پەروەردە و سیستم



لە میسۆلۆجیای یۆنانیدا بوونەوەرگەلێك هەن ناویان سینتورە(hippo centaur) کە نیوەی لەشیان ئەسپە و مل و سەریشیان مرۆڤە. ئەمانە بوونەوەرگەلی جەنگاوەر و ئازا و ئازادن و غەریزین لە دوورگەیەك دەژین. بەڵام بەهۆی شەڕ وشۆڕ و سەرچڵی زۆریانەوە و بەتایبەت لەگەڵ مرۆڤی شارستانییدا لەناو دەچن.

لەم ئەفسانەیەدا کە تێكشکانێکی سیمبۆڵیکیی رەهەندە سروشتی و ئازادەکەی مرۆڤ لە ئاست رەهەندە کۆمەڵایەتی و شارستانێتییەکەیدا دەبینین، ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ چ لە رووی جەستەییەوە چ لە رووی رۆحی و دەروونییەوە پێویستیی بە بەرزەفتکردن (دیسپلین) و جڵەوکردنە لە لایەن کۆمەڵگەی شارستانییەوە. لێرەدا ئەگەر مرۆییبوون بکەینە دوو بەشەوە، بەشێکیان ئازاد، خۆڕسک و سروشتییە و بەشەکەی تریان دەستەمۆ، شارستانیی و سیستمییە. هەموو مرۆڤێك کە لە دایک دەبێت، سەرەتا بەشی یەکەمی تیا زاڵە بەڵام لە پای دابینکردنی پێداویستییە بایۆلۆژییەکانی، بە تایبەت پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان و تێرکردنی سکی، گرێبەستی دەستەمۆبوونی پێ ئیمزا دەکرێت. دەستەمۆکردن یا دەستەمۆبوون ئەو کردەیەیە کە ناوی پەروەردەی لێنراوە و تێیدا لە پرۆسیسێكدا کە بەهەق مرۆسازییە و لە کۆمەڵناسیدا پێی دەووترێت بە کۆمەڵایەتیکردن( التنشئة الاجتماعیة  Socialization ) مرۆڤێکی تاکرەهەند و لەقاڵبدراو یاخود چەپێنراو و سەرکوتکراو دەخوڵقێنرێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە بواری پەروەردەییدا دەیبینین و وەکو دەستکەوت و پێشکەوتنێکی کەڵەکەبووی مێژووی مرۆڤایەتی سەیر دەکرێت، هیچ نییە جگە لە ئەزموونێکی پێشکەوتووی کۆمەڵگە و سیستم لە لەمرۆڤخستن و مرۆڤسازیدا؛ لەمرۆڤخستن بە مانای گۆڕین و تێکدانی سیفات و خەسڵەتە خۆڕسك و سروشتیی(سینتۆر)ییەکانی مرۆڤ، مرۆڤسازییش مانای خوڵقاندنی مرۆڤێک بەو جۆرەی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیخوازێت. ئەگەر بە دەربڕینە نیچەییەکە ئاماژەی پێ بکەین ئەوا دەکرێت بڵێین ئەم پرۆسیسە پەروەردەییە، لەلایەن گەورەکانەوە (ماستەر) دروستکراوە و داڕێژراوە کە مەبەست لێی بەهێزکردنی رۆحی کۆیلەیەتییە تا کۆیلەکان هەر بە کۆیلەیی بمێننەوە. ئەو زانیاری و مەشق و ئەزموونانەی کە مرۆڤ هەر لەسەرەتای منداڵییەوە وەریان دەگرێت و لەسەریان رادەهێنرێت شتگەلێکن کە سیستم بەرهەمیان دەهێنێت و لە رێگەی پەروەردە و (پاشان فێرکردن)ەوە سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێنەوە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە زانین و مەشق  و ئەزموونی بە کەڵک و بێ کەڵک، تەنانەت چاکیی و خراپیی ئاکار و رەفتارەکانیش لەسەر ئەم بنەمایەوە دیاری دەکرێن.
کەوایە مەشق و ئەزموون کە لە پرۆسەی پێگەیاندن(إنماء)دا دەگەیەنرێن بە مرۆڤ، کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆسەی پەروەردەن. گرنگترین و سەرەکیترین ئەو مەشقانەی کە خێزان لە پەروەردەدا بە مناڵی دەکات، ئەوەیە رێساکانی رەفتارکردن، خۆگونجاندن و ئایدیای وەزیفەیی رەفتارەکان فێر ببێت و رابێت لەسەریان، مرۆڤ هەموو تەمەنی خۆی تەی دەکات و هەر ئەم رێسا و ئایدیایانە، هەندێكجار وەکو ئەرک و فەرمانێکی سەروو خۆی و هەندێکجاریش لە بەرگی چێژوەرگرتن و تازەبوونەوەدا، دووبارە دەکاتەوە. هەموو  ئەم ئەرکانە لە خێزانەوە دەست پێ دەکەن و بە ناو سیستمی خوێندن و فێرکردندا تێ دەپەڕن و لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا ماڵە(ساف) دەکرێن، ناچارکردنیش ئەو شێوازەیە کە بۆ گەیاندن و چەسپاندنی ئەو ئەرکانە بە کاردەهینرێت.
لێرەدا ناچارکردن دوو رووکاری هەیە یەکێکیان ئاشکرا وهەڵماڵراوە و ئەوی دیکەیان نهێنی و شاراوەیە یا بە دەربڕینە بۆردۆییەکە رەمزییە. ئەرک و فەرمان رووکارە ئاشکراکەی ناچارکردنن و رێنماییش دیوە شاراوە ورەمزییەکەیەتی کە دواجار بە سەپاندنی ویست و بژاردەکانی جەمسەری فەرماندەرکەر – رێنماییکەر بەسەر جەمسەری فەرمانپێکراو-  رێنماییکراو( جەمسەری یەکەم خۆی لە دەزگاکان و مرۆڤەکاندا دەبینێتەوە، جەمسەری دووەمیش خۆی لە تاك و گروپە مرۆییەکاندا دەبینێتەوە) کۆتایی دێت، لێرەدا جەمسەر یا کەسی دووەم هیچ بژاردەیەکیتری لەبەردەمدا نییە جگە لە قەبووڵکردنی ئەو ئەزموون و وشیاری و زانیارییانەی کە پێی دەدرێن. لێرەوە ئاکار، بەها، ئایدیا، خەون، خۆزگە و تەنانەت حەزەکانیش دەچنە نێو ئەو فۆرم و قاڵبانەی کە سیستم بۆ چۆنیەتی و چییەتی ژیان دایڕشتوون، هەر بەم مانایە زانیاری و مەشق و ئەزموونەکان لە خزمەتی سیستمدان و سیستم بەرهەم دەهێننەوە

سیستمی پەروەردەی خێزانیی و خێزانی پەروەردەکار

خێزان یەکەمین خانەی جەستە زەبەلاح و ئاڵۆزەکەی سیستمی هیرارکیزمە کە تیایدا مرۆڤەکان لەسەر سیستمی پلەبەندی رادەهێنرێن و فێر دەکرێن. بیانووی ئەمەیش ئەگەر سەرەتا پێداویستییەکی بایۆلۆژی و ژیانی بێت ئەوا ئامانج لە کۆی پرۆسیسەکە رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتییە لە ناو سیستمەکەدا. لە ناو جۆری شیردەرەکاندا مناڵی مرۆڤ لاوازترین بێچووە کە پێویستیی بە چاودێریی درێژماوە(چەند ساڵێك) هەیە تا بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت. لە رێڕەوی ئەم چاودێریکردنەدایە کە پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیکردنی مناڵ دەست پێ دەکات. وەکو گیدینز ئاماژەی پێ دەدات مناڵ لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تا چوار ساڵی و پێنج ساڵی فێری رێکخستن و دیسپلین دەبێت. لە پەروەردەکردنی منداڵدا، خێزان رۆڵی فەرمانبەرێكی کۆمەڵایەتی، بە رواڵەت خۆبەخشانە و لە ناوەڕۆکدا ئاراستەکراوە، دەگێڕێت لە  ئاراستەکردن و دیسپلینکردنی منداڵدا.
لێرەدا ئەرکە سەرەکی و گرنگەکەی خێزان لە ناو سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا دەرک دەکەین کە ئەرکێکی وەزیفیی و نەفعییە و ئەندامانەکانی لەسەر وەزیفیبوون و نەفعیبوونی رەفتار، ئامڕاز و تەنانەت زمانیش رادەهێنێت. زمانی دایک چییە جگە لە سیستمێکی ئاماژەیی بۆ پەیوەندیکردن و پاراستنی سەرمایەی رەمزیی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو؛ فێربوونی بەکارهێنانی میمی بەرکار(مفعول بە) لە جیاتی میمی بکەر(فاعل)، بەتەنها گۆڕانێک نییە لە شێوازی ئاخاوتندا، بەڵکو لە بنەڕەتەوە گۆڕینی پێگە و ئاراستەکانی مرۆڤە لە سەرەتای منداڵییەوە لە بکەرەوە بۆ کارلێککراو و گواستنەوە و چەسپاندنێتی بۆ نێو ئاگایی. لەم پرۆسیسەدا پەروەردەکار دەبێت بە خود(سوبێکت) و پەروەردەکراویش دەبێت بە ئۆبژە، یەکەم بکەرە و دوەم بەرکار(مفعول بە).  نیچە دەڵێت:" خێزان بەوە دەڵێت پەروەردە کە مناڵەکە بکەن بە شتێك کە لە خۆیان بچێت" ئەم وێکچوونەی خێزانیش لە ناوەڕۆکدا هاتنەوەی وێنەکەیە لەگەڵ وێنایەکی ستاندارددا کە کۆمەڵگە دای ناوە و تێیدا خێزانەکان(ی سەر بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی دیاریکراو) لێکچوونێکی زۆریی کەلتووریی و ئابوورییان لە نێواندا هەیە، بۆیە کاتێك نەوەکان لە خێزانەکانیان دەچن راستییەکەی ئەوەیە کە لە نەوەی  خێزانەکانیتریش دەچن؛ واتە ئایدیای لە خێزانچوونی مناڵ گوزارشتێکی شاراوەیە بۆ لەوانی ترچوون. ئەگەرچی ئەم لێکچوونە لە ناو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا، خوڵقێنەر و بەرهەمهێنەری زمان و هەستی هاوبەشە لە نێوان کەسەکانی ئەو رووبەرە کۆمەڵایەتییەدا. بەڵام مەرج نییە دروستکەری ئایدیا و خەونی هاوبەش بێت لە نێوان هەمان پێکهاتەدا، ئەمەش پەیوەندی بە رۆڵی ئایدیۆلۆژیای زاڵ و باو و تەسلیمبوون بەو ئایدۆلۆژیایە یا یاخیبوون لێیەوە هەیە. ئەمەش خاڵێکی جیاکەرەوەی سیستمی سەرمایەدارییە لە سیستمە چینایەتییەکانی پێش خۆی؛ لێکچوونی شێوازی ژیان و کەلتووری هەژاران و جیاوازیی نێوان لەگەڵ شێوازی ژیان و کەلتووری دەوڵەمەندان لە سیستمەکانی بەر لە سەرمایەدارییدا قووڵتر و تۆخترە بۆیە ستەمکاریی و چەوسانەوەکەش تیایدا ئاشکراتر و هەڵماڵراوترە. بەڵام لە سەرمایەدارییدا، بەیەکداچوونی لەیەکچوون و یەکرەنگیی لەگەڵ جیاوازیی و فرەرەنگییدا ئەو دەرفەتەی داوە بە سیستمەکە کە مرۆڤەکان دووچاری وەهمی ئازادبوون و سەربەخۆبوون بکات، هەر ئەم خاڵەش کە سەرمایەداریی کردوویەتی بە خاڵی بە هێزی خۆی خاڵە لاوازەکەشییەتی کە تێیدا سیستمەکەی قابیلی تێپەڕاندن و تێکشکاندنە، دەنا ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤ کە لە بەرگی فرەرەنگی و جیاوازییدا بانگەشەی بۆ دەکرێت، درۆیەکی گەورەی سەرمایەدارییە بۆ شاردنەوەی ئەو ستەمکارییە ئاشکراو رەمزییەیە کە لە پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵ و مرۆڤسازیدا بۆ خوڵقاندنی مرۆڤێکی تاکرەهەند و مرۆڤایەتییەکی یەکڕەنگ، بەڕێوە دەچێت.
بۆ نموونە لە بواری ئابووریدا فرەرەنگیی پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و نەبوونی یەکسانیی و دادپەروەری، و مێخێکە بۆ چەسپاندن و سەپاندنی تاکباوەڕیی بۆ ژیان، باوەڕبوون بە ئەزەلیبوونی نادادپەروەری، ئاساییبوونی هەژاریی و دەوڵەمەندیی، پیرۆزیی مۆڵکایەتی تایبەتیی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ... هتد. ئەم درۆیە لە پەروەردەی مناڵدا کە لە ناو خێزانەکەیەوە لەگەڵی دەکرێت، بۆ منداڵی دەوڵەمەند کۆمەڵێك بەها و ئاکاری ساختەی لا دروست دەکات کە لە کەسایەتییەکەیدا رەنگ دەداتەوە، وەکو ئەوەی کە ئەم سیستمە ئابوورییە باشترین سیستمە بۆ ژیانکردن و هیچ فۆرمێکی لەمە پێشکەوتووتر نییە، وەکو خۆبەلزانین و بە سووک سەیرکردنی خەڵکی هەژار . لە بەرامبەریشدا وشیارییەکی ساختە لەلای مناڵی هەژار دروست دەکات و ئەو باوەڕەی لا دەچەسپێت کە نا یەکسانیی و جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژار مانای نەبوونی نا دادپەروەریی ناگەیەنێت و ئەمە پەیوستە بە دابەشکردنێکی خواوەندیی یا زیرەکی و ماندوو بوونی دەوڵەمەندەکان و تەمەڵی و تەوەزەلی هەژارەکانەوە و لێرەوە بەهێزکردنی گیانی رکابەریی تاکگەراییانە بۆ گەییشتن بە خەون و ئاواتە شەخسییەکان جێی هاوپشتی و هاوکاریی مرۆییانە دەگرێتەوە.
ئەم باوەڕانە بە تەنها لە مەسەلەی ئابووریدا دروست نابن بەڵکو هەموو پرسە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی تریش دەگرێتەوە وەکو مەسەلەی دروستبوون، بە لێکدانەوە ئایینیەکەی بێت یا زانستییەکەی، و پرسی جیاوازییە رەگەزییەکان و ... هتد کە ئەم رەهەندە ئیکۆنۆمی، ئەنتۆلۆژی، بایۆلۆژی و ئەنسرۆپۆلۆژییانە لە ناو باوەڕدا دەبنە ژێرخان بۆ سەرخانی مەعریفەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت سایکۆلۆژیش.
لێرەدا نابێت رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەو کارەکتەرە مەجازییە لە ناو پەروەردەی خێزانیدا لەبیر بکەین کە لە مڕۆدا هەمان کاریگەریی کارەکتەرە مرۆییەکانی هەیە و لە پاڵیاندا کار دەکات.  واتە میدیا و ماسمیدیا کە ئەمڕۆ لە هەموو ماڵێکدا هەیە. یەکەم بەرکەوتنی منداڵ بە کۆمەڵگە لە دوای خێزانەوە لە رێگەی تی ڤییەکان و نێتەوەیە و ئەم دووە لە خێزاندا وەك ئەندامێکی مەعنەویی خێزان هاوبەش و هاوکارن لە پەروەردە و دروستکردنی کەسێتی منداڵدا، بە تایبەت تا تەمەنی شەش ساڵی. سەرەڕای بوونی ئازادییەکی رێژەیی لە نێتدا، بەڵام لەم قۆناغەدا چ  تی ڤی و چ نێت بە پێی ویست و باوەڕ و پاشخانی ئایدۆلۆژیی ئەندامە بڕیاربەدەستەکانی خێزان دەگەن بە منداڵ. دواتر و لە قۆناغی پێگەییشتندا، مرۆڤ وا دەردەکەوێت کە ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەو تێمایانەی کە لەم سەرچاوانەوە ئاراستە دەکرێن،بەڵام ئەمەش تەنها ئازادییەکی رووکەشە، چونکە ماناکانی ئازادییش خۆی بەرهەمی مەعریفەی سیستمەکەن و کەسەکەش خۆی خوڵقاو و پێەگەییووی نێو سیستمەکەیە، مەگەر کەسەکە بە مەعریفەیەکی دژە سیستمی کوترا بێت و بەرگریی لە دژی نەخۆشییەکانی سیستمەکە هەبێت.  

سیستمی پەروەردەی خوێندنگەیی
سیستمی خوێندن دوو پایەی هەیە، یەکەم: خوێندن. دووەم: پەروەردە؛ هەردووکیشیان یەکتری تەواو دەکەن و یەك خزمەت بەویتر دەکات. بۆ نموونە مناڵ لە خوێندندا فێری خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری دەکرێت. کە ئەمە زانستە سەرەتایی و سەرەکییەکەی خوێندنە و لەوێوە بەرەو زانستی سەربار یا زێدەزانست( زانستە تەبیقییەکان، زانستی ئەبستراکت، زانستی مرۆیی و... هتد) دەڕوات کە لە دیاریکردنی ژیانی پیشەیی و وەزیفی ئاییندەی مناڵەکە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووریدا رۆڵی راستەوخۆی هەیە لەوەی لە ئاییندەدا دەکەوێتە ناو چ بوارێکی کارکردنەوە. بە مانای وەزیفەی خوێندن لە رووی زیهنی، جەستەیی و ئاکارییەوە بریتییە لە ئامادەکردنی هێزی کار بۆ نێو بازاڕ یا بە دەربڕینە ئاڵتۆسێرییەکە بریتییە لە بەرهەمهێنانی شارەزایی پێویست بۆ هێزی کار تا بە لێوەشاوییەوە سەر لە نوێ خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. ئەمەش لە لایەکەوە لە رێگەی دروستکردنی جۆری کەسێتی و لە لاکەی تریشەوە لە رێگەی چاندنی ئەو ئاراستە، وێنا و ئایدیایانەی کە مرۆڤ لەسەر خۆ گونجاندن لەگەڵ هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکاندا رادەهێنن.
هاندانی مناڵ و خۆشحاڵبوون بەوەی لە کاتی یاریکردندا رۆڵی مامۆستا، پزیشک و پۆلیس دەبینن، بەدەر لە حەزی لاساییکردنەوە تێیدا، بەوەی کەل و پەل و کەرەسەی پێویستی ئەو یارییانەی بۆ دابین دەکرێت، راهێنانێتی لەسەر پیشە و ئاکاری پیشەیی وجێگیرکردنی باوەڕبوونە بە پێگە و بایەخی بڕوانامە لە ناو ئەندێشەی منداڵدا. لە خوێندنگەدا، بەرهەمهێنانی بەها، زانین و شارەزاییەکان بۆ پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، کار و پیشە رەهەندێکی زانستی و مەنهەجی وەردەگرێت و لە پاڵ ئەم زانین و تەکنیکانەدا خوێندکار لە ژێر ناوی رێساکانی ئاکار، شارستانییەت و ئاکاری پیشەییدا فێری رێزگرتن لە رێساکانی دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتی دەکرێت لەسەر قەبووڵکردنی هەژموونیی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە رادەهێنرێت، فێری ملکەچبوون بۆ رێساکانی سیستم و ئایدۆلۆژیای زاڵ دەکرێت و ئەمەش کەڵەکە دەبێتە سەر شارەزاییەکانی هێزی کار. لە روواڵەتدا مامۆستای باش ئەو مامۆستایەیە کە زانیارییەکان بەباشی دەگەیەنێت بە خوێندکار بەڵام لە ناوەڕۆکدا و سەبارەت بە سیستمەکە ئەو مامۆستایە بە باشی خەیاڵی خوێندکارەکانی کووشتوە و خستوونییەتە ژێر هەژموونیی ئایدۆلۆژیای زاڵی چینی باڵا دەستەوە، ئەو چینەی کە وەکو گرامشی پێیوایە باشترین چەك بە دەستییەوە کۆنترۆڵکردن و لە قاڵبدانی کەلتوور و مەعریفەی کۆمەڵگەیە، لە رێگەی سەپاندنی مانا و دەلالەتە رەمزییەکانی زمان و کەلتووری خۆی و ناشرینکردن و  پەراوێزخستنی زمان و کەلتووری میللی و چینی کرێکار و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. بۆ نموونە وەکو بۆردیۆ ئاماژەی پێ دەدات خوێندنگە کار لەسەر پەراوێزخستنی زمانی میللی و بەهێزکردنی زمانی ئاریستۆکراسییەت و دەوڵەمەندان دەکات (*). ئەمەش ئەو توندو تیژییە رەمزییەی نێو سیستمی پەروەردەییە کە بەشدارە لە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەی کەلتووریی سیستمەکەدا.

پەروەردەی بەرەنگار و پەروەردەی لیبراڵ
هەڵسەنگاندن، پشکنین و هەڵوەشاندنەوەی کۆی سیستمی پەروەردەیی، دەستپێکە بۆ دروستکردنی بەهای نوێ و ئاکاری نوێ، لێرەوە خوڵقاندنی مرۆڤێکی نوێی ئامادە بۆ دەرچوون و یاخیبوون لە سیستمەکە. بەڵام سیستمی پەروەردەییش خۆی ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی ئاڵۆزتر و پێکەوەبەستراوی کۆی سیستمی سیاسی. ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆیە هەر جۆرە کارکردنێك  لەسەر سیستمی پەروەردەیی پەیوەستە بە کۆی ئەو ئەکتە بەرەنگارییانەی کە بەرامبەر سیستمەکە دەنوێنرێت. واتە پرۆسەیەك نییە بسپێردرێت بە قۆناغی دوای رووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکو بەشێکە لەو شۆڕشە کەلتوورییەی کە لە جەرگەی کاری شۆڕشگێڕیی و بەرەنگارییدا روو دەدات و تیایدا گشت  ئەخلاقیاتی کۆن بە هی تازە ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت.  
ئەفڵاتون پێیوایە بۆ پاراستنی منداڵ لە خووە خراپەکانی گەورەکان ئەگەر ناچار بیت دەبێت هەموو منداڵێکی خوار دەساڵ تەنانەت لە دایک و باوکیشیان دوور بخەیتەوە چونکە بە بڕوای ئەو کۆمەڵگەیەکی نموونەیی بەو منداڵانە بنیات نانرێت کە باوانیان خووەکانیان تێک دان. ئەگەر ئەم روئیایە بگوێزینەوە بۆ پەروەردەکردن لە سیستمی ئەمڕۆدا ئەوا دەکرێت بڵێین سیستم، چەشنی باوکەکە ئاکار و خووی مرۆڤەکانی هەموو تێکداوە و جۆرێك لە ئاکار و نەریتی جێخستووە. مرۆڤی بەسەر چەند شوناسێکی دروستکراودا پەرت کردووە، وەکو مرۆڤی باوەڕدار و ئایینی، هاوڵاتی، کڕیار، فرۆشیار و ... هتد؛ کە هەر یەکە لەم شوناسانە پەروەردەکردنیکی هەیە وەکو پەروەردەی ئایینی، پەروەردەی نیشتیمانی، پەروەردەی سیاسی و پەروەردەی ئابووری و ...هتد. پەروەردەی نیشتیمانی بەرپرسە لە پێگەیاندنی هاوڵاتی دڵسۆز بە دەوڵەت و مرۆڤ لە بوونێکی سیاسیی ساختەدا کورت دەکاتەوە. پەروەردەی ئایینییش مرۆڤ لە نێو رووبەرێکی تیۆلۆژیی بەرتەسكدا قەتیس دەکات و بناغەکانی ملکەچی و کۆیلەیی تێدا دادەڕێژێت. حەزی بەکاربردن و بەرخۆریی، پاڵنەرەکانی کار و هەڵپەی بەردەوام بۆ کۆکردنەوەی پارە و سامان و ... هتد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە ئابوورییەی کە چۆنێتی بوونی (وجود) مرۆییان گۆڕیوە بۆ چییەتی هەبوون(تملك). بە کورتی سوژەی سەربەخۆ و ئازاد لە سیستمی پەروەردەییدا گۆڕاوە بۆ سوژەیەکی پاشکۆ و ژێر هەژموونی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، خودا، سەرۆك، پارت و ... هتد.
ئەگەرچی پێگەیاندنی مرۆی بەرەنگار لە نێو ئامانجە گشتییەکەی سەرکەوتنی بەرەنگاریدایە، بەڵام ئەم ئامانجەش پێویستیی بە میتۆدێکی ئەکتی بەرەنگاریی کە سیستم تێپەڕێنێت. بۆیە پرۆسەی پێگەیاندن یا پەروەردەش هەر لە کۆنتێکستی ئەم میتۆدەدا نموونەیەکی جیاواز یا دژە ئاراستەی سیستمان دەداتێ. لە پەروەردەی بەرەنگاریدا، هاوکێشە ستوونییەکەی ئاراستەکەر – وەرگر هەڵ دەوەشێتەوە و پەیوەندییەکی ئاسۆییانەی بەشداریکەرانە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەربەخۆیی منداڵەکە و بەهێزکردنی توانای بڕیاردان و دوورکەوتنەوە لە بەرزەفتکردن (دیسپلین) و ملکەچپێکردن، دادەمەزرێت.

  •          لە کوردیدا ئەمە بە روونی دەبینرێت کاتێك لە ئاخاوتنی رۆژانەدا کەسێك بە زمانێکی ئەدەبییانە یا فەرمیی قسە دەکات پێی دەڵێن ئەوە قسەی کتێب و رۆژنامەییە، ئەمەش نیشاندەری ئەو جیاکارییەیە لە نێوان زمانی میللی و ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی ئەدەبیاتی ئاریستۆکراسی ناوی ببەین.