وڕێنەی گەماڵێکی شەرابخۆر


                   

پێکەکان لێک دەدەین. پەرداخەكان هێند توند وەبەر یەک دەکەون، دەشكێن. من نازانم خەمی وردەشووشەکانم بێت و کۆیان کەمەوە هەتا لە بنی پێمان هەڵ نەچەقن. 




یاخود خەمی شەرابە رژاوەکەم بێت و بیسڕمەوە تا لەسەر فەرشەکە پەڵە دروست نەکات. بەڵام هیچیان ناکەم، تەنها سەرنجی شەرابە رژاوەکە دەدەم کە چەشنی دەمارێکی خوێن بە باریکی بە نێو هۆڵەکەدا دەڕوات و وردەشووشەکان لەگەڵ خۆیشی دەبات و بە ناو ژوورەکەدا بڵاویان دەکاتەوە. من بە سەرسووڕمانەوە و بێباک لەو وردەشووشانەی لە بەری دەستم و سەر ئەژنۆکانم و قاچوقولم هەڵدەچەقن؛ بە چوارچنگۆڵە شوێن رێچکەی شەرابە رژاوەکە دەکەوم، کە هێڵی ناڕێک و ناشرین لەسەر فەرشەکە و سەر ئەرزی ناوماڵەکە دروست دەکات.

دەبینم شەرابەکە دەگاتە هەر کوێیەک، هەر بەتەنها شوێنەواری پەڵەی چڵکن بەسەر فەرش و سەر ئەرزەکەوە بە جێ ناهێڵێت؛ بەڵکو کاتێک بە لای دیوارەکاندا دەڕوات پەڵە لەسەر دیوارەکانیش دروست دەکات، نا بگرە کاتێک بە تەنیشت مێزی نانخواردنکەشدا دەڕوات سەر مێزەکەیش دەبێتە پەڵەی چڵکن.

من هەروا بە گاکۆلێ بە شوێن رێچکەی شەرابەکەوەم کە بە بن دیوارەکەدا بە ژێر ئەو وێنە گەورەیەدا تێ دەپەڕێت کە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە. وێنەیەکی قەشەنگی رەنگاورەنگی من و ئەو  کە تیایدا لە ناو سەوزە گیایەکدا، من سەرم لەسەر رانی ئەوە و پەرداخێک شەرابم لە نێو دەستەکانما لەسەر سنگم راگرتووە و ئەویش پەرداخێ شەرابی بە دەستەوەیە و سەری بەسەر مندا شۆڕ کردۆتەوە. قاپێک شەرابی سووریش لەبەردەمماندا و لە ناو سەوزە گیایەکەدا رەپ راوەستاوە. لە ژێر وێنەکەدا بە ئەڵمانی نووسراوە( دووهاوبەشی* نموونەیی ساڵ). سەرنج دەدەم شەرابەکە وێنەکە دەشێوێنێت و دەیکاتە وێنەیەکی رەش وسپی و بۆری چڵکن، سیماکانی ناویشی دەشێوێن و چەشنی سیمای دوو قەرەقۆزی لێ دێت. ئەو وێنەیەی وێنەگرێکی پڕۆفیشناڵی ئەڵمان دوای وەرگرتنی رەزامەندیمان چرکاندی و دواتر بە وێنەی ساڵ لە وڵاتداهەڵبژێردرا. دەمەوێت هاوار بکەم و بانگی ئەو بکەم تا لە وێنەکە بڕوانێت، کە رۆژانێک لە ناو هاوڕێ و دۆستە کوردەکان و ئەڵمانەکانیش بۆ ئێمە جێی شانازی بوو و بۆ هاوڕێ کوردەکانیشمان جێی ئیرەیی، بەڵام بانگی ناکەم، یا رەنگە بانگیشم کردبێت و دەنگم دەرنەهاتبێ، یا بگرە ئەو هەر گوێی لە منیش نەبووبێت. نازانم بگریم یان پێ بکەنم، بەڵام دیسانەوە هیچ ناکەم و هەر شوێن شەرابە رژاوەکە دەکەوم کە وا بەرەو ژووری نووستنەکە دەچێت.

من و ئەو هەتا هاتینە ئەم وڵاتە دڵۆپێک شەراب یان مەی نەچووبووە سەر زمانمان. بگرە من لەسەر نوێژەکانم بەردەوام بووم. ئێستایش کاتێک دایکم لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانماندا بە خەمێکەوە لێم دەپرسێت داخۆ لەسەر نوێژەکانم بەردەوامم یان نا؟ من بە زمانێکی گلەییەوە پێی دەڵێم" حەیفت نەکرد، کوڕی خۆت ئاوا دەناسیت؟ من چۆن دەچمە سەر خووروەشتی ئەم کافرانە". ئاخر کەسوکارمان بێئاگان لەوەی ئێمە فێری شەراب خواردنەوەی بووین. راستییەکەی ئەو فێری شەراب خواردنەوەی کردم. ئەو هەمیشە دەڵێ " بۆبی! بڕوانە چۆن رەنگ و تامی شەراب رەنگ و تامی ژیانمانی جوانتر و خۆشتر کردووە. تۆ سەرنج بدە کاتێک شەراب دەخۆینەوە چۆن خۆشتر سێکس دەکەین؟" شەوانە هەر کاتێک حەز بە سەرجێیکردن بکەم، بەدەست خۆم نییە دەکەومە کلکەلەقێ. ئەویش لەوە تێ دەگات بۆیە بە بۆبی بانگم دەکات. خۆم هەر هێندە دەزانم کە بوومەتە گەماڵێکی راستەقینە و ئەویش بە دێڵەسەگێک کە تا بەیانی لوورەمان دێت. هەر چەندە لە رۆژدا هێندەم رێز لێ دەنێت ئەگەر بگونجایە بە کاک، مام یان هەر پێشگرێکی تری رێزئامێز بانگی دەکرم. بەڵام شەوان کاتێک شەراب دەخۆینەوە، ئێمە دووکەسی ترین. گرنگ نییە دەبین بە چی، گرنگ ئەوەیە هێند ئازاد دەبین کە خۆمان لەبیربچێتەوە و بگرە هەر خۆشمان نەبین. ئەی چۆن! ئێمە بە جۆرێک جیاواز و ناوازەین کە بە قەولی ئەو، هاوڕێ ژنەکانی چ لێرە و چ لە کوردستان، کاتێک باسی نێوانی خۆمانیان بۆ دەکات، ئێرەییمان پێ دەبەن. ئاخر ژیانی ئەوان لە ناو رۆتینیکی بێ چێژدا هەست و رۆحی تیا نەماوە و تەنیا تەمەنی هاوسەرێتییان بەڕێ دەکەن. خۆ وەکو ئێمە نین بزانن چۆن چێژ لە ژیان دەبینن.

هەر کە شەرابەکە دەگاتە لای قاچەکانی چرپایەکە، ئیدی رەنگی پەمەیی نوێنەکان بە رەنگێکی دێزی چڵکن دەگۆڕێت. پەڵەی ناشرین و چڵکن لەسەر دۆشەک و پشتییەکان بە جێ دەهێڵێت، وەک ئەو نوێنانەی لێ دێت کە ئەوێ رۆژێ لە یەکێک لە میوانخانەکانی شەقامی سابونکەران دیتم. کاتێک بە مەبەستی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی پاکوخاوێنی چووبوومە وێندەر. ئەو کاتە دیمەنی نوێنەکان هێند دزێو بوون، کە بە خۆم نەبوو هێڵنجم هاتێ. کاتێکیش لە خاوەنی میوانخانەکەم پرسی" بۆچی ئەو نوێنانە وا پیس و پڵۆخن؟" ئەو شانێکی هەڵتەکاند و بە بێبایەخییەوە گوتی "جا قەیدی چییە! خۆ خەڵکی شار لەسەری ناخەون! تەنها ئەو بیانی و رێبوارانە لەسەری دەخەون کە بۆ کارکردن دێنە ئێرە"

لە پڕ دەنگێک بە ئاگام دەهێنێت "بۆبی! گیانەکەم چیت لێ هات؟ وەرە پێکێکی ترم بۆ تێ کردوویت!" منیش بە ئاگا دێمەوە و دەبینم وام لەبەردەم مێزی تەوالێتەکەدا و شووشەبۆنێکم بەدەستەوەیە. چەند پسکەیەک بۆن بە ناو لەپی دەستم، لا ملم و سەرسنگما دەپرژێنم و بە کلکەلەقێوە دەڵێم" ئەها وا هاتم گیانەکەم! وا هاتم"

 

هاوبەش partner: بە تەنها ژنومێردەکان ناگرێتەوە، بەڵکو پەیوەندی سێکسواڵیتی یا هاوسەرگیریی هاوڕگەزخوازەکانیش دەگرێتەوە.

 

28.5.2021