قەشە و شەیتان


وەرگێڕان لە عەرەبییەوە 
"ساڵی ١٨٤٩ فیودۆر دۆستۆیفسکی لەسەر دیواری زیندانەکەی ئەم چیرۆکەی دەربارەی قەشە و شەیتان نووسیوە"


- " سڵاو، باوکە خڕیلە!" شەیتان وای بە کاهینەکە گووت. " چی وای لێ کردیت درۆ لەگەڵ ئەو خەڵکە هەژار و سەرلێشێواوەدا بکەیت؟ چ ئاگرێکی دۆزەخیان بۆ باس دەکەیت؟ مەگەر نازانیت ژیانی ئەم دنیایەی ئەوان دۆزەخێکی راستەقینەیە؟ مەگەر نازانیت تۆ و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت نوێنەری منن لەسەر زەوی؟ ئەوە ئێوەن وایان لێ دەکەن بەدەست ئەو ئازارەی دۆزەخەوە بتلێنەوە کە دەیانتۆقێنن پێی، مەگەر ئەمە نازانیت؟ باشە، کەوایە، وەرە لەگەڵم!"
شەیتان پڕی کرد بە قەشەدا، ملوانەکەی گرت و بەرزی کردەوە. بردی بۆ کارگەیەکی داڕشتنی ئاسن. لەوێ، قەشە کرێکارەکانی بینی کە بە شپرزەییەوە لە هاتوچۆدان، لە ناو گەرمایەکی سووتێنەردا رەنج دەدەن. هێندەی نەبرد گەرمی و هەوای قورسی ناو کارگەکە بە لای قەشەکەوە زۆر بوو و نەیدەتوانی بەرگەی بگرێت. قەشە بە چاوی فرمێسکاوییەوە کەوتە تکاکردن لە شەیتان
- تکات لێ دەکەم، بهێڵە بڕۆم! رێگەم بدە ئەم جەهەننەمە بە جێ‌ بێڵم!
- ئای، هاوڕێ گیان، دەبێت گەلێك شوێنی دیکەت پێ نیشان بدەم
شەیتان، جارێکیتر، پشتە ملی قەشەی گرتەوە و بە کێشی کرد بەرەو مەزرایەك. لەوێ بینی وەرزێرەکان خەریکی گێرەن. تەپ و تۆز و گەرمایەك بوو بڕستی لە مرۆڤ دەبڕی. سەرکارەکە قامچییەکی بەدەستەوە بوو. زۆر بێبەزەییانە بە قامچی بەردەبووە گیانی هەر کەسێك کە لە تاو شەکەتیی یا برسێتی دەکەوت بە ئەرزا.
پاشان قەشەکە دەبات بەرەو زنج و کۆڵیتی ئەو کرێکار و وەرزێرانە، کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا تیایاندا دەژین. چاڵی پیس و پڕ دوکەڵ، بۆنی نەخۆشییان لێ دێت. شەیتان بزە دەیگرێ و ئاماژەیەك بۆ هەژاریی و سەختیی ژیانی ئەو ماڵانە دەکات و دەپرسێت:
- باشە ئەوەندە بەس نییە؟
وا دیارە شەیتانیش، بەزەیی بەو خەڵکەدا دێتەوە. ئا لەو ساتەدا بەندەی خواپەرست، نەیتوانی بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت. دەستی بەرزکردەوە و پاڕایەوە:
- وازم لێ بێنە بڕۆم و لێرە دوورکەومەوە. بەڵێ ، بەڵێ! ئا ئەمە دۆزەخە، ئەمە خۆیەتی لەسەر زەوی!
- دەی، کەوایە بینیت. بەڵام هێشتاش بەڵێنی دۆزەخێکیتریان پێ دەدەیت!. ئازاریان دەدەیت، هەتا مردن سوێ دەکەیت بە دڵیاندا و ناڕەحەتیان دەکەیت! لە کاتێکدا خۆیان مردووی بەشی زیندوو خۆرن! وەرە ! با دۆزەخێكیترت پێ نیشان دەم، یەکێکی دیکە، کە لە هەموویان خراپترە.
پەلی گرت و بردی بۆ بەندیخانە. لەوێ زیندانێکی نیشان دا، هەوای بۆگەن، چەندین بیچمی مرۆیی کە تەندروستی و وزەیان لێ فڕێندراوە، لەسەر زەوییەکە کەوتوون. جەستەی رووت و رەجاڵیان مێروو تێی داون.
- "جلە ئاوریشمینەکەت داکەنە" شەیتان بە قەشەکەی گووت:" وەکو ئەو کڵۆڵانە، ئەو پێوەندە قورسانە بکە پێیەکانت. لەسەر ئەو زەوییە سارد و پیسە راکشێ. پاشان لە بارەی ئەو دۆزەخەوە بۆیان بدوێ کە هێشتاکە چاوەڕێیانە!"
- "نا، نا! " قەشە وەڵامی داوە:" ناتوانم بیر لە شتێکی لەمە تۆقێنەرتر بکەمەوە. لێت دەپاڕێمەوە، لێم گەڕێ با بڕۆم و لێرە دوورکەومەوە!"
- بەڵێ ، ئەمە جەهەننەمە. ناکرێت دۆزەخێكی لەمە خراپتر بوونی هەبێت. ئایا ئەمەت نەدەزانی؟ ئایا نەتدەزانی ئەو پیاو و ژنانەی تۆ بە باسی دۆزەخی ئەو دونیا دەیانترسێنیت، بەر لە مردنیان، لێرە بە راستی لە ناو دۆزەخدان؟


سەرچاوە:

1. السجون : جريمة وفشل اجتماعيان

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=131158

2. PRISONS: A SOCIAL CRIME AND FAILURE

http://dwardmac.pitzer.edu/anarchist_archives/goldman/aando/prisons.html