هیوا فریودەرەکان شانۆیی سێ خوشك وەك نموونە

تۆزنباخ: کێ دەزانێت؟ رەنگە نەوەکانی دوای خۆمان، مەزنیی لەم ژیانەماندا ببینەوە و رێزی لێ بگرن....
چیپۆتیکین: بارۆن، تۆ دەڵێیت نەوەکانی دواتر مەزنیی لە ژیانماندا دەبیننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی هەر بە بچووکیی دەمێننەوە... سەیرم کەن چەند بچووکم، ئەوەی دەڵێیت ژیانم مەزنە جگەلە دڵدانەوەیك هیچی تر نییە...
چیخۆف لە شانۆنامەی (سێ خوشک)
یەکێک لە سیما دیارەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی سەرمایەداریدا خەیاڵپڵاوییەکانێتی کە دەشێت وەك پاڵنەرێكیش بۆ تەحەمولکردنی مەرگەساتەکان و تراژیدیاکانی لێک بدرێتەوە. چونکە مرۆڤی خەیاڵپڵاو هەمیشە هیوایەکی ساختە و درۆیینەی بە باشبوونی ژیان و هاتنی ژیانێکی رەنگاڵەیی هەیە. بۆیە کاتێك خەیاڵپڵاویی بیرکردنەوەی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات و ئەندێشەی داگیر دەکات، ئیدی لە زاتە مرۆییەکەی دەترازێت و دەست بە کوشتنی خەیاڵەکانی دەکات و دواجار دەبێتە بونەوەرێك بە دڵی سیستەم. چونکە کوشتن و هەتك کردنی خەیاڵ و جێگرتنەوەی بە وەهم و خەیاڵپڵاوی پایەیەکی بنەڕەتی سیستمی کەلتووری و مەعریفیی کۆمەڵگەی هاوچەرخی سەرمایەدارییە. لەم رووەوە جیاوازییەکی کۆمەڵگەکانی پێش سەرمایەداری لەگەڵ کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ئەوەیە لە کۆمەڵگەکانی پێشوودا ئامڕاز و هۆکارەکانی دروستکردنی خەیاڵپڵاوی زۆر کەمە و رەنگە ئایین گەورەترین و زەقترینی بێت. بەڵام سەرمایەداری بەراستی داهێنەرە لە دروست کردنی وەهم و خەیاڵپڵاویدا و چەندین دەزگا و دامەزراوە خەریکی دروستکردنی کەڵکەڵەی جۆراوجۆرن لە سەری مرۆڤەکاندا، لە میدیاوە بیگرە تا دامەزراوەکانی سەرگەرمی و هونەر و وەرزش و ... هتد کە هەموویان لە هەوڵی نەخشاندن، وێناکردن و نماییشکردنی فۆرم کڵێشەکانی ژیانێکی خەیاڵی و فەنتازییانەی لە چەشنی ژیانی سوپەر ستارەکاندان تا مرۆڤی سادە ببن بە تەڵەی ژیانێکەوە کە هەرگیز ماناکانی تەواو نابن.
بۆیە خەیاڵپڵاوی وفڕین بە ئاسمانی خەیاڵدا دواجار بە تراژیدیا و کەوتنەوە سەر( بیابانی هەقیقەت) کۆتایی دێت، سا تراژیدیای لە دەستدانی خانوو و ماڵ و کەل و پەل بێت وەک ئەوەی ئەندرێی لە قوماردا دۆڕاندنی، یا تراژیدیای لە دەستدانی دۆست و دڵدار بێت وەك ماشا و ئێرینا، ئەو دەمەی دەردەکەوێت کە هەموویان لە پرۆسەیەکی خۆ هەڵخەڵەتاندن و یەکتر هەڵخەڵەتاندندا بوون "ژنەکان پیاوەکانیان هەڵدەخەڵەتێنن و پیاوەکانیش درۆ دەکەن و وای نیشان دەدەن کە هیچیان نەیبیستووە و نەبینیوە. ئەندرێی".
ئەمە شێوەی ژیانی ئەریستۆکراسەکانە، ژیانێك لە رواڵەتدا رێك و پێك و بە ئەتەکێت بە جۆرێكی هەڵخەڵتێنەر، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پوچ و بێ مانا و تەنانەت ئاخاوتنیشیان بازاڕییانەیە. ئەندرێی لە وەڵامی چیپۆتیکیندا لەبارەی ژنەکەیەوە دەڵێت: ژنەکەم لەسەر رێگەی راستە، شەریفە، باشیشە ئەگەر بڵێیت، بەڵام کاتێك ئەم چاکییانە دەخەیتە لاوە، شتێکی تیا دەردەکەوێت کە دەیهینێتە ئاستی ئاژەڵەوە، شتێکی حەقیر، کوێر و دڵرەق کە بە هەرحاڵ شتێکە پەیوەندیی بە مرۆڤەوە نییە.... ژنەکەم، هەندێک جار بە رادەیەکی زۆر ترسناك دەبێتە کەسێکی بازاڕی.".
ئەم داڕزان و داڕمانە ئەخلاقییەی ژیانی چینی مام ناوەندی روسی کە چیخۆڤ وینەکەیمان بۆ دەکێشێت، لەگەلێك رووەوە لە دیمەنی ژیانی ئەریستۆکراسییەتی دەستەبژێری سیاسی ئەم هەرێمە دەچێت، هەڵبەتە وەك ئەوەی لە میدیاکاندا هەواڵی سکانداڵەکانیان بڵاو دەکرێتەوە. ئاهەنگی شەوانەی ئەریستۆکراسەکانی کوردستان و بەهەدەردانی پارە لە قومارخانە بەناوبانگەکانی جیهان و فەزایحی سێکسیی خۆیان و خانەوادەکانیان، بەردەوام سەردێڕی هەواڵی میدیاکانە. ئەم نوخبەیە کە دەیەوێت نواندن لە رەفتار و ئاکاریدا بکات، بەڵام سلوکی رۆژانەی پڕە لە جنێو و وشە و دەربڕینی نەشیاو و نا شایستە. ئەگەر روسەکان چیخۆڤێکیان هەبێت دیمەنی داڕزانی ئەخلاقیی چینی مام ناوەند و ئەریستۆکراسی روسییمان بۆ بکێشێت ، ئایا ئەدەبی کوردی دەتوانێت چیخۆڤێك بەرهەم بهێنێت تا درۆکانی ژیانی رۆژانەی ئەریستۆکراسییەتی کوردی کەشف بکات؟


تێبینی: شانۆیی "سێ خوشك" لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نماییش کرا لە دەرهێنانی هونەرمەند شەفیق محەمەد ...