شکستی بایکۆت یا شکستی مۆدیلێك لە ناڕەزایەتی


"ئێوە وەکو شۆڕشگێڕ، ئاوات بۆ باوك/سەرگەورەیەکی تر دەخوازن، دەی بە مەرامی خۆتان دەگەن" 
ژاك لاکان بۆ خۆپیشاندەرانی شۆڕشی خوێندکارانی ٦٨


پاش نزیکەی دووساڵ لە شەپۆلێك لە ناڕەزایەتيی مووچەخۆران و مامۆستایانی ئەم دەڤەرەی پێی دەگوترێت زۆنی سەوز، دژ بە سیاسەتە نیولیبراڵییەکانی دەستەی فەرمانڕەوا لە هەرێمی کوردستان؛ سەرەنجام مامۆستایانی ناڕازی جاڕی کۆتایی بایکۆتیان دا. بێگومان شکست و کۆتاییهاتنی بایکۆت کاریگەری لەسەر باری دەروونی و مەعنەویی زۆرێك دادەنێت و دووچاری بێئومێدی و تێکشکانیان دەکات، وەك چۆن فاکتەرێکیش دەبێت بۆ زۆر کەسی دیکە بۆ بەخۆداچوونەوە و بیرکردنەوە لە گرتنەبەری شێواز و فۆرمی دیکە لە ناڕەزایەتی.

ئەم مۆدێلە لە ناڕەزایەتی هەر دەبوو شکست بخوات، چونکە داواکارییەکانی بچووک بوون، نیگاکانی کورتمەودا بوون و بکەرەکانیشی خاوەن هۆشیاريی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕانە نەبوون و هەروەها بنکی واقيعیشیان لەناو چینەکانی کۆمەڵگادا وەک پێگە، پۆتانشێڵی گۆڕینی سیستەمی پێنەبوو. ڕۆژگارەکە ئەو ئیحایەی دا بە مامۆستایان کە گۆڕانکارییەکان لەسەر دەستی ئەواندا دەبێت و ئەوان مێژووی نوێی ئەم هەرێمە درووستدەکەن، بەبێ ئەوەی ناکۆکییەکانی ئەو ساتەوەختە مێژووییەیان ناسیبێتەوە یا دەستنیشانکردبێت، بەبێ ئەوەی سەرچاوە و هۆکارەکانی درووستبوونی ئەو هەلومەرجە ئابوری و کۆمەڵایەتییەیان دركکردبێت. ئەم ئەم مۆدێلە لە ناڕەزایەتی هەر دەبوو شکست بخوات چونکە سێڕەی لە دەسەڵاتی سیاسی نەگرتبوو چ جای کۆی سیستمەکە. بڕووخێ دز، بڕووخێ دز تا ئاستی نوکتەیەکی سیاسيی بێ‌کاریگەر و بێ‌ناوەڕۆك برا، ئاخر ئەم فۆرمەی ناڕەزایەتی دەیزانی چيی ناوێت بەڵام نەیدەویست بڵێت کە چيی دەوێت. کاتێك خوازیاری شتێکیت و ناتەوێت بڵێیت: بەڵام من ئەوەم دەوێت. وەك ئەوە وایە بڵێیت خۆ من هەر ئەو شتەم دەوێت کە دەڵێم نامەوێت. راستە من دەڵێم بڕووخێ، بەڵام لەڕاستیدا من نامەوێت بڕووخێت. دواجار ئەوەی دەگوزەرا نە مانگرتن و کارڕاگرتن بوو نە دەوامکردنی ئاسایی مووچەخۆران، نە ڕازیبوون بوو نە ناڕەزایەتی، نە بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی بوو نە بانگەوازێك بۆ شۆڕش و ڕاپەرین، ئەمە لە ئاکسیۆنیزمێك زیاتر نەیتوانی شتێكی تر بێت.
وەکو مۆدێل شکستی بایکۆت، دەرکەوتە و نیشانەیەکی شکستی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆتاییهاتنی سیاسەتی دووفاقییانە و هەلپەرستانەی یەکێتییە. بەوەشدا دەڵێین بایکۆت، سەرباری بانگەشەکردن یا ڕەتکردنەوەی ڕێکخەرانی ئەم جووڵانەوانە و لایەنە سیاسییەکان، کاریگەری و هەژموونی گۆڕان(و یەکێتی بە ڕادەیەکی کەمتر)ی بەسەرەوە بوو، کە ناو و ناوەڕۆك و مۆدێلی بایکۆتکردن، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و ڕوئیایەکی سیاسییە کە بڕوای بە کاری شۆڕشگێڕی و جووڵەی ڕادیکاڵ نییە و دەربڕی موحافيزکارییەکی سیاسی ، ئابوری و کەلتورییە. مانا و مەفهومی ڕادیکاڵانە و شۆڕشگێڕانە لە ئەکتی مانگرتن و خۆپیشاندان داماڵراون. لێرەدا پێویست ناکات بە شوێن ئیعازی حزبییدا بگەڕێین تا هەیمەنەی حزبیی بناسینەوە، بەڵکو بە سەرنجدان لەو ئاکسیۆنیزمە سەر جادەییە، دەتوانین سایەی ڕاستڕەویی سیاسی بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا ببینینەوە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە ناو ناوەندەکانی کار و کۆنترۆڵکردنی فەزای گشتی لە شوێنی کاردا، سەرباری ئەوەی رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبووە لە بەسەرکەوتن گەیاندنی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران و خەباتی جەماوەریشدا، هەروەها بۆ خۆیشی هەمیشە تایبەتمەندییەکی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی و چەپ بووە و سیمایەکی جیاکەرەوەی بووە. لە رووداوەکانی نزیك بە دەساڵی رابردوودا بە تایبەت ئەوەی پێی دەگووترێت شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکانی ۆڵ ستریت و ئیسپانیا و یۆنان، چەقی قورسایی لە کارگاکان و ناوەندەکانی کارەوە گوێزرایەوە بۆ فەزای گشتی و شەقامەکان و مەیدانەکان. دەشێت لە باری ئابوورییەوە هۆکارەکەی بۆ بەهێزبوونی رۆڵی کەرتە خزمەتگوزارییەکان بێت بە بەراورد بە رۆڵی کارگاکان، بەڵام لە باری کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندیی بە فراوانبوونەوەی رووبەری کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار، یا ئەوەی ژیژەك بە پێگەی پڕۆلیتاری ناوی دەبات، هەبێت. ئەگەرچی ئەم شێوازەش لە خەبات و تێکۆشان و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی فەزای گشتی لە ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت لە شۆڕشەکانی تونس و میسریشدا، داهێنراوی بزووتنەوەی چەپ و دژە سەرمایەدارییە. بەڵام لێرە ڕاستڕەویی سیاسی ئەم ئەکتە جەماوەرییەی لە ئاکسیۆنیزمێکی سەرجادەییدا کورت کردەوە، لە ماوەی نزیك بە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا چەپیش لە کوردستان خەبات و ناڕەزایەتیی ناو کارگا و ناوەندەکانی کاری لە ئاکسیۆنیزمدا کورت کردەوە، و وەك مۆدیل و فۆرمی تایبەت بەم ئاراستە سیاسییە دەرکەوت.
بەڵام وەکو ئەکتی کۆمەڵایەتی شکستی بایکۆت، واوەترە لەوەی شکستی ئەزموونێکی لۆکاڵیی گروپێکی پیشەیی بێت، بەڵکو فۆرمێکی ڕانەگەیەنراو و موحافيزکارانەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی بوو بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو نەك ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕەتکردنەوەی هەلومەرجەکە، شکستی هەوڵ و پەلەقاژەی چینی مامناوەند (وردەبۆرژوا) و وردەبازرگانەکانە لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ژێرناوی چارەسەری قەیرانی داراییدا ئەنجامدەدرێن و لە واقیعیشدا جێبەجێکردنی مەرجەکانی سندوقی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی تر و زەمینەسازییە بۆ فراوانکردنەوەی کەرتی تایبەت (خەسخەسەکردن) و گرتنەوەی ئەو فیچقە داراییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە چەشنی بڵقێك درووستبوو و تا ٢٠١٤ی خایاند. لە نێو ئەم بڵقە ئابورییەدا توانا و حەزی کڕین و بە کاربردن لە لای ئەم چینە بە ئەندازەیەك چووەسەرەوە وەك بڵێی تۆڵەی نەهامەتییەکانی گەمارۆی ئابوريی ساڵانی نەوەدەکان دەکاتەوە. بۆیە تەقاندنیشی وەك ڕاگەیاندنی شەڕێکی فراوانی کەمینەی فەرمانڕەوا و ئەوەی پێی دەگوترێت حکومەتە لە دژی چینی مامناوەند، بەڵێندەران و وردە بازرگانەکان کە سەرجەم خەون و خەیاڵە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم چینەی کردووە بە تۆز(١) و هەڕەشەی هەڵخزانی یەکجارەکییان بۆ نێو بازنەی هەژاری و چینی کرێکار کردووەتە شتێکی مادی. لێرەوە ناڕەزایەتیی مووچەخۆران و مامۆستایان، بەرگریی چینی مامناوەندە بۆ پاراستنی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی(٢) و هەڵنەخزان بۆ نێو چینی کرێکار.

نائامادەبوونی خوێندکار لە بایکۆتی مامۆستایاندا

چەند سیسته‌مێکی خوێندنی زۆر دەگمەنی یەك دوو وڵاتی لێدەرچێت، پەیوەندییەکانی نێو سەرجەم سیستمەکانی خوێندنی جیهان هەتا ئێستا لەسەر هاوکێشەی هیرارکییانەی مامۆستا/خوێندکار داڕێژراون و لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی هەرەمییانەدا ڕێکخراوە.
سەرمایەداری وەك سیسته‌مێکی چینایەتی، درێژەپێدەر و بەهێزکەری سیسته‌می هیرارکیزمە. ئەم سیسته‌مە لە ڕێڕەوی سەرهەڵدان و گەشەکردنیدا، لە کارگه‌کان و دامەزراوە ئیداری و کارگێڕییەکاندا پێویستیی بە جێخستن و چەسپاندنی پەیوەندییە پلەبەندییەکان بووە و تا ئێستایش هەر وایە. سیسته‌می تەندرووستی و خوێندن و ئیدارە و فەرمانگەکان جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ پەیوەندییە پلەبەندییەکانی کایەی سەربازيیدا نییە. دەوڵەت و دامەزراوەکانی، نموونەی ئەم هیرارکیزمەن. وەرگرتن و پەسەندکردنی لاشعورییانەی هیرارکیزم لەلایەن مرۆڤی ئەمڕۆوە، لەو ئەتەکێتەدا دەبینینەوە کە پۆست و پایەیەك بەسەر خاوەنپۆستەکەدا دەیسەپێنێت، لەو جلوبەرگەدا دەیبینینەوە کە کارمەند و بەڕێوەبەرەکان بە پێی جۆری کارەکانیان ناچارن بیپۆشن، لەو سنوربەندییانەدا دەیبینینەوە کە مرۆڤەکانی یەك ژینگەی کار لە نێو خۆیاندا درووستیدەکەن، وەکو سنوربەندیی نێوان پزیشک و کارمەند، مامۆستا و خوێندکار ، کارمەند و کرێکار و کارگوزار ...هتد. بەشی زۆری سیفەتەکانی وەك ماستاوچێتی، هەڵپەکردن، بەرژەوەنديخوازی، خۆپەرستی و خۆبەزلزانی زادەی هیرارکیزمن. چونکە سیسته‌می پلەبەندی بۆ هەندێك لە مرۆڤەکان دەبێتە خێر و بەرەکەت و لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە ئیمتیازاتیان پێ دەبەخشێت و بۆ هەندێكی تریش دەبێتە ئیغرائات و خەون و خولیا. لێرەوە هیرارکیزم، لە ئەندێشەی مرۆڤی ئەمڕۆدا تا ئاستی بە پیرۆزکردن سادە و ئاسایی بووەتەوە کە وێناکردنی هەڵوەشانەوە یا کەمکردنەوەی ئەم هیرارکییەتە قورس و بگرە مەحاڵ بێت و مرۆڤەکان خۆیان نائاگايانە دەبنە پارێزەری ئەو سنورانە.
لە ناڕەزایەتییەکانی سەد رۆژەی مامۆستایاندا، نائامادەبوونی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی خوێندکارانی زانکۆ و دواقۆناغەکانی ئامادەیی، ئەو کەلێنە بوو کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئاراستە و ئامانجەکانی ناڕەزایەتییەکاندا دانا. ئەگەر لەباری کۆمەڵناسییەوە ئەو بەشە لە خوێندکاران کە ناومان بردن، وەك پێکهاتەیەکی گەورەی گەنج سیماکانی ئایندەی کۆمەڵگە دیاریبکەن، ئەوا لە باری ڕەمزییەوە نائامادەبوونی ئەم ڕێژە زۆرەی خوێندکار(گەنج) لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایاندا نیشانەی غیابی هێزی خەونبینین و غیابی ئاییندەخوازییە. بۆیە ئەگەر لەسەر ئاستی تاك هەر جۆرە نماییشێکی ئاسایی وێنەی مامۆستا یا خوێندکار بەبێ ئەویدی وێنەیەکی ناتەواو بێت، ئەوا لە ئەکتی کۆمەڵایەتیدا ناتەواويی وێنەکە نیشانەی پارادۆکسێکی قووڵی ئەم جووڵەیەیە. سەرچاوەکانی ئەم پارادۆکسەش لەو هیرارکیزمەدایە کە باسمانکرد، لەو میکانیزمەدایە کە ناڕەزایەتییەکانی پێ بەڕێوەدەچوون، بە داخستنی دەرگای خوێندنگەکان و کۆبوونەوە لە بەردەم پەروەردەکاندا ڕێگرییەکی فیعلی بۆ بەشداریی خوێندکاران دروستبوو. ئەوەی کە مامۆستایان لە ناڕەزایەتییەکانیاندا لە باری سیاسییەوە بوونە جێبەجێکەری ئەو ڕوئیا و نەریتە سیاسییە موحافيزکارانەیەی ڕۆڵی ناوەندەکانی کار و جومگە ئابوری و ئیدارییەکانی وڵات بێبایەخدەکات و پشت بە ئاکسیۆنی سەر جادەیی دەبەستێت. دەشێت تەنها پەیوەندیی نەبێت بە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم توێژەوە کە بەگشتی وردەبۆرژواییانە و ناشۆڕشگێڕانەیە. بەڵکو لەڕووی مەعریفیيشەوە، گوێزەرەوەی ئایدیا و فەلسەفەی دەسەڵاتن بۆ نەوەکانی دواتر و ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر دەگێڕن لە پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی مەعریفەی سیسته‌مدا.


بەرەنگاری، ڕوانگە و ئاسۆکان

گوڵ لێرەیە، وەرە لێرە سەما بکە

سەرەڕای ئەو ڕەخنە و سەرنجانەمان لەو فۆرمە ناڕەزایەتییە، بەڵام ئەمە ئەزموونێکیش بوو کە دەبوو هاوڵاتییان پیایدا تێپەڕن و ناکامی و نەزۆکيی ئەم ناڕەزایەتییانە ببینن و بەری بکەون تا بگەن بە فۆرمێکی کاریگەر، واتە ئەزموونکردنی نیگەتیڤ بۆ گەیشتن بە شتێکی پۆزەتیڤ. بەم مانایە پراكتیکیش وەکو تیۆر لە فۆرمۆڵەبوونیدا پێویستی بە سەرنجدان، گریمانە و ئەزموونکردنە تا ساغببێتەوە. کەوایە ئەوە خەوش نییە لە پەیڕەویکردنی فۆرمێك یا شێوە پراکتیکێکدا سەرکەوتوو نەبیت، خەوش و نەنگی ئەوەیە کە جارێکی تر ئەو ئەزموونە دووبارە بکەیتەوە. بایکۆت چ وەکو ناو و ناوەڕۆك چ وەکو شێوەی جووڵانەوە شکستیخوارد. بەکارهێنانەوەی ئەم ناو و شێوازە لە تێکۆشانەکانی ئاییندەدا، داماوی و مایەپووچیی پێشوەختی خاوەنەکەی نیشاندەدات. گرتنەبەر و بەکارهێنانی فۆرمی جیاوازیش لە بایکۆت بە پلەی یەکەم فراوانکردن و قووڵکردنەوەی خەبات و ناڕەزایەتییە لە خواستی کۆتاییهێنان بە دواکەوتنی مووچە و چارەکە مووچەوە بۆ کۆتایهێنان بە ستەمی چینایەتی و فەرمانڕەوایەتيی کەمینەیەکی ئۆلیگارشی بەسەر ژیانی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکەوە. لە ڕەخنەگرتن لە سیسته‌می مووچە و کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆک و ئاراستەی نیولیبراڵییانە و سەرمایەدارانەی دەسەڵات. لە ڕەخنەگرتن لە بەهەدەردانی نەوت و سامانی کوردستانەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم سامانە و ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و داهاتەکەی لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە. بە مانایەکی تر ڕێگەی سەرکەوتنی ڕەخنە و ناڕەزایەتی لەم دۆخە بە ڕێگەی تێپەڕاندنی سیسته‌مدا دەڕوات و ڕێگایەکی جیا لەمە دەچێتەوە ناو ماڵی سیسته‌م و سیستمەکە بەهێزدەکات.
بەرەنگاری، ئەم فۆرمەیە لە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی ڕادیکاڵ، کە ڕووی لە گۆڕینی دۆخی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کەلتورییە؛ فۆرمێکە کە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، کارمەندان، مامۆستا و مووچەخۆران لە ناوەندەکانی کاردا لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناو شار و شوێنی ژیان لێکگرێ دەدات و سەراسەریی دەکاتەوە، شوێنی کار و ژیان دەکاتە یەک فەزای گشتی بۆ خەبات و تێکۆشان؛ ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکە ڕووی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات و گشت پەیوەندییە هیرارکییەکانە لە هەموو ئاستەکاندا. بۆ نموونە ناڕەزایەتيی مامۆستا لە فۆرمە بەرەنگارییەکەیدا بایکۆتێکی پیشەیی بۆ پێدانی مووچە نییە، بەڵکو یاخیبوونێکی ڕادیکاڵی مامۆستا و خوێندکارە لەو سیسته‌مە سیاسییەی کە مامۆستای کردۆتە پۆستەچییەك بۆ پاراستن و گەیاندنی مەعریفەی دەسەڵات بە نەوەی نوێ و خوێندکاریشی کردۆتە ڕۆبۆتەوەرگرێکی ئایدیاکان و ئامێری بەرهەمهێنانەوەی ئایدیاکانی دەسەڵات. یاخیبوونە لەو سیسته‌مە ئابورییەی مامۆستا و سەرجەم مرۆڤەکانی تری کردووە بە کۆیلەی ئابوری و کرێگرتەی کۆمپانیاکان، تێکشکاندنی ئەو پەیوەندییە هەرەمییەیە کە مامۆستا و خوێندکاری کردۆتە دوو جەمسەری هاوکێشەیەك. ئەمەی بۆ مامۆستا گوتمان بۆ هەموو گروپ و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی تریش هەر وایە.
سیسته‌م چەندە بازنەی دەسەڵاتەکانی فراوانتر و پایەکانی بەهێزتر بکات، بەرەنگاری دەتوانێت بە دروستکردنی مۆدیل و زۆنی دەرەسیسته‌م، ئاراستەیەکی پێچەوانە بۆ تێپەڕاندنی سیسته‌م درووستبکات .

پەراوێز:

١. جووڵانەوەی حەڤدەی شوبات بەشێك لە خەون و تموحەکانی چینی مامناوەنی هەڵگرتبوو.
٢. چینی مامناوەند لە عێراقدا لەبەر چەندین هۆکاری ئابوری، سیاسی و کەلتوری، کە لێرەدا ناتوانین بە درێژی باسیان بکەین، لە نزیکەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا لەڕووی ئابورییەوە لە هەڵبەزودابەزدا بووە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتيی فشۆڵ و لەرزۆکی هەبووە و هەر ئەمەش وای کردووە ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە نائارامیی کۆمەڵایەتی و شەڕ و توندوتیژییەکاندا، کودەتا سەربازییەکان و شەڕی ئەهلی دوای ڕووخانی دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠٠٣ دا، بەڕوونی ڕۆڵ و بەشدارییکردنی نوخبەی سەربازی، ڕۆشنبیری و سیاسیی ئەم چینە و هێزە مرۆییەکەی دەردەخەن، کە بەگشتی لە پێناو مانەوەی خۆیدا لە دژی کریستاڵیزەبوونی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگداکوتانی پایەکانی سیسته‌می سەرمایەداری، جەنگاوە.