تانجەرۆ

 

دووکەس لە ریزەکەی ئەم و دوو ژنیش لە ریزی ئەوبەری لا شانی دەرگەکە، کە یەکێکیان کوڕێکی گەنجی جلوبەرگ شڕۆلە بە باوەش هەڵی گرتووە دەچنە ژوورەوە. ئەم ئاهێکی بەبەردا دێتەوە.

ئاخر هەر کە ئەو چوار کەسە هاتنە دەرەوە، ئیدی ئەم دەتوانێت لەگەڵ پیاوەکەی دوای خۆی و دوو ژنی ئەوبەردا وە ژوور بکەون. بەڵام هێشتا خەمی کابرای سەر کورسی وێڵچەرەکە کە هەر ئێستا چووە ژوورەوە بەری نەداوە " ئای ئەو پیاوە بە چ قەهرێکەوە فرمێسکی هەڵدەوەراند. ئەو دەیگووت راستە مەرگ فەرمانی خودایە و ئامەنتوبیلا. بەڵام خودای بانی سەر، خۆیشی بۆ هەموو شتێک سەبەبێکی داناوە. من ئەگەر پارەی دەرزی و دەرمانم بۆ چارەسەری دەردەکەی خاتوونی ژنم هەبایە، خودایش شیفای بۆ دەنارد. ئەوە مەراقێکە و هەتا لووتم لە بەردی ئەلحەد دەدات لە دڵم دەرناچێ"  

حسێن بە دەم بیرکردنەوەوە لە کابرای سەر وێڵچەرەکە بیری دولبەری هاوسەری خۆی دەکەوێتەوە و ناخی دێتە کوڵ. هەست بە گەرمایەکی زۆر دەکات. ئەمجارە نەک هەر ناخی بەڵکو جەستەیشی هەر بەراستی دەکوڵێت. پڕ بە دڵ حەز دەکات خۆی لە ئاوێکی سارد هەڵکێشێت. ئەو هاوینە گەرمانەی وە بیردێتەوە کە بە گەنجی لەگەڵ برادەرەکانیا بۆ مەلەکردن بۆ تانجەرۆ دەچوون و لەوێ راوە ماسییان دەکرد و کالیاریان دەخوارد. بەڵام ئێستا هەم خۆی پیر بووە، هەم تانجەرۆیش پیس بووە و بەرەو وشکبوون دەچێت، هەم زۆربەی ئەو برادەرانەیشی لە ژیاندا نەماون. دەسەسڕەکەی کە ساڵی پار دولبەر بۆی کڕی بوو دەردەهێنێت تا ئارەقەی نێوچاوانی پێ بسڕێتەوە و نەهێڵێت ئەو دوو دڵۆپە فرمێسکەیش کە وەکو دوو تۆپی کریستاڵی ناو دیدەی قورس کردوون بڕژێنە سەر روومەتی و شەرمەندەی لای ئەم یەک دوو نەفەرەی تەنیشتی بکەن. راستە ئەم ئەوان ناناسێت و هەموو لە ریزی سەرەدا راوەستاون.  بەڵام ئەم هەمیشە لە بەردەم ناسیاو و نەناسدا وەکو پیاوێکی دنیادیدە و بەڕێز دەرکەوتووە.  گەلێک کەس لەم شارەدا دەیناسن، ئەوەتا خۆ ئەم ئەو پیاوە پشت کۆماوەیەی دوای خۆی ناناسێت، لێ ئەو هەرچەندە کاتی خۆی کرێکاری کارگەی جگەرەش بووە بەڵام ئەمی ناسییەوە و تەنانەت وەسفیشی دەکرد کە لەگەڵ موراجیعدا فەرمانبەرێکی چەند رووخۆش و قسەخۆش بووە. پاش قەیرێک چوارکەسەکە دێنە دەرەوە. ئیدی نۆرەی ئەمە ئاودیوی دەرگا ئاسنینەکە ببێت. حسێن هەنگاوێک دەنێت تا وە ژوور کەوێ. بەڵام پۆلیسی بەردەرگاکە  رێگری لێ دەکات.

"خاڵەگیان! ببوورە رێگەت نادەم بڕۆیتە ژوورەوە" پۆلیسە گەنجەکە وا دەڵێت.

حسێن سەرەی خۆیەتی بچێتە ژوورەوە. ئەم بەیانییە تەنها بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو قەرەباڵەغی و زۆر لەژێر تیشکی خۆری ئەم گەرما پڕوکێنەرەی تەمووزدا لەسەرەدا نەوەستێ، زوو گەییشتە ئێرە. هێشتایش کە گەییشت نزیکەی بیست نەفەرێکی لە پێشەوە بوون.

ئەو دوای ئەوەی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە کرد و چەند ساتێکیشی بە دەمەتەقێ لەگەڵ چەند کەسێکی تری ناو مزگەوتەکەدا بەڕێ کرد. بە پیاسە بە شەقامی سالمدا سەرەوخوار بوویەوە و بە ناو کۆڵانەکانی رزگاری تازەدا هات هەتا گەییشتە شەقامە بازنەییەکەی مەلیک مەحمود "چێژێکی زۆر لە گەڕان بە سەر شەقام و ناو کوچە و کۆڵانەکانی ئەم شارەدا دەبینم و کونبەکونی نەک هەر لەسەر نەخشە بەڵکو بە پێیانیش شارەزام)

پاشئەوەی پۆلیسەکە بە نیمچە تووڕەبوونێکەوە پێی دەڵێت کەس نەیگووتووە بەر لە دەستپێکردنی دەوام بێتە ئێرە. پێشی رادەگەیەنێت ئەوە فەرمانی بەڕێوەبەرە کە کەس نەکرێتە ژوورەوە. ئاخر سەرۆکی حکومەت بە سەردانێکی کتوپڕ پاش سەعاتێکیتر دەگاتە ئێرە بۆ تاوتوێ کردنی شێوازی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان. بۆیە پێویستە ئەو خەڵکەش کەمێک ئارامیان هەبێت و ددان بە خۆدا بگرن. چونکە شەخسی جەنابی بەڕێوەبەر لەگەڵ کارمەندەکاندا سەرقاڵی رێکوپێککردنی ژوورەکان و ناو فەرمانگەکەن. دوو کارمەندیشی ناردووە تا خێرا مەڕێک بکڕن و لەبەر پێی جەنابی سەرۆکی حکومەتا سەری ببڕن ( بەڵامدا لە حکومەت و لە سەرۆکەکەیشی. مار حەزی بە سیر نییە و لەبەر کونەکەیدا دەڕوێ. سەیر سەیر ئەم پۆلیسە چۆن کەوتووەتە هەلەکەسەما) ئەم ئەگەرچی هەرگیز تاقەتی سیاسەتی نەبووە، بەڵام هەم ئەمیش و هەم زۆربەی ئەو خەڵکانەی لێرەدا بۆ مووچەوەرگرتن سەرەیان گرتووە، گاڵتەیان بەم جۆرە سەردان و کۆبوونەوانە دێت و بە خۆنماییشکردن و قسەی قۆڕی دەزانن.

حسێن دەیەوێت هەرچۆنێک بووە وەژوور کەوێت و زوو نەجاتی بێت، تا چاوی بە چڕوچاوی ئەو بەرپرسانە نەکەوێت. جگە لەوە ئێستا هەردوو کچەزاکەی نانیان نەخواردووە و چاوەڕێی باپیرەن تا نان و کەبابیان بۆ بهێنێتەوە. نزیکەی ساڵێک لەمەو پێش کە دولبەری هاوسەری مرد، حسێن داوای لە کچەکەی و زاواکەی کرد بێنە ماڵەکەی و لای ئەم بژین. لەو کاتەوە هەموو سەری مانگێک کە مووچە وەردەرگرێت، یان نان و کەباب بۆ هەردوو کچەزا نۆساڵان و یانزە ساڵانەکەی دەباتەوە، یان دەیانبات بۆ یەکێک لە کەبابخانە و جگەرخانە ناسراوەکانی شار و پێکەوە نان دەخۆن.

" خاڵە! کچەزاکانی تۆ گرنگترن یان ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆکی حکومەت؟ خەڵک خوا خوای رێکەوتێکی وایەتی تا لە نزیکەوە بە دیداری گەورەبەرپرسێک شاد بێت یان وێنەیەکی لە تەکدا بگرێت نەخواسمە سەرۆکی حکومەتیش بێت"

ئەوەی ئازاری دەدات ئەو دووڕوویی و ماستاو چێتییەی پۆلیسەکە نییە کە کەمێک پێش ئێستا جنێوی بە حکومەت و بەرپرسانی ئەم مەملەکەتە دەدا و نەفرەتی لێ دەکردن. چونکە مرۆڤانێکی زۆری لەو چەشنە دیتوون. وەلێ ئەو نزیکەی چل ساڵ کارمەندی تاپۆ بوو، هەرگیز بەم رەقی و بێچاو و رووییەوەوە قسەی لەتەک موراجیعدا نەکردووە و بگرە مامەڵەی هەر کەسێکی رایی کردبێت دوایی نوقڵێکیشی پێداوە. هەر لەبەر ئەو رووەخۆشە و رێزەی کە لە خەڵکی دەنا، هەتا ئێستایش کەسانێک بەبێ ئەوەی بیانناسێت لەسەر شەقامەکان و ناوبازاڕەکاندا کە دەیبینن بە رێز و خۆشەویستییەوە مەرحەبایی دەکەن.

قەرەباڵەغی و ژاوەژاوی خەڵکەکە زیاتر دەبن و گەرماکەیش بە تینتر دەبێت. ئەمیش بێحەواستر و ماندووتر دەبێت. زۆر ناخایەنێت بەردەم فەرمانگەکە پڕ دەبێت لە پاسەوان و کەناڵی راگەیاندن. هێندەیتر هەواکە ئەوق  و خکێنەر دەبێت. ئەم باری تەندروستی بە تەواوی تێک دەچێت. کوڕێکی گەنج کە هاوەڵی پیاوە پشت کۆمەکەی تەنیشتێتی را دەکات پەرداخێک ئاوی فریا بخات. لەبەردەم دەرگا ئاسنینەکەدا سەرۆکی حکومەت و دەستوپێوەندەکەی پێشوازی گەرمیان لێ دەکرێت و لە خۆشی هاتنی ئەو بەرپەرسەدا ئەو ناوە دەبێتە چەپڵەرێزان و شادی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەکانی. هەر لەبەردەم ئەو دەرگایەدا ئەم سەری گێژ دەخوات و بە لادا دەکەوێت. جگەلە پیاوە پیرە پشت کۆمەکە و کوڕەگەنجەکەی کەس ئاگای لەم نییە. پیاوە پیرە پشت کۆمەکە سەری حسێن دەخاتە سەر رانی و دوو دڵۆپ فرمێسک دەزێنە چاوەکانی. حسێن لە نێو گەرما و ئاپۆرای قەرەباڵغەییەکەدا ئارەقێکی زۆر دەکاتەوە. لەشی دەکەوێتە سەر ئاو، ئاوێکی سارد چەشنی ئاوی تانجەرۆ لە نیوەڕۆیەکی تەممووزدا ...

 

20.7.2021