رۆڵی شانۆی ئیمپڕۆلە داڕشتنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا

چەند سەرنجێکی کورت

 

رەنگە ئەم ناونیشانە کەمێک نامۆ بێتە بەرچاو، ئاخر شانۆ چالاکییەکی هونەرییە نەک سیاسی، ئەرکێکی لەم چەشنەیش راستەوخۆ دەچێتە نێو بواری سیاسەت و کۆمەڵناسی سیاسییەوە و لە توانای شانۆدا نییە. هونەر بە گشتی و شانۆ بە تایبەتی چۆن دەتوانێ دەستکاری هیرارشیزمێک بکات کە هەزاران ساڵە لە دەرەوەی ئەو داڕێژراون. بێگومان ئەم پرسیار و گومانانە بۆ شانۆی کلاسیک راستن، چونکە شانۆی تەقلیدی بنەمایەکی هەڕەمی هەیە و لەسەرەوەی هەڕەمەکەدا نووسەری دەق و دەرهێنەر وەستاون، پاشان ئەکتەر و هونەرییەکانی تر دێن کە بیرۆکە و روانینەکانی دەرهێنەر و نووسەر نمایش دەکەن. دواجار بینەران دێن کە دەبنە دیواری چوارەم بۆ هەر سێ دیواری سەکۆکە. واتە ئەم جۆرە شانۆیە لە ناو هەمان ئەم سیستمە هەڕەمییە  کۆمەڵایەتییەدا دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدات و ناتوانێ یاخود نایەوێ دەستکاری بکات.


بەڵام شانۆی ئیمپڕۆ (راگوزەری Improvisation) قسەیەکی دیکەی هەیە بۆ گوتن. ئیمپڕۆ ئەم پەیوەندییە هەڕەمییە هەڵدەوەشێنێتەوە و لە جێیدا پەیوەندییەکی ئاسۆیی لە نێوان شانۆکارەکان و ئامادەبوواندا چێ دەکات. لێرەدا جەماوەری ئامادەبوو تەنیا بینەرێکی پاسیڤ و بێکاریگەر نین کە لە بەردەم نمایشی چیرۆکێکدا دانیشتبن و کاریان تەنیا چەپڵەرێزانی شانۆکارەکان بێت.  بەڵکو لە پێدانی بیرۆکە، دروستکردنی کارەکتەر، دیمەن و شوێندا بەشداری راستەوخۆ دەکەن و بەمەیش خۆیان دەبنە بەشێک لە نمایشەکە.

شانۆکاری بەرازیلی ئاگۆستۆبواڵ کە دامەزرێنەری شانۆی ستەملێکراوانە و میتۆدی ئیمپڕۆی لەو جۆرە شانۆیەدا بەکارهێناوە، رای وایە خەڵکی لە ئامۆژگاریکردن جاڕس بوون و دەیانەوێت دەنگیان ببیسترێت.  واتە ئەوەی لە شانۆی تەقلیدیدا بە خەڵکی رادەگەیەنرێت کە چی بکەن، دەگۆڕدرێت بۆ ئەوەی بە هەمووان پرسیاری ئەوە بکەن کە چیان دەووێت. هەر بۆیە میتۆدی ئیمپڕۆ یەکێکە لە میتۆدە گرنگەکان کە لە نێو کایەی پەرورەدەی مناڵ، نەخۆشخانەکان، ناوەندەکانی چاکسازی و چاودێری کۆمەڵایەتی و بگرە لە چارەسەرسازی دەروونیشدا پەیڕەوی لێ دەکرێت. هەر وەک لە ناو کۆمپانیا و دامەزراوەکانیشدا بۆ باشکردنی ئەدای کارمەندەکان پەیڕەوی لێ دەکرێت.


دەشێت ئامانج لە نمایشێکی ئیمپڕۆ پێشکەشکردنی کۆمیدیایەکی سەرگەرمکەر بێت یاخود گفتوگۆکردن بێت دەربارەی کێشەیەکی جیددی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی. فۆرمەکانی نمایشیش لە شانۆی ئیمپڕۆدا دەشێت کورت بن یان درێژ، کۆمیدی بن یان درامی. لەرووی دیکۆر، جلوبەرگ، ئیکسسوار و کەلوپەلی بەکارهاتوویشەوە شانۆی ئیمپڕۆ تەواو سادە دەبێتەوە و بگرە دەتوانین بڵێین شانۆی ئیمپڕۆ جۆرێکە لە شانۆی هەژار. ئەمەیش وا دەکات ئەکتەر لە کاتی نمایشدا ئەگەر دیمەنی بەکارهێنانی ئامڕاز یان ئامێرێک نمایش بکات زیاتر پشت بە جووڵەی جەستە، ئاماژە و نواندن ببەستێت. بێگومان ئەمەیش هەم پێویستی بە توانایەکی بەرزی نواندنە و هەم ئەو توانایەیش جارێکیتر دەباتەوە سەرەوە. لە لایەکی تریشەوە سادەیی لە نمایشدا رێگرە لەوەی سەرنجی ئامادەبووان بە لای دیکۆر و جلوبەرگ وئەو شتانەدا بڕوات، ئەمە جگە لە لایەنە پێداگۆگییەکەی کە گیانی سادەیی و دوورکەوتنەوە لە مەسرەفگرایی و رواڵەتچێتی  لە ناو خەڵکیدا بەهێز دەکات.  

سەرەتا ئیمپڕۆ بوو

گرنگە بزانین ئیمپڕۆ تەنیا پەیوەست نییە بە شانۆوە، بەڵکو موزیک، سەما و هەموو ئەو جووڵە و دەربڕینانەیش دەگرێتەوە کە ئامادەکاری پێشوەختەیان بۆ نەکراوە و راگوزەرییانە دەردەبڕدرێن. لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەریانخستووە کە مرۆڤی سەرەتایی چ لە هەڵکۆڵینی وێنە و نیگارەکان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکاندا و چ دواتریش لە گێڕانەوەی چیرۆکی راوشکارەکانی رۆژانەیاندا پەنایان بردۆتە بەر گوزارشی راگوزەری (ئیمپڕۆ). سەما و نمایشی سەماکارانە لە گۆڕەپانەکان، پەرستگاکان و ئاهەنگەنمایشییەکانی سەر شەقامەکان لە کۆندا بە شێوەیەکی راگوزەری و بە بێ خۆ ئامادەکردن ئەنجام دراون. هەموو ئەمانەیش دواتر لە پرۆسەیەکی گەشەکردندا بوونەتە بناغە و سەرەتا بۆ دامەزراندنی شانۆی کلاسیک لە سەدەکانی پێنج و چواری پێش زاییندا.

بە دامەزراندنی شانۆی کلاسیک ئیدی سەکۆی نمایش و فەزای مادی و نامادی سەکۆکەیش دەکەونە ژێر هەژموونی دەرهێنەر و نووسەرەوە. دیالۆگ، دەربڕین، جووڵە، هەڵچوون و داچوونی هەستەکانی ئەکتەر لەلایەن هەردوو دەرهێنەر و نووسەری دەقەوە لە قاڵب دەدرێن و ئاراستە دەکرێن. ئیدی نمایشی ئیمپڕۆ بە تەواوی کز دەبێت، هەتا سەدەکانی شانزە و هەژدە‏ کە لە ئیتاڵیا هونەرمەندانی کۆمیدیا دێل ئارتە (Commedia dell'arte) نمایشی کۆمیدییان بە شێوەی ئیمپڕۆ لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا پێشکەش دەکرد. پاشان لە سەدەی بیستدا ستانسڵاڤسکی جاریکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ گەشەپێدانی هێزی خەیاڵ و زمانی ئەکتەر. هەروەها بریشت دیواری چوارەم دەڕووخێنێت، پەلی جەماوەر دەگرێت و لە نمایشدا بەشداری پێ دەکا. بەڵام ڤیۆلا سپۆلین بە شێوەیەکی زانستی و مەنهەجهی برەو بە شانۆی ئیمپڕۆ دەدات و مەشقەکانی ئیمپڕۆ بەشێوەیەکی بەرچاو گەشە پێ دەدات و کتێبی ( ئیمپڕۆ بۆ شانۆ  Improvisation for the Theater) دەنووسیت کە فەلسەفە و میتۆد و راهێنانەکانی دەگرێتە خۆی و دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و تیۆری بۆ شانۆی ئیمپڕۆ.

ژیانی کۆمەڵایەتی وەک دەقێکی کراوە و هەمیشەیی

لە نمایشی ئیمپڕۆدا نە دەرهێنەر ئامادەیی هەیە نە نووسەر. دەرهێنەر بوونی نییە، بەڵکو لە جیاتی ئەو مۆدێراتۆر یان بەڕێوەبەری نمایش بوونی هەیە ‏کە رۆڵەکەی لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی نمایشەکە لەگەڵ ئامادەبوواندا زیاتر تێناپەڕێت. ‏نەبوونی دەقیش واتە نەبوونی شانۆنامەیەکی لە پێشدا نووسراو یا چیرۆکێک یا بیرۆکەیەکی پێشترئامادەکراو، واتە چیرۆک، کارەکتەر، شوێن و کات و ...هتد زادەی ئەو ساتەوەختەن کە نمایشەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت. ئەوەی جێی نەبوونی دەق، بە هەموو رەهەندەییەکانیەوە، دەگرێتەوە نواندنی ئەکتەرە، جووڵە و خەیاڵەکانێتی. ئەمەیش پێویستییەکی زۆری بە توانای نواندن، جووڵە، ئاماژەناسی دەم وچاو جەستە و خەیاڵسازی ئەکتەر هەیە تا بتوانێ رۆڵی ئەو کارەکتەرەی کە پێی دەبەخشرێت بەشێوەیەکی باش وازی بکات. کەواتە پێویستە ئەکتەر خاوەنی پاشخانێکی مەعریفی و مرۆڤناسیش بێت و زانیارییەکی باشی دەربارەی رەفتار، بیرکردنەوە و هەستە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ هەبێت. چونکە ئەکتەری ئیمپڕۆ کارەکتەرێکی ئامادەی لەبەردەستدا نییە وەک ئەوەی دەقی شانۆیی لە شانۆی تەقلیدیدا دەیخاتە بەر دەستی. لێرەدا ژیانی ریاڵی کۆمەڵایەتی بۆ ئەکتەر دەبێتە دەقێکی شانۆیی کە پێویستی بە خوێندنەوە، سەرنجدان و تێڕامانی بەردەوام و قووڵە لە لایەن ئەکتەرەوە. ئەمە وێڕای مەشقی بەردەوام تا بیکاتە ئەکتەری ئامادە بۆ نیشاندانی هەر کارەکتەرێک لە هەر کات و شوێنێکدا کە ئامادەبووان لێی داوا بکەن.

بۆیە بەراورد بە ئەکتەری شانۆی تەقلیدی کە سەرنجی تەنیا لەسەر قووڵبوونەیە بە ناو ئەو کارەکتەرەی دەرهێنەر بۆی دیاریکردووە تا رۆڵەکەی ببینێت، ئەکتەری ئیمپڕۆ ئەرکەکەی قورستر و هەستیارترە. هەروەها لە کاتی نمایشدا پێویستی بە وردبوونەوە (ترکیز) ی زیاترە تا هەم بیرۆکەکانی ئامادەبووان وەربگرێت و هەمیش ئاگای لە نواندن و بیرۆکەکانی ئەکتەری بەرامبەر بێت تا وەریان بگرێت و بچێتە سەر هێڵەکەی ئەو. چونکە ئەکتەر نابێت هیچ بیرۆکەیەک رەت بکاتەوە (بلۆکی بکات) چ لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشکەش بکرێت یان لەلایەن ئەکتەرەکەی ترەوە. ئەمەیش پێویستی بە وریاییەکی زۆر(سرعة البدیهیة) هەیە لە دەربڕینی لەفزی و نا لەفزیدا. بەمجۆرە ئەکتەر لە پرۆسەیەکی بەردەوامی وەرگرتن و بەخشیندایە لەگەڵ هاوڕێ ئەکتەرەکانی تریدا. هیچ ئەکتەرێک لەسەر حسابی هاوڕێکەی خۆی دەرناخات و نابێتە پاڵەوان، بە شکاندنی کەرامەت و هەستی هاوڕێ ئەکتەرەکانی یا بریندارکردنی هەستی بینەران خەڵکی ناخاتە پێکەنین. لە نمایشی ئیمپڕۆدا نەک هەر پاڵەوانی سەرەکی بوونی نییە و پەیوەندی نێوان ئەکتەرەکان پەیوەندییەکی ئاسۆییە کە لەسەر ئاستی چاو(auf Augenhöhe ) دامەزراوە. بەڵکو دیمەنە کۆمیدییەکانیش دیمەنی گاڵتەجاڕی نین، بەڵکو کۆمیدیایەکن لە ناو دیمەندا نەک لە کارەکتەردا. ئەمەیش بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە پەروەردەکردنی ئەکتەری ئیمپڕۆوە هەیە پاشان بە میتۆدی نمایشەکانەوە. بۆیە دەبینین ئەکتەری ئیمپڕۆ خەونی ئەوەی نییە ببێتە سوپەرستار و خەڵکی دوای نمایش سێلفی لەگەڵدا بگرن. ئەمەش دەمانباتە سەر لایەنێکی گرنگ و جەوهەری نمایشی ئیمپڕۆ ئەویش لایەنی پێداگۆگییانە یاخود پەروەردەیی هونەری شانۆیە. 

پەروەردەی مرۆیی و چەسپاندنی مۆراڵی مرۆیی لە ئەرکە هەرە سەرەکی و جەوهەرییەکانی هونەر و ئەدەبن. خۆ ئەگەر ئەم رەهەندە پێداگۆگی و مۆراڵییانە لە بەرهەمی هونەری و ئەدەبی دەرکێشین، تەنانەت ئەگەر ئەو بەرهەمانە لە بەرزترین ئاستی خۆ دەرخستنیشیاندا بن، ئەوا لە باشترین حاڵەتیاندا جوانییەکی رەقوتەقی بێ هەست و گیانیان لێ دەمێنێتەوە. تەنیا بەرهەمی ئەو هونەرمەند و نووسەرانەیش هەڵگری گیانێکی پەروەردەی مرۆییانەن کە خۆیان توانیبێتیان روانینێکی مرۆییان لە زاتی خۆیاندا چاند بێت و لەسەر مۆراڵی مرۆیی خۆیان پەروەردە کردبێت. 

هەر لە سۆنگەی گرنگی رۆڵی ئیمپڕۆ لە پێداگۆگیدا دەبینین فەیلەسوف و پێداگۆگی بواری پەروەردەیی (جۆن دیوی) میتۆدی ئیمپڕۆ دەخاتە نێو پەروەردەی منداڵەوە و یارییەکانی شانۆی ئیمپڕۆ لە بواری مەشقی منداڵان بەکاردەهێنێت. لەبەر ئەوەی منداڵ خۆی بە شێوەیەکی خۆڕسک (عفوي) رەفتار دەکات و بیر دەکاتەوە. میتۆدی کارکردنی ئیمپڕۆیش هەر خۆڕسکیبوونە. بۆیە ئیمپڕۆ دەبێتە توخمێکی گرنگ لە میتۆدی فێرکاری پەرەپێدەرانە (Progressive education ) لە بواری پەروەردەدا. ئەم میتۆدەیش بایەخێکی زۆر دەدات بە پەرەپێدانی فێرکردنی ئەزموونگەری، چارەسەری کێشە، بیری رەخنەگرانە، فێرکردنی هەرەوەزییانە، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و... هتد. لێرەوە دەتوانین مەزندەی ئەو بایەخ و بەهایانە بکەین کە یارییەکانی ئیمپڕۆ لە ناو منداڵاندا دروستی دەکەن.

رەخنەی سیاسی لە ئیمپڕۆدا، هەنگاوێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی هیرارشیزم

ئەگەر ئیمپڕۆ لە ناو منداڵان و ناو خوێندنگەکاندا رۆڵی لە دەوڵەمەندکردنی خەیاڵ و فەنتازیاکانیان و بەهێزکردنی بیری رەخنەگرانەدا هەبێت. ئەوا لە نێو گەورەساڵاندا دەتوانێت چوارچێوەیەک بێت بۆ دیالۆگ و دەربڕینی گۆشەنیگای جیاواز دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. 

بەپاڵ نمایشە کۆمیدییەکانەوە کە چێژ بە ئامادەبووان دەبەخشن و فشارەکانی ژیانی رۆژانەیان کەم دەکەنەوە، کۆمیدیای رەشیش بەشێکە لە نمایشی ئیمپڕۆ کە تیایدا کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە روو. بەوەشدا کە پرەنسیپی سەرەکی نمایشی ئیمپڕۆ لەسەر بەشداریپێکردنی ئامادەبووان دامەزاراوە و ئامادەبوو لە بینەرێکی پاسیڤی نمایشەوە ( لە شانۆی کلاسیکدا ئەمە وایە) دەبێتە توخمێکی گرنگ و بەشداری نمایشەکە. بۆیە ئامادەبووان ڕوانینەکانیان بۆ کێشە و گرفتەکان دەخەنە روو و ‏چارەسەریشیان بۆ دەدۆزنەوە. لەم رووەوە دەکرێت بەشداری ئامادەبووان لە نمایشدا وەک پرۆڤەیەک یا بنەمایەک سەیرکەین بۆ بەشدارییەکی فراوانتری تاک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
گەلێک هونەرمەند ئیرتیجالی سیاسیان بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و رەخنەی سیاسی بەکارهێناوە، لەوانە نووسەر و شانۆکاری ئیتاڵی داریۆفۆ کە لە نمایشە ئیمپڕۆکانیدا بە شێوەیەکی کۆمیدی رەخنەی لە گەندەڵی، تیرۆری مافیا، ئایین، سیاسەتی بانکەکان و ... هتد دەگرت.

ئاگۆستۆ بواڵ بە سوودوەرگرتن لە میتۆد و فەلسەفەی پاۆڵۆ فێریری لە بواری پێداگۆگیدا پەرەی بە نمایشی ئیمپڕۆ دا و شانۆی ستەملێکراوانی داهێنا. ئەو پێی وا بوو شانۆی تەقلیدی جەماوەر لە ئەکت و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی دادەبڕێت. بۆیە جەماوەر لە پەراوێزی نمایشی دەقەوە دەردەهێنێت و لە رێگەی دامەزراندنی ئەڵقەیەکی دیالۆگی شانۆیی و گفتوگۆکردن دەربارەی ستەم، هەڵاواردن و کێشە کۆمەڵاییەکانەوە بەرەو پانتایی کار و کاریگەربوونیان دەبات. ئەو بڕوای وابوو کە شانۆ ئێمەین لەبەرئەوەی ئێمە هەموومان ئەکتەرین و شانۆیش پێویستی بە سەکۆ و جەماوەر نییە بەڵکو پێویستی بە رۆڵبینەر هەیە.  

نەمانی دەسەڵاتی نووسەر- دەرهێنەر بەسەر ئەکتەرەوە و ئاسۆییبوونەوەی پەیوەندی ئەکتەر بە جەماوەرەوە لە ئیمپڕۆدا، وانەیەکی پەروەردەیی گرنگە بۆ بیرکردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی هیرارشیزمی کۆمەڵایەتی و دامەزراندن و داڕشتنی پەیوەندییەکی ئاسۆیی لە جێگەیدا نەک لە نێوان شانۆکار و جەماوەر بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەیشدا نێوان مرۆڤەکاندا. گومانی تێدا نییە هەڵوەشاندنەوەی هیرارشیزمی کۆمەڵایەتی و جێخستنی پەیوەندی ئاسۆیی لە نێوان مرۆڤدا لە شوێنی، بەر لەوەی پرۆسەیەکی سیاسی بێت، پرۆسەیەکی پێداگۆگی، کۆمەڵایەتی و کولتووری درێژخایەنە کە منداڵ و گەورە دەگرێتەوە. لێرەوە ئیمپڕۆ دەتوانێت پەراوەیەکی بەردەوام بێت بۆ تاک و گروپەکان بۆ تێکشکاندنی سیستمی پلەبەندی و هەڕەمییەتی کۆمەڵایەتی و ژیانکردن لە نێو پەیوەندی ئاسۆییانەدا. ئەوەیش زیاتر ئەم پرۆسەی هەڵوەشاندن و بنیاتنانەوەیە پتەو و بەهێز دەکات، پرەنسیپی بەشداریپێکردنی جەماوەرە لە نمایشدا کە مەفهومی بەشداری سیاسی لە لای تاک سادە و ئاسان دەکاتەوە جگەلەوەی دەبێتە ئەزموونێک بۆ بە هێزکردنی گیانی بەرپرسیارێتی و دەستوەردان لەو کێشانەی پەیوەندییان بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، لێرەوەش زەمینەی دروستبوونی وشیارییەکی راستەقینەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

 

15.9.2021

 

سەرچاوەکان:

1.                        دور الارتجال في تطویر الأداء التمثیلي في السودان. حمد عبدالسلام صالح جمعة، رسالة ماجستیر. ٢٠١٧.

2.                         الإرتجال المسرحي بین عروض التعبیر الحرکي  و مسرح المقهورین. دراسة تحلیلیة لنماذج مختارة. إعداد أ. منی عبدالمقصود عبدالعزیز شنب. المجلة العلمیة لکلیة التربیة النوعیة العدد الثاني عشر أکتوبر ٢٠١٧.

3.                         https://stringfixer.com/ar/Improvisational_comedy

4.                         الإرتجال المسرحي .. إتفاقیة غیر معلنة بین الممثل و الجمهور. أحمد الماجد. http://arabicmagazine.com/Arabic/ArticleDetails.aspx?id=6295

5.                         آلية الاشتغال على منهج باولو فرايري (التعلم الحواري)في مسرح المضطهدين عند أوجستو بوال. یحیی سلیم عیسی

6.                         مسرح المقهورین   https://ar.wikipedia.org/wiki/%