گرێکوێرە


لەگەڵ یەکەمین نمەبارانی ئەم پاییزەدا، سەرنجی ئەو تۆزە رەنگ کاکاوییە دەدەیت، کە لە زەوییەکەوە هەڵدەستێت. شادییەكی تایبەت، رووخساری خەڵکەکەی داگرتووە. شادبوونەوە بە باران و دڵنیابوونەوە لەوەی، کە سرووشت هێشتا لە دڵنەرمیی خۆی نەکەوتووە. ژنان و پیاوان و منداڵان، لە ناو کۆڵانەکەدا بە زەردەخەنەوە لەگەڵ یەك دەدوێن. چەند مناڵێك دەست بۆ بارانەکە بەرز دەکەنەوە. منداڵێک، دەستی بە دەستی دایکییەوەیە و ئەویش قسەی بۆ دەکات " رەنگە ئێستا باسی بارانی بۆ بکات". حەز دەکەیت دابەزیت و بۆنی یەکەم باران بکەیت. ئەو بۆنەی، یەکەمجار دایکت پێی ئاشنا کردیت. ئێستاکەيش، کە ئەو بۆنە بە لووتدا دێت، دایکت وەبیر دێتەوە و وا هەست دەکەیت، بۆنی دایکت دەکەیت. ئۆئۆمبیلەکە هێواش دەکەیتەوە، تا لە کەناری شەقامەکە رایگریت. لە پڕ پەشیمان دەبیتەوە و دانابەزیت " دابەزە ساڵی یەکجار ئەم بۆنە دەکەیت . کێ دەڵێت پێدا رادەگەیت، تا ساڵێکی تر ئەم بۆنە بکەیت!!".. هەناسەیەك هەڵدەکێشیت، پێ  دەنێیت بە سکرێتەری بەنزینەکەدا و لە کۆڵانەکە دەردەچیت.

دەگەیتە شەقامە گشتییەکە و نمەبارانەکە، بە تاوتر و بە لێزمە دەبێت. رادیۆکە پێدەکەیت، گۆرانیی " سەفەر مەکە" پەخش دەکرێت.
سەفەر مەکە.. سەفەر مەکە
دڵم ئەڵێت ناتبینمەوە
فێرە گریانێکی سەخت بووم
دەستم پێ کرد ژیر نابمەوە
تۆ هەتا ئێستايش، ژیر نەبوویتەوە و لەوە ناچێت تا ئەبەدیش ژیر بیتەوە. سەرەتا، کە ئەم گۆرانییە بڵاو بووەوە، تۆ زۆر حەزت پێی نەبوو. تەنانەت ئەو رۆژانەيش، کە کەڵکەڵەی سەفەر لە مێشکتی دابوو و هەموو جارێك دایکە پیرەکەتت پێی دڵتەنگ دەکرد، هەر حەزت لێی نەبوو. تا ئەو کاتەی سەفەر بووە تابووتێك و دالیای تێدا راکشا. ئیتر هەر کاتێك گوێت لەم گۆرانییە دەبێت، هەر خۆت بیت یا لەگەڵ برادەرکانتا، چاوەکانت پڕ لە فرمێسک دەبن و بە بێدەنگی، هەنسک دەدەیت.
بارانەکە، رێبوارەکانی سەر شەقامەکە شپرزە دەکات، چونکە زۆربەیان بە جلی هاوینەوە، هاتوونە دەرێ. رێبوارێك دەستت لێ رادەگرێت و تۆیش ئۆتۆمبیلەکەت خاو دەکەیتەوە و لە بەردەمیدا دەوەستیت.
-         کاکە بە چەند دەمبەیتە لای مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل؟
ئۆو دیسان ئەم ناوە نەفرەتییە! ئیبراهیم خەلیل، ناوێك پڕ لە نهێنی و گرێوگۆڵ. پەیامبەرێکی یاخی، دەروازەیەك بۆ بازرگانی و پەڕینەوەی خەڵک بۆ تاراوگە ، مزگەوتێکی چەپەکیش لە گەڕەکێکی ئەم شارەدا. بەڵام بۆ تۆ ئەو گەڕەکە بووە قیبلەگەیەك، وەك چۆن ئەو خاڵە گومرگییە بووە دەروازەیەك و دەرگای زەمهەریرێکی لێ خستیتە سەر گازەرای پشت .. یەکسەر ئەو رۆژە پاییزییەت بە یاد دێتەوە، کە دالیا وەک چۆلەکەیەکی بەر باران،  دەستی لێ راگرتیت.
-         کاکە بۆ لای مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل
+ فەرموو سەرکەوە
نائاگاهانە بە تووڕەیی وەڵامی کابرا دەدەیتەوە:
        + نەخێر ناچم
-         باشە مەچۆ،دابەزە هەنێکیشمان تێ هەڵدە
بە خۆتدا دێیتەوە:
+ ببورە بەڕێز، ئاگام لە خۆم نەبوو.
کابرا بە جێ دەهێڵێت.
 رادیۆکە دەکوژێنیتەوە و دەست دەنێیت بە ریکۆردەکەدا. کاسێتیێکی داریوشی لەسەرە. ناو ئۆتۆمبیلەکە پڕ دەبێت لە بۆنی باران و عەترێکی کچانە.
-         گۆرانییەکی زۆر خۆشە!
+ بەڵێ، راستە
-         دیارە زەوقێکی جوانت هەیە
-         سوپاس خاتوون
هەر ئەو ئێوارەیە و لە بەر دەرگای ماڵەکەیاندا دالیا، داوای لێ کردیت، کە هاتوچۆ بە خۆی دوو هاوڕێی تری خوێندکاری بکەیت. تۆ، بەلاتەوە سەیر بوو. ئاخر پەیمانگای هونەرە جوانەکان، لە ماڵی ئەوانەوە زۆر دوور نەبوو، تا پێویستیی بە تاکسی هەبێت. بەڵام کە سەرنجی ماڵەکەیانت دا، لە دڵی خۆتا گوتت: پارە زۆرییە.
لە شەقامی شەستییەوە هەڵدەگەڕێیتەوە بەرەو ناوشار. لای مەيفرۆشەکەی سەرکارێز، قاپێك عارەق و پیاڵەیەك دەنکە کوولەکە دەکڕیت، سوار دەبیتەوە و لێدەخوڕیت بەرەو شەستییەکە . لە چۆڵەوانییەکدا، دەچیتە کەنار شەقامەکە و دوو پێکی خەست هەڵدەدەیت، هەرچەندە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبوویت، کە بە مەستیی ئۆتۆمبیل بئاژویت، بەڵام ئەو سەفەرە نەهاتەی دالیا، گەلێک خووی خراپی تێدا دروست کردیت. وەک چۆن فێری کردیت عارەق بەبێ ئاو بخۆیتەوە. دەست دەکەیتەوە بە لێخووڕینی ئۆتۆمبیلەکە. جار جارە رێبوارانی سەر شەقامەکە دەستت لێ رادەگرن، تۆش وەڵامیان نادەیتەوە. رەنگە ئێستا تێر جنێو بۆ دایک و خوشکت بنێرن، بەڵام تۆ باکت نییە و بە خێرایی دەئاژۆیت و دەتەوێت لە بەردەم ماڵی دالیا ئەو نامەیەی نەبەز بخوێنێتەوە، کە لە تورکیاوە بۆی ناردوویت و ئەمڕۆ خوشکەکەی هێنابوویە ماڵتان.
ئاخر شەش مانگ بەسەر سەفەرەکەیدا تێپەڕیبوو و دالیاش هەواڵی بڕابوو. بۆیە تۆش، کێچ کەوتبووە کەوڵتەوە و هەڵوەدای هەواڵێکی بوویت. سەرت بە کۆشی چەندین کەسدا کرد، لە دەرگەی گەلێک مەرد و نامەردت دا، تا هەواڵێکت دەستکەوێت. ئێ هەر خۆی پێی گوتبوویت:
-         هەر کە گەییشتمە تورکیا، پەیوەندیت پێوە دەکەم. 
ئەوەی زیاتر پەرێشان و شپرزەی کردویت، وەڵامەکەی سەناریای هاوڕێی بوو، کە لەگەڵ دالیادا هاتوچۆت پێ دەکردن:
-         بیستوومە دالیا شووی کردووە. کاک حەمید! بە راستی تۆ بوویتە هۆی سەفەری دالیا و باوک و دایکی.
-         من بۆ؟
-         خۆت دەزانیت ئەو تاقانەی دایکوباوکی بوو. کاتێک زانییان یەکترتان خۆش دەوێت. زۆریان پێ ناخۆش بوو. ببورە وا دەڵێم، بەڵام ئەوان پێیان خۆش نەبوو، کچەکەیان شوو بە شۆفێرێکی تاکسی بکات. ئەيشیانزانی ئەگەر بێتو دڵیشی بشکێنن، رەنگە خراپ بقەومێت. بۆیە بڕیاری سەفەریان دا. ئەمە دایکی بە دزی دالیاوە بۆی باس کردم.
هۆڕینی لۆرییەک وەئاگات دەێنێتەوە. شۆفێرەکە، بە دەم لێدانی هۆڕینێکی درێژەوە، بە پەنجەش ‏جنێوێکی تەڕت بۆ دەنێرێت. ‏
وا نزیکی مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل دەبیتەوە. دوو ساڵ پێش ئێستا، رێک هەر ئەمڕۆ بوو، کە بۆ یەکەمجار دالیات هەڵگرت. ساڵی پار پێکەوە ئەم یادەتان کردەوە. ئەو کراس و پانتۆڵەت پۆشیبوو، کە دالیا کردبوویە دیاریت. تۆ کرێی مانگانەت لێ وەرنەگرت و ئەویش کراس و پانتۆڵێکی بۆ کڕیبوویت، پارەکەیشی خستبووە گیرفانی کراسەکەوە. ئای لەو رۆژەی کە چوویتە ماڵەوە و دالیات لە ماڵی خۆتان بینی. ئەو کراس و پانتۆڵەکەی بۆ هێنا بویت . دایکت لە خۆشیدا پێی لە عەرز نەدەکەوت. دالیا نیسکافەیەکی لە بەردەمدا بوو.
-         حەمید! ئەزانیت ئەم خانووە گڵە زۆر خۆشە!؟
-         ئاخر تۆ دڵۆپەی باران، بانگێڕان، خرتەی مشک و خووڕەی باراناوی گوێسوانە هەراسانیان نە کردوویت؛ بۆیە بەلاتەوە خۆشە.
-         نا، وانییە حەمید، هەموو شتێک جوانيی خۆیی هەیە. بۆ نموونە ئەو جوانییەی لە تۆدا بینیوومەتەوە، لە هیچکام لە کوڕە خوێندکارەکانی هاوڕێمدا پەیدام نەکردووە. رەشتاڵەکەم! ئەزانیت هاوڕێ لووسکەلەکانم ئێرەییت پێ  دەبەن ؟
سیلەی کۆڵانەکە قووتت دەدات. بە دەم لێخوڕینی ئۆتۆمبیلەکەوە دەست دەکەیت بە گیرفانتا. دەتەوێت لە بەردەم ماڵی دالیا نامەکە، بکەیتەوە و بیخوێنیتەوە. بەڵام دەحەپەسێیت. دەستت لە گیرفانتا وشک دەبێت. لافیتەیەكی رەش بە دیواری ماڵی دالیاوە هەڵواسراوە. چەند پیاوێک بە ماتی، وەستاون و قسە دەکەن. دەستێکت بە سوکانەکەوەیە و دەستەکەی تریشت لە گیرفانتایە. هەموو گیانت دەلەرزێت. لە بەردەم ماڵی دالیادا رایدەگریت. ناتەوێت نووسینی سەر لافیتەکە ببینیت؛ ئاخر ناوی دالیای تێدایە. هەر لەناو تاکسییەکەوە، سەلام لە پیاوەکان دەکەیت و لایەکی سەرت دەردێنیت. یەکێک لە پیاوەکان، لێت نزیک دەبیتەوە. دراوسێی ماڵی دالیایە و دیارە ئەویش دەتناسێتەوە، تۆ شۆفێری تاکسییەکەیت کە هاتوچۆت بە دالیا دەکرد. بە دەنگێکی لەرزۆکەوە.
-         ئەو هەواڵە راستە؟
-         بەڵێ، دالیا و دایکی خنکاون و ئەم نیوەڕۆیە کاک ئەکرەم لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەستەنبوڵەوە تەلەفۆنی بۆ براکانی کردووە.
دڵت پڕ دەبێت و دەتەوێت جڵەوی خۆت بکەیت.
-         ئەمە کەی رووی دا؟
-         دوێشەو لە دەریای ئیجە بەلەمەکەیان نوقم بووە.
هەر کە دوور دەکەویتەوە، پڕ بە گەرووت هاوار دەکەیت و دەست بە گریان دەکەیت. ئەو رۆژەی دالیا باسی سەفەرەکەی لات کرد و دەیویست دڵنیات بکاتەوە، کە هەموو خەمێکی راکێشانی تۆ دەبێت؛ تۆش زەردەخەنەیەکی تاڵت بۆ کرد. لەبەر ئەوە نا، کە متمانەت پێی نەبوو. نا، تۆ پێت وابوو ئەو لەوە ئازاتر و راشکاوترە، کە ئەگەر تۆی نەوێت، بیشارێتەوە و بە کۆدەوە قسە بکات. تۆ دڵت خەبەری دابوو، کە ئەو نابینیتەوە. ئاخر عاشق، هەمیشە خەمی عیشقەکەیەتی، رەنگە مەعشووق، بیانوویەکی عاشق بێت، بۆ رەنگکردنی جوانییەك لەسەر پانتاییە خۆڵەمێشییەکەی ژیان. ئای دالیا گیان! ئەبێت لەو شەوە تاریکەدا و لە ناو دەریادا، چەندت هاوار کردبێت و تەنانەت خوداش گوێی لە هاوارەکەت نەبووبێت. دالیا! ئاخر ماسی و قرشەکان، چۆن دڵیان هات ددان لە گۆشتی تۆ گیر بکەن، چۆن؟ دالیا! دەڵێن خودا یونس پێغەمبەری لە قوڕگی نەهەنگێکەوە دەرهێنا، ئەی چی ئەبێت ئەگەر جارێکی تر ئەم موعجیزەیە بۆ من دووبارە بکاتەوە و لەنێو قووڵایی دەریاوە، بتهینێتە دەرێ و تۆيش، هەموو گومان و واتە واتەکان بڕەوێنیتەوە!...
ئۆتۆمبیلەکە دە ئاژۆیت و خۆيشت نازانیت بەرەو کوێ. ئەو کۆڵانە بە جێ دەێڵيت و دەچیتە سەر شەقامە گشتییەکە. ‏نامەکەی نەبەزی هاوڕێت لە گیرفانت دەردەهێنیت و بە پەلە سەیری رۆژی ناردنەکەی دەکەیت. دوو هەفتە بەر لە ئێستایە. دەتەوێت چاوێکی بەپەلەی پیا بخشێنیت و فرمێسکەکانت ناهێڵن نامەکە بخوێنیتەوە. چاوەکانت دەسڕیت. چاوێکت لە سەر شەقامەکەیە و چاوێکیشت لە سەر نامەکە:
" حەمید گیان سڵاوێکی گەرم! بە دوای نامەکەتا، هەوڵێکی زۆرم دا تا سۆراغێکی دالیات بۆ بکەم. هەموو ئەو قاچاخچی و پەنابەرە کوردانەی لێرەن، پرسیارم لێ کردوون. بەڵام کەسیان نایناسن. لەم رۆژانەدا، بە سودفە لە ئاکسەرای، لەوبەری شەقامەکەوە بەدییم کرد. هەتیو بە خوشکم بێت زۆر جوان بووە. " سەر هەڵدەبڕیت و بەدەم لێخوڕینەوە سەیرێکی شەقامەکە دەکەیت. باران و فرمێسک، جامی سەیارەکە و چاوەکانتیان لێڵ کردووە. " خێرا شوێنی کەوتم تا بزانم لە کوێ دەژین. گەییشتە فەرعێك و منیش بە شوێنییەوە بووم؛ کە چوومە فەرعەکەوە تەماشام کرد، مەفرەزەیەکی پۆلیسی لێیە. بۆیە لە ترسا پاشەوپاش گەڕامەوە." بە پەلە لێ دەخووڕیت. نەفەرێك دەیەوێت بپەڕێتەوە. خەریکە دەیشلێت و تۆ، بە خێرایی پێچ دەکەیتەوە. ئۆتۆمبیلەکە لە دەستت وەردەگرێت و کۆنترۆڵت نامێنێ. یەك زرمە و خۆت دەکێشیت بە دارتێلی ناوەڕاستی شەقامەکەدا. ناوچەوانت، بەر جامی ئۆتۆمبیلەکە دەکەوێت. سنگت دەکەوێت بەسەر سوکانەکەدا و دەستەکانت شل دەبن و بەر دەبنەوە  لای ئەژنۆکانت. دەتەوێت راست بیتەوە، بەڵام خۆت بۆ راناگیرێت ‏.هەوڵێکی زۆر دەدەیت، تا دەستەکانت بەرز دەکەیتەوە و دەيخەیتە سەر داشبووڵی ئۆتۆمبیلەکە ، وردەشووشەکانی سەر داشبووڵەکە لە قەراغی دەستت هەڵدەچەقن، بەڵام زۆر هەست بە ئازار ناکەیت. دەتەوێت نامەکە تەواو بکەیت. باران لە جامی شکاوی ئۆتۆمبیلەکەوە، پشتی سەرت تەڕ دەکات؛ لینجییەك، لە ناوچەوانتەوە دەڕژێتە سەر دەستت و لەگەڵ بارانەکەدا نامەکەی دەستت دەخوسێننەوە. هەناسەت قورس دەبێت. دەنگەدەنگێك، بە کزيی دێتە گوێت و هێز وەبەر خۆت دەنێیت و دەتەوێت چاوەکانت بکەیتەوە.. چەند تارماییەک بە دەوری ئۆتۆمبیلەکەوە دەبینیت.
-         ئادەی فریای کەون، دەری بێنن.
-         تکایە بە هێواش
دەنگە دەنگەکە، کز دەبێت. تارماییەکان کاڵ دەبنەوە. رووخساری دایکت و دالیا دێنە بەرچاوت. رووخسارەکان کاڵتر دەبنەوە.. کاڵتر.. دەنگە دەنگەکە کزتر.. کاڵتر.. کزتر....
بەرلین
٣٠ نۆڤەمبەری ٢٠١٧