وەرگەڕان بەرەو راست

(ریفراندۆم وەک نموونە )


" تۆ لەگەڵ ریفراندۆمیت یان نا؟" ئەمە ئەو پرسیارە داخراو و تەڵەئاسایەیە کە یارانی ریفراندۆم ( بە راست و چەپیانەوە) لە نە یارەکانیانی دەکەن. تا کو ئەگەر لەگەڵیان نەبوون، یەکسەر لیستی تۆمەتەکانی بخەنە بەردەم ( دژایەتیکردنی خواستەکانی میللەتی کورد، جاش، خائین، خۆفرۆش، پیاوی مالیکی، شۆڤێنی و ئینتیهازی و هتد). ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم تۆمەت دابەشکردنانەدا ، ئەدەبیات و دەستەواژەکان ئەوەندە لەیەک دەچن کە ناتوانیت جیاوازیی لە نێوان دەربڕینی پارتییەک و کۆمۆنیستێک(ی لایەنگری پرۆژەکەی پارتی) دا بکەیت. تا ئەو ئەندازەیەی کە دەگەنە بنبەست پەنا دەبەنە بەر شکاندنی کەسایەتی بەرامبەرەکانیان و هەموویان دەبنەوە بە ئەبو چوچە .

کتێبەکەی لینین، کراسەکەی عوسمان
وەک وەڵامێکی ناراستەوخۆ بە پۆستێکی بچووکی ئێمە کە تیایدا ئاماژەمان بە بۆچوونێکی لینین کردبوو دەربارەی دەربازنەبوون لە دەق و وشەکانی تەرحەکانی مارکسیزم وتێنەگەییشتن لە بارودۆخە نوێیەکان، کۆمۆنیستێکی لایەنگری ریفراندۆم وتارێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بۆ کتێبەکەی لینین( مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا) دەکات و هەڵوێستی لینین لە مەسەلەی فینڵەندا دەکاتە پاڵپشتێک بۆ هەڵوێستی لایەنگریکردنیان لە ریفراندۆمەکەی پارتی.
راوەشاندنی کتێبەکەی لینین دەربارەی مافی نەتەوەکان، کە لە مشت و مڕی سەد ساڵی رابردوودا بە هەق و ناهەق پەنای بۆ براوە و وەکو کراسەکەی عوسمانی لێ هاتووە، لە دوو پاڵنەر بەدەر نەبووە یا ئەوەتا:
یەکەم: بۆ پاڵپشتی کردنی هەڵوێستێکی دیاریکراوبووە لەمەر دۆخێکی دیاریکراو.
یاخود
دووەم: ئەوەی پەنای بۆ بردووە، ئەوەندە بەڵگەی ماددی و واقیعی پێ نەبووە کە بتوانێت قەناعەت بە بەرامبەرەکەی بکات.
لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ترسێکی سایکۆلۆژیی لە دەرچوون لە دەق دەبینین. ئەمەش سەرچاوەگرتووی تێنەگەییشتن بووە لەو میتۆدە ماتریالیستییەی لینین پەیڕەوی لێ کردووە و دیالەکتیکییانەش هەڵوێستی لێی هەبووە و گفتوگۆی لەبارەی رێگاچارەکانی کردووە. هەر بۆیە ناتوانن لە رۆحی دەقەکان و تەرحەکان دەربچن(رێک ئەو شتەی ئێمە لە پۆستەکەماندا رەخنەمان کردبوو) و لە نێو دێڕ و وشەسازیی کتێبەکاندا گیردەخۆن.
ئێوە کە کتێبەکەی لینینمان لێ رادەوەشێنن و دەتانەوێت بەڵگەیەکی بۆ هەڵوێستەکەتانی لێ دەرکێشن، ئێمەش دەلێین زۆر باشە چۆنتان دەوێت با وابێت، بزانین ئێمە دەرنەچووین یا ئێوە خوێندکارێکی سەرنەکەوتووی ئەو میتۆدەن.
نووسەری وتاری ( دژایەتی ریفراندۆم، دژایەتی مافی جیابوونەوە یان دژایەتی جیابوونەوە) دەڵێت: (( ریفراندۆم مافێکە و ناکرێ بە بیانووی ئەوەی کە فڵانە حزبی بۆرژوازی ئەنجامی دەدات، دژایەتی بکرێ، مادام بۆ وەڵامدانەوەیە بە پرسیارێک" مانەوە یا جیابوونەوە لە عیراق" !  ئەنجامدانی ریفراندۆم خۆی لە خۆیدا هێشتا مانای تەواوبوونی هیچ بڕیارێک نییە( بڕیار لەسەر جیابوونەوە یان مانەوە) )) پێیشی وایە هەر کۆمۆنیستێک بیانوو بهێنێتەوە بۆ قەبوڵ نەکردنی ئەمە ئەوا لە میسۆدی لینین بێ بەرییە!!
سەرەتا لە بەرامبەر ئەم چەواشەکردنەی خوێنەردا دەبێت بلێین، هاوڕێ راوەستە! مەسەلەکە بە تەنها ئەوە نییە کە پارتی ریفراندۆم ئەنجام دەدات، بۆیە دژایەتی دەکەین ( ئەگەرچی ئەمرۆ لایەنگرە چەپەکانی پرۆژەکەی پارتی هەوڵێکی زۆر دەدەن تا هەڵوێستی نەیارەکانیان بە ئەنتی پارتی بدەنە قەڵەم و بەمەش وای نیشان بدەن کە ئەم هەڵوێستەیان زادەی لێکدانەوەیەکی نا مارکسیستی و ناماددییە) . نەخێر! یەکیتیش یا گۆڕانیش ریفراندۆم ئەنجام بدەن، ئێمە هەر هەمان هەڵوێستمان دەبێت. چونکە هیچیان چوارچێوەی ناسیونالیزمی خێڵەکییان تێنەپەراندووە و بەم پێیەش پرۆژەکانیان( سەرباری جیاوازیی روکەشانەیان لەگەل یەکتردا) ناوەڕۆکێکی هاوبەشی دەبێت.
کەوایە پێویستە پرۆژەی ریفراندۆم و جیابوونەوە لە سیاقێکی سیاسیی حزبییەوە بخەینە نێو سیاقێکی میژوویی کۆمەلایەتییەوە و زەمینە ماددی و ئابوورییەکانی دەرک بکەین و بەمەش دوور دەکەوینەوە لە هەڵوێستی میکانیکییانە و لایەنگریی یا نکۆڵیکردنی بێبنەما( ئەگەر سۆسیاڵ دیموکراتەکان نکۆڵی لە مافی نەتەوە ستەملیکراوەکان بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان واتە جیابوونەوە، یاخود لایەنگری گشت خواستە نەتەوەییەکانی بۆرژوازی نەتەوەی ستەملیکراو بکەن. ئەوا هەردوو ئەم هەڵوێستە خۆدزینەوە و راکردنە لە ئامانجە سیاسییەکانی پڕۆلیتاریا و ملکەچ پێکردنی کرێکارانە بۆ سیاسەتی بۆرژوازی) (حق الامم في تقرير مصيرها, لينين. ص ٤٨) . ئەمەش زۆر بە سادەیی واتە پیویستە لیکدانەوەیەکی ماددی _ میژووییمان بۆ کێشەی ستەمی نەتەوەیی و چارەسەرەکەی هەبێت و کێشەکە لە نێوان ( بەڵێ ) و ( نەخێر)دا کورت و بچووک نەکەینەوە ( بەڵام وەڵامدانەوەی کێشەی جیابوونەوەی هەر نەتەوەیەک بە ( بەڵێ یا نەخێر ) ، وا دیارە خواستێکی زۆر "کرداریی" بێت. بەڵام لە واقیعدا و لە رووی تیۆرییەوە خواستێکی میتافیزیکی و زۆر سەخیفە ، چونکە بە کردەوە سەر دەکێشێت بۆ ملکەچ پێ کردنی پڕۆلیتاریا بۆ سیاسەتی بۆرژوازی. لەبەرئەوەی بۆرژوازی، هەمیشە خواستە نەتەوەییەکانی دەخاتە سەروو ئامانجەکانەوە و بە بێ قەید و شەرتیان دادەنێت. لە کاتێکدا ئەم خواستانە لە روانگەی پڕۆلیتاریاوە، ملکەچن بۆ بەرژەوەندییەکانی خەباتی چینایەتی. لە رووی تیۆرییشەوە ناتوانین دڵنیابوونەوەی پێشوەختمان هەبێت لەوەی کە ئەوە جیابوونەوەی ئەم نەتەوەیە لەویترە یا یەکسانبوونی حقوقییانە لەگەڵ نەتەوەیەکیتردا کە دەبێتە هۆی تەواوکردنی شۆڕشی بۆرژوا دیموکراتیک.) ه. س لاپەڕە ٢٦ .

ئەفسانەی دەوڵەتی سەربەخۆ
لینین لە چەند شوێنێکی کتێبی ( مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا) ئاماژە بە رۆڵی جوولانەوەی ناسیونالیزمی بۆرژوا دیموکراتیکی نەتەوەی ژێردەست لە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی دەکات و بگرە پێی وایە هەموو جووڵانەوەیەکی ناسیونالیستی بۆرژوایی لە ناو نەتەوەی ژێر دەستتدا ناوەڕۆکێکی دیموکراسی هەیە و ( هەر ئەم ناوەرۆکەشە کە ئێمە لایەنگریی لێ دەکەین) هــ . س پ لاپەڕە ٢٨.
لایەنگریکردنی مەرجداری لینین لە ناوەڕۆکی بۆرژوازییانە و دیموکراسییانەی ناسیونالیزمی نەتەوەی بندەست لەوەوەیە کە ئەم جووڵانەوەیە لە رووی مێژووییەوە لە قۆناغی یەکەمدا، وەکو لینین ئاماژەی پێ دەدات، لە باری سیاسییەوە دژ بە دەسەڵاتی رەها و فیوداڵیی نەتەوەی سەردەستە و(دەبنە جووڵانەوەی جەماوەریی و "گشت" چینەکانی دانیشتووان بەرەو سیاسەت بە کێش دەکەن، ئەمەش یا لە رێگەی رۆژنامەکانەوە دەبێت یا لە رێگەی ناوەندەکانی نوێنەرایەتیکردن و یا لەرێگەی ترەوە) هـ .س پ لە باری کەلتوورییشەوە هەموو کۆسپ و لەمپەرانەی بەردەم گەشەی زمان و ئەدەب و هەڵ دەگرێت و لە باری ئابوورییشەوە تێ دەکۆشێت بۆ ئازادی ئاڵو وێر، یەکخستنی بازاڕ و کۆنترۆڵ کردنی و پاشان لکاندنی بە بازاڕی جیهانییەوە. لەم رێڕەوەشدا و هەر لە قۆناغی یەکەم و سەرەتای قۆناغی دەووەمدا، واتە قۆناغی دوای دروستبوونی دەوڵەت، بوار بۆ گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان ،واتە پڕۆلیتاریا، و خەباتی چینایەتی دەڕەخسێت رووەو شۆڕشی چینایەتی.
ئەگەرچی ئێمە لەگەڵ ئەم تێڕوانینە یەک ئاراستەییەدا بۆ جووڵەی مێژوو کۆک نین لەبەر ئەوەی
یەکەم: سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمی وڵاتانی رۆژئاوا لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، رێگربوو لە گەشەی سروشتیی و قۆناغ بە قۆناغی ئەم کۆمەڵگایانە.
دووەم: شۆڕشەکانی چین و کۆبا ( و تەنانەت ئۆکتۆبەریش لە روسیای نیمچە دەرەبەگی و نیمچە سەرمایەداری) ئەوەی نیشاندا کە رێگەی گەییشتنی کۆمەڵگە بەرەو ئابووریی سۆسیالیستی مەرج نییە بە قۆناغی سەرمایەداریدا بڕوات.
بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە جەخت کردنەوەی لینینە لە دوو خاڵ
یەکەم: دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە کە لینین بە شتێکی نموونەیی و ئاسایی لە قۆناغی سەرمایەداریدا دادەنێت و بە روونی دەڵێت ( مەبەست لە ئازادی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا، ئەوەیە کە ئەم نەتەوانە لە هەیکەلەی نەتەوە نامۆکان جیاببنەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ دامەزرێنن) هـ . س پ لا ٦.
دووەم: ناوەڕۆکی دیموکراسییانەی ئەو جووڵانەوە ناسیونالیستییەی کە ئەم دەوڵەتە دروست دەکات کە هەرئەم ناوەڕۆکەیشە کە لینین لایەنگریی دەکات.
بەڵام یارانی چەپی پرۆژەکەی پارتی گیریان خواردووە بەدەست دروشمەکانیانەوە، لەلایەکەوە خوازیاری دەوڵەتێکی غەیرە قەومی و سیکۆلارن و لەلایەکی تریشەوە سوور دەزانن کە ئەگەر پارتی دەوڵەتیش دروست بکات، ئەوا ئەمە دروست ناکات!! و لە رووی هاوسەنگی هێزیشەوە ناتوانن ئاراستەی دروستبوونی دەوڵەت بەم ئاقارەدا ببەن.ئێوە ئەگەر ئەو هێزەتان هەیە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ ، غەیرە قەومی و سیکۆلار بەسەر پارتی و یەکێتیدا بسەپێنن ئەی بۆ هێزەکەتان بۆ هەڵگێڕانەوەی دەسەڵاتەکەیان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستیی بەکار ناهێنن؟؟ یا ئەوەتا لە نێو رادیکاڵیزمێکدا گیرتان خواردووە کە لە دروشمێکی ئینتیهازییانە زیاتر هیچیتر نییە.
لەبەر ئەوەی (سەربەخۆ) بوونی ئەو دەوڵەتەی کە ئێوە خوازیارین لە نێو دونیای سەرمایەداریی هاوچەرخدا چ لە باری سیاسییەوە و چ لە باری ئابوورییەوە، جێگەیەکی نییە. کەوایە ئەو سیفەتی سەربەخۆییەی ئێوە دەتانەوێت بیخەنە پاڵ ئەو دەوڵەتەی دروست دەکرێت، جگە لە چاو و راوکردن لە خەڵک هیچی تر نییە.

هەڵوێستی دروست لەم کاتەدا چییە؟
ئەوە بڕاوەتەوە کە هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بەپێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان هەڵوێست و ئاراستەی خۆیان لە جووڵانەوە و رووداوە سیاسییەکان دیاری دەکەن. هەر لەو سۆنگەیەشەوە لینین، بۆچوونی خۆی سەبارەت چارەسەری کێشەی نەتەوەیی روون دەکاتەوە و پێی وایە پڕۆلیتاریا تەنها لە یەک ئاراستەی دیاریکراو و لە هەلومەرجی مێژوویی دیاری کراودا لایەنگریی لە بۆرژوازیی دەکەن و لەمەشدا بە هیچ جۆرێک نابنە هاوشێوەی سیاسەتەکانی و ئامانجی سەرەکی لەو لایەنگریکردنە دەبێت پەروەردەکردنی جەماوەربێت بە گیانێکی سۆسیالیستییانەوە و ( کەمترین پشتیوانیی پڕۆلیتاریای هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەکان بۆ بەسەر کەوتن گەیاندنی ئیمتیازاتی بۆرژوازی نەتەوەی خۆی، دەبێت ئاگایی و سەرنجی پڕۆلیتاریای نەتەوەکەیتر بجووڵێنێت) هـ .س لاپەڕە ٤٨.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێت ناکۆکییەک نییە لە نێوان ناسیونالیزمێکی بۆرژوا ـ دیموکراتیکی نەتەوەی بن دەست و دەسەڵاتێکی فیوداڵیی نەتەوەی سەردەست کە رێگر بێت لە گەشەی سەرمایەداریی لە کوردستاندا. بەڵکو ناکۆکی نێوان دوو دەسەڵاتی دز و مافیاییە لەسەر هەیمەنە. دەوڵەتی عێراق ، پێکهاتەیەکی تایەفی ـ مەزهەبیی هەیە ( پێش رووخانی بەعس  دەوڵەتێکی سووننی بوو دواتریش بوو بە دەوڵەتێکی شیعی) کە چەوساندنەوەی پێکاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لەم وڵاتەدا، هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە، بەشێوەیەکی سیستیماتیک بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتێکە کە نەك بڕوای بە جیابوونەوەی کورد و پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد نەبووە نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی عێراقیشدا بڕوای بە مافی یەکسان بۆ هیچ پێکهاتەیەك لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبیدا نەبووە. پاردۆکسەکەش ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتە تایەفی ـ مەزهەبییە لە دوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعسەوە، حزبە کوردییە خێڵەکییەکانیش بە پۆستی سیادییەوە تیایدا  بەشدارن و هەیمەنەیەکی بەرچاویشیان لەسەر ئەوەی پێی دەگوترێت پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هەیە؛ نموونەشمان بۆ ئەمە ئەو دانیشتنانە یەکلاکەرەوانەن کە لە دوای هەر هەڵبژاردنێکی گشتی لە عێراقدا بەڕیوە دەچن. 
جەمسەرێکیتری ناکۆکییەکەش دەسەڵاتی کوردییە( بە گۆڕان و کۆمەڵیشەوە) کە پارتی رابەرایەتیی دەکات. ئەم هێزە نەیتوانیوە چوارچێوەی ناسیوناڵیزمی خێڵەکی تێپەڕێنێت. پێکهاتەی خێڵەکییانە و ناوچەگەرییانەی ئەم حیزبانە، کە بۆ هەر هاوڵاتییەکی سادەی ئەم هەرێمەش روون و ئاشكرایە، بواری رەخساندووە بۆ کەسایەتییە خێڵەکی و لۆکاڵییە دەستڕۆیشتووەکانی ناو ئەم حزبانە تە دەست وەردەنە  ناو ئابوورییەوە و بە قۆرخکردنی سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی کوردستان، ئۆلیگارشییەکی  خێڵەکی ـ ئابوورییان (بە دەربڕینە گرامشییەکە) پێكهێناوە. ئەم ئۆلیگاریشییە بە نۆکەرایەتیکردنی بۆ کۆمپانیا سەرمایەدارییە جیهانییەکان و پەلکێشکردنیان بۆ سەرمایەگوزاریی لە کوردستاندا  پایەکانی دەسەڵاتدارێتییەکی بۆرژوازی کۆمپرادۆریی بەهێز کردووە و پشتیوانییەکی بەهێزی سەرمایەداریی جیهانیشی بۆ هەموو ئەو ستەمکاریی و زۆردارییانەی کە دەرهەق بە هاوڵاتیانی دەکات، بۆ خۆی بەدەست هێناوە. ئەگەر نا، چۆن ئەم دەسەڵاتە ناسیوناڵ خێڵەکییە بەبەرچاوی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانییەوە حەیای دیموکراسییتەکەیانی بردووە و موعەزەز و موکەڕەم پاڵی لێداوەتەوە؟ پارتییەک کە( بە مانا بۆرژواییەکەیشی) خۆی رێز بۆ رای دەنگدەر دانانێت و دیموکراسییەتی بۆرژوایی هەتك دەکات، چۆنە وا ئێستا پەنا دەباتە بەر "راپرسی" کە فۆرمێکی گەشەکردووترە لە دیموکراسییەتی نوێنەرایەتی و میکانیزمێکی دیموکراسییەتی راستەوخۆیە؟..
لێرەوەیە چەواشەکاریی پارتی و یارانی لایەنگری ریفراندۆمەکەیمان بۆ دەردەکەوێت کە دەیانەوێت لەسەر کێشەیەکی رەوا، کە کێشەی کورد و رەوایەتی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیەتی، بەشێوەیەکی ناڕەوا ئایدیا و پرۆژەکانی خۆیان بسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەدا و بیکەنە دەستمایە بۆ بزنزێکی گڵاوی سیاسیی و ئابووری. ئەگەر وانییە و یارانی چەپی نێو پرۆژەکەی پارتی ئەوەندە بە پەرۆشن بۆ لابردنی ستەمی نەتەوەیی لەسەر کورد، ئایا هەمان پەرۆشییان هەیە بۆ پرۆژەیەکی وا ئەگەر هاتوو  پ.ک .ک لە باکوور رای بگەیەنێت؟ ئایا پەرۆشییەک و لایەنگرییەکیان هەیە بۆ دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوا؟
ئایا باشتر نەبوو کۆمۆنیست و چەپە لایەنگرەکانی پرۆژەکەی پارتی لەم سیناریۆسازییەی بارزانیدا، بێلایەنیان هەڵبژاردبا و خۆیان تووشی ئەم ناکۆکییە لە هەڵوێست و بیرکردنەوە نەکردبا و لایەنی کەم کە ئەوان ئەوەندە پابەندن بە دەق و تێکستەکانەوە با بەو گوتەیەی لینین هەڵوێستیان وەرگرتبایە کە دەڵێت:( دەبێت کرێکاران لەو ناکۆکییانەی دەکەوێتە نێوان بۆرژوازیی نەتەوە جیاوازەکانەوە لە ‏پێناو باڵادەستیدا، بەتەواوی بێلایەن بن) هـ .س لاپەڕە ٤٨. ‏