دەسەڵاتی پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا

کارڵ مارکس

بە هەبوونی توانایی کڕینی هەموو شتێك، بە هەبوونی سیفەتی خاوەندارێتی کردنی گشت شتێك، پارە دەبێتە بابەتێکی زەقی خاوەندارێتی و هەبوون. دەسەڵاتی بوونەکەیشی لە هەمەکیبوونی سیفاتەکانیدایە.
بەم پێیە ئەو وەکو خودایەك کار دەکات. پارە دەڵاڵی نێوان پێداویستییەکانی مرۆڤ و بابەت، نێوان ژیانی و هۆکارەکانی ژیانییەتی.
بەڵام ئەوەی دەبێتە نێوانکاری منو ژیانم، دەبێتە نێوانکاری من و بوونی ئەوانی تریشدا. ئەو بەلای منەوە کەسێکی ترە.
• شکسپیر لە "تیمۆنی ئەسینا":
"زێڕ؟ زێڕی زەردی درەوشاوەی بەنرخ؟ نەخێر ئەی خوداوەند
من زاهیدێکی تەمەڵ نیم... هەندێك لەو زێڕە
رەشپێست دەکاتە سپی، ناشرین بە جوان
هەڵە بە راست، هیچ و پوچ بە خانەدان، پیریش بە گەنج
ترسنۆکیش بە ئازا
.... چی ، ئەو
کاهین و خزمەتکارەکانتان لێ دوور دەخاتەوە
سەرینیش لە ژێر سەری بەهێزەکاندا دەردەهێنێت:
ئەم کۆیلە زەردە
ئایننەکان پەت دەکات و تێکیان دەشکێنێت، نەفرەتلێکراوەکان پیرۆز دەکات
مرۆڤی گەڕ دەکاتە پەرستراو و رێز لە دزەکانیش دەنێت
نازناویان پێدەبەخشێت، شکۆدار و ستایشکراو
لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لەسەر کورسییەکانیان: هەر ئەوە
وا دەکات بێوەژنێکی کۆستکەوتە شووبکاتەوە"
• ئەوەی کە لەرێگەی نێوەنگیریی پارەوە دەبێت بە هی من ـ ئەو شتەی کە دەتوانم بەرامبەری بیدەم ( واتە کە پارە دەتوانێت بیکڕێت) ـ ئەوە منم، خاوەنی پارە. رادەی پارەکە رادەی توانایی منە. سیفاتی پارەکە سیفاتی من و توانا جەوهەرییەکانمە – سیفات و تواناکانی خاوەنەکەی. ئا بەم شێوەیە ئەوەی کە من دەیتوانم، تاکێتییەکەم بەهیچ جۆرێك دەستنیشانی ناکات. من ناشرینم، بەڵام دەتوانم جوانترین ژن بۆ خۆم بکڕم. کەوایە من ناشرین نیم، چونکە کاریگەریی ناشرینییەکە – هێزە دوورخەرەوەکە – پارە نایهێڵێت......
• پارە ئەو بەستەرەیە کە بە ژیانی مرۆییەوە دەمبەستێەوە، کۆمەڵگەش بە منەوە گرێ دەدات و دەبێتە لینکی من بە سروشت و مرۆڤەوە. مەگەر پارە بەستەری گشت بەستەرەکان نییە؟ کەوایە ئایا ئەمە فاکتەری گشتیی جیابوونەوە نییە؟ ئەمە هۆکاری راستەقینەی جیابوونەوەیە وەک چۆن هۆکاری راستەقینەی گرێدانە.
• شکسپیر بە شێوەیەکی تایبەت جەخت لەسەر دوو سیفەتی پارە دەکاتەوە:
1. پارە خواوەندێکی بینراوە – هەموو سیفەتە مرۆیی و سرووشتییەکان دەگۆڕێت بە دژەکانی، تێکەڵ و پێکەڵکردنی شتەکان و پێچەوانەکردنەوەیان، ئەو مەحاڵەکان لەگەڵ یەکدا دەکاتە برا.
2. پارە داوێنپێسییەکی هاوبەش و دەڵاڵێکی هاوبەشی نێوان خەڵک ونەتەوەکانە.

تێبینی ئەمە تەواوی نووسینەکەی مارکس نییە، بەڵکو چەند پەرگرافێکم هەڵبژاردووە

سەرچاوە:
مخطوطات كارل ماركس
قدرت پول در جامعۀ بورژوازی http://asre-nou.net/php/view.php?objnr=12689