بۆیە رقم لە سەری ساڵە


ئەنتۆنیۆگرامشی

هەموو سپێدەیەك کە سەر لەنوێ لە ژێر ئەم ئاسمانەدا لە خەو رادەبم، وا هەست دەکەم ئەو رۆژە بۆ من سەری ساڵە.
ئەوە بۆیە رقم لە بۆنەکانی سەری ساڵە، ئەوەتا وەك پشك بۆمان دیاریکراوە، ژیان و خەیاڵی مرۆڤیان گۆڕیوە بۆ کەڵکەڵە و خەمێکی بازرگانی کە دەبێت لە کۆتاییدا حسابەکە بە رێك و پێکی بدەیت، بڕێکیشت لەسەر دەمێنێتەوە و ئەوجا بودجە بۆ بەڕێوەچوونی تازە دادەنێیت. ئەم جەژنانە بەردەوامێتی ژیان و خەیاڵمان لێ ون دەکەن، ئاخر وامان لێ دەکەن کە بە جیدیی باوەڕ بێنین بەوەی ماوەیەك لە نێوان ساڵێك و ساڵێکی دیکەدا هەیە، مێژوویەکی نوێ دەست پێ دەکات، ئیتر بڕیارەکانمان دەدەین و پەشیمان دەبین لە دڕدۆنگییەکانمان و ئا بەم جۆرە. ئەمە بە گشتی هەڵەی هەموو مێژووە دیاریکراوەکانە.
دەڵێن پلەبەندی کات (کرۆنۆلۆجیا) بڕبڕە پشتی مێژووە. زۆر باشە، بەڵام پێویستە ئەوەشمان لە بیر نەچێت چوار پێنج مێژووی بنەڕەتی هەن، کە چاو وراویان لە مێژوو کردووە، هەموو مرۆڤێك لە هۆشیدا هەڵیگرتووە؛ ئەم مێژووانەیش هەموویان سەری ساڵن، سەری ساڵی مێژووی رۆمانی یا چاخەکانی ناوەڕاست یا سەردەمی نوێ.
ئەم مێژووانە بە جۆرێك شاڵاویان هێناوە و هەڵکوڵراون تا ئەو ئەندازەیەی پێمان وایە ژیان لە ساڵی ٧٥٢ لە ئیتاڵیا دەستی پێ کردووە؛ یا ساڵانی ١٤٩٠ و ١٤٩٢ شاخ و کێو بن و مرۆڤایەتی بازی لێوە دابن و وەختێك بە خۆی زانیبێت لە نێو دونیای نوێدایە و دەچێتە نێو ژیانێکی نوێوە. ئا لێرەدا مێژووی دیاریکراو دەبێتە کۆسپێك و ناهێڵێت تێبگەین لەوەی مێژوو لەسەر رەوتێکی جێگیر بەردەوامە لە نووسینەوەی خۆی بەبێ ئەوەی وەك فیلمی سینەما بچڕانی ناوەختی تێ بکەوێت و رۆشناییەکی بەهێز ناوبڕی بکات.
ئەوە بۆیە رقم لە سەری ساڵە، ئاخر من دەمەوێت هەموو رۆژێك بۆ من سەری ساڵ بێت. ئەمەوێت لەگەڵ خۆما ئاشت ببمەوە و هەموو رۆژێك خۆم نوێ بکەمەوە، نەك رۆژێك بە تەنها دەستنیشان بکەم بۆ حەوانەوە، بەڵکو خۆم کاتەکانی حەوانەوەم دیاری بکەم، کاتێك ژاوە ژاوی ژیان ماندووم دەکەن و بۆ بەدەستهێنانەوەی گوڕ و تینی نوێ، پێویستیم بە رۆچوون دەبێت بە ناو مەستێتی و ژیانێکی ئاژەڵیدا.
من نامەوێت بە بەجێ گەیاندنی ئەرکە رۆحانییەکانەوە خەریك بم، دەمەوێت هەموو سەعاتێکی ژیانم، سەرباری پێکەوە بەسترانی بە رابردووکەیەوە، نوێبوونەوە بێت. من رۆژێکم ناوێت تیایدا بە زۆرەملێ لە ریتمێکی بە کۆمەڵدا ئاهەنگ بگێڕم، لەگەڵ کەسانێکی نەناسدا بەڕێی بکەم کە بۆم گرنگ نین، چ شتێکی قێزەونە کە ناچار بین ئاهەنگ بگێڕین تەنها لەبەرئەوەی باپیرەی باپیرەکانمان و باپیرەکانیشیان لەو رۆژەدا ئاهەنگیان گێڕاوە.
ئاخر بۆیە خوازیاری سۆسیالیزمم، چونکە هەموو ئەم مێژووانەی هیچ کاریگەرییەکیان لە ناخماندا دانەناوە، دەخاتە نێو زبڵدانەوە، خۆ ئەگەر مێژووی دیکەیش بەرهەم بهێنێت، لایەنی کەم مێژووی خۆمان دەبێت نەك ئەو مێژووانەی ناچاربووین بەبێ ناڕازیبوون لە لایەن پێشینە گەوجەکانمانەوە قەبووڵی بکەین.

ئەم وتارە لە ١/١/ ١٩١٦دا لە رۆژنامەی Avanti! دا بڵاو بۆتەوە. سەرچاوەکان:
http://7iber.com/culture/i-hate-new-years-day/
https://viewpointmag.com/2015/01/01/i-hate-new-years-day