سێ سەرچاوە و سێ بەشە پێکهێنەرەکەی مارکسیزم


ف. ئ. لینین 
میتۆدی مارکس، لە گشت جیهانی مۆدێرندا توندترین دژایەتی و رق لە ناو دنیای سەرمایەداریدا ( سا فەرمییەکەی بێت یا لیبراڵییەکەی )دەوروژێنێت، لەبەر ئەوەی مارکسیزم بە بیدعەیەکی زەرەرمەند دەزانێت. دیارە ناتوانین چاوەڕوانییەکی لەوەباشترمان هەبێت. ئاخر لە کۆمەڵگەیەکی چینایەتیدا کۆمەڵناسییەکی ( بێلایەن) نییە. هەر هەموو زانستی فەرمی لیبراڵیزم، بە جۆرێك لە جۆرەکان، بەرگری لە کۆیلەیی کرێگرتە دەکات، لە کاتێکدا مارکسیزم جەنگێکی بێ پسانەوەی لە دژی ئەم کۆیلەتییە راگەیاندووە.
داواکردنی بێلایەنی لە زانستدا لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەسەر کۆیلەیتی کرێگرتە دروست بووبێت، ئەوەندە گێلانەیە وەک ئەوە وایە داوا لە خاوەنکارەکان بکەیت کە بێلایەن بن لە پرسی کەمکردنەوەی قازانجەکانی سەرمایە بە خاتری زیادکردنی کرێی کرێکاران.
بەڵام خۆ ئەمە هەموو شتەکە نییە، لەبەر ئەوەی مێژووی فەلسەفە و مێژووی کاری کۆمەڵایەتی بە روونی دەریدەخەن کە مارکسیزم هیچی لە سیکتاریزم ( واتە رێبازێکی دۆگم و گۆشەگیر و.ك) ناچێت کە بەدەر لە شاڕێی گەشەسەندن و تەکامولی شارستانێتی جیهانی دروست بووبێت. بگرە بە پێجەوانەوە بلیمەتیی مارکس رێك لەوەدایە کە توانی وەڵامی هەموو ئەو پرسانە بداتەوە کە بیری پێشەکەوتنخوازیی مرۆیی تەرحی کردووە. دۆکترینی (باوەڕ یا رێباز و.ک) مارکس وەک تەواوکەری راستەوخۆ و دەستبەجێی دۆکترینی مەزنترین نوینەرانی نێو فەلسەفە، ئابووریی سیاسی و سۆسیالیزم هاتە ئاراوە. توانای بێئەندازەی باوەڕەکەی مارکس لەبەر ئەوەیە کە: راستە، گشتگیر و هاوئاهەنگە و تێگەیشتنێکی یەکپارچە لەبارەی جیهانەوە دەخاتە روو، لە هەمان کاتدا لەگەڵ هیچ جۆرە وەهمێک یا کۆنەپەرستییەک یا بەرگریکردنێك لە ستەمکاریی بۆرژوازیدا نایەتەوە. ئەم دۆکترینە میراتگریی شەرعیی باشترین ئەندێشەگەلێکە کە مرۆڤایەتی لەسەدەی نۆزدەدا لە شێوەی فەلسەفەی ئەڵمانی، زانستی ئابووریی ئینگلیزی وسۆسیالیزمی فەڕەنسی بەرهەمی هێنا بوو. لێرەدابە کورتی باسێكی ئەو سێ سەرچاوەیەی مارکسیزم دەکەین کە سێ بەشە پێکهێنەرەکەشییەتی.

١

ماتریالیزم فەلسەفەی مارکسیزمە. بەدرێژایی گشت مێژووی نوێی ئەوروپا، بەتایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە لە فەڕەنسا، کە خەباتێکی یەکلاکەرەوە دژ بە هەموو خاشاکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و دژ بە کۆیلەتی لە دام و دەزگاکان و ئایدیاکاندا بەڕێوە دەچوو؛ ماتریالیزم تاکە فەلسەفەیەك بوو کە تەواوی تێڕوانینەکانی زانستی سروشتیی پەسەند کرد دژی هەرجۆرە وەهم و دەسەوسانییەك بوو. لەو رووەوە دوژمنانی دیموکراسی بەهەموو هێزیانەوە هەوڵیان دەدا ماتریالیزم "رەت" بکەنەوە و پوچەڵی بکەنەوە و تۆمەتیان بۆ هەڵ دەبەست، ئەوان بەرگرییان لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفەی ئایدیالیزم دەگرت کە بە جۆرێك لە جۆرەکان بەرگریکار و پشتیوانی ئایین بوو.
مارکس و ئەنگلس بە توندی بەرگرییان لە ماتریالیزمی فەلسەفی دەکرد و چەندین جار ئەوەیان روون دەکردەوە کە هەر چەواشەکارییەك لەو بنەمایانە هەڵەیەکی قووڵە. راکانی ئەوان زۆر بە روونی و دوورو درێژی لە کارەکانی ئەنگلسدا " لۆدفیگ فیۆرباخ" و" دژی دۆهرینگ" خراونەتە روو، کە ئەم دوو کتێبە وەکو مانیفێستی کۆمۆنیست کتێبی بەرباخەڵی هەموو کرێکارێکی وشیارن. بەڵام خۆ مارکس تەنها لە ماتریالیزمی سەدەی هەژدەدا نەوەستا، بەڵکو فەلسەفەی تا بەرزترین ئاستی خۆی برد، ئەوە بوو بەهەموو دەستهاوەردەکانی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی دەوڵەمەندی کرد، بە تایبەت بە دەستکەوتەکانی سیستمی هیگڵ کە ئەویش لەلای خۆیەوە سەرچاوەیەك بوو بۆ ماتریالیزمی فیۆرباخ. گرنگترین ئەو دەستکەوتانەیش، دیالەکتیکە، واتە تیۆرەی پەرەسەندن لە کامڵترین و قووڵترین فۆرمیدا کە لە هەر جۆرە تەسکبینییەك دوورە، دۆکترینی رێژەگەرایی دانایی مرۆڤ کە رەنگدانەوەیەکی قەشەنگی پەرەسەندنی هەمیشەیی مادەمان پێ نیشان دەدات. تازەترین دۆزینەوەکانی زانستە سرووشتییەکان ـ رادیۆم، ئەلکترۆن و گۆڕینی مادە ـ سەرەڕای بیروباوەڕی فەیلەسوفانی بۆرژوازی و گەڕانەوەی " تازە"یان بەرەو ئایدیالیزمی کۆن و بۆگەنکردوو ، بەڵام بە جوانی راستی و دروستی ماتریالیزمە دیالەکتیکەکەی مارکسیان سەلماند. مارکس ماتریالیزمی دیالەکتیکیی قووڵ کردەوە و بەرەو پێشی برد و سەرەنجام گەیاندییە کۆتاییە لۆژیکییەکەی خۆی، هەروەها چوارچێوەکەیشی لە زانینی سروشتییەوە بۆ مەعریفەی کۆمەڵگەی مرۆیی فراوان کردەوە. ماتریالیزمی مێژوویی مارکس، گەورەترین سەرکەوتنی بیری زانستیی بوو. ئەو فەوزا و گۆترەکارییەی کە تا ئەو کاتە بەسەر تێگەیشتنەکانی سیاسەت و مێژوودا زاڵ بوو، گۆڕی بە تیۆرەیەکی زانستیی قەشەنگ لە هاوئاهەنگی و گشتگیری و یەکپارچەییدا کە نیشانی دەدا چۆن چۆنی فۆرمێکی دیاریکراو لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی بەهۆی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە، فۆرمێکی باڵاتر سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات، بۆ نموونە چۆن لە دەرەبەگییەوە سەرمایەداری لەدایک بوو. وەك چۆن زانینی مرۆڤ رەنگدانەوەی سرووشتێکە کە سەربەخۆ لەو هەیە، واتە رەنگدانەوەی مادە لە دۆخی گۆڕانیدا، ئاواش مەعریفەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ ( واتە بیرو باوەڕە جۆراوجۆرەکان و رێبازی فەلسەفی، ئایینی ، ئابووری و ... هتد) رەنگدانەوەی سیستمی ئابووریی کۆمەڵگەیە. دامەزراوە سیاسییەکان وەک سەرخانی ژێرخانێکی ئابووری دامەزراون. هەر بۆ نموونە ئێمە دەیبینین کە چۆن فۆرمە سیاسییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپای هاوچەرخ ئامڕازێکن بۆ پتەو کردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەسەر پڕۆلیتاریا. فەلسەفەی مارکس فەلسەفەیەکی ماتریالیستیی تەواوە، کە ئامڕازی بەهێزی مەعریفیی بە مرۆڤایەتی و بەتایبەت چینی کر‌ێکار بەخشیوە.

٢

دوای ئەوەی مارکس دیقەتی دا کە سیستمی ئابووری پایەیەکە کە بینای سەرخانی سیاسیی لەسەر دادەمەزرێت، زیاتر سەرنجی چووە سەر لێکۆڵینەوە لەو سیستمە ئابوورییە. کتێبەکەی مارکس" سەرمایە" تەرخانە بۆ لێکۆڵینەوە لە سیستمی ئابووری لە کۆمەڵگەی مۆدێرن واتە سەرمایەداری. ئابووری سیاسیی کلاسیک، بەر لە مارکس، لە ئینگلتەرا دروست بوو کە ئەو کاتە پێشکەوتووترین وڵاتی سەرمایەداری بوو. ئادام سمیس و دەیڤید ریکاردۆ لە سیستمی ئابوورییان کۆڵییەوە و سەرەتایەکیان بۆ تیۆرەی بەها ـ کار دانا. مارکسیش بەردەوام بوو لەسەر کارەکەی ئەوان. ئەو بنەمایەکی زانستیی تەواو و شێوەیەکی تەبای بەو تیۆرەیە بەخشی. ئەوەیشی روون کردەوە کە بەهای هەموو کاڵایەك مەرجدارە بە کۆی کاتی پێویستەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە.
لەکاتێکدا ئابووریناسانی بۆرژوازی پەیوەندیی نێوان کاڵاکانیان دەبینی( گۆڕینەوەی کاڵا بە کاڵا) مارکس پەیوەندی نێوان تاکەکانی دۆزییەوە. گۆڕینەوەی کاڵا دەربڕی پەیوەندیی نێوان تاکە بەرهەمهێنەرەکانە لە رێگەی بازاڕەوە. پارەش (دراو) نیشانەی ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییە قاییم تر بووە و کۆی ژیانی ئابووریی تاکە بەرهەمهێنەرەکانی بە جۆرێکی لە دابڕان نەهاتوو لەیەک گشتدا کۆکردۆتەوە. سەرمایەش نیشانەی گەشەی دواتری ئەو پەیوەندییەیە: هێزی کاری مرۆییش دەبێتە کاڵا. کرێکار بەشێك لە هێزی کارەکەی بە خاوەنزەوی، خاوەنکار و ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان دەفرۆشێت؛ کرێکار بەشێك لە کاری رۆژانەکەی بۆ تازەکردنەوەی وزەی خۆی و ژیانی خانەوادەکەی خەرج دەکات، بەشەکەی تری کارەکەی بە خۆڕاییە، بەمەش زێدەباییەك بۆ سەرمایەدارەکە دروست دەکات، کە دەبێتە سەرچاوەی قازانج و سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی چینی سەرمایەدار. تیۆریی زێدەبایی بەردی بناغەی تیۆرییە ئابوورییەکەی مارکسە.
ئەو سەرمایەی کە لە ئەنجامی کاری کرێکارەوە دروست بووە: کرێکار دەهاڕێت، خاوەنکارە بچووکەکان تێك دەشکێنێت و لەشکرێک لە بێکاریش دروست دەکات. سەرکەوتنی مەزنی بەرهەم لە پیشەسازیدا شتێکی دیارە،؛ بەڵام لە کشتوکاڵیشداهەمان دیاردە دەبینین: وەبەرهێنانی سەرمایە لە کشتوکاڵدا زیاتر باڵادەست دەبێت و بەکارهێنانی ئامێریش بەهەمان شێوە زیاد دەکات. وەبەرهێنانی جووتیاریی گوندنشینیش دەچێتە ژێر نیلی سەرمایەی ماڵییەوە و دادەڕمێ و لەژێر باری قورسی تەکنیکە دواکەوتووەکەیدا دووچاری وێرانبوون دەبێت. لە کشتوکاڵدا، داڕمانی بەرهەمهێنانی بچووک فۆرمی دیکەی هەیە و جیاوازە لە هی پیشەسازی، بەڵام خودی داڕمانەکە راستییەکە و قسە هەڵناگرێت. سەرمایە لە راستای زاڵبوونی بەسەر بەرهەمی بچووکدا، بەرهەمهێنەریی کار زیاتر دەکات و دۆخیکی مۆنۆپۆڵییانە لە بەرژەوەندی کۆمەڵەکانی سەرمایەدارە گەورەکان دەخوڵقێنێت. خودی بەرهەمهێنان زیاتر لە پێشوو کۆمەڵایەتی دەبێتەوە ـ سەدان هەزار و ملیۆنەها کرێکار لە یەك ئۆرگانیزمی ئابووریی رێکخراودا دەچنە پاڵ یەکەوە ـ لە کاتێکدا تاقمێك سەرمایەدار بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان دەبەن، ئیدی فەوزای بەرهەمهێنان و هەڵپەی شێتانە بەدوای بازاڕدا بەهێز دەبێت و دڵنیا نەبوون لە ژیان لە ناو زۆرینەی دانیشتوواندا بڵاو دەبێتەوە. سیستمی سەرمایەداری، پاشکۆیەتی کرێکاران بۆ سەرمایە زیاتر دەکات، بەمەش هێز‌ێکی یەکگرتووی مەزنی کار دروست دەکات.
مارکس شوێن پێی گەشەسەندنی سەرمایەداریی هەڵ گرت، هەر لە توخمە سەرەتاییەکانی ئابووری کاڵایی و ئاڵوگۆڕی سادەوە تا فۆرمە باڵاکانی، بەرهەمهێنانی گەورە. ئەزموونی وڵاتانی سەرمایەداری، بە وڵاتە کۆن و نوێیەکانەوە، ساڵ بە ساڵ دروستیی ئەم دۆکترینەی مارکس بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران روون دەکاتەوە. سەرمایەداری لە تەواوی جیهاندا سەرکەوت، بەڵام ئەم سەرکەوتنە هیچ نییە جگە لە پێشەکییەك بۆ سەرکەوتنی کرێکاران بەسەر سەرمایەداریدا.

٣

کاتێک سیستمی دەرەبەگی رووخێنرا و کۆمەڵگەی " ئازاد"ی سەرمایەداری پێی نایە مەیدانەوە، یەکسەر دەرکەوت کە ئەم ئازادییە واتە سیستمێکی نوێی چەوساندنەوەی کرێکاران، هەر دەستبەجێش چەندین رێبازی سۆسیالیستیی وەک رەنگدانەوەی ئەم چەوسانەوەیە و ناڕازیی بوون پێی سەریان هەڵدا. بەڵام سۆسیالیزمی سەرەتایی تۆباویی (خەیاڵی) بوو. ئەم سۆسیالیزمە رەخنەی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی دەگرت، لۆمەی دەکرد و نەفرەتی بۆ دەنارد و خوازیاری لەناوچوونی بوو، سیستمێکی باشتری لە ئەندێشەدا برەو پێ دەدا و هەوڵی دەدا کە دەوڵەمەندان بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە قۆستنەوە و چەوساندنەوە ناکۆکە لەگەڵ ئەخلاقدا. بەڵام سۆسیالیزمی خەیاڵی نەیتوانی رێگەچارەیەکی واقیعی بخاتە روو. ئەم سۆسیالیزمە نە دەیتوانی ناوەڕۆکی کۆیلەیی کرێگرتەی ژێر سایەی سەرمایەداری لێک بداتەوە و نە یاساکانی گەشەسەندنی بدۆزێتەوە و نە ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەش بدۆزێتەوە کە دەتوانێت کۆمەڵگەی نوێ بەدی بهێنێت. بەڵام زریانی ئەو شۆڕشانەی کە هاوکات بوون لەگەڵ کەوتنی دەربەگایەتی و کۆیلایەتی لە ئەوروپا بە گشتی و فەڕەنسا بە تایبەتی بە روونییەکی زیاترەوە دەری دەخست کە خەباتی چینایەتی بناغەی هەموو پەرەسەندنێکە و هێزی بزوێنەریشێتی.
چونکە هیچکام لە سەرکەوتنەکانی ئازادیی سیاسی بەسەر دەرەبەگەکاندا بەبێ بەرەنگارییەکی سەروماڵی بەدەست نەهێنراوە. هیچ وڵاتێکی سەرمایەداری نەبووە کە بەبێ خەبات و گیانبازیی نێوان گشت چینەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بەم رادە و بەو ئاست، لەسەر بناغەی ئازادی و دیموکراسیی دامەزرابێت.
بلیمەتیی مارکس لێرەدایە کە یەکەمین کەس بوو توانی لەمەوە ئەنجامگیرییەک بەدەست بهێنێت کە مێژووی جیهان گرتوویەتییە خۆی و بە شێوەیەکی رێک وپێک هەتا کۆتایی پراکتیزەی کرد، ئەو ئەنجامگیرییەش بریتییە لە باوەڕی خەباتی چینایەتی.
خەڵکی ئەگەر فێری ئەوە نەبن کە لەو دیوی رستە و دەربڕین و بەڵێنە ئەخلاقی، ئایینی ، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرژەوەندیی چینە جیاوازەکان بەدی بکەن، هەمیشە لەسیاسەتدا دەبنە قوربانیی گێلێتی و خۆ هەڵخەڵەتاندنی خۆیان. قارەمانانی ریفۆرم و چاکسازیش هەتا ئەو کاتەی تێ نەگەن لەوەی گشت دەزگایەکی کۆن، بە هەر ئەندازەیەك بەربەری وگەنیویش دەربکەوێت، پشتی بە هێزی چینە باڵادەستەکان بەستووە، بەردەوام لە لایەن بەرگریکارانی سیستمی کۆنەوە دەگەوجێنرێن.
کەوایە بۆ ئەوەی بەرگریی ئەو چینانە بپلیشێنینەوە هیچ رێگەیەکیتر نییە جگە لەوەی هەر لەو کۆمەڵگەیەدا کە تێیداین، ئەو هێزانە بدۆزینەوە کە دەتوانن، بە حوکمی پێگە کۆمەڵایەتییەکەشیان دەبێت بتوانن، ببنە ئەو هێزەی کە کۆنەکان رادەماڵێت و تازە دەخووڵقێنێت، پاشان ئەو هێزە وشیار بکەینەوە و رێکی بخەین بۆ خەباتکردن.
تەنها فەلسەفەی ماتریالیزمی مارکسە کە بۆ دەربازبوون لە کۆیلەیەتی مەعنەویی، کە هەموو چینە ستەم لێکراوەکانیش تائێستا تێیدا سەرگەردان ماون، ئەو رێگەی بۆ پرۆلیتاریا رۆشنکردەوە کە دەبێت بیگرێتە بەر. تەنها تیۆریی ئابووری مارکس بوو کە بارودۆخی راستەقینەی پڕۆلیتاریای لە گشت سیستمی سەرمایەداریدا روون کردەوە.
رێکخراوە سەربەخۆکانی پڕۆلیتاریا لە گشت جیهاندا لە زۆر بووندان، هەر لە ئەممریکاوە تا ژاپۆن، لە سویدەوە تا ئەفریقای باشوور، پڕۆلیتاریا لە جەرگەی خەباتە چینایەتییەکەیدا فێر دەبێت و پەروەردە دەبێت لە وەهمەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی رزگاری دەبێت و بەردەوام یەکێتییەکەی پتەو تر دەبێت و فێر دەبێت کە چۆن پێوەری سەرکەوتنەکانی بخەمڵێنێت و هێزەکانی خۆی زیاتر قاییم بکات و بەبێ بەرەنگاریی گەشە بکات.

ف. ئ. لینین ٣ ی ئاداری ١٩١٣

· بۆ ئەم وەرگێڕانە سوودم لە هەرسێ دەقە ( عەرەبی، فارسی و ئینگلیزییەکە وەرگرتووە کە لینکەکانیان لە خوارەوە دادەنێم)

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=8890

https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1913/mar/x01.htm

http://comon.blogsky.com/1388/07/24/post-3/