بەرەنگاری و گۆڕانکاری

ئەدگار مۆران


ئەمەی بەردەستتان وەرگێڕانی بەشێکە لە کتێبی(جیهان بەرەو کوێ دەچێت) نووسینی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەڕەنسی ئەدگار مۆران.

پێویستە لەسەرمان بەرەنگاری عەدەم ببینەوە، بەرەنگاری هێزە کانی دواکەوتن و مەرگ ببینەوە. لە هەموو گریمانەکانیشدا، بەرەنگاری پێویستە. سنووردانان بۆ مەرگ بەرەنگارییە. خەبات دژی بەربەرییەت بەرەنگارییە. ئاییندە ئیدی ئەو پێشڤەچوونە درەوشاوەیە نییە، باشتر بڵێین پێویستە بەرەنگاریی ئەو ئاییندە درەوشاوەیەش ببین کە هەڕەشەی کۆیلەیەتی و وێرانکاری دەکەن. بەشێوەیەکی فراوانتریش، پێویستە لەسەرمان، هەر لەمڕۆوە،بەبێ وەستان بەرەنگاری درۆ، هەڵە، دەربازبوون، تەسلیم بوون، ئایدۆلۆژیا ببینەوە، بەرەنگاری تەکنۆکراتی، بێرۆکراسی ،
هەژموونی، چەوسانەوە و دڵڕەقی ببینەوە. لەوەش زیاتر پێویستە لەسەرمان خۆمان ئامادەکەین بۆ شێوازی نوێی سەرکوتکردن، واتە شێوازە نوێیەکانی بەرەنگاریی(سیستەم - و.ک- ).
هاوکات پێویستە لەسەرمان بزانین کە بەبێ وەرچەرخانی مەزن و جۆراوجۆر کە بتوانێت کێشەکە بوروژێنێت، ناتوانین ئەو هەڕەشە کوشندە و ترسناکە تێپەڕێنین، هەر وەکو یاسپەرزیش گووتی:" ئەگەر مرۆڤ بیەوێت بژی، پێویستە لەسەری بگۆڕێت". هەتا مەرگیش لە پێشکەوتندا بێت، کێشەی ئاڵوگۆڕی ناچارییانەیش بۆ رزگارکردنی ژیان لە پێشکەوتندا دەبێت. ئا لێرەوە جارێکیتر ئایدیای شۆڕش سەرهەڵ دەداتەوە. واتە ئایدیای گۆڕانێکی رادیکاڵ کە لە یەک کاتدا کار دەکاتە سەر تاک، پەیوەندی نێوان تاکەکان و سیستمی کۆمەڵایەتی نەتەوە – دەوڵەتەکان. ئایدیایەك کە مرۆڤایەتی، لەو جێیەی کە مرۆڤایەتییە، بنیات دەنێتەوە. بەڵام پێویستە بیرۆکەی شۆڕش لە هەموو ئایدیایەکی رزگارگەراییانە پاك بکرێتەوە جگە لە ئایدیای رزگارکردنی سەرچڵیی مرۆڤ. چونکە ئەمە لە رووی لۆژیکییەوە پێویستە بۆ رزگارکردنی ژیان، بەڵام لە رووی مێژووییەوە زەرووریی نییە، بگرە وا پێدەچێت ئەگەریشی کەم بێت. هەڵبەتە ئەمە بەدیهێنەری پێشکەوتنی مرۆیی نییە، بەڵام دەستپێکی پێشکەوتنێکی نوێیە. ئەمە کار بۆ گۆڕینی بنەماکانی گۆڕین دەکات. بیرۆکەی شۆڕش لە هەناوی خۆیدا بیرۆکەی بەردەوامیی ریشەیی هەڵگرتووە. چونکە ئەوە ژیانە، بەتایبەت ژیانی مرۆیی، کە پێویستە گەرەنتی بەردەوام بوونی بکرێت، ئەو شارستانییەتە کە پێویستە لە بەربەریزمی کۆن و نوێ رزگار بکرێت، هەرچەندە تا ئێستایش لە بەربەریزم دانەبڕا بێت، بەڵام ئایدیای گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەناویدایە.
کەوایە لەم دەستپێکەوە، پەیوەندییەکی تەکامولی وهاوکات دژیەکیش لە نێوان هەر دوو ئایدیای سەرچڵیی و شۆڕشدا هەیە. رزگاربوون لە ئەفسانەی شۆڕش – رزگاری، دەمانبات بەرەو ئایدیای بەرەنگاری، بەڵام دەشمانبات بۆ ئایدیایەکی نوێ بۆ شۆڕش. شۆڕش بەناو بەرەنگاریی مردندا تێدەپەڕێت، بەرەنگارییەک پێویستی بە شۆڕشە، هەرچۆنێك بێت ئاییندە بە ناو بەرەنگاریدا تێدەپەڕێت.
دەتوانین ئایدیاکانی بەرەنگاری و شۆڕش لە ناو ئایدیای بناغەکاندا لێك گرێ بدەین، ئایدیای بناغەکان واتە:
- بناغەدانان بۆ ناوەندەکانی بەرەنگاریی بەرامبەر بە هەموو کەلتوورێك، کە هاوکات دەستپێك دەبێت بۆ کەلتوورێکی نوێ(خۆ دووبارە بوونەوەی داخستنی قوتابخانەی ئەسینا بۆ ماوەیەکی درێژ شتێکی مەحاڵیش نییە *).
- بناغەدانان بۆ تانوپۆیەکی کۆرپەلەیی لە پەیوەندی نوێی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە جیاوازەکانی ژیان.
- بناغەدانان بۆ کۆمەڵەی پەیجووری کە تیایدا هەوڵی زۆر بدرێت بۆ کریستەڵایزکردنی بنەماکانی هزرێکی پەرت نەکراو / و پەرت نەکەر ، بۆ تێگەیشتن لە جیهانەکەمان، سەردەمەکەمان و زاتی خۆشمان .
ئایدیای بناغەکان ئایدیای کلیلێکە بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەکەمان و بەرەبەیانی هەزارەی نوێ. ئەم ئایدیایە لە هەناوی خۆیدا هەم هەڵگری ئیرادەی پاراستنی ئەو شتەیە کە لەم پاشەوپاشگەڕانەوە هەمەلایەنە و ترسناکەدا پێویستە ئەنجام بدرێت، هەم ئیرادەی سەلماندنی ئەو شتەیە کە دواجار لە ناو بوونی (صیرورە) مرۆییدا پێشکەوتنێکی یەکلاکەرەوە دەڕەخسێنێت. ئایدیای بناغەکان ئایدیایەکە رێگە دەدات نەک هەر رابردوو بەڵکو ئاییندەش بپارێزێت.
هەر تاکێك لە هەر شوێنێك بێت ... لەناو خەباتێکی تەواودا دەرگیرە
ژەنراڵەکە بە سەربازەکانی دەڵێت:" هەر یەکەتان وا رەفتار بکەن وەك ئەوەی یەکلاکردنەوەی جەنگەکە لەسەر ئەو وەستابێت". ئایدیای پێکهاتەییش پێمان دەڵێت:" هەر تاکێك خۆی دەبینێتەوە کەوتۆتە ناو جەرگەی خەباتێکەوە لە ناو جووڵەیەکی بێ پایان لە کاردانەوەی کۆنەپەرستانە.
ئێمە دەزانین کە هەموو بەرەنگارییەك پێویستی بە سەربەخۆیی گشت تاکێك و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی شەخسییە. دەشزانین کە هەموو قەیرانێك لەگەڵ ئەوەی وەهم، تلیاکی ئایدۆلۆژی و قۆچی قوربانی کێش دەکات، هەروەها پێویستیی بە زیرەکی و داهێنانی تاكیش هەیە. ئێمە بۆمان دەرکەوت کە شۆڕشی راستەقینە ناکرێت فرە رەهەند نەبێت، وەك چۆن پێویستیشی بە گەلێك وەرچەرخانە لە یەک کاتدا.
شۆڕشی هەزارەی سێ هیچ فۆرمێك و رەچەتەیەکی نییە. دەشێت هەموو شتێك لە هەر خاڵێکدا روو بدات، پێویستیشە لە هەموو جێیەك رووبدات، لە ناوچەی جۆراوجۆرەوە، پێویستە چەندین سەرەتا لە یەك کاتدا، هەموویان روو بدەن، ببنە پشتیوانی یەکتر، دەبێت گێژاو و گەردەلوول دروست بکەن.
پاشان ئەو کاتەی کە سیناریۆکە ئامادە نییە، کاتێك کە رێکەوت و گومان باڵ دەکێشن بەسەر سەرەتاکان ورسکاندا (crystallization)، ئیدی دەستپێشخەری و ژیریی جارێکی دی کارا دەبنەوە، ئیتر سەر لەنوێ پێویست دەکات هەموو کەسێك لە هەر شوێنێك بێت، لە پێگە تایبەتییەکەیدا، هەست بەوە بکات کە مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە. بەم جۆرە دەبێت هەموو کەسێك دەست پێ بکات، تەنانەت ئەگەر لە خودی خۆیشییەوە بێت. هەر وەکو (لیکی)ش گووتی:" ئێمە بوونەوەرەکانی سیستمی کۆنین کە لەگەڵ ئەوەیشدا دەیانەوێت یاریدەدەر بن لە دروستکردنی سیستمی نوێدا: دەبێت یەکێك لە پرۆگرامەکانمان زاتی خۆمان بێت."
هەموو کەسێك، نا ئاگاهانە، لە گۆڕانکاریدا کار دەکات و کارتێکراو دەبێت پێی. دیارنەمانی رزگارکەری مێژوویی، رۆڵ و پەیام دەگەڕێنێتەوە بۆ هەمووان و بۆ هەموو کەس و بۆ هەموو "ویستێکی چاکەکار". هەر کەسێك لەم دەستپێکەوە دەبینێت کە خۆی تەرخان کردووە، نەك بۆ پێدانی باوەڕەکەی بە حزبێك کە هەڵگری راستیی مێژووییە، بەڵکو بۆ گەییشتن بە وشیارییەکی گشتگیر و هەمەلایەنەی مرۆڤایەتی. ئا لێرەدا جارێکی دی کێشە بنەڕەتییەکان وەکو ئەڵقەیەك دێنەوە بەردەممان: چۆن بتوانین لێهاتوو بین لە روانین و بیرکردنەوەدا، چۆن بەتەواوی فێر بین بیر لە بیرکردنەوەمان بکەینەوە، چۆن لێهاتووانە کار بکەین، پێویستە لەسەرمان ئەمە ئەنجام بدەین، تەنها لە پێناو خۆماندا نا، بەڵکو لە پێناو ئەرکێکی زۆر مەزنتر، کە هەرگیز مرۆڤ تووشی نەبووە، ئەویش: خەباتێکی هاودەمی(متزامن) دژ بە مەرگی جۆری مرۆیی و لە پێناو لە دایکبوونی مرۆڤایەتی.

· لە قوتابخانەی ئەسینادا فەلسەفە و لاهووت لە پاڵ یەکدا دەگووترانەوە. ئەم قوتابخانەیە چەندین ناوەندی فکریی ئەو سەردەمانەی گۆڕیوە لە ئەسیناوە بۆ میزۆپۆتامیا و وڵاتی پارس. ساڵی ٤٨٩ی زاینی زینۆنی ئیمپراتۆر ئەم قوتابخانەیەی داخست. و.ك