تراژیدیای پەنابەر لە نێوان واقیع و وڕێنەدا

 سەرنجێکی کورت لەسەر کورتە چیرۆکی ( پەنابەرە ئەڵمانییەکە)


لە پیشانگەیەکدا دەربارەی هۆڵۆکۆست کە کچەکەم بەشداری تیا کردبوو، یەکێک لەوانەی بانگهێشتم کردبوون تازە ئاشنایەکی جوو بوو. ئەو لەگەڵ خۆیدا نموونەیەکی بچووکی تابلۆکەی پۆل کێلی (فریشتەی نوێ) بە دیاری بۆ هێنا بووم، ئەو فریشتەیەی، پشتی لە ئاییندەیە و زریانێک بە توندی پاڵی پێوە دەنێت، ئیلهامبەخشی والتەر بنیامین بوو لە نووسینی "تێزەکان سەبارەت بە مێژوو". 

ئێمە ماوەیەکی کەم لەوەوە پێش گفتوگۆیەکمان دەربارەی ئەو تابلۆیە کردبوو. ئەویش دوای ئەوەی پێمگوت ژیان لێرە لای من وەک ئەوە وایە لە ناو پاس یان شەمەندەفەرێکدا بەرەوپشت دانیشتبیت. هەڵبەتە ئەو دەمە  تەنیا دووساڵ بوو لە ئەڵمانیا بووم. ئێستایشی لەسەر بێت و رەنگە تا ئەبەد وەکو ئەو فریشتەیە هەر مژۆڵی کۆکردنەوەی ئەو داروپەردووانەی بەردەمم بم کە زریانی کۆچ هەموویانی لە بێخەوە دەرکێشا و بڵاوی کردنەوە. ژوورە پەرش و بڵاوەکەی ئۆسکار گاسنەریش جلوبەرگی هەڵپرژاو و کارتۆنە کتێب و ... دەکرێت هەر هەمان ئەو داروپەردووە بن کە زریانی جەنگی دووەم لەگەڵ خۆی بەرەو نیویۆرک هەڵیگرتن. وەک چۆن دەکرێت هێماش بێت بۆ دەستگرتن بە رابردووەوە. ئاخر هیچ پەنابەرێک یان نەفیکراوێک نییە سەرباری ریشەکێشبوونیشی، تەواوی رایەڵەکانی خۆی بە نیشتیمان و رابردووەکەیەوە بچڕاندبێت، تەنانەت ئەگەر وەکو گاسنەر جنێویش بە گەلی ئەڵمان بدات و خۆیشیان لێ بێبەری بکات، ئەوە جگە لە حاڵەتێکی پارانۆیی هیچی دیکە نییە (نەفیکردن بەڵگەی ئەوەیە تاک  خۆشەویستییەکی شاردراوەی بۆ نیشتمان هەیە و پەیوەستە  پێوەی، ئەوەی بۆ هەمو نەفیکراوێک راست دەردەچیت لە دەستچوونی نیشتمان و خۆشەویستییەکەی نییە بەڵکو ریشەداربوونی ئەم لەدەستچوونەیە لە بوونی هەردووکیاندا بەتایبەتی) (١).  نەفرەتکردنیشی لە زمانی ئەڵمانی لەبەر ئەوەیە کە هەژموونی بەسەر ئێستایدا هەیە و رێگرە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێدا و دەستپێکردنی ژیانی نوێ. ئەوەیشی زەمینەیەکی لۆژیکی بەم وڕینە پارانۆییەی دەبەخشێت جووبوون و چەوسانەوەیەتی بەهۆی ئەو شوناسەوە ( وڕێنەی پارانۆیا وڕینەیەکی لۆژیکییە چونکە هەمیشە لە واقیعەوە دەردەچێت و شتێکی تێدایە کە شیاوی باوەڕپێهێنانە)(٢). لە کۆتایی چیرۆکەکەدا نامەی هاوسەرەکەی ئەو تێکەڵبوونەی دۆخی واقیعی جووەکانمان لەگەڵ گرفتە پارانۆییەکانی گاسنەردا بە روونی نیشان دەدات (بیستوحەوتساڵ من دڵسۆز بووم بۆت) ئەم دێڕە ئەوەمان پێ دەڵێت کە گاسنەر تەنانەت رووبەروویش گومانەکانی خۆی لە دڵسۆزی هاوسەرەکەی نەشاردۆتەوە، خۆ بە مارتنیش دەڵێت "من دڵنیام هاوسەرەکەم لە ناخی خۆیدا رقی لە جوو دەبۆوە".  لە کاتێکدا ئەو لە پاش بەجێهێڵرانی لە لایەن ئۆسکارەوە دەچێتە سەر ئایینەکەی وی و هەر بەوهۆیەشەوە دووچاری چارەنووسێکی رەش دەبێتەوە.

چیرۆکی ( پەنابەرە ئەڵمانییەکە) بەسەرهاتی تراژیدییانەی جوویەکی بەرلینییە کە نازیزم و جەنگی دووەمی جیهان لە نیشتمانەکەی هەڵی دەکەنن. لەم چیرۆکەدا بەر دوو تێمای گرنگی جەنگ و پەنابەری دەکەوین. جەنگ بە هەموو ‏لێکەوتەکانییەوە، بە مەرگ و ئازار و لەناوبردنی هەموو جوانییەکانەوە. تەنانەت گێڕەرەوەیش ‏کە لە دوورەوە دەنگی دەهۆڵەکەی پێ خۆشە (چاوەڕێی هەڵایسانی جەنگی دوووەمی جیهان بووم. ئەوەش فێڵێکی نەفرەتی بوو، ئەوەتا ‏لێرەوە دڵم بۆ دەستپێکردنی لێ دەدا) بەڵام کاتێک راستەوخۆ بەر قوربانییەکی جەنگەکە ‏کە ئۆسکارە دەکەوێت، ئیدی بەشێک لە پشکۆکانی ئەویشی بەردەکەوێت و تێ دەگات کە لە ‏جەنگدا دەشێت بە سانایی بکوژرێیت و بەو پەڕی بێڕێزییەوە لەگەڵ خەڵكانێکی تری نەدیونەناس و بگرە سەر بە ‏نەتەوە و ئایین و کەلتووری جیاوازدا بخرێیە چاڵێکەوە و ببنە هاوگۆڕی یەکتر. ئەگەرچی ‏جەنگەکە لە ئەوروپایە بەڵام پریشکی ئاگرەکە لە رێی مارتن گاسنەرەوە دەگاتە ئەمریکا و کسپە لە ‏گیانی گێڕەوە هەڵدەستێنێت. لەم چیرۆکەدا میوان و خانەخوێ ( گاسنەر و مارتن) هەم پەیوەندییەکی مرۆیی لە نێوانیاندا دادەمەزرێنن کە سەرەڕای دڕدۆنگی و هەڵبەز دابەزەکان بەڵام  تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

پەنابەریش بە هەموو گۆرانکارییە نەرێنی و ئەرێنییانەیەوە کە بەسەر مرۆڤیدا دەهێنێت. بەو گۆڕانکارییە دەروونی، کەلتووری و کۆمەڵایەتییانەی کە پەنابەر تووشیان دێت. خاڵی زۆر سەرنجڕاکیش لەم چیرۆکەشدا ئەوەیە کە پەنابەر لە باری دەروونییەوە ئەو ئامادەییانەی تێدا هەن کە تووشی پارانۆیا ببێت لە کاتێکدا پاڵەوانەکەیش هەر لە سەرەتاوە و بگرە لە نیشتمانی خۆیدا کارەکتەرێکی پارانۆیی بووە.    

بێرنارد مالامۆد لەم چیرۆکەدا بە وردی دەچێتە سەر کێشە سەرەکییەکانی پەنابەران وەکو بەربەستەکانی زمان، ریشەکێشبوون، پرسیاری شوناس و لەیەک تێنەگەیشتنی میوان و خانەخوێ و پەیوەندی هەموو ئەمانە بە کێشە دەروونییەکانی پەنابەرانەوە. لێرەوە لە گێڕانەوەیەکی رەواندا پلۆتەکانی چیرۆکەکەی لەسەر بونیاد دەنێت.

ماوەتەوە بڵێین لە تێکستە ئینگلیزییەکەدا وشە و دەربڕینەکانی گاسنەر لە نێو گێڕانەوەکەدا یان بە ئەڵمانییە یان ئینگلیزییەکی بە ئەڵمانی گۆکراوە وەکو دەربڕینی ئێس S بە زێت Z. پیتی عەرەبیش کە زمانی باشووری کوردستانە توانای ئەم گواستنەوەیەی تێکستی نییە بۆیە لە چەند شوێنێکدا بۆ نزیککردنەوەی خوێنەری کورد لە گیانی تێکستەکە و بە پاڵ وشە کوردییەکەوە وشە ئۆرگیناڵەکانم داناوەتەوە.   

 

سەرچاوە و پەراوێز:

1.                        إدوارد سعید، تأملات حول المنفی ص ١٣٢. ‏

2.                        العفیف الأخضر، من محمد الإیمان الی محمد التأریخ،ص١٢٣‏.

3.                        THE GERMAN REFUGEE by Bernard Malamud – Introduction Dr. Preeti Oza ,and Analysis

4.                          المقاربات النفسیة للشخصیة البارانویة، سمیرة شمعاوي.