پەنابەرە ئەڵمانییەکە

 بێرنارد مالمود

ئۆسکار گاسنەر بە فانیلەیەکی ژێرەوە و رۆبێکی هاوینەی گەرماوەوە  لە بەردەم پەنجەرەی ژوورە گەرم و تاریکەکەی، ئەو هوتێلەی دەکەوتە سەر شەقامی دەی خۆرئاوا دانیشتووە، ئەو کاتەی من بە وریاییەوە لە دەرگە دەدەم. لە دەرەوەیش بە ئاسماندا، ئەنگۆرەی سەوزی حوزەیرانێکی درەنگ لە ناو تاریکیدا کاڵ دەبێتەوە. پەنابەرەکە بەرەو رووناکییەکە هەست هەڵدەگرێت، لێم ورد دەبێتەوە و نائومێدییەکەی نەک ئازارەکەی دەشارێتەوە.


من لەو رۆژانەدا خوێندکارێکی هەژار بووم، بێ پرینگانەوە هەوڵم دەدا بەرامبەر بە یەک دۆلار لە کاتژمێرێکدا هەرکەسێک فێری هەر شتێک بکەم، خۆ تواناییەکەشم باش بوو. بە زۆری من وانەی ئینگلیزیم بە پەنابەرانی تازە گەیشتوو دەگوتەوە. کۆلیژەکەم منی ناردبوو، چونکە کەمێک ئەزموونم لەو بارەوە بەدەست هێنا بوو. لە ئێستایشدا کەمێک لەو فێرخوازانەم لە نێو بازاڕی ئەمریکیدا ئینگلیزییە شکاوەکەی خۆیان و ئەوەی منیش تاقی دەکەنەوە. ئەو دەمانە من لە بیستەکانی تەمەندا بووم و بەرەو تەواوکردنی ساڵی کۆتایی خوێندنەکەم دەڕۆیشتم، باریکەڵەیەک بووم، ژیانم هەڵدەلووشی و چاوەڕێی هەڵایسانی جەنگی دوووەمی جیهان بووم.  ئەوەش فێڵێکی نەفرەتی بوو، ئەوەتا لێرەوە دڵم بۆ دەستپێکردنی لێ دەدا و لەودیو زەریاوە ئەدۆڵف هیتلەر بە پووتە رەشەکانی و سمێڵە چوارگۆشەییەکەیەوە گوڵەکانی دەپلیشاندەوە. ئایا هەرگیز ئەوەم لە بیر دەچێتەوە لەو هاوینەدا چی بەسەر دانزیگدا هات؟

ئەو دەمانە ژیان بە هۆی بێبازاڕییەوە سەخت بوو، بەڵام من هەرچۆنێک بێت دەمتوانی هەندێک پوڵم لەو پەنابەرە هەژارانە چنگ کەوێ. هەموویان لە ساڵی ١٩٣٩دا لە سەرەوەی شار، برۆدوای بوون. چوارم هەبوون کە وانەم پێ دەگوتنەوە. کارڵ ئۆتۆ ئەڵپ ئەستێرەی پێشووی سینەما؛ ڤۆڵفگانگ نۆڤاک ئابووریناسێکی دروەشاوە بووە؛ فریدریش ڤیلهێلم  ڤۆلف لە هایدلبێرگ مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی گوتبۆوە و پاشان دوای ئەو شەوەی لە ژوورە پەرشوبڵاوەکەی لە هوتێلێکی هەرزاندا چاوم پێی کەوت، ئۆسکار گاسنەر، رۆژنامەنووس و رەخنەگرێکی بەرلینی لە رۆژنامەی (Acht Uhr Abendblatt). هەموویان پیاوی بە توانا و خوێندەوار بوون. من پەییم بە هەستیان دەبرد، بەڵام ئیدی قەیرانەکان ئاوا بە خەڵکی دەکەن.

ئۆسکار لەوە دەچوو لە پەنجاکانی تەمەنیدا  بێت، قژە چڕەکەی خۆڵەمێشی ببوو. دەموچاوی گەورە و دەستەکانی قورس بوون. شانەکانی داکەوتبوون. چاوەکانیشی قورس و شینی هەوری بوون، کاتێک لێم ورد بۆوە، دوای ئەوەی خۆمم پێ ناساند، گومان وەک شەپۆلی ژێر ئاو تیایاندا بڵاو بۆوە، وەک ئەوەی بە دیتنم جارێکی تر هەستی بە شکست کردبێت.  لە بەردەم دەرگەکەدا بە بێ دەنگی مامەوە. لەم دۆخانەدا حەزم دەکرد لە هەر شوێنێکی دیکە بوومایە، بەڵام  ئیدی من دەبوو بژێویم دابین بکەم. دواجار ئەو دەرگەکەی کردەوە و منیش وە ژوورێ کەوتم. کەمێک هاتەوە سەرخۆ و گوتی "تکایە "Bitte ..   ‏و داوای لێ کردم دانیشم. خۆیشی نەیدەزانی لە کوێ دانیشێت. ویستی شتێک بڵێ و وەستا، وەک ئەوەی نەتوانێ بیڵێت. ژوورەکە پڕ بوو لە جلوبەرگ، کارتۆنە کتێب کە توانیبووی لە ئەڵمانیاوە دەریان بکات لەگەڵ چەند تابلۆیەک.

ئۆسکار لەسەر کارتۆنە کتێبێک دانیشت و بە دەستە زلەکانی باوەشێنی دەموچاوی دەکرد" ئەم گەرمایە، "Zis heat," (١) ئەو منجەمنجێکی کرد، زۆری لە مێشکی دەکرد بۆ ئەوەی بدوێت

" مەحاڵە، گەرمای وام نەبینیووە."

 گەرماکە بۆ من خراپ بوو بەڵام بۆ ئەو جەرگبڕ بوو.  ئەو بە قورسی هەناسەی بۆ دەدرا. هەوڵی دایەوە بدوێت و دەستێکی بەرزکردەوە پاشان لێگەڕا وەکو مراوییەکی مردوو بکەوێتە خوارەوە. بە جۆرێک هەناسەی دەدا وەک ئەوەی لە جەنگێکدا خەریکی شەڕکردن بێت و لەوەش دەچوو بردبێتیەوە چونکە پاش دە خولەک لە دانیشتنمان ئینجا توانیمان لەسەرخۆ دەست بە قسان بکەین.

وەکو زۆربەی ئەڵمانە خوێندەوارەکان ئۆسکار جارێک ئینگلیزی خوێندبوو. لەگەڵ ئەوەیشی دڵنیابوو لەوەی ناتوانێت وشەیەکی ئینگلیزی بڵێت، بەڵام جاروبار دەیتوانی رستەیەکی باشی ئینگلیزی بڵیت، گەرچی تا رادەیەکیش کۆمیدی بوون. پیتە بێدەنگەکانی لە جێی خۆیاندا نەدەگوت، ناو و کردارەکانی لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەکردن و ئیدیۆمەکانیشی تێک دەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان دەستبەجێ لە گفتوگەکەماندا بەردەوام بین. زۆربەی کاتەکە بە ئینگلیزی دەدواین. لەگەڵ یارمەتیدانی جاروباری من بە زمانێکی تێکەڵی ئەڵمانییەکی ئاسان و ییدیش(٢). ئەو پێشتر و ساڵی پار بە سەردانێکی کورت بۆ ئەمریکا هاتبوو. سەردانەکەی مانگێک پێش شەوی کریستاڵ، ئەو شەوەی نازییەکان پەنجەرەی کۆگا و دوکانی جووەکانیان شکاند و زیناگۆگەکانیان سووتاند، بۆ ئەوە بوو کارێک بدۆ‌زێتەوە. ئەو کەسوکاری لە ئەمریکا نەبوو، بۆیە دەستکەوتنی کارێک رێگەی پێ دەدا بە خێرایی بێتە ناو ئەمریکاوە. ئەو بەڵێنی شتێکی پێ درابوو، بۆ رۆژنامەنووسی نا، بەڵکو بە هاوکاری دامەزراوەیەک، بۆ وانەبێژی. پاشان بۆ بەرلین گەڕابووەوە. پاشان دوای دواکەوتنێکی ترسناکی شەش مانگی ئینجا رێگەی پێدرا کۆچ بکات. هەرچییەکی توانیبوو بیانفرۆشێت، فرۆشتبوونی. پاشان بە هۆی بەرتیلدانەوە بە دوو پاسەوانی سنووری نازی، توانیبووی هەندێک تابلۆ، دیاری هاوڕێکانی لە باوهاس(٣) ‏‏و چەند کارتۆنێک کتێب دەربکات. ئەو دوای ماڵئاواییکردن لە هاوسەرەکەی ئەو وڵاتە نەفرەتییەی بەجێهێشتبوو.

چاوە هەورییەکانی تێبڕیم " ئێمە دۆستانە جیا بووینەوە" بە ئەڵمانی وای گوت "هاوسەرەکەم بێ دین بوو. دایکی دژە سامییەکی ناپەسەند بوو. ئەوان گەڕابوونەوە تا لە شتێتن بژین." من هیچ پرسیارێکم نەکرد، بێ دین بێ دینە و ئەڵمانیش ئەڵمانە.

کارە نوێیەکەی لێرە لە نیویۆرک لە پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوە نیشتیمانییەکان بوو. بڕیار بوو لە وەرزی خوێندنی پاییزدا هەفتەیەک و لە بەهاری داهاتووشدا کۆرسێک بە ئینگلیزی دەربارەی "ئەدەب لە کۆماری ڤایماردا" بڵێتەوە. ئەو هەرگیز وانەی نەگوتبۆوە و لیی دەترسا.  بەرەو ئەوە دەچوو لە ناو خەڵکدا بناسرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرکردنەوە لە وانەگوتنەوە بە ئینگلیزی ئیفلیجی دەکرد. ئەوەی نەدەبینی کە چلۆن دەتوانێت ئەوە بکات "ئەمە چۆن دەکرێت؟ من ناتوانم دوو وشە بڵێم. زمانم نایەتە گۆ. من خۆم بە گەمژە دەکەم"  خەمۆکییەکەی قووڵتر بوویەوە. لە ماوەی دوومانگی گەیشتنی بە ئەمریکا و شوێنگۆڕکێکردنی لە نێوان چەند هۆتێلێکی گرانبەهادا، لە لای دوو مامۆستای ئینگلیزی خوێندبووی، من سێیەم بووم. دووەکەی تر دەستبەرداری ببوون چونکە پێشڤەچوونەکەی سست بوو، هەر وەک پێشی وابوو کە بووەتە هۆی نائومێدکردنیان. پرسیاری لێ کردم داخۆ لە توانامدایە هیچی بۆ بکەم یاخود پێویستە بۆ لای پسپۆڕی گفتوگۆ بچێت، کەسێک، کە بۆ کاتژمێرێک پێنج دۆلار وەردەگرێت، و تکای لێ بکات هاوکاری بکات؟

" دەتوانیت بچیت تاقی بکەیەوە" من گوتم " پاشان وەرەوە بۆ لام". ئەو رۆژانە متمانەم بە زانینەکەی خۆم هەبوو. بەم قسەیەم توانی زەردەخەنەیەک بکات، لەگەڵ ئەوەیشدا من داوام لێ کرد لەو بارەوە بڕیاری خۆی بدات، دەنا لەو ماوەیەی پێکەوە دەبین متمانەمان لە نێواندا نابێت. پاش کەمێک گوتی کە لای من دەمێنێتەوە. چونکە ئەگەر بۆ لای پڕۆفیسۆرە پێنج دۆلارییەکە چووبا، ئەوا رەنگە بۆ زمانەکەی باش بووایە بەڵام بۆ گەدەی نا.  لەبەر ئەوەی ئەو دەمە پارەی پێ نەدەما بۆ خواردن.

خۆ پەیمانگاکە پارەی پێشوەختەیان بۆ هاوین پێ دابوو، بەڵام ئەوەی هەیبوو بە تەنیا سێ سەد دۆلار بوو.

بە بێزارییەکەوە سەیرێکی کردم"  Ich weiss nicht wie ich weiter machen soil.   "

" من نازانم چۆن بەردەوام بم"

وام لێکدایەوە کاتەکە گونجاوە بۆ ئەوەی یەکەم هەنگاو بنێم، سا یان کارەکە بە خێرایی ئەنجام دەدەین یان وەک ئەوە دەبێت کە کاتێکی درێژ تاشە بەرد کون بکەین.

" بالەبەردەم ئاوێنەکەدا بوەستین" من وام گوت.

بە ئاه هەڵکێشانێکەوە هەستا و لەوێدا لە تەنیشت منەوە راوەستا: من باریکەڵەیەکی باڵابەرزی قژسوور، نزام بۆ سەرکەوتن دەکرد، سەرکەوتنی ئەو و من؛ ئۆسکاریش نائارام، ترساو و بە زەحمەت دەیتوانی لە نێو ئەو شووشە بازنەییەی بەسەر کانتۆرەکەوە بوو ‏ تەماشای رووخساری هەر کامێکمان  بکات.  

" تکایە دەتوانیت بڵێیت "رایت" " ؟

" غایت" غەرغەرەی کرد.

"نەخێر، " رایت". زمانت بخە ئەویا، نیشانم دا کە لە کوێی دابنێت، لە کاتێکدا ئەو بە گرژییەوە لە ئاوێنەکەی دەڕوانی، منیش بە گرژییەوە لەوم دەڕوانی.

"سەری زمانت لوول بکە و بیخە پشتی سەرەوەی مەڵاشوت، ئا بەم جۆرە"

زمانی وا دانا کە نیشانم دا.

" تکایە ئێستا وشەی " رایت" گۆ بکە"

زمانی ئۆسکار لەرییەوە " رایت"

" ئەمە باشە. ئێستا بڵێ " ترێژەر treasure " ئەمەیان قورسترە"

" تغێژە  Tgheasure  "

" پێویستە زمانت بچێتە بەشی سەرەوەی پێشەوە، نەک دواوەی ناو دەمت. سەیرکە"

هەوڵی دا، چاوەکانی تێکچووبوون و برۆکانی ئارەقیان کردبۆوە.

" تررێژە"

" ئە ئاوا"

" پەرجووە" ئۆسکار بە منجەمنجێکەوە وتی

پێم گوت ئەگەر ئەوەت توانی، ئەوا دەتوانیت ئەوانی تریش بکەیت.

سواری پاسێک بووین بۆ سەرەوەی شەقامی پێنجەم و لەوێوە کەمێک بە دەوری دەریاچەکەی پارکی ناوەندیدا پیاسەیەکمان کرد. ئەو شەبقەیەکی ئەڵمانی لەسەر کردبوو کە باندەکەی لە پشتەوە تێوە پێچا بوو. قاتێکی خوری یەخە پانیشی لەبەردا بوو و بۆینباخێکی دوو هێندەی بۆینابخەکەی منیش پانتری بەست بوو و بە قاچە بچووکەکانییەوە وەکو پەنگوین (بەتریق) بە لارەلار دەڕۆیشت.

شەوێ خراپ نەبوو، کەمێک فێنکتر بوو. ژمارەیەکی کەمی ئەستێرەی گەورە بە ئاسمانەوە بوون کە منیان خەمبار دەکرد.

" پێت وایە من سەرکەوتوو دەبم؟"

" بۆ نا؟" لێم پرسی

دواتر بیرەیەکی بۆم کڕی.

بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان زمانیان پاراو بووە، شکستی گەورە لەدەستدانی ئەو زمانە بوو کە چیدی نەیاندەتوانی ئەوە بڵێن کە لە ناخەوە دەیانویست بیڵێن. بێگومان ئەوان دەیانتوانی پەیوەندی دروست بکەن. بەڵام هەر پەیوەندی خۆی شتێکی نائومێدکەر بوو. هەر وەکو کارل ئۆتۆ ئالپ، ئەستێرەی پێشووی سینەمایی، کە کڕیاری کۆمپانیاکانی ماسیزیس Macy's (٣) بووە،  ساڵانێکی دواتر گێڕایەوە" من هەستم دەکرد منداڵێکم و بگرە خراپتریش، زۆرجاریش چەشنی گەمژەیەک بە بێ دەربڕین دەمامەوە. ئەوەی دەمزانی، لە راستیدا، من چیم، بۆ من دەبووە بارگرانی. زمانم بێهوودە بە گیر وەستا بوو" شتەکە بۆ ئۆسکاریش هەر وابوو. ئاخر ئەو هەستیارییەکی توندی بەرامبەر بە زمانێکی بێکەڵک هەبوو. بڕواشم وایە هۆکاری گرفتەکەی لەگەڵ مامۆستاکانی تردا ئەوە بوو کە بۆ ئەوەی لە نێو شتە نەگوتراوەکاندا نەخنکێت، دەیویست بە قومێک زەریاکە قووت بدات: ئەوڕۆ فێرە زمانی ئینگلیزی دەبوو و سبەیش بە وتارێکی بێکەموکوڕی لە چواری جولایدا هەموویانی ئەبڵەق دەکرد، لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوە نیشتمانییەکانیش وانەیەکی سەرکەوتووی بە دوادا دەهات.

لە وانەکانماندا بە هێواشی و هەنگاو هەنگاو دەڕۆیشتین، هەموو شتێ لە جێی خۆی بوو. پاش ئەوەی ئۆسکار بۆ شوقەیەکی دووژووری لە رۆژئاوای شەقامی پەنجاوهەشت نزیکی درایڤ گواستییەوە، ئیتر هەفتەی سێجار لە کاتژمێری چوارونیودا یەکمان دەبینی. هەموو جارێکیش کاتژمێرونیوێک وانەمان هەبوو. لەبەرئەوەیش زۆر گەرم بوو بۆ ئامادەکردنی خواردن لە ماڵەوە، لە شەقامی ئۆتۆمات حەفتاودوو ئێوارەخانێکمان دەبوو و بە درێژایی کاتەکەیش دەربارەی کاتەکانم قسانمان دەکرد. ئێمە وانەکانمان بۆ سێ بەش دابەش کردبوو: مەشقی بەکارهێنانی وشە و بە دەنگی بەرز خوێندنەوە، لەبەر ئەوەی ئۆسکار بە پێویستی دەزانی رێزمان و راستکردنەوەی داڕشتن لەگەڵ گفتوگۆکردن لە کاتی نانی ئێوارەدا. ئەو لە هەر یەک لەو مەشقانەدا هیچ کێشەیەکی نەبوو وەک ئەوەی پێشتر هەیبوون. وا دەردەکەوت کە فێر دەبێت و مەزاجیشی باشتر دەبوو. هەندێک ساتەوەختی دڵخۆشی تێ دەکەوت، بە تایبەت کاتێک هەستی دەکرد زاڵ بووە بەسەر هەندێک دەربڕینیدا، هەر بۆ نموونە کاتێک sink نوقمبوون بوو بە think بیرکردنەوە . وازی لەوەیش هێنا بە خۆی بڵێت  hopelezz بێ هیوا. 

هیچ کەسمان زۆر باسی ئەو وانەیەمان نەکرد کە دەبوو لە سەرەتای ئۆکتۆبەردا بیڵێتەوە و منیش دەستەونزا بووم کە لە خوێندنی رۆژانەماندا هیچی نەخوازراو نەیەتە ئارا. پێم وایە من  ترسێکم لە وانەکە هەبوو، بەڵام چۆن، بە راستی نازانم، بە راستی نەشمتوانی لەو بارەیەوە هیچ بە ئۆسکار بڵێم و هەروەها دەربارەی دە شتی تریش کە لە وەرزی خوێندنی پاییزەدا دێنە ئارا. دواتر کاتێک زانیم ئەو بە یارمەتی فەرهەنگ هەوڵ دەدات بە ئینگلیزی بنووسێت، و بە "کارەساتێکی تەواوەوە" هاتبووە دەرەوە.  من پێشنیارم بۆ کرد کە رەنگە بتوانێت پابەندبێت بە ئەڵمانییەکەوە و دوای ئەوە هەردووکمان هەوڵ دەدەین بیکەین بە ئینگلیزییەکی پەسەند. کاتێ من ئەوەم پێ گوت، فێڵم لێ دەکرد، چونکە ئەڵمانییەکەی من لاواز بوو. هەرچۆنێک بێت بیرۆکەکە ئۆسکاری پاڵ پێوەنا بۆ کار و بەرهەمی زیاتر، ترسی وەرگێڕانەکەیش بۆ دواتر.  ئەو هەر لە سبەینێی پڕ وزەوە هەتا بڕستلێبڕانی شەو ئارەقی دەکردەوە. لەوەش گەڕێین کە زمانەکەی چۆن بوو، هەرچەندە لە زۆربەی ژیانیدا ئەو نووسەرێکی پڕۆفیشنالیش بووە و لە بابەتەکەی خۆیشیدا زانا بوو، بەڵام لە نووسینی وانەکەیدا لاپەڕە یەکی تێ نەپەڕاند.

مانگی جولای گەرم و شێداربوو، گەرما بە هیچ جۆرێک بواری نەدەدا. من لە کۆتایی جوندا ئۆسکارم بینی و ئیدی لە دوای حەڤدەی جولایەوە وانەمان نەمابوو. ئەو لە نێو وانە (مەحاڵە)کەدا نوقم ببوو. رۆژانە بە شپرزەیی و هەناسەساردی زیاترەوە کاری دەکرد.

دوای ئەوەی زیاتر لە سەد لاپەڕەی نووسی، بە تووڕەییەوە پێنووسەکەی گرتە دیوارەکە و هاواری کرد کە بەو زمانە پیسەوە ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەو زمانی ئەڵمانی  بە نەفرەت کرد. رقی لە نیشتمانە نەفرەتییەکە و خەڵکە نەفرەتییەکەیشی بووەوە. پاشان ئەوەی خراپ بوو بە خراپتر گۆڕدرا. کاتێک دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ نووسینی وانەکەی بوو، ئیدی هیچ پێشڤەچوونێکیش لە زمانە ئینگلیزییەکەیدا رووی نەدا. وای لێهات ئەوانەیشی بیردەچوونەوە کە پێشتر فێریان ببوو، زمانی قورس بوو و دیالەکتە ئەڵمانییەکە بەو پەڕی چالاکییەوە بۆی گەڕایەوە. شتێک نەمایەوە کە بە ئینگلیزی بیڵێت جگە لە زمانێکی شێواو نەبێت. هیچم بە ئەڵمانیش لێ نەدەبیست تەنیا ئەوە نەبێت کە بە چپە بە خۆی دەگوت، من بەگومانیش بووم لەوەی بزانێت چی دەڵێت. بەمەش کارە فەرمییەکەمان پێکەوە کۆتایی هات. لەگەڵ ئەوەشدا من رۆژ لە دوای رۆژ سەرم لێ دەدا و لای دادەنیشتم. ئەو بۆ چەندین کاتژمێر بێجووڵە لەسەر کورسییە قەدیفە سەوزە گەورەکە دادەنیشت. هێندە گەرم بوو کە دەبرژایت. ئەویش لە پەنجەرە بەرزەکانەوە بە چاوی تەڕ و خەماوییەوە سەرنجی ئاسمانی بێڕەنگی سەر شەقامی هەشتاوپێنجی دەدا.

جارێکیان پێی گوتم " ئەگەر ئەو وانەیەم بۆ ئامادە نەکرێت ئەوا خۆم دەکوژم"

" با سەر لەنوێ دەست پێ بکەینەوە، ئۆسکار" من پێم گوت، " تۆ پێم بڵێ، منیش دەینووسمەوە، گرنگ ئایدیاکەیە نەک حونجەکردن"

ئەو وەڵامی نەداوە، منیش لە قسەکردن وەستام.

ئەو کەوتە نێو خەمۆکییەکی قووڵەوە. ئێمە چەندین کاتژمێر لە بێدەنگییەکی قووڵدا دادەنیشتین. ئەمە بۆ من زەنگێکی خراپ بوو، چونکە هەندێک  ئەزموونم لەگەڵ ئەم جۆرە خەمۆکییانەدا هەبوو. وەکو ڤۆڵفگانگ نۆڤاکی ئابووریزان کە هەرچەندە ئینگلیزییەکە بۆ ئەو ساناتریش بوو. بەڵام وەک بزانم ئەو گرفتەکانی لە ئەنجامی نەخۆشییەکی جەستەییەوە سەریان هەڵدا. ئەو لە ئۆسکار زیاتر هەستی بە ونبوونی نیشتمان دەکرد. هەندێک جار لە ئێوارەی زوودا ئۆسکارم رازی دەکرد تا لەگەڵم بێت بۆ پیاسەیەک لەسەر درایڤ. لەوە دەچوو دیمەنی خۆرئاوابوون لەسەر کەندەڵانەکە بۆ ئەو سەرنجڕاکیش بێت. لایەنی کەم تەماشای دەکرد. ئەو جلوبەرگەکەی بە تەواوی لەبەردەکرد، شەبقە، قات ‏و بۆینباخ. گوێی بە گەرماکە نەدەدا.  ئێمە بە هێواشی بە پلیکانەکاندا چووینە خوارەوە، من دەمپرسی تۆ بڵێیت ئەو هەرگیز بێتە خوارەوە، لەوە دەچوو لە نێوان دوو نهۆمدا گیری خواردبێت.

بە هێواشی بەرەو سەرووی شار هەڵکشاین. وەستاین تا لەسەر کورسییەک دانیشین و تەماشای داهاتنی شەو لەسەر هۆدسۆن بکەین. کاتێکیش بۆ ژوورەکەی دەگەڕاینەوە و هەستم بکردایە بەریداوە ئەوا پێکەوە بە هۆی رادیۆوە گوێمان لە موزیک دەگرت. بەڵام ئەگەر هەوڵم بدایە سووسەیەکی هەواڵەکان بکەم، پێی دەگوتم" تکایە لەوە زیاتر بەرگەی نەهامەتییەکانی جیهان ناگرم" منیش رادیۆکەم دەکوژاندەوە. ئەو راستی دەکرد، سەردەمی هەواڵی باش نەبوو. من مێشکم دەگووشی تا بزانم  چی بۆ باس بکەم؟  ئایا زیندوومانەوەی مرۆڤ هەواڵێکی باش بوو؟ کێ دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵە بکات؟ هەندێکجار بە دەنگی بەرز بۆم دەخوێندەوە. لە یادمە ئەو حەزی بە بەشی یەکەمی ژیان لە مسیسپی هەبوو. هێشتایش هەفتەی جارێک یان دوو جار بۆ ئۆتۆمات دەچووین. ئەمەش زیاتر بەهۆی خووگرتنەوە بوو، چونکە ئەو تاقەتی نەبوو بۆ شوێنێکی دیکە بچێت ومنیش دەمویست لە ژوورەکەی بیهێنمە دەرەوە. ئۆسکار کەمی دەخوارد. لە کاتی خواردنیشدا یاری بە کەوچکەکە دەکرد.  چاوە گێلەکانی وەک ئەوە وابوون رەنگێکی رەشیان بە فیچقە پێ داکرابێت.

جارێکیان پاش تاوەبارانێکی سارد، رۆژنامەیەکمان راخست و لەسەر کورسییەک کە بەسەر رووبارەکەدا دەیڕوانی دانیشتین. هەر هیچ نەبێت ئۆسکارکەوتە قسەکردن. بە زمانە ئینگلیزییە شێواوەکەی رقی توند و هەمیشەیی خۆی بەرامبەر نازییەکان دەردەبڕی، چونکە رێچکەی ژیانی ئەمیان وێران کرد، دوای نیوسەدە ژیانیان ریشەکێش کرد و وەکو پارچە گۆشتێکی خوێن لێرۆیشتوو فڕێیاندایە بەردەمی هەڵۆکان. بە توندی جنێوی پێدان، نەتەوەی ئەڵمانی وەک میللەتێکی نامرۆڤ ، بێویژدان و بێبەزەیی ناوزەد دەکرد. "ئەوان بەرازن و خۆیان لە شێوەی تاوسدا شاردۆتەوە" وای گوت، "من دڵنیام هاوسەرەکەم لە ناخی خۆیدا رقی لە جوو دەبۆوە"  بە تاڵییەکی وەحشتناکەوە دەدوا. رەوانبێژییەکی بێ وشەسازی بوو. جارێکیتر بێ دەنگ بۆوە. هیوام دەخواست زیاترم دەربارەی هاوسەرەکەی گوێ لێ بێت بەڵام بڕیارم دا پرسیار نەکەم.

دواتر لە تاریکییەکەدا ئۆسکار ددانی بەوەدا نا کە لە یەکەمین هەفتەی لە ئەمریکا هەوڵی خۆکوشتنی داوە. ئەو لە کۆتایی مانگی مایدا لە هوتێلێکی بچووک ژیا بوو. شەوێک رێژەیەکی زۆر حەپی خەوی باربیتیورەیتس barbiturates قووت دابوو. بەڵام تەلەفۆنەکەی کەوتبووە سەر مێزەکە. فەرمانبەری هوتێلەکەش کوڕی ئەسانسۆرەکەی ناردبوو تا بزانێت چی روویداوە. کاتێک ئەمیش بە بێهۆشی دەیبینێت پۆلیس بانگ دەکەن و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.

" من مەبەستم نەبوو ئەوە بکەم" ئەو وتی،" ئەوە هەڵەیەک mistage بوو"

" هەرگیز جارێکیتر بیر لەوە مەکەوە" من گوتم،" ئەمە شکستیکی تەواوە"

" نایکەم،" بە ماندووێتییەوە گوتی،" چونکە گەڕانەوە بۆ ناو ژیان سەختە arduouz "

" تکایە لەبەر هەر هۆیەک، هەرشتێک بێت"

دواتر کاتێک پیاسەمان دەکرد، ئەو سەرسامی کردم بەوەی وتی" لەوانەیە ئێستا بتوانین جارێکیترهەوڵی وانەکە بدەینەوە"

بە شەکەتی گەڕاینەوە ماڵەوە، ئەو لەسەر مێزە گەرمەکەی دانیشت. من هەوڵم دا بیخوێنمەوە ئەویش بە هێواشی دەستی کرد بە بنیاتنانەوەی یەکەم لاپەڕەی وانەکەی. ئەو دەستی بە نووسین کرد، بێگومان بە ئەڵمانی.

هیچی بە هیچ نەکرد. گەڕاینەوە خاڵی هیچ و دانیشتن بە بێدەنگی لەبەر گەرمادا. هەندێکجار پاش چەند خولەکێک لە دانیشتن لەگەڵیا و بەر لەوەی مەزاجی ئەو ببێتە هۆی تێکدانی مەزاجی منیش، ناچار بە هەڵاتن دەبووم. پاشنیوەڕۆیەکیان بە بێ ویستی خۆم بە پلیکانەکاندا سەرکەوتم و بۆ ئەپارتمانەکەی چووم – جاری وا هەبوو هەستم بە هەڵچوونی تووڕەییەکی ساتەوەخت لەگەڵیدا دەکرد- و کە بینیم دەرگەکە کراوەتەوە، تۆقیم. لە دەرگەم دا، وەڵام نەبوو. لەو کاتەدا کە وەستا بووم هەموو لەشم دەلەرزی. تێگەیشتم بیر لە ئەگەری هەوڵێکی دیکەی خۆکوشتنی دەکەمەوە.

" ئۆسکار؟" وە ژوور کەوتم. هەردوو ژوورەکە و گەرماوەکەشی لە دوو گەڕام. لەوێش نەبوو. بیرم لەوە کردەوە رەنگە چووبێتە لای بەقاڵەکە هەتا شتێک بکڕێت. بە هەلم زانی تا بە خێرایی خولێک بە ناو ژوورەکەدا بخۆم. لە ناو دۆڵابی دەرمانەکەدا هیچی وای لێ نەبوو مایەی ترس بێت، تەنیا چەند دەنکە حەپێکی ئەسپرین، هیچ ئاسەورێکی یۆدی لێ نەبوو. بۆ ساتەوەختێک بیرم لە دەمانچە کردەوە. چەکمەجەی مێزەکەی گەڕام. نامەیەکی بچووکم دۆزییەوە بە پۆستی ئاسمانی هاتبوو. زۆرم هەوڵ دا نەمتوانی نووسینە بە دەستنووسراوەکە بخوێنمەوە. بەڵام کاتێک کاغەزەکەم بە دەستەوە گرت، توانیم یەک رستەی لێ تێبگەم:"   "Ich bin dir siebenundzwanzig Jahre treu gewesen."  ( بیستوحەوساڵ دڵسۆز بووم بۆت)

بیستوحەوتساڵ ماوەیەکی درێژە. هیچ دەمانچەیەک لەناو چەکمجەکەدا نەبوو. دامخستەوە و وازم لە گەڕان هێنا. ئەوەم بە مێشکدا هات، ئەگەر بتەوێت خۆت بکوژیت ئەوا تەنیا دەرزییەک بۆ ئەوە بەسە. کاتێک ئۆسکار گەڕایەوە پێی گوتم کە لە کتێبخانەی گشتی دانیشتووە بەبێ ئەوەی بتوانێت هیچ بخوێنێتەوە. جارێکی ترگەڕاینەوە بۆ هەمان دیمەنە نەگۆڕەکە.

لە ئەپارتمانە راخراوەکەدا پەردە لەسەر دوو کارەکتەرە بێدەنگەکە هەڵدرایەوە. من لەسەر کورسییەکی پشتڕێک دانیشتم و ئۆسکاریش لەسەر کورسییە قەدیفەکە کە لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات هەناسەی لێ بڕیبوو. گۆشتە خۆڵەمێشییەکەی، روخسارە خۆڵەمێشییە بێ تەرکیزەکەی خاوببوونەوە. ویستم رادیۆکە دابگیرسێنم، بەڵام نیگایەکی تکاراکانەی تێ گرتم وەک ئەوەی بڵێت تکایە نا. پاشان هەستام ماڵەکە بەجێبهێڵم، بەڵام ئۆسکار بەدەم قوڕگ پاککردنەوەوە بەگەرمی داوای مانەوەی لێ کردم. مامەوە، بیرم لەوە دەکردەوە لەوە زیاتر دەبێت چی تر هەبێت کە بتوانم سەرنجم بۆی بچێت؟ کێشەکانی، خواش دەیزانێ، راستەقینە بوون. بەڵام داخۆ دەشێت شتێکی زیاتر هەبێت لە کێشەی پەنابەرێکی بێ شوێن، نامۆبوون، نادڵنیایی دارایی، بە بێ هاوڕێ ‏ لە نیشتمانێکی بێگانەدابوون یان نەبوونی زمانێک کە قسەی پێ بکرێت؟  تێفکرینیشم هەر هەمان شتە کۆنەکە بوو: هەموویان لە زەریاکەدا ناخنکێن، ئەدی بۆچی ئەو دەخنکێت؟ پاشان بیرۆکەیەکم لا دروست بوو و لێم پرسی: ئایا هیچ شتێکی نەبینراو لە ژێر رووتەختەکەدا هەیە. من لە کۆلیژ لەو شتانەدا شارەزا بووم و پرسیم داخۆ ئەندازەیەکی نەزانراو لە خەمۆکی نەبووە کە رەنگە پێویست بە یارمەتی پزیشکی دەروونی بکات تا ئامادەبێت بۆ دەستکردنەوە بە وانەکەی. بە وردی بیری لە شتەکە کردەوە. پاش چەند خولەکێک بە دوودڵییەوە وەڵامی دامەوە کاتی گەنجێتی لە ڤییەنا لە ژێر چارەسەری دەروونیدا بووە. "تەنیا شێوازە ئاساییەکە" گوتی،" هەندێک ترس و خەیاڵ کە پاشان بێزاریان نەدەکردم"

" هەنووکە نەماون؟"

" نەخێر"

"تۆ پێشووترگەلێک وتار و وانەت نووسیوونەوە،" من گوتم " ئەوەی تێی ناگەم، لەگەڵ ئەوەی لە خراپی دۆخەکەت تێ دەگەم، بەڵام بۆچی ناتوانیت پەڕەی یەکەم تێپەڕێنیت؟"

دەستی هەتا نیوە بەرز کردەوە " چونکە ویستم ئیفلیج بووە. وانەکە بە تەواوی لە مێشکما روونە. بەڵام ئەو کاتەی دەمەوێت یەک وشە بنووسم جا بە ئینگلیزی بێت یان ئەڵمانی، ترسێکی زۆر دامدەگرێت لەوەی نەتوانم وشەی دواتر بنووسم. وەک ئەوە وایە کەسێک بەرد بگرێتە پەنجەرەیەک و تەواوی خانووەکە – تەواوی بیرۆکەکە – وردوخاش بێت ئەمە ئاوا دووبارە دەبێتەوە هەتا بێ هیوا دەبم"

ئەو گوتی لە کاتی کارکردنیدا بە ئەندازەیەک ترساوە  کە خەمی بووە بەر لەوەی تەواوکردنی وانەکەی بمرێت. یان هێندە خراپ وانەکەی بنووسێتەوە کە هیوای مردن بخوازێت . ترس ئەوی لە جووڵە خستووە. 

" من باوەڕم لە دەست داوە؛ نازانم، چیتر خاوەنی بەهاکانی پێشووی خۆم نیم. لە ژیانما وەهمی زۆر هەبوون"

ویستم باوەڕ بەوە بهێنم کە دەیڵێم:" متمانەت بە خۆت هەبێت، ئەمە هەستێکی تێپەڕە."

"متمانە، نیمە. لەبەر ئەمە و لەبەر هەر شتێکی تریش کە لە دەستم دا، سوپاسی نازییەکان دەکەم"

ئەو کاتە ناوەڕاستی مانگی ئۆگەست بوو، هەرچۆنێک سەیرت  دەکرد شتەکان بەردەوام بەرەو خراپتر دەچوون. پۆڵۆنییەکان دەستیان بەئامادەکاری بۆ جەنگەکە کرد. ئۆسکار بە ئاستەم دەجووڵا. منیش سەرەڕای ئەوەی خۆم هێمن نیشان دەدا، بەڵام زۆرم خەم بوو.

لەسەر کورسییە گەورەکەی دانیشت، چاوانی ماندوو بوون و وەکو ئاژەڵێکی بریندار هەناسەی دەدا.

" لەم دۆخە تۆقێنەرەدا کێ دەتوانێت دەربارەی واڵت ویتمان بنووسێ؟"

" بۆچی بابەتەکە ناگۆڕیت؟"

" بابەتەکە هەرچییەک بێت، چ جیاوازییەکی هەیە. شتەکە هەر خۆی بێ کەڵکە"

من هەموو رۆژێک بۆ دیتنی سەردانم دەکرد. هەموو فێرخوازەکانی ترم، واتە بژێو و کارەکەشم پشتگوێ خستبوو. هەستێکی ترسناکم هەبوو کە ئەگەر شتەکان بەم جۆرە بەردەوام بن ئەوا بە خۆکوشتنی ئۆسکار کۆتایی دێت. حەزێکی شێتانەم هەبوو بۆ رێگرتن لە روودانی ئەو کارە. لەوەش خراپتر هەندێک جار ترسم لە خۆیشم هەبوو نەبادا ئەو خەمۆکییەی ئەو لە منیش بدات. ناوی بنێ بەهرەیەکی نوێ، لە وەگرتنی چێژی کەمترلە ناو چێژە کەمەکانما. گەرما توندەکە بەردەوام بوو. بیرمان لە هەڵهاتن بۆ وڵاتێکی تر کردەوە. بەڵام کەسمان پارەمان پی نەبوو. رۆژێکیان پانکەیەکی کۆنم بۆ ئۆسکار کڕی. لە خۆم دەپرسی بۆچی پێشتر بیرمان لەوە نەکردبۆوە. ئیدی بۆ چەندین کاتژمێر بە دیارییەوە دادەنیشت، هەتا ئەوەی دوای هەفتەیەک لە ئیش کەوت. ئەمەش بە ماوەیەکی کەم دوای رێککەوتنی نازییەکان و سۆڤییەت لەسەر پەلامارنەدانی یەکتر. شەوێ خەوی لێ نەکەوتبوو،خاولییەکی تەڕی لە سەریەوە پێچا بوو و بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی بۆ نووسینی وانەکەی. بڕێکی زۆری کاغەزی بەکار دەهێنا وەکو خەڕەک هەر خەریک بوو بە بێ ئەوەی ئەنجامێکی هەبێت. کاتێکیش دەنووست مۆتەکە و خەونی ترسناکی هەبوون کە نازییەکان ئازاری دەدەن و هەندێکجار ناچاری دەکەن سەیری ئەو لاشانە بکات کە کوشتوونیان. بۆی گێڕامەوە لەیەکێک لە خەونەکانیدا بە مەبەستی سەردانی هاوسەرەکەی بۆ ئەڵمانیا گەڕابۆوە. کاتێکش لە ماڵەوە نەیدۆزیبۆوە بردبوویان بۆ گۆڕستانێک، هەرچەندە ئەو ناوەی لەسەر گۆڕەکە نووسرابوو ناوی هاوسەرەکەی نەبوو، بەڵام خوێن لە گۆڕەکەیەوە دەڕژا، هەر جارێکیش ئەو خەونەی بیرکەوتبایەوە دەیناڵاند. دوای ئەوە باسی ئەوی بۆم گێڕایەوە کە چۆن لە کاتی خوێندندا یەکتریان بینیووە، پاشان چۆن ژیاون. لە تەمەنی بیستوسێساڵیدا هاوسەگیریان کردووە. هاوسەرگیرییەکی بەختیار نەبووە چونکە ژنەکەی نەخۆش کەوتووە و نەیتوانیووە منداڵی ببێت. شتێکی هەڵە لە پێکهاتی ناوەوەیدا هەبووە. هەرچەندە من هیچم  لێ نەپرسی بەڵام ئۆسکار گوتی کە پێشنیاری بۆ کردووە تا لەگەڵی بێت بەڵام ئەو رەتی کردۆتەوە.

" بۆچی؟ بە چ هۆکارێک؟"

" ئەو پێی وابوو من پێم خۆش نییە کە بێت"

" جا وابوو؟"

" نەخێر!" وتی

بۆمی روون کردەوە کە لە دۆخێکی سەختدا بیستوحەوتساڵ لەگەڵیدا ژیاوە. ئەو لەگەڵ هاوڕێ جووەکانی و خزمەکانیدا لە دووفاقییەکی بەردەوامدا ژیاوە، لەگەڵ ئەوەی بە رواڵەت لەوە نەدەچوو بڕیاری پێشوەختە بدات. بەڵام دایکی دژە سامییەکی توندوتیژ بوو.

" یەک شتم نییە سەرکۆنەی خۆمی پێ بکەم" ئۆسکار وتی

لەسەر جێگەکەی راکشا تا بنووێت. منیش بەرەو کتێبخانەی گشتی نیویۆرک چووم هەتا دەربارەی هەندێ لەو شاعیرە ئەڵمانانەوە بخوێنمەوە کە ئەو دەیویست بە زمانی ئینگلیزی دەربارەیان بنووسێت. پاشان کتێبی " گەڵاکانی چیمەن"م خوێندەوە و ئەوەم یاداشت کرد کە یەک یان دوو لەو شاعیرانە ئیقتیباسیان لە ویتمان کردووە. رۆژێکی کۆتایی مانگی ئۆگەست بوو ئەوەی نووسیبووم بۆ ئۆسکارم برد. وام مەزەندە دەکرد بەشێکی باش بێت. خۆ بیرۆکەیەکی وام نەبوو وانەکەی بۆ بنووسمەوە. ئەو لەسەر پشت پاڵکەوت، بێ جووڵە و تەواو خەمناکانە گوێی لەوە گرت کە نووسیبووم. پاشان وتی" نا، ئەو شاعیرانە مەرگدۆستیان لە ویتمانەوە وەرنەگرتووە – ئەمە بەناو شیعری ئەڵمانیدا دێت و دەچێت – بەڵکو زیاترهەستی مرۆڤدۆستییەکەیان (Brudermensch ) لێ وەرگرتووە." ‏

" بەڵام ئەم هەستە لە زەمینەی ئەڵمانیدا ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ گەشە بکات" بەردەوام بوو" هەر زوو وێران دەکرێت"   

من داوای لێبووردنم لێ کرد کە من بە هەڵە ئەوەم وەرگرتبوو، بەڵام ئەو هەرچۆنێک بێت سوپاسی کردم.

بەشکستخواردوویی بەجێم هێشت. کاتێک بەسەر پلیکانەکاندا دادەبەزیم، گوێم لە کەسێک بوو دەگریا.

من لەمە دەکشێمەوە. بیرم کردەوە ئەمە زۆری لێ بردووم و نامەوێت لەگەڵیا نوقم ببم. بۆ رۆژی دوایی لە ماڵەوە مامەوە و چێژم لەو نەهامەتییە تایبەتە دەبینی کە شایستەی ئەم تەمەنەی من بوو. بەڵام لەو شەوەدا بە تایبەت ئۆسکار تەلەفۆنی بۆ کردم و لەبەرئەو سەرنجانەی بۆم خوێندۆتەوە بە گەرمی پیرۆزی کردم. شەو لە خەو هەستا بوو تا نامەیەکم بۆ بنووسێت تیایدا ئەو هەڵەیەم بۆ روون بکاتەوە کە لە تێبینییەکانمدا کردبووم. تا شتەکە وای لێ هات نیوەی وانەکەی بنووسێت. رۆژەکە بە تەواوی خەوت و نیازی بوو شەوێ وانەکە تەواو بکات.

"سوپاست دەکەم" پێی وتم  " بۆ زۆر شت، بۆ ئەوەی باوەڕی خۆتت لە مندا چاند."

" سوپاسی خوا بکە" من وتم،بێ ئەوەی پێی بڵێم کە خەریک بوو لە دەستی بدەم.

ئۆسکار وانەکەی تەواو کرد – نووسی و دووبارە نووسییەوە – لە هەفتەی یەکەمی سێپتەمبەر نازییەکان پەلاماری پۆڵۆنیایان دا، هەرچەندە ئێمە زۆر نیگەران بووین بەڵام هەستێکی ئاوا بڵاوبوو کە پۆڵۆنییە ئازاکان رەنگە بیانبەزێنن. وەرگێڕانی وانەکە هەفتەیەکی دیکەی خایاند. بەڵام لەمەدا یارمەتیمان لە فردریش ڤیلهێلم ڤۆلفی مێژوونووس وەرگرت کە پیاوێکی باش و دانا بوو. ئەو وەرگێڕانەکەی بە دڵ بوو و بەڵێنی دا لە وانەکانی ئاییندەشدا هاوکاری بکات. کەوایە ئێمە نزیکەی دوو هەفتەمان بۆ مەشقی گەیاندنەکەی ئۆسکار بە دەستەوە بوو. کەشەکە گۆڕا بوو، زۆر بە هێواشی ئەویش. ئەو لە شکستەکەی بە ئاگا هاتبۆوە، دوای جەنگێکی ماندووکەر لێیدرابوو و کێشی نزیکەی بیست پاوەن دابەزی بوو. هێشتا مەزاجی خۆڵەمێشی بوو، کاتێک سەیری رووخساریم کرد، پێشبینی ئەوەم کرد ئاسەوارەکانی تیا بەدی بکەم. بەڵام تایبەتمەندییە شلوشاو و بێتەرکیزەکەی نەمابوو. چاوە شینەکانی بۆ ژیان گەڕابوونەوە و بە هەنگاوی خێرا دەڕۆیشت وەک ئەوەی بیەوێت ئەو هەنگاوانە هەڵگرێتەوە کە لە رۆژە درێژەکانی گەرماکەدا لە ژوورەکەیدا بێ جووڵە کەوتبوو و نەیهاویشتبوون.

گەڕاینەوە بۆ رۆتینەکەی پێشوومان، سێ پاشنیوەڕوان لە هەفتەیەکدا یەکمان دەبینی بۆ وشەسازی، رێزمان و مەشقەکانی تر. فێری ئەلفوبێی فۆنەتیکم کرد و لیستێکم لەو وشانە بۆ دروست کرد کە بە هەڵە گۆی دەکردن.

بۆ چەندین کاتژمێر تێ دەکۆشا و هەوڵی دەدا هەر دەنگێک لە جێی شیاوی خۆی دابنێت. لەتە دەنکە شقارتەیەکی خستبووە نێوان ددانەکانییەوە تا لەو کاتەی مەشقی بە زمانی دەکرد هەردوو شەویلگەی بە جیا بمێننەوە.  ئەگەر بیر لەوە نەکەیتەوە کە ئاییندەت هەیە ئەوا هەموو ئەمانە دەکرا بە شێوەیەکی ترسناک بێزارکەر بن. کاتێک سەیرم دەکرد تێ دەگەیشتم لەوەی مەبەستمان چییە کاتێک بە کەسێک دەڵێین بووە بە پیاوێکی تر.

وانەکە کە من وەکو ناوی خۆم لەبەرم کردبوو، بە باشی رۆیشت. بەڕێوەبەری پەیمانگەکە کەسانی ناسراوی بانگهێشت کرد. ئۆسکار یەکەمین پەنابەر بوو لەوێ دامەزرا و جووڵەیەکیش هەبوو بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لەو پێکهاتە تازەیەی نێو ژیانی ئەمریکی.

دوو ریپۆرتەر و خانمە وێنەگرێک هاتبوون. هۆڵەکە جمەی دەهات. من لە ریزی دواوە دانیشتم، بەڵێنم پێی دابوو ئەگەر دەنگی نەدەبیسترا دەستم بەرز بکەمەوە‏. بەڵام شتەکە پێویستی بەوەش نەکرد. ئۆسکار بە قاتە شینەکەی و سەرە تاشراوەکەیەوە بێگومان بێ ئارام بوو. بەڵام ئەگەروانەت پێ نەدابێتەوە ئەوا نەتدەتوانی تێبینی ئەوە بکەیت. کاتێک سەرکەوتە سەر سەکۆی وانەوتنەوەکە، لاپەڕەکانی بڵاو کردنەوە و بەرامبەر بە خەڵکەکە یەکەمین رستەی بە ئینگلیزی گۆ کرد، دڵم دەلەرزی. ئاخر جگە لە خۆم و خۆی نەبێت کەس نەیدەزانی چەندی چەشتووە هەتا گەیشتووەتە ئێرە. گۆکردنی بە هیچ جۆرێک خراپ نەبوو. یەک دوو ئێسی "s" کرد بە تتس"ttis"، یەکجاریش لە جیاتی "back" وتی "bag" لەوە بترازێ ئەو باش بوو. هۆنراوەکانی بە هەردوو زمانەکە بە باشی خوێندەوە. هەروەها والت ویتمانیش. هەرچەندە هۆنراوەکانی لە دەمیدا وا دەردەبڕدران وەک ئەوەی کۆچبەرێکی ئەڵمانی بوو بێت و بۆ کەناراوەکانی لۆنگ ئایلاند هاتبێت. بەڵام هۆنراوەکەی وەکو هۆنراوە خوێندەوە:

ئەوەندە دەزانم

کە گیانی یەزدان گیانی براکەمە

کە هەموو ئەو پیاوانەی لەسەر زەوی لە دایک بوون برای منن

کە ژنان خوشک و خۆشەویستی منن

کە خۆشەویستی بناغەی ئەفراندنە

ئۆسکار وا دێڕەکانی دەخوێندنەوە وەک ئەوەی باوەڕی پێیان هەبێت. وارشاو کەوتبووە دەستی نازییەکان بەڵام دێڕە شیعرەکان تا رادەیەک ئەویان پاراست. من لە ریزی دواوە دانیشتبووم و پەییم بە دوو شت دەبرد. یەکەمین : چەند سانایە قووڵترین زام بشاریەوە. دووەمیش: هەستکردن بە شانازی بەو کارەی ئەنجامم داوە.

دوو رۆژ دواتر بەسەر پلیکانەکاندا بەرەو لای ئۆسکار دەچووم، قەرەباڵەغییەکم بەدی کرد. پەنابەرە ئەڵمانەکە بە بیجامەیەکی شلوشێواوەوە لەسەر زەوی کەوتبوو، رووخساری سوور هەڵگەڕا بوو، لێوەکانی شین ببوونەوە و شوێنەواری کەفێک بە لالغاوەیەوە دیار بوو. لە تەنیشتییەوە دوو پیاوی ئاگرکوژێنەوە لەسەر ئەژنۆ دانیشتبوون بە ئامێری هەناسەدان چارەسەریان دەکرد. پەنجەرەکان کرابوونەوە و هەواکە بۆنی گازی لێ دەهات.

پۆلیسەکە لێی پرسیم داخۆ من کێم، من تەنیا ئەوەندەم پێ گوترا" نا. ئاخ نا"

من گوتم نا، بەڵام بە نەگۆڕی بەڵێ بوو. ئەو خۆی کوشتبوو  - بە گاز –

من تەنانەت بیرم لە تەباخی ناو چێشتخانەکە نەکردبۆوە.

" بۆچی" لە خۆمم پرسی. " بۆچی ئەوەی کرد؟" رەنگە بەر لە هەرشتێک بە هۆی چارەنووسی پۆڵۆنیاوە بووبێت. بەڵام تاقە وەڵام دەکرێت هەر کەسێک پێی بێت ئەو تێبینییە بوو کە ئۆسکار نووسیبووی و تیایدا گوتبووی بارودۆخی باش نەبووە و وەسیەتیش دەکات هەموو کەلوپەلەکانی بۆ مارتن گۆلدبیرگ بن، کە من مارتن گۆلدبێرگم.

بۆ ماوەی هەفتەیەک نەخۆش کەوتم، ئارەزووم نەبوو نە بۆ وەرگرتنی میراتی و نە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام بیرم لەوە کردەوە بەر لەوەی دادگە دەستیان بەسەردا بگرێت چاوێک بە شتەکانیا بگێڕم. هەر بۆیە بەیانیم لە ناو قوڵایی کورسییە قەدیفەکە بەسەربرد و هەوڵم دەدا نامەکانی وەخوێنم. لە خانەی سەرەوەی مێزەکەیدا پاکەتێکی تەنک نامەم دۆزییەوە، هی هاوسەرەکەی بوون و پۆستێکی ئاسمانی تازەی ئەو رۆژانەش لە خەسووە دژە سامییەکەیەوە. 

لەو نامەیەدا کە فیلمنامەیەکی چڕوپر بوو و چەندین کاتژمێرم ویست تا شیکاری بکەم، نووسیوویە کە کچەکەی دوای ئەوەی ئۆسکار بەجێی هێشت و سەرەڕای تکاو پاڕانەوەی زۆری دایکی، بە هۆی رابییەکی قین لەدڵەوە بڕیاری داوە ئایینەکەی بۆ جوودایزم بگۆڕێت.

شەوێکیان کراس قاوەییەکان دەرکەوتوون، لەگەڵ ئەوەی دایکەکە لە بەردەمیاندا شێتانە ئاماژەی بۆ خاچە برۆنزییەکە کردووە، بەڵام ئەوان خاتوو گاسنەریان لەگەڵ چەند جوویەکی دیکەی ئەپارتمانەکەدا پەلکێش کردووە و بە لۆری بۆ شارۆچکەیەکی سەر سنووری پۆڵۆنیای داگیرکراویان بردوون. دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە لەوێ فیشەکیان بەسەریەوە ناوە و پاشان لەگەڵ چەند پیاو و ژن و منداڵێکی دیکەی جوو، چەند سەربازێکی پۆڵۆنی و چەند قەرەجێکدا بە رووتی فڕێیان داونەتە چاڵێکی گەورەوە.   

 

سەرچاوە:

 The German Refugee by Bernard Malamud

اللاجیء الالماني، افضل القصص الأمریکیة في القرن العشرین، ص ٥٥٠ – ٥٦٤ ، جون ابدایک و کاترینا کنیسون ترجمة، فٶاد سروجی.

پەراوێز ( وەرگێڕی کوردی ئامادەی کردووە):

   1. لێرەدا گێڕەرەوە دەیەوێت ئەوەمان نیشان بدات کە ئۆسکار بە هۆی ئەوەی ئەڵمانە ناتوانێت ‏وشەی ذس گۆ بکات و لە جیاتی ئەوە دەڵێت زس. وەک چۆن دانانەوەی هەندێک وشە بە ئەڵمانی یان بە رێنووسی هەڵە بە ئینگلیزی لە تێکستەکەدا مەبەست لێی نیشاندانی شێوازی گۆکردنی کارەکتەرەکەیە.

   2.  ییدیش Yiddish‏: زمانی جووەکانی ئەوروپا.‏

   3.  باوهاوس: بازاڕگەلی بەناوبانگە لە ئەڵمانیا

   4. مایسیز ‏Macy's‏: زنجیرە بازاڕێکی بەناوبانگە لە ئەمریکا