نۆکەریکردن لە دوو فۆرمی جیاوازدا

ئەگەرچی ئەفلاتون لە کۆمارەکەیدا شاعیران دەکاتە دەرەوە لەبەر ئەوەی دەبنە هۆی دەبنە هۆی دەرچوونی ئایدیا لەسەر رێگەی هەقیقەت و ملی پێ کەچ دەکەن بۆ ئیغرائاتی وێنا شێواوەکان.

بەڵام پارادۆکسی شیعر ئەوەیە کە خەون و خۆزگەکان دەباتەوە سەر سنوورەکانی یۆتۆپیایەكی ئەفڵاتونی و وێنەی دونیایەکی ئایدیاڵ دەکێشێت. رەنگە ئەو دێڕە شیعرەی هێمن کە دەڵێت:
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم تا لەسەر ھەردم ئەمن
باشترین نموونە بێت بۆ دروستکردنی وێنایەکی نابەجێی کارەکتەری ناسیونالیستیی کورد کە شاعیر وەك بکەرێکی خۆڕاگر بەرامبەر بە حەز و خەونە شەخسیی وماددییەکان وێنای دەکات و تا ئاستی مردن لە برسا و رەقبوونەوە لە سەرما و رەتکردنەوەی نۆکەرایەتی لە پێناو گەییشتن بە ئامانجەکەیدا، دەیبات. ئەمەش وێڕای ئەوەی خەونێکی شێواو و وێنایەکی چەواشەی هەقیقەتی ئەم کارەکتەرەیە کە هەتا کاتی نووسینی شیعرەکە(١٩٤٢)، نۆکەریکردنی سەرکردەکانی کورد لە چەند فۆرم و پاساوێکدا دووبارە بووەتەوە. هاوکات گوزارشت لە هەست بە گوناهکردن دەکات و دەیەوێت لە رێگەی ئەو جۆرە شیعرانەوە رەوایەتی بدات بە شێواندنی خەونی زاتی کوردی بەوەی داوا لە ناسیونالیزمی کورد بکات کە دەستبەرداری نۆکەرایەتی ببێت.
ئێمە لە سەد ساڵی رابردوودا دوو جۆر نۆکەریکردنمان لە سەرانی کوردایەتی لە باشوور بینیووە؛ یەکەمیان پێش دەرهێنانی نەوت کە نۆکەرییان بۆ دەوڵەتەکانی دراوسێ و دەوڵەتە زلهێزەکان دەکرد. دووەمیان دوای دەرهێنانی نەوت کە نۆکەریی بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمپانیا جیهانییەکان دەکەن. لە یەکەمیاندا دەچوونە نێو گەمەی سیاسی وڵاتانەوە و رەوایەتیان لە کێشەی کورد وەردەگرت؛ لە دووەمیاندا چوونەتە نێو بزنس و گەمە ئابوورییەکانەوە و پێویستییان بە هیچ جۆرە رەوایەتییەک نەماوە و قاقا بە هەست و خەمەکانی خەڵک پێ دەکەنن.