بەدحاڵیبوون یا خۆ لە گێلیدان لە شانۆیی هەموو دزەکان دزنین


 رەنگە باشترین دەربڕین بۆ سەرنجدانی یەکەم لە ناوی شانۆییەکە، ئەو قسە باوەی ناو خەڵک بێت کە دەڵێت دزە بچووکەکان لە زینداندان و دزە گەورەکانیش لە دەسەڵاتدان؛ لەبەر ئەوەی ناوی شانۆییەکە هێندە سادە و دروشمئاسایە کە وەرگر کاتێك بەر ئەم ناونیشانە دەکەوێت یەکسەر وای بە خەیاڵدا دێت، شانۆییەکە باس لە دوو جۆر دز دەکات دزی ئاسایی و بچووک( بە مانای بچووکیی کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکەی نا بەڵکو بە مانای قەبارەی دزیکردنەکە) و دزی نائاسایی و گەورە، کە دەکرێت بە هاوکێشەی هاوڵاتیی دز – فەرمانڕەوای دز گوزارشتی لێ بکەین. ئەمەش یەکەمین ئاستەکەی وەرگرتنە کە ناتالی ئینیك لە (سۆسیۆلۆجیای هونەر)دا بە وەرگرتنی ئینتیباعی ناوی دەبات.
 
شانۆیی هەموو دزەکان دز نین لە رۆژانی١٠/١٢/٢٠١٦ تا ٢٤/١٢/٢٠١٦ لە لایەن بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە نماییش کرا، لە دەرهێنانی زەریا سامی، نووسینی نووسەری ئیتاڵی داریۆ فۆ و مەریوان هەڵەبجەیی لە فارسییەوە وەریگێڕاوە. شانۆییەکە باس لە دزێک و هاوسەرەکەی دەکات کە دەبنە هۆی هەڵماڵینی نهێنیی خێزانیی ئەو ماڵەی دزییەکەی تیا دەکرێت. خاوەنماڵەکە (فراسوزی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایە، لەگەڵ ژنەکەیدا هەر یەکەیان پەیوەندییەکی سێکسیی لەگەڵ کەسێکیتردا هەیە و دواتر دەردەکەوێت ئەوانیش ژن و مێردن. هەموو ئەمانەیش لەو شەوەدا ئاشکرا دەبێت کە دزەکە دەچێت بۆ ماڵی (فراسۆزی) بۆ دزیکردن لە کاتێکدا ئەویش دوای دڵنیا بوونی لەوەی ژنەکەی چووە بۆ ماڵی باوکی، لەگەڵ دۆستەکەیدا دێنەوە ماڵەوە و بەم جۆرە رووداوەکان بە دوای یەکدا دێن.
رەنگە باشترین دەربڕین بۆ سەرنجدانی یەکەم لە ناوی شانۆییەکە، ئەو قسە باوەی ناو خەڵک بێت کە دەڵێت دزە بچووکەکان لە زینداندان و دزە گەورەکانیش لە دەسەڵاتدان؛ لەبەر ئەوەی ناوی شانۆییەکە هێندە سادە و دروشمئاسایە کە وەرگر کاتێك بەر ئەم ناونیشانە دەکەوێت یەکسەر وای بە خەیاڵدا دێت، شانۆییەکە باس لە دوو جۆر دز دەکات دزی ئاسایی و بچووک( بە مانای بچووکیی کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکەی نا بەڵکو بە مانای قەبارەی دزیکردنەکە) و دزی نائاسایی و گەورە، کە دەکرێت بە هاوکێشەی هاوڵاتیی دز – فەرمانڕەوای دز گوزارشتی لێ بکەین. ئەمەش یەکەمین ئاستەکەی وەرگرتنە کە ناتالی ئینیك لە (سۆسیۆلۆجیای هونەر)دا بە وەرگرتنی ئینتیباعی ناوی دەبات کە وەرگرتنێکی فسیۆلۆژییانەیە بە هەستەکاندا تێدەپەڕێت(١) .
بەڵام لە ئاستەکەی دیکەی وەرگرتندا واتە ئاستی وشیاریی و پەی پێبردن و بیرکردنەوە، کە ناتالی ئینیك بە وەرگرتنی پەی پێبردن(الإدراکي) ناوی دەبات(2) ئێمە بەر سێ حاڵەت دەکەوین کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەمڕۆدا بۆتە دیاردە؛ ئەوانیش دوو حاڵەتی دزی، یەکێکیان دزییەکی سادە کە شاردراوەیە بەڵام هەست پێکراوە، مرۆڤی بە هاووڵاتیبووی ئاسایی لە ناچاریدا دەستی بۆ دەبات، ئەوی دیکەشیان دزیی گەورە یا ئەگەر بکرێت بە دزیی ئاڵۆز ناوی ببەین چونکە هەم شاردراوەیە و هەم هەست نەپێکراوە، ئەمەیان سەرمایەدار و بازرگان، فەرمانڕەوا و بەرپرس ئەنجامی دەدەن. پاشان حاڵەتی سێیەم، ناپاکیی هاوسەریی یا باشتر وایە بە یەکتر هەڵخەڵەتاندن ناوی ببەین، بە تایبەت لە نێو توێژی ئەریستۆکراسی و فەرمانڕەوادا وەکو هەردوو جۆری دزیکردنەکە شاردراوەیە و هەندێکجاریش هەست پێنەکراوە. ئەمەش خۆی یەکێکە لە رەگەزەکانی موفاجەئە لەم شانۆییەدا کە لە تایتڵەکەوە دەست پێدەکات و لەگەڵ هێڵە درامییەکەدا درێژ دەبێتەوە.
داریۆفۆ لەم شانۆنامەیەدا بە شێوەیەکی هونەریی و لە رێگەی کۆمیدیایەکەوە دوو شتمان پێمان دەڵێت، یەکەم: هاووڵاتی سادە ئەگەر لە ناچاریدا دزیش بکات، هێشتا ئەو دزە راستەقینەکە نییە، جا با هاوسەرەکەیشی پێی وابێت مێردەکەی دزێکی راستەقینەیە نەك ساختە(٣)، چونکە ئەمە وشیارییەکی ساختەیە بە واقیعێکی ساختە. وشیاریی ساختەش جگە لەوەی توخمێکی بنەڕەتییە لە پێکهێنانی ئایدۆلۆژیای باودا، هەروەها هۆکارێکی سەرەکیشە، لە روانگەی مارکسەوە، بۆ مانەوەی ستەمی چینایەتی و سەرجەم ستەمەکانی دیکەی سیستەم و بەم پێیەش درێژە کێشان و مانەوەی دۆخی هەنووکە. دووەم: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نوخبەی فەرمانڕەوا و چینی ئەریستۆکراسی لێوانلێوە لە یەکترفریودان، درۆ و خیانەت.
سەبارەت بە خاڵی یەکەم، واتە کردەی دزیکردن، شانۆییەکە بە دوو شێواز ئاماژەی پێ دەکات، یەکەم: فەرمانڕەوا هەر بە تەنها سوود لە ئیمتیازات و مووچەی پۆستەکەی نابینێت، بەڵکو ئەو پۆست و پایەکەی بەکاردەهێنێت بۆ دزیکردن لە سامانی گشتی کە گەندەڵیی دەرکەوتێکی ئەم دزییەیە. واتە ئەو لەو شتە دەدزێت کە مافی هەمووانە، هی هەمووانە و دەبێت بۆ هەمووان بێت. ئەم دزیکردنەیشی بە زەبری پۆست، هێز و چەک ئەنجام دەدات، ئەمەش بە روونی لەم دیالۆگەدا دەردەکەوێت کە لە نێوان دزەکە و هاوسەرەکەیدا روودەدات:
دز: گیانەکەم! هەوڵ بدە تێبگەیت، ناکرێت وا بیر بکەیتەوە من لێرە بۆ خۆشی لێرەم. ئەتوانیت بۆ یەکجاریش بێت لێمگەڕێیت بە بێ خەم دزی بکەم؟
ژنی دزەکە: ئەمە تۆ! ئێستا خۆتمان لێ بکە بە شەهید. خەڵكێکی زۆر هەن خەریکی دزی و شەوکوتین، چەکیشیان پێیە و وەك تۆ خۆیان هەڵناکێش، هەر باشە تۆ ئاڵاویت بە تاوانی بچووكەوە، ئەگینا دەبوو ئێستا حاڵم چۆن بێت(٤).

ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو دزی و تاوانانەی سیاسەتمەدار و فەرمانڕەواکان ئەنجامی دەدەن. کەوایە لێرەوە دەکرێت بڵێین ئەوەی هاوڵاتییەکە لە ماڵی بەرپرسەکەدا ئەنجامی دەدات و لە رواڵەتدا و بە پێی یاساکانی ئەو فەرمانڕەوایە بە دزیکردن ئەژمار دەکرێت، لە راستیدا دزیی نییە بەڵکو گەڕاندنەوەی پشکێکە لە سامانی دزراوی خۆی کە فەرمانڕەواکە لە چوارچێوەی یاساکانی خۆیدا لێی دزیوە.
دووەم: فەرمانڕەوا وێڕای دزیکردنەکەی درۆش دەکات. واتە خودی درۆزنییەکەی دەیشیکات بە دز وەکو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هاوسەری دزەکە بە (فراسۆزی) ی خاوەنماڵ دەڵێت:( خەڵکی هەمیشە دەڵێن ئەوەی درۆ ئەکات، دزە؛ بەڵام من دەڵێم ئەوەی دزی ئەکات، درۆزنە)(٥). ئەم رستەیە کە یەکێکە لە کۆنسێپتە بنەڕەتییەکانی شانۆییەکە و مایەی تێڕامانێکی قووڵە، هاوکات ئەوەش دووپات دەکاتەوە فەرمانڕەوا و پیاوانی دەسەڵات دزن چونکە درۆ دەکەن، یا درۆزنن چونکە دزی دەکەن. بەڵام هاوڵاتییە سادەکان راست و روونتر دەدوێن و پەنا نابەنە بەر درۆ. ئەمە بە گشتی لە گوفتار و رەفتارەکانی هەر دوو جەمسەری شانۆییەکەدا، واتە دز و هاوسەرەکەی لە لایەك و خاوەنماڵ و ژنەکەی و ژن و مێردەکەی تریش لە لاکەی تردا، دەیبینینەوە. جەمسەری یەکەم چ لە نێو خۆیاندا و چ لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا راستگۆ و سادە دەدوێن و لەف و دەوران نازانن؛ (دز: من هاتووم بۆ ئێرە بۆ دزیی، نەك بۆ ئەوەی ببمە قەشمەر ) (٦) . ئەمە مانای وایە جەمسەری دووەم هەم خەریکی یەکتر خەڵەتاندنە و هەمیش خەڵەتاندنی سەرجەم کۆمەڵگە.
هەر ئەم پرۆسەی خەڵەتاندن و ساختەکارییەیە وا دەکات دزییە بچووکەکان ببینرێن و سزایان هەبێت، لە کاتێکدا دزییە گەورەکان لە سامانی گشتی و دزییە بونیادییەکان نەبینرێن. لە شانۆییەکەدا دزە ساختەکە و دزییە بچووکەکە بە ئاشکرا دەبینین، لە کاتێکدا دزە راستەقینەکە و دزییە گەورەکە بە شاردراوەیی و بە ئاماژە دەبینین. هەر بۆیە لە دونیای واقیعیشدا سەلماندن یا دەرخستنی دزییە شاردراوەکە بۆ مرۆڤی سادە قورستر و درێژ خایەنترە چونکە ئەو لە رێگەی ئەو وشیارییە ساختەیەوە کە لە پرۆسیسێکی کۆمەڵایەتیدا و لە ئەنجامی هەڵگێڕانەوە و چەواشەکردنی واقیعەوە بۆی دروست بووە، رووداو و دیاردەکان لێك دەداتەوە.
جگە لە مەسەلەی دزیی، شانۆییەکە باس لە خیانەتی هاوسەریی دەکات و بەمەش فۆ، وەکو چیخۆف و مۆپاسان، داڕمانی ئەخلاقیی چینی ئەریستۆکراتەکان و دەوڵەمەندانمان نیشان دەدات و لە فەوزایەکی سوریالییانەدا پەردە لەسەر درۆ و ساختەکاریی خێزانەکانی ئەم چینە هەڵ دەماڵێت .
لێرەدا دزیکردنەکە هۆکارێکە بۆ هەڵماڵینی نهێنییەکانی خێزانەکە؛ بەشێوەیەکی ئاسایی لە پرۆسەی دزیکردندا، ماڵ و حاڵ و تەنانەت شێوازی ژیان و هەندێك لە رەفتارە مرۆییەکانی ماڵی دزی لێکراو بە هۆی ئەو کەلو پەل و ئێکسسوارانەی ناو ماڵەکەوە، بۆ کەسی دز ئاشکرا دەبێت؛ موفارەقەی شانۆییەکە ئەوەیە ئێکسسوارەکە دەبێتە هۆی هەڵماڵینی دزییەکە کاتێك بەندۆڵی سەعاتە چاڵمەکە بەر سەری دزەکە دەکەوێت و ئەویش راستەو خۆ بەر حاڵەتی خیانەتی پیاوی خاوەنماڵەکە دەکەوێت. واتە دزیکردنەکە کە بە پێی یاساکانی فەرمانڕەوا، لێرەدا خاوەنماڵەکە نوێنەرایەتی ئەو یاسایانە دەکات، نایاساییە، دەبێتە هۆی ئاشکرا بوونی پەیوەندییەک کە هەر بە پێی ئەو یاسایانەی هەمان فەرمانڕەوا ئەمیشیان نایاساییە. لێرەدا ئەگەر بە نایاساییکردنی دزی لەلایەن فەرمانڕەواوە بۆ پاراستنی سەروەت و سامانەکەی بێت. ئەوا بە نایاساییکردنی پەیوەندیی دەرەوەی هاوسەرگیریی بۆ شاردنەوەی وێرانەی پەیوەندییەکانی ژیانی هاوسەرێتییە، کە تەنانەت ئاشکرابوونی نهێنییەکان و بگرە جیابوونەوەی ژن و پیاوەکانیش چارەسەری کێشەکە ناکات، چونکە بەدیلی جیابوونەوەکانیشیان هەر ئەو دۆست و عەشیقانەن وا خەریکن یەکتری هەڵدەخەڵەتێنن. هەر بۆیە سەرباری ئەوەی پیاوەکە تەبیعەتی ژنەکەی خۆی بەدڵ نییە و رای وایە ژنەکەی پڕە لە گرێو گۆڵ و بڕیاری بۆرژوازییانەی پێش وەخت، بەڵام ئامادەیە ژیانی لەگەڵدا بەرێتەسەر.
ژن: رەنگە من هەڵە بووبم کاتێک وا بە ئاسانی خۆم رادەستی تۆ کرد، من دڵنیام ژنەکەت لە من زیاتر بەرگریی کردووە.
پیاو: جا ژنەکەم چ پەیوەندیی هەیە بەم مەسەلەیەوە. ئەو پڕە لە گرێی دەروونی و حوکمی پێشوەختی بۆرژوازییانە، ئەو زەواجی لەگەڵ نەدەکردم ئەگەر ئیفلاسی نەکردایە (٧) .

کەوایە هەموویان بۆ ئەوەی رازی بن بەم دۆخی یەکتر خەڵەتاندن و دزیکردنە لە راستییەکانی یەکتری دەبێت نکۆڵی لە خیانەتەکانیان بکەن تا خۆیان لەو شڵەژانە دەروونییە بەدووربگرن کە لە دانپیانانی راستییەکانەوە دروست دەبێت، و ناچاریشن ناوی بنێن بەدحاڵیبوون و بیخەنە سیاقی گەمەیەکەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە دەرهێنەر زەریا سامی لە ئامادەکردنی شانۆییەکەدا دیمەنێکی بۆ کۆتایی شانۆییەکە زیادکردووە بەوەی لە جیاتی هاتنی دزی دووەم، دزی یەکەم رازی نابێت بە گەمەکە و توورەکەی دزییەکەی فڕێ دەداتە نێو ماڵی خاوەنماڵەکەوە، ئەمەش پەیبردنێکی وریایانەی تێدایە بە فەلسەفە و جیهانبینی داریۆ فۆ.

کورتەیەك لە ژیانی داریۆ فۆ
داریۆ فۆ نووسەرو ساتێرنووس، شانۆنامەنووس، هونەرمەند و خەباتکاری سۆسیالیستی ، ساڵی ١٩٢٦ لە شاری لۆمبادريای ئیتاڵیا لەدایک بووە و لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کرێکاریی و سیاسیی دژە فاشیزمدا پەروەردە بووە؛ ئەمەش رەنگدانەوەی چارەنووسسازی لەسەر پێکهاتنی ئایدیا و هەڵوێستەکانی بووە. بۆیە دەبینین ژیانی کرێکاران و هەژاران و رەخنەگرتن لە سیستمی سیاسی و ئابووری بابەتی کارەکانی ئەم هونەرمەندە پێک دەهێنن. نەك هەر ئەمە بەڵکو مەیدانی کارکردنیشی ناو کارگاکان، مانگرتنە کرێکارییەکان، گۆڕەپانە گشتییەکان و گەڕەکەهەژارنشینەکانە، بە تایبەت لە رێگەی ئەو تیپە شانۆییەوە کە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ هاوسەرەکەی فرانکارام بە ناوی (کۆمۆنە)وە پێکیان هێنا. بەمەش هونەر لە ناو هۆڵە داخراوەکانەوە دەباتە ناو ژیانی واقیعی کرێکاران و هەژاران و سوود لە بوکەڵە و گاڵتەجاڕ(مهرج) دەبینێت، ئەو دەڵێت:" ئێمە لە شانۆییەکەماندا داهێنان دەکەین لە دروستکردنی پێکەنیندا. ئاخر کەلتووری میللی گرنگە بۆ ئەوەی کەلتووری رەسمی و شانۆنامەنووسە دەربارەکانیش تێپەڕێنێت کە خەریکن کەلتوورێکی ئەریستۆکراسی ناکۆک و ناتەبا لەگەڵ کەلتووری میللی و هەژاران و جووتیاران و پیشەوەراندا جێکەوتە دەکەن". ئەم هەڵوێستە رەخنەگرانەیەی داریۆفۆ وای لێ دەکات بەردەوام لەگەڵ دەوڵەت و خاوەن کارگە و بازرگانەکاندا، دووچاری کێشە بێتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٥٦ و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵ ناهێڵرێت لە هیچ کەناڵیکی تەلەڤزیۆنییەوە دەربکەوێت. حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ڤیزای سەفەرکردنی بۆ وڵاتەکەی پێ نادات، ڤاتیکان لەسەر شانۆیی (نهێنی کۆمیدیا) ناڕەحەت و تووڕە دەبێت و رایدەگەنێت ئەم شانۆییە زۆرترین کوفر و ئیلحادی تیایە. لە مانگی ١٠ی (٢٠١٦)دا و بە ماوەیەکی کەم بەر لە مردنی، دەوڵەتی تورکیا وێڕای قەدەغەکردنی کارەکانی شکسپیر،برێخت،چیخۆف هەروەها کارەکانی داریۆفۆیشی قەدەغە کرد، ئەویش رایگەیاند ئەم بڕیارەی تورکیا بەلای منەوە وەک ئەوە وایە سەرلە نوێ خەڵاتی نۆبڵم لە ئەدەبدا پێ ببەخشنەوە" .
داریۆفۆ نزیکەی چل شانۆنامەی نووسیووە لە گرنگترینیان: " مەرگی کتوپڕی ئانارشییەك" کە کۆمیدیایەکی رەشە باس لە کوشتن و تەقینەوەکانی ئیتاڵیا دەکات کە گروپە راستڕەوەکان و سی ئای ئەی دەستیان تیادا هەبووە، هەروەها " ناتوانین پارە بدەین، ئێمە پارە نادەین" کە باس لە مانگرتنەکانی باشووری ئیتاڵیا دەکات و لەلایەن دلاوەر قەرەداغییەوە کراوە بە کوردی.
داریۆفۆ، ساڵی ١٩٩٧خەڵاتی ئەدەبیی نۆبڵی بردەوە، لە ١٣ مانگی ١٠ی ٢٠١٦ لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

تێبینی: لە بەر ئەوەی دەقەکەم بە کوردی و فارسی و عەرەبی دەست نەکەوت سوودم لەم وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی بینیووە بە ناوی The Virtuous Burglar

پەراوێز:

1. سوسیولوجیا الفن ناتالی اینیك ترجمة حسین جواد قبیسي ص٢٤ .

2. هسپ.

3. The Virtuous Burglar لاپەڕە ١٢.

4. The Virtuous Burglar لاپەڕە ٤.

5. The Virtuous Burglar لاپەڕە ١٢.

6. The Virtuous Burglar لاپەڕە ٢١.

7. The Virtuous Burglar لاپەڕە ٧.

سەرچاوەکان:

المضامین الفکریـة في نصوص داریو فو المسرحیة، وضاح عبد علي عباس

http://www.thawra.sy/_print_veiw.asp?FileName

http://www.aljazeera.net/encyclopedia/icons/2016/10/14/

http://www.jadidpresse.com/