سابیر، لێکدا لێکدا لە دەرگەکە دەدات. قاییم لێی دەدات، قاییمتر، ئینجا بە نووکی شەق لێی دەدات. هاوار دەکات:
- نەزاکەت! .. نەزاکەت! ئەو دەرگەیە بکەوە. منم، سابیر!
دەرگەکە ناکرێتەوە. سابیر بە دیواری ماڵەکەدا هەڵ دەزنێت و چەناگەی دەخاتە سەر دیوارەکە و بە دەنگێکی نزمتر بانگ دەکات
- نەزاکەت! ئەو دەرگەیە بکەوە.
بەڵام دەرگەکە ناکرێتەوە، خۆی بۆ ناگیرێت و دەکەوێتە خوارەوە.
ئەمجارەیان دەیەوێت بەسەر دەرگەکەدا هەڵ زنێت، بەڵام ناتوانێت و دیسان دەکەوێتە خوارەوە. قەراغی تیژی نەخشی سەر دەرگە ئاسنەکە پەنجە تووتەی بریندار دەکات و دەستەکانیشی دەڕووشێن. ئەمجارە بە دەستی خویناوییەوە بە قاییمی لە دەرگەکە دەدات .. قاییمتر. بە نوکی شەق.. هاوار دەکات. بەڵام دەرگەکە ناکرێتەوە.
ئەگەرچی خەڵکی کۆڵانەکە و دراوسێکان لەم رەفتارەی سابیر هەراسانن، وەلێ لێی راهاتوون. ئاخر ئەو، ماوە ماوە دێت و بۆ یەك دوو رۆژ لەبەر ئەم دەرگەیەدا دەمێنێتەوە. بەردەوام لە دەرگەکە دەدات، هەر لەبەر دەمی ئەم ماڵەشدا دەخەوێت. پاشان بۆ ماوەی هەفتەیەك، دووان یا مانگێك ون دەبێت و ئینجا دەگەڕێتەوە. جاری وا هەیە دراوسێکان بەزەییان پیا دێتەوە، بۆ ماڵەکانیان خوڵقی دەکەن، بە تایبەت لە کاتی سەرمای زستاندا؛ بەڵام ئەو، سوورە لەسەر ئەوەی لەبەر دەرگەکە بمێنێتەوە. بەشکو ئەمە ئێهـ ! دەرگەکە بکرێتەوە. ئەو، لە بەردەرگەکەدا و لەسەر کومبارەکۆنێك دەخەوێت و بەتانییەك دەدات بە خۆیدا. هەر لەوێشدا نوێژەکانی دەکات و قورئانە بچووکەکەی بەر باخەڵی، کە خۆی بە خەتی فارسی نووسییوویەتییەوە، دەخوێنێت و دوعا دەکات تا خوا، دڵی نەزاکەت نەرم بکات و دەرگەکەی لێ بکاتەوە. زۆر جار منداڵان لە دەوری خڕ دەبنەوە و ئەویش حیکایەتیان بۆ دەگێڕێتەوە، یاخود پێکەوە گۆرانی دەڵێن. ئاخر ئەو، کاتی خۆی، وەکو دەنگخۆش لە گەڕەکەکەدا ناسرا بوو. هەمیشە ئەو گۆرانییەی ماملێی بۆ نەزاکەت دەگوت کە دەڵێت:
خزم و قەومم بەجێهێشت، ئەی هاوار لە گوندی شاروێرانی
ئەو، بەردەوام وەك ئەوەی گوێی بە دەنگی نەزاکەت بزرنگێتەوە، لە گەرمەی قسەکردن یا گۆرانیگوتندا، لە پڕ ئاوڕ بۆ دەرگەکە دەداتەوە یا هەڵدەسێتە سەرپێ و منداڵەکان بە جێ دەهێڵێت. دەست دەکاتەوە بە قاپی کوتان.
- سابیر! وەرە دانیشە. ئەو دەرگەیە ناکرێتەوە. منداڵەکان وا دەڵێن
بەڵام ئەو، ناوی نەزاکەت لە گوێیدا زرنگایەوە؛ تازە وا بە ئاسانی کپ نابێتەوە.
ئەو کاتەی نەزاکەتی ناسی، ئەم لە گوندێکی قەراغ شارەوە بارەدار، بەرچنەترێ، تەماتە و شتی دیکەی بە گوێدرێژ بۆ شار دەهێنا. ئەم، کوڕێکی قۆزی چوارشانە بوو. سەرباری ئەوەش، چاوکراوە و وریا بوو. چونکە بە سەربازیی چەند شارێکی وڵات گەڕا بوو. نەزاکەت، لە یەکێك لە کاروانەکانیدا کڕیاری ئەم بوو. ئەو، بێوەژن بوو و کرێکاری کارگەی جگەرە بوو. تەنها کچێکی تەمەن سێ ساڵانی هەبوو. دووەمجار، کاتێك ئەم زانی ئەو مێردی نییە، عاشقی بوو. ئیدی پاشماوەیەك کەس و کاری لە گوند بەجێهێشت و هاوسەرگیرییان کرد. ئاخر ناهەقی نەبوو وا بە ئاسانی حەزی لێکرد. پیاو لە ئاستی سەرنجڕاکێشییەکەیدا خۆی پێ را نەدەگیرا. ئەو، ژنێکی باڵابەرز، ئەسمەر، چاو و برۆ رەشی چاو پان، مەمک قووت و قژێکی رەشی درێژی نیمچە لوولی شێوە ئاڵۆسکاوی هەبوو. هەر ئەو جوانییەی و کارکردنی لە دەرەوە، هۆکار بوون بۆ ئەوەی داواکاریی کەم بێت.
ئەوان، دوای ساڵێك لە هاوسەرگیرییان ئەم خانووەیان لەم کۆڵانەدا کڕی. سابیر، تاقە نەوتفرۆشی گەڕەکەکانی خوارووی شار بوو. ئەو، بە ماوەیەکی کەم لە هاتنی بۆ شار، دەستی بە نەوتفرۆشتن کرد. بە بارگیرێکەوە کە تانکییەكی نەوتی ڕادەکێشا، کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕا. ئەو هەمیشە بە بەرخۆیەوە بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانی دەگوت. ئەو کاتانەیشی نەزاکەت پشووی هەبایە، ئەمیش ئیشی نەدەکرد. یەك دوو جارێکیش، شەوانە پێکەوە چوو بوونە سینەما. هەندێك لە ژنانی کۆڵانەکە لەبەر ئەو هاوسەرەی کە هەیەتی، بەغیلییان بە نەزاکەت دەبرد. هەندێکیش لە پیاوەکان بەغیلییان بە سابیر دەبرد، لەبەرئەوەی لە پاڵ شۆڕە ژنێکی ئاوادا هەتا بەیانی رادەکشێت.
ئای بۆ وات کرد ئای بۆ وات کرد
بەدەستی خۆت ماڵ ئەمن و خۆت خەراپ کرد
سابیر دەست دەکات بە ورەور و گۆرانییەکی ماملێ دەڵێتەوە. مناڵەکان گوێی لێ دەگرن. لە نیوەی گۆرانییەکەدا، دەست دەخاتە پەنا گوێی و هەڵی دەکڕێنێت. ماوەیەك لەمەوبەر ژنانی گەڕەك لە بەردەرگە دادەنیشن و داوای لێ دەکەن گۆرانییان بۆ بڵێت. یەکێك لە پیاوەکانی گەڕەك دوو زلـلەی لێ دەدات. ئاخر ئەو موسڵمانێکی ریشن بوو و بە لایەوە نا پەسەند بوو، ئەم گۆرانی بۆ ژنانی گەڕەك بڵێت. سابیر، زلـلەکانی بیر دەکەوێتەوە. لە پڕێکدا دەوەستێت و بە بەر خۆیەوە دەبۆڵێنێت:
هەی بێشەرەفینە، گەوادینە! هەمووتان کە نەزاکەتتان دەبینی، بەغیلیتان پێ دەبردم.
مناڵەکان دەکەونە هوها کێشان. (سابیر! نەزاکەت! سابیر ! نەزاکەت!) مناڵەکان، هاوار دەکەن. ئەویش جنێو بە باوك و دایکیان دەدات. ئەو ژنانەی لە بەردەرگان، لە شەرمان ڕا دەکەنە ژوورێ. ئەوانەیشی لە ژوورەوەن و گوێیان لە هاتوهاوارەکەی سابیر و قاوقیژی مناڵەکان دەبێت، رادەکەنە بەر دەرگەکانیان تا بزانن چی قەوماوە. ئەو، پێشتر رەفتاری لەو جۆرەی نەنواندووە و جنێوی ناشرینی نەداوە. بۆیە هەندێک لە خەڵکەکە سڵی لێ دەکەنەوە و هەندێکیشیان بەزەییان پێیدا دێتەوە. پاش کەمێك خەڵکەکە هەموو دەچنەوە ماڵەکانیان و بە تەنها سابیر لە کۆڵانەکەدا دەمێنێتەوە. ئەویش هەر جنێو دەدات و دەست بە زرم و کوتی دەرگەکە دەکاتەوە. جار جارەش بانگی نەزاکەت دەکات. هەندێکجاریش بە عەرەبی و بە فارسی قسە دەکات.
هێشتا سێ ساڵ بەسەر ژن و مێردایەتییاندا تێنەپەڕی بوو، کە جەنگ هەڵگیرسا. پاشماوەیەکی کەم، لەدایكبووەکانی سابیر بۆ خزمەتی سەربازیی لە سوپای یەدەك بانگکران. لەبەر ئەوەیش کە پێشینەی خزمەتی سەربازیی هەبوو، هەر زۆر زوو بۆ بەرەکانی شەڕ گوزرایەوە. سابیر، لە یەکێك لە شەڕەکاندا بەدیل گیرا. ئیدی هەواڵی نەما. دەوڵەتیش، وەکو ونبووی جەنگ ناساندی و مووچەی بۆ خێزانەکەی بڕییەوە..
سابیر، لە بەردەم دەرگەکەدا، چەشنی هەیکەلی سەربازێك کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بێت، رووەو رۆژهەڵات راوەستاوە. بە بێ ئەوەی جەستەی بجوڵێنێت، ئاوڕێك بەرەو لای دەرگەکە دەداتەوە و بە دەنگێكی مام ناوەند بانگی نەزاکەت دەکاتەوە.
نەزاکەت، بە ئومێدی وەستانی جەنگ و هاتنەوەی سابیر، ساڵانێکی زۆری لە چاوەڕوانیدا بەسەر برد. ئەو، لەبەرئەوەی هێشتا گەنج و جوان بوو، زۆرجار پیاوان هەوڵیان دەدا پەیوەندی لەگەڵ ببەستن. ئەگەرچی ئەو لە دڵەوە حەزیشی لێ بوو، بەڵام دانی بە خۆیدا دەگرت. هەتا ئەو ڕۆژەی کەمال و دایکی هاتنە ئەو کۆڵانە و بوون بە دراوسێیان. ئەو، کە بە کەمالی فاتە بێوەژن ناسرا بوو، قاچێکی شەل بوو. بۆیە لە خزمەتی سەربازیی بوورا بوو . ئەو ئەگەڕچی سیمایەکی پەسەندیشی هەبوو، بەڵام بە هۆی ئەو دۆخەیەوە، هەموو کچێک شووی پێ نەدەکرد. کەمال، لەسەر عەرەبانە کوتاڵی دەفرۆشت. ئەو مامەڵەی زۆری لەگەڵ ژناندا هەبوو. بۆیە چاك دەیزانی چۆن ژنان دەدوێنێت و دەیانهێتە دوواندن.
جەنگ کۆتاییهات و هەردوو لایەنیش دیلەکانیان گۆڕییەوە، بەڵام خەبەرێك لە سابیر نەبوو. بێئومێدبوون لە گەڕانەوەی سابیر، وای لە هەندێك ژنی دەرودراوسێ کرد، ئامۆژگاریی نەزاکەت بکەن شوو بکاتەوە. ئێ خۆ شەرعیش رێگەی داوە بە ژن، ئەگەر پیاوەکەی دوای حەوتساڵ نەگەڕایەوە، شوو بکاتەوە. کەمالیش، کە دەمێک بوو چاوی لەسەر نەزاکەت بوو، دواجار توانی دڵی وی نەرم بکات. پاش پرسکردن بە مەلاکانیش؛ ئەوان هەردووکیانیان لە شەرعیبوونی شووکردنەوەی نەزاکەت دڵنیا کردەوە.
( مەلاکان! مەلاکان!... نا، نەزاکەت! تۆ بێوەفا نەبوویت. ئەوان تۆیان هەڵفریواند)
سابیر، بە دەنگی بەرز جنێو بە مەلاکان دەدات. کابرای ریشن لە ماڵی خۆیانەوە گوێی لێیە. دێتە دەرەوە و بە تێڵایەکەوە شوێن سابیر دەکەوێت. خەڵکەکە دیسان دێنەوە دەرەوە. سابیر، دائەنەوێتەوە و چەند بەردێك هەڵ دەگرێت و دەیانگرێتە کابرا. ئەویش پاشەوپاش دەگەڕێتەوە و بە پەلە خۆی دەکاتەوە بە ماڵی خۆیاندا. خەڵکەکە هەموو را دەکەنە ژوورەوە. کۆڵان، جگە لە سابیر کەسی دیکەی تیا نامێنێت. ئەو، چەشنی پاڵەوانێکی جەنگ، بەرەو لای ماڵەکە دێتەوە. ئینجا دەم دەنێت بە لاشانی دەرگەکەوە و بە هێواشی بانگ دەکات ( نەزاکەت! نەزاکەت، دەرگەکە بکەوە بە قوربان).
ئەو رۆژەی سابیر، دوای یانزە ساڵ، بۆ ماڵەوە گەڕایەوە و لە دەرگەی دا. کچێکی تەمەن پانزە شانزە ساڵ دەرگەکەی کردەوە. ئەو مەزەندەی کرد، ئەوە بێگەرد بێت. بانگی کرد و ویستی باوەشی پیا بکات. ئەگەرچی بێگەرد لە شووی یەکەمی نەزاکەت بو، بەڵام ئەم هەرگیز وەکو باوەپیارە سەیری بێگەردی نەدەکرد. ئەو تەواو رەنگی هەڵبزڕکا و قوڕگی وشک بوو، بەڵام نەیهێشت باوەشی پیا بکات. ئەو، وەکو خەوێك شێوەی هێڵکاریی دەم و چاوی سابیری دەهاتەوە یاد . شۆك ببوو، نەیدەزانی چی بڵێت. بیری کەوتەوە بانگی دایکی بکات. نەزاکەتیش بەهەمان شێوە تاسا، کاتێك سابیری بینی. سابیر، ویستی باوەش بەمیشدا بکات و تاوی دایە ژوورەوە. بەڵام ئەوان رێگرییان لێ کرد. ئەو، نەیدەزانی مەسەلە چییە. بوو بە دەنگە دەنگ و مشتومڕ. ئەو دەیویست بچێتە ژوورەوە و ئەمان نەیان دەهێشت. سێ مناڵی تریش لە پاڵ دایکیان و خوشکە گەورەکەیاندا بە ترسەوە لە دیمەکەیان دەڕوانی. یەکێکیان کوڕەکەی سابیر بوو. ئەو کاتەی چوو بۆ سەربازیی، ئەو تەنها دوو ساڵی تەمەن بوو. دراوسێکان، لەم مقۆمقۆیە هاتنە دەرەوە. هەرچۆنێك بێت رازییان کرد بچێتە ماڵی شێخە ، کە بە تەمەنترین پیاوی کۆڵانەکە بوو و دەمێك بوو لەو کۆڵانەدا بوون، کەمێك بحەوێتەوە. لەوێ، تێیان گەیاند نەزاکەت شووی کردۆتەوە. ئەمەش لەسەر شەرعی خوا و پێغەمبەر بووە و پرسی مەلایان کردووە. سابیر، تووشی هیستریا و ئیفلیج بوونی نیوەکی دەبێت. بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت. هەر ئەو رۆژە، بەر لەوەی ئێوارە دابێت و کەمال لە دوکان بگەڕێتەوە، نەزاکەت خۆی دەرمان خوارد کرد. کەمالیش، لە دوای پرسەکەی نەزاکەت، منداڵەکانی لەگەڵ خۆی بردن و کەس نەیزانی بۆ کوێ چوون.
سابیر، هەر لەبەر دەرگەکەدا و لە حاڵەتی ئامادەباشیدا وەستاوە. سوتووی جگەرەکەی سەر لێوی درێژ بووەتەوە. لە ناکاو وەك ئەوەی ئەفسەرێك فەرمانی پێ کردبێت، دەکەوێتەوە حاڵەتی پشوودان. دەست قاپی کوتان دەکاتەوە. قاییم، قاییمتر، بە نووکی شەق لێی دەدات. بە دەنگێکی پڕ لە مەلوولییەوە بانگی نەزاکەت دەکات.
- نەزاکەت! دەرگەکە بکەوە. ئەو دەرگەیە بکەوە، منم. منم، سابیر......
بەرلین
5.3.2019
وێنەکە تابلۆی (سەربازی ونبوو) ی Ole Aakjær