کە کافر بیت و ژنێکیش بیت

 " خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی " ژنە کافرەکە

 

"دەبوو هەموومان کافر بین و نەهێڵێن ئەو بە تەنیا بمرێت"  فاتیمە کە هێشتا هێندە منداڵە و مانای کافر نازانێت، دوای ئەوەی بینەری دیمەنی رەجمکردنی کچێکی بیستساڵە بە تاوانی زیناکاری و کافرییەوە دەبێت، دەگەڕێتەوە ماڵەوە و بە گریانەوە باوەش بە دایکیدا دەکات و ئەو رستەیەی سەرەوەی پێ دەڵێت.


ئەگەرچی فاتیمە کارەکتەرێکی خەیاڵییە و پاڵەوانی رۆمانی ژنە کافرەکەی عەلی بەدرە، بەڵام کارەکتەرێکە هیندە لە واقیعەوە نزیکە، رەنگە خوێنەر لێی ببێتە کارەکتەرێکی راستەقینە (نووسەر خۆی ئاماژەی بەوە داوە ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی بەلجیكا لە کەمپێکی پەنابەراندا بووە ‏کاتێ چاوی بە ژنێکی چارشێوبەسەر کەوتووە و ئەو ژنە بووەتە ئیلهامبەخشی ئەو رۆمانەی ‏) ئەو رووداو و بەسەرهاتانەی لەم رۆمانەدا هەن، ئەگەر رووداوگەلی راستەقینە و واقیعیش نەبن، ئەوا هاوشێوەی واقیعن و بە شێوازی جۆراوجۆر بیستوومانن. ئەم رۆمانە بە شێوازێکی ریالیستییانە سەربوردەی گوندێک دەگێڕیتەوە کە شوناسەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام لە کۆنتێکستی دەقەکەدا تێ دەگەین گوندێکە لە عێراق. گوندێک لە پاڵ بیاباندا کە خەڵکەکەی ژیانێکی سەخت و پڕ کڵۆڵی بەسەر دەبەن. گوندێک پڕە لە غەم، ئازار،توندوتیژی دژی ژن و ...هتد گوندێک کە دەتوانین بە عێراقێکی بچکۆلە( بە کوردستانیشەوە)ی بشوبهێنین ( رەنگە هەر ئەوەیش هۆکارێکی ناونەبردنی گوندەکە بێت تا بۆ هەموو ئەو جوگرافیایەی کە ناوی عێراقە گونجاو بێت). لەو گوندەدا گەورەکان لاقەی کچە منداڵەکان دەکەن و پاشان بە ‏بەرد سەریان پان دەکەنەوە. کیژان دوای بە زۆر بە شوودرانیان دڵدارەکانیشیان شێت دەکەن، پاشان سواری ‏گوێدرێژێکیان دەکەن و تیزیان پێوە دەکەن. کچانی منداڵ بە شوو دەدەن، ژنان لە لایەن برا یان باوکەوە بەناوی ناموس و ‏شەرفەوە دەکوژن ... هتد. کاتێکیش ئیسلامییەکان دێن، ژیانەکەیان هێندەی تر قورستر دەبێت. زەلیلکردن، کوشتن و لاقەکردن شەرعیەتی پێ دەدرێت. ژنی بیباوەڕ رەجم دەکرێت، یەزیدی و کرسیتیانەکان دەکرێنە سەبی و ‏کەنیزەک. ژنی باوەڕداریش دەبێت هەمیشە ئامادە بێت بۆ دوای خۆتەقاندنەوەی ‏هاوسەرەکەی تا شوو بە موجاهیدێک بکەنەوە. وەک چۆن دوای خۆتەقاندنەوەی باوکی ئیدی هاوەڵە موجاهیدەکانی لە دایکی دەوروکێن (دایکم ‏پێی وتم هەر کە مێردەکەی مرد هەمووان دەیانویست سواری بن بە خۆشی بێت یا بە زۆر  ل ‏‏٩٢) دایکیشی بۆ ئەوەی شوو بە موجاهیدەکان نەکات، ناچار شوو بە قومارچییەک دەکات ‏کە هەمیشە سەرخۆشە چونکە (پیاوی بەڕێز ئیدی بوونی نەماوە) ل٩٣. ‏لێرەدا گێڕەرەوە نیشانمان دەدات کە ژن خاوەنی جەستەی خۆی نییە و پێی نامۆیە. نامۆبوونێک کە فاتیمە هەر لە منداڵییەوە دووچاری دەبێت کاتێک بە هۆی گرنگیدانی دایکی، کە لە کچەکەیدا بۆ خەونە بەدی نەهاتووەکانی دەگەڕێت، بە جلوبەرگی قوتابخانەی وەکو نامۆیەک و ‏تەریکخراوێک لە ناو منداڵەکاندا دەردەکەوێت. ‏ئەو رۆژەیش کە دەبینێ گوندەکەیان بە هۆی بەردبارانکردنی کچێکەوە شڵەقاوە، پێشتریش دەتووت خۆڵی مردووی بەسەردا کراوە، و ژن و پیاو و منداڵ ورووژاون و بە حەماسەوە بەشداری لە بەردبارانکردنی کچێکدا دەکەن چونکە حیجابی نەکردووە بە کافر لەقەڵەم دراوە؛ ئیدی نامۆبوونەکەی زیاتر دەبێت و لە رووی ئاینییشەوە تووشی ئیغتیراب دەبێت(‏هەتا ئێوارێ مامەوە. بۆ ماڵ نەگەڕامەوە. هەر بیرم لەو کچە کافرە دەکردەوە. من دەمویست کافر بم. بۆ هیچ شتێک نا، بۆ دڵنەواییکردنی نەبێت . وەکو ئەو بم بۆ ئەوەی باری شانی سووک بکەم ) ل ٤٧ بگرە هەر بەو هۆیەوە لەگەڵ جەستەیشی نامۆ دەبێت. چون نەک هەر ئەو بەڵکو هەموو ژنەکانی دیکەیش جەستەیان لێ زەوت کراوە و ‏خاوەنی جەستەی خۆیان نین. ئەوەی هێندەیتر نامۆبوونەکەی قووڵ دەکاتەوە ساتەوەختی هێرشی ئیسلامییەکان بۆ سەر گوندەکەیان هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆرانکارییانەی بەهۆی باڵقبوونییەوە لە جەستەیدا روودەدەن.

ئەو لە خەمی جەستەی و مێینەیی و لە ترسی چاوچنۆکی موجاهیدەکان رقی لەو ‏گۆڕانکارییەش هەڵدەستێت کە لە دەنگ و جەستەیدا روو دەدات. ئەو دەنگەی لە سەرەتای گۆڕانیدا ئەم زۆر دڵی پێ خۆش دەبێت (من بیرم لە جەستەم دەکردەوە کە گۆڕدرا بە جەستەی یەکێکی تر. ‏جەستەیەک ئەگەر نەیپارێزم، لە ژێر پێی پیاواندا، وەکو سزا و باجی پیسکردنی! دەپلیشێمەوە..... ‏بابم نەیپرسی چۆن دەبێت شەرەفی پیاوان لە نێوان رانمەکاندا بێت کە رۆژانە گوو میزی بیدا ‏دەکەم) لاپەڕە ٧١‏. ئەو سەرنج دەدات لە سایەی دەسەڵاتی خەلافەتدا ئەگەر ژنێک کافر بێت ئەوا نەک هەر پیاوان بەڵکو هاورەگەزەکانی خۆیشی رەجمی دەکەن و جەستەی وەژێر بەردان دەکەن، یەزیدی و کرسیتیانەکان دەکەنە سەبی ‏و ‏کەنیزەک. ئەم نامۆبوونی جەستەییە لە کاتی بڕیاردانی ریازی هاوسەری، کە پێشتر دڵدارییەکی کورتی جوانیان هەبووە، بە خۆتەقاندنەوە بە ئومێدی دەستکەوتنی حەفتا حۆری لە بەهەشت دەگاتە لووتکە " حەفتا حۆری کوڕی قەحبە ... دەتەوێ سواری حەفتا حۆری بیت کوڕی قەحبە؟ تۆ لەگەڵ من لە دوان زیاترت پێ ناکرێت.." ل١٢٦. هەست بە زەلیلبوونێکی تەواو دەکات. لووتکەی نامۆبوونیش سەرەتای یاخیبوونە. یاخیبوونی ژنێکی تەنیاش لە دۆخێکی ئاوادا تەنیا هەڵهاتنە. کۆچە بۆ ئەوروپا. رۆیشتن بە بارهەڵگری میوە و بە بۆنی میوەوە خەیاڵێکە کە قاچاخچییەکە بۆ ئەو سەفەرەی لای دروستی دەکات. ئەو قاچاخچییەی سەرەتا چەشنی مەڕێک خۆی نیشان دەدات بەڵام لە رێگە  دەبێتە گورگێک و کەڵبە و چنگەکانی لە جەستەی گیر دەکات و ئیغتیسابی دەکات.

بۆیە کاتێ دەگاتە ئەوروپا بڕیار دەدات تۆڵە بکاتەوە. تۆڵەی زەوتکرانی جەستەی، تۆڵەی ئەو هەموو دەستدرێژی و چاوتێبڕین و خۆپێچانەوەیەی لە ژێر حیجابدا. تۆڵەکردنەوەکەیشی بە فڕێدانی پەچە و حیجابەکەی و تەماهیرکردن دەبێت لەگەڵ ئەو کچەی بە ناوی کافرەوە و لەبەر ئەوەی باڵاپۆش نەبوو بەردباران کرا، بە گۆڕینی بەردەوامی پەیوەندییە سێکسییەکانی( بڕیارم دا لەگەڵ حەفتا پیاودا بخەوم. هەر بە پەلکێشکردن بیانهێنمە نێو جێخەوەکەمەوە) ل١٩٠، بە گۆڕینی ناوەکەی لە فاتیمەوە بۆ سۆفی بۆ ئەوەی ئیدی بەتەواوی کەسێکی دیکە بێت. چونکە ئەو هەر لە گوندەکەی خۆی و پاش مردنی دایکی( کە دەکرێت دەلالەتێکیش بێت بۆ مەرگی نیشتیمان لە سایەی جەلادەکاندا) ئیدی هیچ ئینتیمایەکی نامێنێت چ بۆ کۆمەڵگەکەی چ بۆ شوێن، خۆ ئینتیمایشی بۆ ئایین هەر بە هاتنی داعش ئیتر نەیما. پاڵەوان لە ئەوروپا دەکەوێتە نێو ناکۆکییەکی توندی شوناسگەراییەوە و بەسەر دوو کارەکتەدا دابەش دەبێت. یەکەمیان فاتیمە، پەنابەرێکی عەرەب کە خەریکی کاری پاککردنەوەی. دووەمیان سۆفی، کچێکی ئازاد کە لە رێی خواردنەوە و رابواردنەوە دەیەوێت هەموو ئەو داوانە بپچڕێنێت کە بە شوناسەکەی تریەوە دەیبەستنەوە. ئەمەیش نیشانەیەکە لە نیشانەکانی قەیرانی شوناس کە پەنابەران لە ئەوروپا دووچاریان دەبێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژەیەک بە رۆمانی ( وەرزی کۆچ بەرەو باکوور)ی ئەلتەیب ساڵح بکەین. لەم رۆمانەدا موستەفا سەعیدی پاڵەوان وەکو فاتیمە روو لە ئەوروپا دەکات بەڵام ئەم وەک هەڵاتوویەک نا، بەڵکو بۆ خوێندن بۆ بەریتانیا دەچێت، کە وڵاتەکەی ئەمی داگیرکردووە. ئیدی لەوێ شمشێری پیاوەتی هەڵدەکێشێت و دەیەوێت لەسەر جێگەی خەو و بە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی ئینگلیزدا تۆڵەی ئەو داگیرکارییە بکاتەوە( ئەم شارە بووە بە ژنێکی سەرسووڕهێنەر لا ٣٨ ... من وەکو پەلاماردەرێک (غازي) هاتوومەتە سەرتان  ل ٦٣...    ئەو دەیگووت ئەفریقا بە ....م رزگار دەکەم" ل١٢٢. دیارە ئێمە نامانەوێت بەراوردکاری لە نێوان ئەم دوو رۆمانەدا بکەین، بەڵکو دەمانەوێت جیاوازی نێوان دیدگای پیاو و ژن بۆ جەستە و سێکس بکەین. کە ئەمەی دواییان لە هەردوو رۆمانەکەدا پانتاییەکیان داگیرکردووە( هەڵبەتە هەردوو رۆمانەکە بە جوانیش دێنە سەر جیاوازییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و مەسەلەی ئینتگراسیۆن و هتد). جیاوازی نێوان مستەفا و فاتیمە ئەوەیە: یەکەمیان دەیەوێت تۆڵەی داگیرکاری وڵاتەکەی لە پەلاماردەرێکی(غازي) دەرەکی بکاتەوە کە هێرشی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بردووە و داگیریکردووە. بۆیە بە تۆنی پیاوێکی بەدەوییەوە دەڵێ "لە ماڵی خۆتاندا"  خێمەی خۆم هەڵ دەدەم و ئەستووندەکەشم دەچەقێنم ( لێرەدا خێمە و ئەستوند ئیحایەکی سێکسواڵیتی تیایە). واتە تۆڵەکردنەوە بۆ زەوتکردنی خاکەکەی، دەیگەیەنێت بە زەوتکردنی جەستەی مێینەی ئەوی دی.

لە کاتێکدا فاتیمە لەگەڵ هێرشبەری ناوەکیدا بەرەو رووە کە زمان، ئایین، کەلتوورێکی هاوبەشیان هەیە. بۆیە ئەم کێشەی زەوتکردنی خاکی نییە، بەڵکو کێشەی زەوتکردنی جەستەی لەگەڵ هێرشبەرەکاندا هەیە. نەک هەر جەستەی خۆی بەڵکو جەستەی هەموو ژنەکان. بۆیە ئەو تەنیا دەیەوێت جەستەی ئازاد بکات. لێرەوە تۆڵەکردنەوەی فاتیمە بۆ زەوتکردنی جەستەی دەیگەیەنێت بە ئازادکردنی جەستە. واتە ئەگەر لای مستەفا هاوکێشەکە بریتی بێت لە داگیرکردنی خاک/ زەوتکردنی جەستە، ئەوا لای فاتیمە دەبێت بە  زەوتکردنی جەستە/ ئازادکردنی جەستە.

 

نەوەکانی نیرگال لەسەر داروپەردووی دەروازەی عەشتار شایی دەکەن

فاتیمە خەڵکی سەرزەمینی عەشتارە، خواوەندی خۆشەویستی، جوانی، پیت و فەڕ. تاوانەکەی تەنیا ئەوەیە لە نێو ئەو دەشتە قاقڕ و زەردەدا خەونی رەنگالەیی دەبینێت. هەر لە منداڵییەوە چاوەڕێی عەشقێکە کە هەرگیز ماڵی دڵی جێ نەهێڵێت. خەون بەوەوە دەبینێت لەگەڵیا لە نێو سرووتی خۆشەویستی، سێکس و خۆشنوودیدا بژی.. بەڵام نەوەکانی نیرگال( خواوەندی شەڕ، ئاگر و موسیبەتەکان کە بەرپرسە لە سووتانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان) کە زۆر لەمێژە دەروازەی عەشتاریان ‏کاول کردووە و کیژەکانی پەرستگای عەشتاریشیان بە ‏کەنیزەک گرتووە. ‏لێ ناگەڕێن خەونە سادە و منداڵانەکانی ببینێت و ئارام بژی. بەڵکو ئەو و تەواوی خەڵکی گوندەکە دەخەنە نێو سروتێکی کوشتن، خوێنڕشتن و توندتیژییەکی عەبەسییانەوە.

ئەم رۆمانە بەبێ ئەوەی بچێتە نێو شیکاری سۆسیۆلۆجییانەوە، بە زمانێکی شیعری لە رێگەی نیشاندانی وێنە و وەسفی مرۆڤ و ژینگەوە قووڵ رۆ دەچێتە سەر دەستنیشانکردنی ریشە ماددی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرهەڵدانی ئایین و توندوتیژی و توندڕەوی. فاتیمە لە رێی باسکردنی ئەو رەنگە زەردە لمینییەی تەواوی بوون و شوێنگە و ماڵەکانیشی داپۆشیووە، ئەو گەرمایەی رووخساری مرۆڤەکانی بە سیمایەکی تووڕە و مڕومۆچ گۆڕیووە، پێمان دەڵێت رۆڵی سروشت و ژینگە هیچی کەمتر نییە لە رۆڵی هەژاری، نەخوێندەواری، نەزانی، فاکتەری دیکەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە گەشەکردنی بیری توندڕەوی و فاشیزمی ئیسلامی سیاسیدا.

لە باسکردنی ژیانی منداڵی خۆی و منداڵانی گوندەکەیدا پەردە لەسەر ئەو دڵڕەقی و بێدەربەستییە ترسناکەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە منداڵان لادەدات. ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت دەتانەوێت منداڵەکانمان لە ئاییندەدا چییان لێ دەرچێت کاتێ دەیانبینن رۆژانە لە پاڵ کەوڵی ئاژەڵ، ناوسکی هەڵڕژاوی وڵاخ و ئێسکوپروسکی ئەو مردووانەی کە ‏رەشەبا خۆڵی سەرگۆڕەکانیان لادەبات، گەمە دەکەن؟

نووسەر ساتەوەختی هێرشی داعش بۆ سەر هەندێک لە شار و گوندەکانی عێراق و ئەو توندوتیژییانەی لێی کەوتنەوە لە نێو خەیاڵی گێڕانەوەدا تەوزیف دەکات و بونیادی ناوەوەی رۆمانەکەی لەسەر هەڵدەچنێت. بەمەش بە پەنابردنە بەر شیعرییەتی زمان و خەیاڵ و ئەندێشەسازی ئەو شەڕ و خوێنڕشتن و توندوتیژییانەی لەسەر ئایین و شوناس روودەدەن دەخاتە نێو سیاقیکی سۆسیۆ مێژووییەوە.

بە روونی پاڵنەرە شەخسی و سایکۆلۆژییەکانی ئەو کەسانە نیشان دەدات کە ئامادەن چەک بۆ ئەم گروپانە هەڵبگرن، ئەویش لە رێی کارەکتەری باوکی فاتیمەوە کە لەبەر هەژارییەکەی مرۆڤێکی پشتگوێخراوە. لە کاتێکدا ئەو دەیەوێت کەسێکی گرنگ و جێ بایەخ بێت. ‏لەم کۆمەڵگەیەشدا گرنگی و بایەخ لە هێزەوە یان لە سامانەوە دێن. ‏بۆیە ئەو نەک هەر ناچێتە پاڵ خەڵکی گوندەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلاماری ئیسلامییەکان، بەڵکو هاتنی ئەوان بە ساتەوەختی بەدیهاتنی خەونەکەی دەزانێت و چەکیان بۆ هەڵ دەگرێت.

فاتیمە لە دەست توندوتیژی ئاینی بەرەو ئەوروپا هەڵدێت. بەڵام لەوێ عاشقی کوڕێکی ئەوروپی ‏دەبێت کە ئەویش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ قوربانی توندوتیژی ئاینییە. لێرەوە گێڕانەوە ‏دەمانبات بۆ جێیەکی تر و بۆ زەمەنی یەکێک لە جەنگە خوێناوییەکانیتر لەسەر شوناسی ئایین وئایینزا، ئەویش لوبنانی سەردەمی جەنگی ناوخۆی نێوان ساڵانی  ١٩٧٥تا ١٩٩٠. لەوێش هەموو ئایین و تایەفەکان (بە مەسیحی، موسڵمانی سووننەو شیعە و دورزییەوە) هەمووان لەگەڵ یەکتری لە جەنگدا بوون. یەکێک لە ئاماژە جوانەکانی ئەم نموونەیە ئەوەیە کە پێمان دەڵێت کاتێک شەڕ لەسەر شوناس دەست پێ دەکات، ئیدی هەمووان دەستیان بە خوێنی یەکتر سوور دەبێت، دەستی مەسیحییەک بە خوێنی موسڵمانێک، دەستی موسڵمانێک بە خوێنی دورزیەک و ئیدی بەم جۆرە زمانی لێبووردەیی، زۆرلێنەکردن و یەکترقەبووڵکردن کە موسڵمانان و مەسیحییەکان و ... ئایینە یەکتاپەرستییەکانی تر خۆیانی پێوە بادەدەن دەگۆڕدرێت  بە زمانی تۆڵە و کوشتن وسڕینەوە بە زبری هێز و چەک. ئەو پێمان دەڵێت فاشیزمی دینی روو لە هەر کوێیەک بکات، دەیکاتە وێرانە(  لەو دەمەدا هەر کەسێک بە هەر ئاراستەیەکدا ‏بە ‏وڵاتدا بگەڕێت، لە نێو گوندە لەبیرکراوەکاندا هیچ نابینێت، جگە لە  گوو کە تەنیا ئاماژەیەکە ‏بۆ ‏بوونی مرۆیی ل١٠٨)‏. دواجاریش هیچ کەس براوە نابێت و هەمووان لەو جەنگەدا بە دۆڕاوی دێنە دەرەوە. ئەگەر لە جەنگدا جەللاد و بکوژ قوربانی راو بنێت و لە بۆسەدا بێت بۆی، ئەوا دوای جەنگ ئینجا نۆرەی تارمایی قوربانییەکانە کە جەللاد و بکوژەکان راوبنێن و لەکۆڵیان نەبنەوە تا خۆیان نەکوژن. ئەمە ئەو پەیامە جوانەی ئەم رۆمانەیە سەبارەت بە شەڕی ئایینەکان و توندوتیژی ئایینی.          

 

هەڵهاتن لە بەهەشتی ونبووی رۆژهەڵاتەوە بۆ بەهەشتە دۆزراوەکەی خۆرئاوا

 

سۆفی وەکو هەر پەنابەرێکی تر کاتێ لە دۆزەخی جەنگەوە دەگاتە ئەوروپا، سەرەتا دەکەوێتە ‏دۆخێکی سەرسامییەوە. سەرسامبوون بە شەقامەکان، تەلار و باڵەخانەکان، خەڵکەکەی و ‏ژینگەکەی. ژنێکی تێکشکاو و گەڕاوە لە لێواری مەرگ دەگاتە شوێنێک کە تیایدا هەست بە ‏دڵنیایی دەکات، پارووە نانێکی هەیە و بە ئارامی دەخەوێت (یەکەم رۆژی گەیشتنم بۆ ئەم ‏کەمپە، سەمون و شۆکۆڵام خوارد. هەر لەوێدا هەستم بە دڵنیایی و ‏هەمیش بە تێربوون کرد. ل ‏‏١٥٨).  ئەو چەشنی هەموو عێراقییەک ترسێکی بەردەوامی هەیە ‏لەوەی رۆژێک لە رۆژان ‏خواردن یان سەرپەنایەکی دەست نەکەوێت. عێراق هەر بەتەنها وڵاتی شەڕ وشۆڕ و ‏توندوتیژی نییە. ‏بەڵکو وڵاتی نەبوونی دڵنیایی، ئاسایش و جێگیرییە( رۆژانە من پێشبینی ‏روودانی خراپترینم ‏دەکرد ... لە نائامادەبوونتا(غیاب) تراژیدیترین و بە ئازارترین سیناریۆ ‏دێت بە خەیاڵما ل ١٨). ‏وڵاتێکە جگە لە ناجێگیری هیچ شتێک تیایدا جێگیر و چەسپاو نییە. ‏بۆیە مرۆڤ ناتوانێت پلانی ‏شەخسی بۆ ساڵانی دواتری هەبێت. ‏‏ئەو لەیەک کاتدا هەم بێ ‏پلانە بۆ ئاییندە و هەمیش دەبێت ‏بەردەوام مشووری زەخیرەخستن بخوات، نەکا بە هۆی ‏گۆڕانکارییەکی لە ناکاوەوە رێگەکانی ‏بەدەستهێنانی خۆراک ببەسترێن. بەڵام زەخیرەخستن ‏پلاندانان ناگەیەنێت. بەڵکو مانای خۆ ئامادەکردنە ‏بۆ باری نائاسایی و نەخوازراو. بارێک ‏مرۆڤ نەک زەلیل، یەخسیر و سڕ دەکات بەڵکو بوون و ‏ژیانیشی بە تەواوی دەخاتە ژێر ‏رەحمەتی خۆیەوە. زەخیرەخستن واتە خۆ ئامادەکردن بۆ هیچ ‏نەکردن و نزیکبوونەوە لە هیچ ‏نەبوون. بۆ نموونە زەخیرەخستن بۆ زستان واتە خۆ ئامادەکردن ‏بۆ دۆخێک کە لە سووڕی ‏سڕبوون یا متبوونی گیانەوەران دەچێت. ئەمە رێک جیاوازە لە ‏پلاندانان کە مانای وایە تۆ بۆ ‏ئاییندەی نزیک و دوور کۆمەڵێک ئەکت و چالاکی شەخسی و ‏کۆمەڵایەتیت دیاریکردووە و ‏بە نیازیت ئەنجامیان بدەیت. هەر بۆیە وەکو پاڵەوانەکە ئامادەیت ‏پارچە نانە زیادەکەت بۆ ‏باڵندەکان فڕێ بدەیت. رەنگە هۆکارێکی ئەوەی لە رۆژئاوا دیمەنی ‏خۆراک و داندان بە کۆتر ‏و باڵندەکان لە گۆڕەپان و مەیدانە گشتییەکاندا ئەوە بێت مرۆڤەکان ‏خەیاڵیان لای زەخیرەخستن ‏نییە، بەڵام بە هۆی ئەو دڵنیاییەی(أمان) کە هەیانە پلانیان هەیە. لای ئێمە ‏مرۆڤەکان بە خەمی ‏ئەوەوەن ئاسایشی خۆراک و شوێن بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان دابین بکەن و بیریان لای ‏پلاندانان نییە. پێم وایە ئەو گوتە باوەی ( تەگبیر مەکە یان تەگبیرم پێوە نایەت) کە هەندێک ‏کەس بەکاری دەهێنن، دەری دەخات کە نادڵنیایی چەند قووڵ رۆچۆتە نێو زمان و دەربڕینمانەوە.

 ‏سەرەتای هاتنم بۆ ئەوروپا سەرنجم دا، خەڵک بلیتی فڕۆکە بۆ سەفەری ساڵی ئاییندەیان ‏دەکڕن و لە رووی ماددی و ‏شەخسییەوە ‏خۆیان ‏بۆ ئەو گەشتە ئامادە دەکەن. هەندێکجار پلان بۆ ‏ساڵ و دوو ساڵی ئاییندەیان دادەنێن. هەستێکی سەرسامی تێکەڵ بە خەمێک دایدەگرتم. من کە ‏لە جێیەکەوە هاتبووم مرۆڤ لەمڕۆ و سبەینێی خۆی دڵنیا نییە و ناتوانێ پلان بۆ چەند ‏مانگێکی دواتری دابنێت، چۆن بتوانێت پلان بۆ ساڵ ‏و دووساڵی ‏دواتری ‏دابنێت. ئەم قۆناغی سەرسامییەی پەنابەر لە ‏سەرسامی منداڵێکی قۆناغی گاگۆلکێ و پێگرتن دەچێت کە بە هەموو شتێک سەرسامە و حەز ‏دەکات لێیان تێ بگات و دەستیان لێ بدات. وەک چۆن قۆناغی سەرسامی منداڵی ماوەیەکی ‏دیاریکراوە، ئاوایش قۆناغی سەرسامی پەنابەر زۆر کورتخایەنە و ئیدی قۆرتەکان دەست پێ ‏دەکەن. ‏

کێشەکانی تێکەڵبوون، قەبووڵکردنی یەکدی لەگەڵ ئەویتردا، زمان و دەربڕین ئەو قۆرتانەن ‏کە پەنابەر لە رۆژئاوا بەردەوام لێیان هەڵدەنووتێ. لێرەدا مەبەستمان لە زمان هەر ئەو زمانە ‏نییە کە لە کۆرسەکانی فێربوونی زماندا فێری دەبیت و دەچیت کارێکی پێ دەدۆزیتەوە. بەڵکو ‏ئەو زمانەیە کە بتوانیت خۆتی پێ دەرببڕیت. بتوانیت لە نێو پەیوەندییەکان و لە ژیانی ‏رۆژانەدا بەکاریبهێنیت. فاتیمە لە شوێنێکەوە هەڵدێت کە توندڕەوەکان (زمانێکی لێڵ)یان ‏سەپاندووە و ژنانیان بێدەنگ کردووە بۆ شوێنێک کە دەسەوسانە لە دەربڕینی زۆر ‏شت(شتێک کە ئێستا ناتوانم بۆتی شی بکەمەوە یان شرۆڤەی بکەم، شتێک تێی دەگەم و ‏هەستی پێ دەکەم، بەڵام قورسە بەلامەوە بیگۆڕم بە وشە ل ٨) یەکێک لە گرفتەکانی ‏پەنابەرئەوەیە بەهۆی کێشەکانی زمان و دەربڕینەوە ناچار دەبێت رستەی کورت و سادە بەکار ‏بهێنێت. ئەمە هەستی نامۆیی چەند بەرابەر گەورە دەکات. ئاخر مەودای نێوان پەنابەر و ‏کۆمەڵگەی خانەخوێ ( زمانێکی تەواوە. زمانێک تەمەنی هەزاران ساڵە و هەزاران ‏دەستەواژەی تیایە )(١). زۆر جار ئەم دۆخە پەنابەر دەگەیەنێت بە هەستی بێ توانایی و لاوازی (بەڵێ من ‏مەینەتییەکەم تێپەڕاند. بە دوای هۆکاری تراژیدیاکەما دەگەڕام. ئیتر تێگەییشتم کە هۆکاری ‏تراژیدیاکەم ئەوەیە وەکو پەنابەرێکی نامۆ و تەنیا لەم جیهانەدا دەژیم. ئەو کۆچبەرانەی بۆ ‏کارکردن بۆ ئێرە هاتوون خێزان، تۆڕی پەیوەندی و کاری خۆیان هەیە. لە کاتێکدا پەنابەر بە ‏هۆی جەنگەکان و کارەساتەکانەوە بە تەنیا دێت بە بێ هیچ کارێک، بە بێ پەیوەندی، ژن بە ‏تایبەت. کرێکارانی کۆچبەر جێگیرتر و دەوەڵەمەندترن. بۆیە ئەوان بە چاوی رێزەوە ‏تەماشای ئەو پەنابەرانە ناکەن کە بە هۆی جەنگەکان و مەترسییەکانەوە دێن. ئاخر ئەمانەی ‏دوایی هەژارن، تەنیان، لەسەر هاوکاری دەژین، زمان نازانن ل ١٧٤) ئەمە جیاوازییەکی ‏گەورەی نێوان کۆچبەر و پەنابەرە. کۆچبەر مهاجر، کەسێکە بە پلان بۆ کارکردن یان خوێندن ‏دەڕوات. کەسێکە تا رادەیەکی زۆر لە رووی ئابووری، زمان و پێداویستی ترەوە خۆی بۆ ‏بەدیهێنانی خەونێک یان پرۆژەیەک لە وڵاتی کۆچدا ئامادە کردووە. واتە سەربەخۆیە و پشت ‏بە خۆی و تواناییەکانی خۆی دەبەستێت تا لەوێ بە مەبەستەکەی بگات. بۆیە پێشوازییەکی ‏گەرمتری لێ دەکرێت. بەڵام پەنابەر کەسێکە بێ پلان و خۆ ئامادەکردن و بە هۆی دۆخیکی ‏ناچارییەوە خۆی دەکات بە نێو کۆمەڵگەی پەنابۆهێنراودا. وەک میوانێکی ناوەخت بۆ ماڵێک ‏کە لە خەیاڵدانیدا وێنای دەکات تا داڵداەی بدات و تیایدا بحەوێتەوە (ئەو کەسێکە درەنگ ‏گەیشتووە و لە ناکاو هاتووە و دەیەوێت بچێتە ناو رێکخستنێکەوە کە پێش ئەو رێکخراوە) (٢). پەنابەر کەسێکە لە رووی زمان، زیهنی و دەروونی و ...هتد خۆی ئامادە ‏نەکردووە و پێویستیشە لەسەری لە ماوەیەکی قیاسیدا خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێدا ‏بگونجێنێت چونکە ئەو درەنگ گەیشتووە. ‏

لێرەدا ئیتر سەرسامییەکان کۆتاییان دێت و راچڵەکینی زیهنی و دەروونی گەورە دەست پێ ‏دەکەن کە پەنابەر دەخەنە سەر لێواری بۆشاییەکانی نێوان کۆمەڵگەی پێشوو و کۆمەڵگەی ‏نوێوە. ‏

سۆفی لە ئەوروپا لەسەر لێواری ئەم بۆشاییە وەستاوە.  بۆشاییەک کە وێرانەی دونیایەک ‏لەوێدا بە جێماوە. بۆشاییەک دونیایەک یادەوەری ناخۆش و وێنەی منداڵانی لەتوپەتکراو، ‏ژنانی کەلەپاچە و ‏نەعلی خوێناوی، پەرستگا و ماڵی خودای خاپوورکراو لە بەردەمیدان. ‏بۆیە ‏لەو بۆشاییە هەڵدێت. هەڵهاتن بابەتێکی گرنگی ناو رۆمانەکەیە. کارەکتەرەکانی تری ئەم ‏رۆمانە هەموویان لە هەڵهاتنێکی بەردەوام و نەبڕاوەدان. هەڵهاتن لە شوێن، ‏هەڵهاتن لە واقیع، هەڵهاتن لە خێزان، لە شوناس، لە رابردوو بە بێ ئەوەی بگەنە دۆخێکی ‏ئارام و بێ قۆرت ( دایە، تۆ بڵێیت لە زەوییەکی پڕ لە قۆرتدا شوێنێکی رێک و خۆش و ئارام ‏بدۆزینەوە؟ ل٨٥). سۆفی لە سەرزەمینی جەنگ و توندوتیژی دژی ژن و لەمرۆڤخستنەوە بە ‏ئومێدی ‏دۆزینەوەی ‏وەها ‏شوێنێک بەرەو ئەوروپا هەڵدێت. ‏پەیوەستبوونی باوکی فاتیمە بە ‏چەکدارانی ئیسلامییەوە هەڵهاتنە لەو هیچێتی و پەراوێزخرانەی تیایدا دەژی. دایکیشی بە ‏هەمان شێوە لە پەیوەندییە خێزانییەکانی و بگرە لە فاتیمەی کچیشی هەڵدێت. ئەدریانیش ‏هاوسەرەکەی و کچەکەی لە ستۆکهۆڵم بەجێ دەهێڵێت و بەرەو بەلجیکا هەڵدێت. باوکی ‏ئەدریان لە دەست تارمایی قوربانییەکانی هەڵدێت. لێرەدا هەڵهاتن وەکو ‏پرسێکی زاتی و وجودی (نەک تەنیا سیاسی و کۆمەڵایەتی) بە توندی بە چارەنووسی ‏کارەکتەرەکانەوە شەتەک دراوە. ئەنجامەکەیشی یا نەخۆشی دەروونی و خۆکوشتنە وەکو باوکی ‏ئەدریان، خۆتەقاندنەوەیە وەکو باوکی فاتیمە؛ یاخود رووبەرووبوونەوەی هەقیقەتە، گەڕانەوەیە ‏بۆ پێگەی پێشوو و دۆخی پێشووتر وەکو دوا بڕیاری سۆفی.‏

تایبەتمەندییەکی جوانی ئەم ‏رۆمانە ئەوەیە نووسەرێکی پیاو لە زمانی قسەکەرێکی ژنەوە ‏دڕندەییەکانی پیاوسالاریمان لە ‏بەدترین خۆمانیفێستکردنیدا نیشان ‏دەدات.‏ ‏بونیادی گێڕانەوە لەم رۆمانەدا لە نێوان دوو گێڕەرەوەدایە، گێڕەرەوەی کەسی سێیەم و سۆفی. ‏بەم جۆرش دوو بۆگێڕدراوە ( Narrate) هەن، بۆگێڕدراوەی کەسی سێیەم یان نادیار کە گێڕەرەوەی ‏کەسی سێیەم بۆی دەگێڕێتەوە، لەگەڵ ئەدریان کە سۆفی یان فاتیمە بە زمانی کەسی دووەم بۆی ‏دەگێڕێتەوە. واتە لە دیالۆگی ناوەوەدا سێ پەیوەندی دەبینرێت، گێڕەرەوە/ژنەکە/ دۆستەکەی.

 ‏ئەوەی ئەم پەیوەندییانە پێکەوە دەبەستێتەوە و لێکیان دەداتەوە بۆگێڕدراوە( Narrate). ئەمەش ‏یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی رۆمانی فرە دەنگی (پۆلیفۆنی) کە نەک هەر دەسەڵاتی رەهای گێڕەوە کۆتایی ‏پێ دەهێنێت، بەڵکو رۆڵێکی کاراش بە بۆگێڕدراوە دەبەخشێت و لە دۆخە پاسیفبوونە ‏دەری دەکات کە رۆمانی تاکدەنگ پێی دەبەخشێت. تێگەیشتنی ئەو لە زمان و وشەکان ‏هاوەڵ دەبێت لەگەڵ وەڵامدانەوەیەکی کارا کە زەمەن، هۆ و ئەنجامەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و ‏رووداوەکان لەسەر رووبەرێکی گریمانەیی کۆلاج دەکاتەوە، بەمە ئەویش دەبێت بە قسەکەر. ‏لە گێڕانەوەدا چەند تەکنیکێک بەکارهێنراوە لەوانە یادەوەری، بەیادهێنانەوە، مۆنۆلۆگ و ‏تەوژمی ‏هۆش. هەندێکجاریش فۆتۆ و وێنەی ڤیدیۆییش دەبن بە گێڕەرەوە.

زۆربەی بەشەکانی ‏رۆمانەکە بە زەمەنی ئێستا دەست پێ دەکات و پاشان دەچێتەوە بۆ رابردوو. دوو زەمەن لە ناو ‏رۆمانەکەدا هەن، زەمەنی گێڕانەوە و زەمەنی ناوەوەی رووداوەکان کە لە ناو ‏گێڕانەوەدایە و ‏زەمەنێکی کراوەیە. 

پەراوێز:

1.                        الإغتراب اللغوي  في بلاد اللجوء: عقبة أم ‏عتبة، د. نوال الحلح. https://www.abwab.eu/

2.                         بەختیار عەلی، ناشوێن، ل ٤٠.

سەرچاوەکان:‏

‏.‏ ‏ الإغتراب المکاني في روایة الکافرة علی أساس نظریة ملفین سیمون، ‏کۆمەڵێک نووسەر.‏

‏.‏ ‏ ملامح الواقعیة في روایة الکافرة، کۆمەڵێک نووسەر.‏

‏.‏ ‏ جمالیة الإبداع اللفظي، میخائیل باختین، ترجمة شکیر نصرالدین.‏

‏.‏ ‏ أدب المنفی في المأزق، چاوپێکەوتن لەگەڵ عەلی بەدر.‏

‏.‏ ‏ روایة الکافرة ذاکرة العنف الشرق الأوسطي کمال الریاحي.‏

‏.‏ ‏ المشهدية ولغة تفتيت الخوف، علی لفتە سعید

 

https://www.abwab.eu/ ) الإغتراب اللغوي  في بلاد اللجوء: عقبة أم عتبة