کوڕەتاقانەکەی جیهانی ناز

بۆ دووەمجار و رەنگە بۆ سێیەمجاریش بێت خۆی بە نێو فرۆشگەی ئامێرە دیگیتاڵی و ‏ئەلەکترۆنییەکاندا بکاتەوە. سبەینێ یادی شەشساڵەی لە دایکبوونی خولیای کوڕەتاقانەیانە. ئەو ‏داوای لێ کردووە بۆ ئەو یادە پلەیستەیشنێکی بۆ بکاتە دیاری. ئەمیش دەخوازێت دیارییەکە ‏پایسکلێک بێت. ئاخر دەزانێت هەمووی ماوەیەکی کورتە و ئیدی دەبێت بۆ هەتا هەتایە ‏دانیشتووی سەر وێڵچەرێک بێت و ببڕایببڕ ناتوانێت لاقەکانی بۆ رۆیشتن، یاری و راکردن ‏بەکار بهێنێت. ئێ پزیشکەکە پێی راگەیاندن وەرزشکردن بە گشتی و ئاژووتنی پایسکل بە تایبەتی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هێندەی لە توانادا بێت کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە لەسەر ماسوولکەکانی دوورتر یان کەمتر بکرێتەوە.


دڵی دەگووشرێت و قوڕگی پڕ لە گریان دەبێت. لە هاتنە دەرەوەیدا و لە ناو ئاپۆڕای ‏رێبوارانی سەر شەقامەکەدا نیگای دەچەقێتە سەر منداڵێک کە پەلی بە پەلی دایکییەوەیە و ‏تەماشای کارتۆنی پلەیستەیشنەکەی دەستی‏ جیهان دەکات. دایکەکە بە مەبەستی گۆڕینی سەرنجی ‏منداڵەکەی لەسەر دەستی ئەم و کەلوپەلەکانی ناو فرۆشگەکە، هەنگاوەکانی خێراتر دەکات و داوا ‏لە منداڵەکەی دەکات ئاگاداری بەر پێی خۆی بێت.‏
جیهان لە عەسرێکی زووەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی ئەو پشکنینی خوێنەی دوو مانگە بۆ ‏دەرەوەی وڵات نێردراوە لەسەر شەقامی ئۆرزدی وێڵ و سەراسیمە دەسووڕێتەوە. ئەو شەقامەی ‏دوانیوەڕوان لە هاوشارییەکان و خەڵکی دەرەوەی شار جمەی دێت. کڕیار، بازاڕکەر، کچان وکوڕانی گەنجی شیکپۆش و دەستفرۆشەکانی سەر شەقامەکە لەگەڵ ‏نەخۆش و سەردانکەرانی دەرمانخانە، کلینک و نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا تێکەڵ دەبن و شەقامەکە ‏دەکەن بە یەکێک لە شەقامە هەر قەرەباڵغەکانی شار. ئەو سەردەمانێک بە گەنجی لەگەڵ خوشکەکانی یان هاوڕێکانیدا بۆ کڕینی جلوبەرگ و بابەتی جوانکاری و یان هەندێکجاریش بۆ خواردنی دۆندرمەیەک یان فالوودەیەک بەم شەقامەدا بە نازەوە پیاسەیان دەکرد و ئەم هەر نازیشی بەسەر شەقامەکەشدا دەکرد. پاشانیش پێکەوە بە خۆشی و خەندەوە باسی ئەو گەنجانەیان بۆ یەکتر دەگێڕاوە کە بە حەز و تاسەوە سەرنجیان داون یاخود توانج و پلار و وشەیان تێگرتوون. بەڵام ئەمڕۆ ئەم بە جۆرێک لەو ئاپۆرایە دابڕاوە و ‏نوقمی نێو جیهانەکەی خۆیەتی کە هەست بە بەرکەوتنی جارجارەی شانی رێبوارەکانیش ناکات. ‏وەک ئەوەی بە تەنیا خۆی بەسەر ئەو شەقامەوە بێت و بگرە جاری وا هەیە سەر بە ‏فرۆشگەکاندا دەکات وەک ئەوەی کەسی تیا نەبێت. ئەم دوانیوەڕۆیە ئەو زۆربەی فرۆشگا و ‏کۆگاکانی ئەم شەقامە گەڕاوە. بێهوودە سەودای کاڵای جۆراوجۆر دەکات و بە بێ ئەوەی ‏بیانکرێت لە جۆر و باشی و خراپییان دەکۆڵێتەوە و پرسیار دەکات. بێ ئاگایانە هەندێک ‏فرۆشگەی دووجار و سێجار بەسەرکردوونەتەوە. هەندێک لە خاوەنفرۆشگەکانی نێو بازاڕە ‏داخراو و بچووکەکانی سەر شەقامەکەیش لەگەڵ دراوسێ دوکانەکانیاندا لە رێگەی زمانی جەستە، ‏ئاماژەی رووخسار و دەربڕینی مانادارەوە سەرنجی یەکدی بۆ ئەم را دەکێشن. تیایاندا هەیە نیگای ‏بەزەیی تێکەڵ بە بێزاری تێ دەگرێت پێیانوایە بە دەست کێشەیەکی قورسەوە دەناڵێنێت. هەشیانە ‏زۆڵانە خەیاڵیان بۆ دوورتر دەڕوات و لە بیری ئەوەدان چۆن بیخەنە داوەوە. خۆ راستە ئەو لە ‏چلەکانی تەمەنیدایە و لە سکوزایش چۆتەوە، بەڵام هێشتا ژنێکە تەڕتەڕە بە ژیان. ئەگەر دەستێک ‏بە خۆیدا بهێنێت، وەکو جاران کە دەیکرد ئەوا بەرامبەرەکەی ناچار بە لێوردبوونەوە دەکات و ‏حەزی دامەزراندنی باسوخواسێکی ئامانجداری تیادا دەورووژێنێت. جیهان سەردەمانێک گەلێک ‏گەنج و پیاوی ئەم شارە شەیدای ببوون. دەوڵەمەند، بازرگان، بەرپرس و کەسانێکی زۆر هەوڵیان ‏بۆ دا بەڵام ئەم هێندە بە جوانییەکەی خۆی دەنازی کە ئامادەنەبوو شوو بە کەسیان بکات. ‏دەستەخوشکەکانی و هەندێک لە هاوڕێکانی ناویان لێ نابوو جیهانی ناز. وەختێک بە ئاگاهاتەوە ‏تەمەنی لە سیوپێنج لای دابوو. ئەو دەمە دڵبەست خەزانی شاعیر گرۆدەی ببوو و کۆڵی لی نەدەدا. ‏کاتێک رازیبوو ئەو یەک دیوان شیعری بۆ نووسیبوو و بە چاپی گەیاندبوو. 
" خێراکە کچێ! هەرچەند خۆت مژۆڵ بکەی و سستی بنوێنی، دواجار ناتوانیت لە ئەنجامەکە خۆت بدزیتەوە. بۆیە تا درەنگتر نەبووە بچۆ بەلای وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنینەکەوە..... جا وا ئەنجامەکەیشت زانی چی دەگۆڕێت و چ کاریگەرییەکی لەسەر چارەنووس یان هەست و سۆزت دەبێت؟"  جیهان نازانێت ئەم پرسیارانە کامیان لە مێشکییەوە هەڵدەقووڵێن و کامیشیان لە دڵییەوە. ئاخر جیاکردنەوەی پەیامەکانی مێشک و دڵ هەروا سانا نییە. ئەو پەیامانەی هەندێکجار بروسکەئاسا وەک ئەوەی تروسکاییەک بێت لە نێو تونێلێکی نوتەکدا لە چرکەیەکدا ناخمان رۆشن دەکەنەوە و دەربارەی کێشەگەلێکی سەخت کە چەندین رۆژبووە مێشکمانیان گوشیووە، هەندێک شتمان پێ دەڵێن کە ئەگەر بە ئارامی لیێان رابمێنین و لێیان تێبگەین ئەوا رەنگە لە دۆزینەوەی چارەیەکدا کۆمەکێکمان پێ بکەن. بەڵام ئایا ئەمە بۆ ژنێکی وەکو ئەم ئاسانە کە پێراگەیاندنی هەواڵەکە چەشنی پیاکێشانی کوتەکێک بوو بە سەریدا کە تەواوی بیرکردنەوە، سەرنج و بگرە بڕیارەکانیشی شێواندووە و لێڵی کردوون؟ دۆخی ژیانی خێزانەکەیشی لەولاوە بوەستێت کە زیندووێتی و جۆش و خرۆشی جارانی تیا نەماوە و دەڵێیت خۆڵی مردووی بەسەردا کراوە. خۆ هەر لەبەر شڵەژان وپەژارەی ئەمیش بوو دڵبەندی هاوسەری پێشنیاری بۆ کرد و رازی کرد ئەم پشکنینە بکات.
 لەو رۆژەوە ئەم بەردەوام لە کوڕەکەی ورد دەبێتەوە و تەماشای دەکات. لە پڕدا باوەشی پێدا دەکات و بۆنی پێوە دەکات. بە دزییەوە بەسەریدا دەگری و خێراخێرا فرمێسکەکانی وشک دەکاتەوە. دەینێرێتە کۆڵان تاکو لەگەڵ منداڵاندا یاری بکات، هێندە نابات بانگی دەکاتەوە و تێر تێر بە سنگییەوە دەینووسێنێت. دەست بە پەل و لاقەکانی، بەسەری و تەواوی ئەندامی جەستەیدا دەهێنێت. ئەویش زووزوو خۆی لەبەردەستی رادەپسکێنێت و لە باوەشی هەڵ دێت. خولیا جاران لە ژوورەکەی خۆی دەنووست، بەڵام ئەم ئێستا و سەرەڕای پرتەوبۆڵەی هاوسەرەکەی بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەیهێنێتە لای خۆیان و لە نێوان خۆی و دڵبەستدا دەیخەوێنێت. ئەو بەردەوام کەیلە و لە بیانوویەک دەگەڕێت هەتا بە کوڵ بگری. نە لە فەرمانگەکەی کاروبارەکانی بۆ ئەنجام دەدرێت نە لە ماڵەوە. گەلێجار تاس دەیباتەوە و بە بێ ئەوەی کارەکەی تەواو کردبێت لەخۆوە دەست هەڵدەگرێت. هەندێکجار بەوە  خۆی دڵخۆش دەکات کە کوڕەکەی کەمێک باشتر بووە. جاری واش هەیە خەیاڵی بۆ ئەوە دەڕوات دەشێت ئەم حاڵەتەی کوڕەکەی تۆڵەیەکی خواوەند یان سروشت بێت لە پای ئەوەی رەنگە نەزانانە ئازاری جوجکەیەک، زەڕنەقووتەیەک یان بەچکە ئاژەڵێکی دابێت، دەنا مانای چییە لە  رێژەی یەک بۆ سێهەزار و پێنج سەد کەس کوڕەتاقانەکەی، ئەو تاقە کەسە بێت کە دووچاری ئەو نەخۆشییە ببێت؟
هەموو شتێک لە ماوەیەکی کورتی دوو مانگیدا روویاندا. دەرکەوتنی ناڕێکی لە رۆیشتن و ‏لاقەکانی خولیادا و هەستپێکردنی لەلایەن ئەم و دڵبەستەوە و پاشان دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی لە لایەن ‏پزیشکەکانەوە ماوەیەکی زۆر کورتی خایاند. ئەو دووچاری نەخۆشی دۆشین بووە کە ‏نەخۆشییەکی دەگمەنە و دەبێتە هۆی پوکانەوەی ماسوولکەکانی. سەرەتا لە پەلی دەخات و پاشان لە ‏دەیەی دووەمی تەمەنیدا دەیکوژێت. لەگەڵ ئەوەی پێشبینی ژیانی دوای کوڕە تاقانەکەی بۆ ‏ناکرێت، بەڵام تەنیا بیرکردنەوە لێی دونیای لەبەرچاو تاریک دەکات. ئەو حەز دەکات بداتە ‏پڕمەی گریان. خۆزگە بۆ جێیەک دەخوازێت تیایدا بە تاقی تەنێ بگری و هاوار بکات. گریانێک ‏ئەم لە نێو فرمێسکەکانیدا نوقم بکات. هاوارێکیش هەتا لای تەختی یەزدان بچێت. خۆ سوور دەشزانێت نە گریان و نە دادوفیغان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕن. سەرێک بۆ ‏ئاسمان هەڵدەبڕێت. لەگەڵ ئەوەی باڵەخانە بەرزەکان خۆرەکەیان شاردۆتەوە بەڵام مەزەندە ‏دەکات خۆر ئێستا لە ئەنگۆرەدا بە قەد تۆپێکی پرتەقاڵی لێ مابێتەوە. ‏دڵبەست بەردەوام وێڕای دڵتەنگییەکەی خۆی دڵی ئەمیش دەداتەوە و قسەی پزیشکەکەی بیر دەخاتەوە (ئەگەری هەیە کوڕەکەتان هەتا بیست ساڵی تریش بژیێت) بەردەوام دەبێت و بە خەندەیەکی خەمناکانەوە دەڵێت( ئێ هەتا ئەو کاتەش من و تۆ نامێنین.. خۆ مرۆڤی ئەم وڵاتە بە زۆری ناگەنە هەفتا ساڵی دەمرن)
هەنووکە گەیشتۆتە بەردەم دەرگەی تاقیگەکە، پێیەکی لەو دیو و پێیەکی تریشی لەمدیوی دەرگەکەوەیە. خۆیشی نازانێت چۆن بەو بیرۆکەیە رازی بوو. ئەمان لە رێی پزیشکەکانەوە زانیان ئەمە نەخۆشییەکی ژینەتیکییە و دایکان هەڵگری ئەو کرۆمۆسۆمەن. کەوابوو دەبوو بە ریشەی میژووی تەندروستی خۆی و خانەوادەکەیدا چووبایەوە تا بۆی دەربکەوێت داخۆ خۆی یان کام میینەیەی خێزانەکەیان، دایکی یان خوشکەکانی، هەڵگری ئەو جینانەن. پاش گەڕان و پشکنین بۆی دەرکەوت نە خۆی و نە خانەوادەکەی هەڵگری ئەم جینە نین. ئەو زانیارییە تازەیەش دنەی خوشکەکەی و دڵبەستیان دا تا یادەوەرییان وە جووڵە بخەن و بیگەڕێننەوە بۆ رۆژی لە دایکبوونی کوڕەکەیان. ئەو رۆژەی ئەم لە نەخۆشخانە منداڵەکەی بوو، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە ناوی دوو سێ منداڵ بە هۆی هەڵەیەکی پەرستیارێکەوە گۆڕدراوە. کەوایە ئەگەری ئەوە هەیە خولیا واتە ئەم منداڵەی ئێستا کوڕی راستەقینەیان نەبێت. پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دەرکەوتنی راستییەکان ئەو پێشنیارە بوو خانەوادەکەی و دڵبەستی هاوسەری بۆیان کرد (نەدەبوو رێگە بدەم ئەو بیرۆکانەی ئەوان دڵم ئاوا کرمێ بکەن و بگرە بەم پێشنیارە نابەجێ و شێتانەیەشیان رازی بوومایە) دواجار ئاودیوی ناو تاقیگەکە دەبێت. کارمەندەکە دەیناسێتەوە؛ ئەو پەڕەی ئەنجامی پشکنینەکەی بە دەستەوەیە و دەیەوێت بدوێت. بەڵام ئەم رێی پێ نادات. دواجار دەبێت پەیامەکەی مێشک و دڵی یەک بخات:
(تکایە ئەنجامەکەم پێ مەڵێ. نە بە خۆم و نە بە هاوسەرم. با کەسمان نەیزانین.. ئەو کاغەزە بدڕێنە و نهێنییەکەیشی با هەر لای خۆت بێت. هەوڵیش دەدەم جارێکی تر چاوم پێت نەکەوێت).
 
                                                                                                         10.8.2022