەکانی تەندروستی دابین بکات.
2. پێشتریش دەستەی فەرمانڕەوا لە کوردستان نرخی سووتەمەنی و بەنزینییان گران کرد و وتییان بەمە معاشی مووچە خۆرانی پێ دابین دەکەین وهەر پێنج حزبەکەیش پیرۆزباییان لەم هەنگاوەی حکومەتی دزۆکراتەکان کرد. بەڵآم دوایی دەرچوو کە ئەمە جگە لە کڵاوکردنە سەر خەڵکی هیچیتر نەبوو. ئەمە وەکو مەسەلەی پاشەوکەتکردنەکە وایە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و هیچ یاسا و رێنماییەک دەربارەی پاشەکەوتکردن لە وەزارەتی داراییەوە بۆ ژمێریارییەکان دانەبەزیوە تا بە پێی تەعلیمات رێکی بخەن. واتە دەستەی فەرمانڕەوا نەک هیچ متمانەیەکیان نەماوە لای هاوڵاتییان بەڵکو مەسەلەکە دزییە بە رۆژی رووناک.
3. تەنانەت ئەگەر یاساکەیشی بۆ دابڕێژن و ئەمجارەیان راستگۆبن لەوەی مەبەستییان دابینکردنی مووچەیە(ئەمە مەحاڵە و بەقەولی خۆیان خەونی حوشترە) هێشتا عوزر لە قەباعەت خراپترە، چونکە ئەمجارەیان دابینکردنی مووچە لەسەر حسابی گیرفانی بەتاڵی هاوڵاتییان دەبێت. واتە بۆ ئەوەی مووچەی منی کارمەند دابین ببێت، دەبێت هاوڵاتی باجی زیادبوونی لە سەدا سەدی کرێی دەرمان و پشکنین و نەشتەرگەری لە مەڵبەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکاندا بدات. ئەمجارە ئیدی رەشەباکە بەتەنها رووی لە کڵاوی مووچە خۆران نییە بەڵکو کڵاوی هەموو هاوڵاتییان، بە کارمەندانی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیشەوە کە تا ئێستا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بوون لە ئاست ئەم رووداوانەدا، با دەیبات وکەس کڵاوێکی لەسەر نامێنێتەوە تا دەستی پێوە بگرێت . ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا قسەی زیاترمان دەربارەی ئەم سیاسەتەی وەزارەت و هەڵوێستی خراپی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و بێهەڵوێستیی لیستەکانی گۆڕان و ئیسلامییەکان لە ناو کەرتی تەندروستیدا دەبێت.
دواجار ماوەتەوە بڵێێن مووچە خۆر و هاوڵاتی باجی ئەوە دەدەن کە سەقفی داواکارییەکان لە دابینکردنی مووچەدا ماوەتەوە و لە وەهمی چاکبوونی دۆخەکە و چاوەڕوانی وشەی سەرکردەی بێدەنگ و هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆرتۆنیست بوون. 

* کلیپتۆکراسی: دزسالاری، حکومەتی دزەکان.