بەرەنگاری، سیستم لە ئاوێنەدا


لە میسۆلۆژیای یۆنانیدا، میدۆسا کچە کاهینێکی جوان بوو لە ناو پەرستگاکەی ئەسینادا. رۆژێك میدۆسا لە ناو پەرستگاکەدا سێکسی لەگەڵ پۆسیدۆندا کرد، ئەسینا لەم کارە تووڕە بوو و میدۆسای کرد بە دەعەجانێك کە پرچەکانی هەموو بوون بە ماری ترسناك. بەڵام جوانییەکەی وەک خۆی مایەوە.

 شەڕکردن و لە ناوبردنی میدۆسا سەخت بوو، چونکە شەڕکردن و بەرەو ڕوو وەستانەوە واتە بینینی رووخسار و چاوەکانی میدۆسا کە هەر کەسێك تەماشای چاوەکانی بکردایە یەکسەر دەبوو بە بەرد. پێرسیۆس بە هاوکاری هرمز بڕیاری دا میدۆسا لە ناو بەرێت. بۆ ئەمەش پێویستی بە چەند شتێک بوو لەوانە شمشێرێکی بەهێز و قەڵغانێکی شێوە ئاوێنەیی. لە بەرەنگاربوونەوەی پێرسیۆس و میدۆسادا، میدۆسا سەیری پێرسیۆسی کرد، بەڵام پێرسیۆس بە بێ ئەوەی تەماشای بکات قەڵغانە شێوە ئاوێنەییەکەی بە ڕوودا بەرز کردەوە، میدۆسا کە خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی ئەمجارە خۆی بوو بە بەرد و پێرسیۆیش دەست بەجێ سەری پەڕاند.  
لە ئایدیا و پراتیکی بەرەنگاریدا دەتوانین قەڵغانەکەی پێرسیۆس وەك میتافۆرێك بۆ ئاوەژووکردنەوەی وێنەی سیستم و تێپەڕاندنی بەکاربهێنین. بە پێچەوانەیشەوە بەکارهێنانەوەی شێوە تەقلیدییەکانی رووبەڕوو بوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین و تەنانەت ئەنجامدانی شۆڕشیش بە بێ تێگەیشتن لە توانا ئەفسووناوییەکانی سەرمایە لە تێکدانی رەفتار، ئەندێشەو خولیا رەسەنەکانی مرۆڤ، ئەم بوونەوەرە و جووڵەکانی دەکەن بە بەرد و دەیخەنەوە نێو بینای سیستمەکە( وەک جووڵانەوە وشۆڕشەکان پێشتر کردوویانە).  
کەواتە وەزیفەی بەرەنگاری، ئاوەژووکردنەوەی گشت ئایدیا و بەهاکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی و پەخشکردنەوەیەتی،چەشنی نیگەتیڤی فیلم، لەسەر رووبەرێکی کۆمەڵایەتی. لێرەدا بەرەنگاری کاردانەوە نییە، بەڵکو خودی کارەکە خۆیەتی کە ئەکتی سیاسی لە ناو کایە کۆمەڵایەتییەکاندا فراوان دەکاتەوە و رووبەری سیاسیی نوێ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە دەخوڵقێنێت. ئەم کارە هەم بەرهەمی وشیارییە و هەمیش وشیاریی بەرهەم دەهێنێت. بەرجەستەبوونێکی وشیارانەی سوژە(زات)ی کارایە (بەدەربڕینی ئالان تۆرین) لە ناو "بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان و راڤە ئابوورییەکانی هاوبەشێتیدایە.... بزاوتێك کە ئاماژەیە بۆ بچڕان(لەگەڵ رابردوو)و هاوکات و پێداگری لەسەر کەرامەت و ئیرادەی گەڕاندنەوەی دەست بەسەرداگرتنی بەرهەمی کۆمەڵایەتی" .  
بەرەنگاری نەک هەر فۆرمە نامرۆییەکانی کار، ژیان، پەیوەندییە ئابوورییەکانی بەرهەمهێنان و ئایدیا و بەها بۆرژوازییەکان رەت دەکاتەوە، بەڵکو فۆرم و مۆدیلی جێگرەوەی هەموو ئەمانە دەخاتە روو پراکتیزەی دەکات. هێزەکەیشی له‌ نێو بونیادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌و به‌ ئەوەوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ نه‌ك له‌ ئه‌كتی سیاسی ئه‌م حزب و ئه‌و حكومه‌ت کە به‌ گوێره‌ی به‌رژەوه‌ندییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەكانیان هه‌ڵوێست و ئاراسته‌ سیاسییه‌كانیان دەگۆڕن و دروشمێك دادەنێن و دروشمێكی دیكه‌ به‌رز دەكه‌نه‌وه‌.


سەرچاوەکان:

مناهضة العولمة حركة المنظمات الشعبية في العالم

https://books.google.iq/books?id

ئالان تۆرین، برادیغما جدیدة لفهم عالم الیوم

أماني مسعود، مراجعة كتاب: الحياة اليومية كسياسة: كيف يغير الناس العاديون الشرق الأوسط؟

http://dohainstitute.org/release/bc