مەرگی کەسی دووەمی تاک

 

 

 بۆ ماریا

 

قەمەرەکەت لە پارکی ئیسکانی نوێ را دەگریت و بەرەو خواردنگە و چێشتخانەکان دەچیت. بۆن و بەرامەی خواردنەکان گەدەت بە تەواوی دەوروژێنن. بەڵام تۆ ئەمشەو حەزت چووەتە سەر رۆست و دەتەوێت بۆ یەکەمجار تاقی بکەیتەوە. کاتی خۆی مێردەکەت و پێشتریش کوردەی برات کە باسی ئەم شەقامەیان دەکرد بە چێژەوە باسی ئەو رۆستەیان دەکرد. تۆیش چەندین جار داوات لێ کردبوون لەگەڵیان بچیت تا ئەو خواردنە تاقی بکەیەوە، بەڵام هەرگیز داواکەت جێبەجێ نەبوو.

-        کچێ ئەتو تەواویت؟ دەتەوێت بتبمە ناو ئەو هەموو گەنجەی؟ لۆ چما ئەمن گەوادی تومە؟ نەجمەدینی هاوسەرت جارێک ئاوا وەڵامی دایتەوە.

کات نزیکی دەی شەوە بەڵام شەقامەکە سیخناخە لە گەنج. سەرنجێک دەدەیت هەر هەمووی نێرینەن ( خۆ یەک ژنی تیا نییە، ئەم شەقامە دەڵێیت چوکی پیاوە) بە بەرخۆتەوە وا دەڵێیت، نەشارەزایانە مل با دەدەیت و بۆ دوکانی رۆست و لەفە دەگەڕێیت. هەموو ئەو گەنجانەی لەوێن سەرنجیان دەچێتە سەرت. ئەوانەی خەریکی تاوڵە و دۆمینەن واز لە گەمەکانیان دەهێنن و تەماشای تۆ دەکەن. کۆمەڵێک گەنج لەبەردەم کافتیریاکەدا کە سەرقاڵی تەماشاکردنی یارییەکی فوتبۆڵێنن روویان لە تەلەفزیۆنی بەردەم کافتریاکە وەردەگێڕن و لەسەر ریتمی هاوارکردنی یارییەکە هاوار و ناڵە بۆ تۆ دەکەن. ‏ دەست دەکەنە قسە فڕێ دان و توانج لێدان. ‏

-        وەی لەو بەرخەی؟

-        میزی بە دوشلەمەی دەخورێ؟

-        فستقە فستق.

-        دیارە بێ ساعێبە؟

گوێ بە قسەی کەس نادەیت. وا دەزانیت هەر لەگەڵ تۆیشیان نییە. ئێ خۆ ئەگەر وەڵامی خەڵکی بدەیتەوە، ئەوا رۆژانە کات بەشت ناکات. چاوت بە دوکانێکی خواردن و لەفەفرۆشی دەکەوێت. وە ژوور دەکەویت، دوکانەکە جمەی دێت. سەرەت دێت و پاشئەوەی لەفەکەت وەردەگریت، بەرەو دەرەوەی دوکانەکە هەنگاو دەنێیت.

-        خوشکم لە ژۆرێ جێی عائیلیمان هەیە. کابرای دوکاندار پێت دەڵێت.

-        بەڵام خۆ من سەڵتم، خێزانم لەگەڵ نییە. تۆیش وا وەڵامی دەدەیتەوە.

-        مەخسەدم ئەوەیە لە ژۆرێ جێی ژنانمان هەیە. کابرا وەک ئەوەی بە گێلت بزانێت بە زەردەخەنەیەکەوە وات پێ دەڵێت.

بۆ ئەوەی ئەو مەزاجە خۆشەی ئەمڕۆ لە خۆت تێک نەدەیت، ناچار ددان بە خۆتدا دەگریت و دەڵێیت:

-        برا! من حەز دەکەم لە دەرەوە نان بخۆم.

کابرا بە گرژییەوە بەبەرخۆیەوە دەڵێت (ئەلعوکمو لیللا، دە هەڕو)

لە دەرەوە چاو بۆ کورسی و مێزێکی بەتاڵ دەگێڕێت. چاوی دانیشتووەکانیش هەمووی لەسەر تۆن و چاو بەسەر لەشولارتا دەگێڕن. لە نانخواردن وەستاون و تەماشات دەکەن. تۆیش هەر بە بای خەیاڵتا نایەت، بگرە بەزەییت پیایاندا دێتەوە. کورسییەکی بەتاڵ دەدۆزیتەوە، لە بەرامبەریدا کوڕێکی گەنج دانیشتووە، دوای ئەوەی رەزامەندی لێ وەردەگریت لەسەر کورسییەکەی بەرامبەری ئەو دادەنیشیت.

" خۆشعالم لەو هەمووەی ئەمنت هەربژارد" گەنجەکەی بەرامبەرت وات پێ دەڵێت.

لەم کاتەدا تۆ یەکەم قەپت لە لەفەکەت گرتووە، بەڵام بۆت قووت ناچێت، دەپرسیت:

" تێناگەم؟"

" ئەدی لۆ چ هاتیە بەرامبەرم؟"

دوکەڵ لە کوونە لووتەکانتەوە دێتە دەرێ. حەز دەکەیت ئەو پارووە جووراوەی ناو دەمت بکەیتە تفێک و دەموچاوی گەنجەکەی پێ سواغ بدەیت. بەڵام نایکەیت. بەزەییت پێیدا دێتەوە.

" رەنگە ئەمە یەکەمجاری بێت لە ژیانیدا کچێکی نەناس لەسەر مێزێک بەرامبەری دابنیشێت" خۆت دەخۆیتەوە. پڕ بە جانتەکەتا دەکەیت و هەڵدەسیتە سەر پێ و شوێنەکە بە جێ دەهێڵێت. بە خێرایی بە نێوان کورسی و مێزەکانی بەردەم خواردنگەکەدا تێ دەپەڕیت. گەنجەکان دەست دەکەنە توانجلێدان، تۆیش لە ر‌قدا خواردنەکەی ناو دەمت دەتفێنیتەوە سەر رێگەکە. دەگەیتە قەراغی شۆستەکە، سەگێک لەوێدا قروسکەی لێ بەرز دەبێتەوە. پێ دەچێت ئازاریان دابێت. بەرلەوەی سەگەکە دوور بکەوێتەوە دادەنەویتەوە و لەفەکەی دەستتی بۆ بۆ رادەگریت، سەگەکە نیگایەکت تێ دەگرێت. تۆیش دەست بە پشتیدا دەهێنیت، ئینجا ئەویش لێت نزیک دەبێتەوە و خواردنەکەت لێ وەردەگرێت. هەر لەوێدا گوێت لە گەنجەکانە تانە و تەشەری جۆراوجۆرت لێ دەدەن (خۆی عەرز دەکا) ( هەی لەو سەگەی)( لۆ نایبەیە مارێ!) (مەمەی بدێ گوناعە) کە بە هۆش خۆت دێیتەوە دەبینیت گەنجەکان هەموو سەرنجیان لەسەر سنگ و بەرۆکی کراوەتە. هێندەیتر پەست دەبیت. چەند هەنگاوێک دوور دەکەویتەوە، گوێت لە هوهای هەندێک گەنج دەبێت. کەمێک لەولاترەوە دەنگی کەسێکت بەر گوێ دەکەوێت:

( ئەوە قەحپەیە)

دەنگەکە دەناسیتەوە لە دەنگی فەرە دەچێت کە پێی دەڵێن دکتۆر قەشمەر. ئاوڕێک دەدەیتەوە پەنجا مەتر لەولا ئەو خورادنگەیەی لێی بوویت، فەرە لە نێو کۆمەڵێک گەنجدا و لەسەر بۆنیتی قەمەرەیەک دانیشتووە و چەند پەڕە کاغەزێکی بەدەستەوەیە و لە دوورەوە ئاماژە بۆ تۆ دەکات. دڵنیا دەبیتەوە کە خۆیەتی. فەرە وەکو نووسەرێکی یاخی خۆی دەناسێنێت و بەردەوام تەشقەڵەی بە هەموو شت دێت و هەرگیز لە کاتی قسەکردندا مەزاجێکی جیگیری نییە. بۆیە لە ناو خەڵکدا بە دکتۆر قەشمەر ناوی دەبەن. سەردەمانێک کە تۆ پێی سەرسام بوویت، گەلێک لەبەر دڵت گران بوو کە وایان پێ دەگۆ. تۆ لە سەروبەندی جیابوونەوە لە هاوسەرەکەت ئەوت ناسی و ئەویش لەسەر گیرفانی خۆی پارێزەری بۆ گرتیت تا داوای جیابوونەوەکەت لە دادگا بەریتەوە. ئاخر تۆیەک کە ماڵی بابیشت دژی جیابوونەوەت بوون و هەڕەشەوگوڕەشەی زۆریان لێ کردیت، ئەو نەبایە پارەی پارێزەرت لە کوی بوو. بۆیە سەرەتا ئەوەندەت خۆش دەویست خۆزگەت دەخواست ئەو براگەورە یان بابت بووایە. هەمیشە بە بایەخێکی زۆرەوە گوێت بۆ قسەکانی شل دەکرد. بە تایبەت ئەو کاتانەی باسی یاخیبوون و شۆڕشی گەنج و شەڕکردن لەگەڵ دابونەریت دەکرد، ئیدی خۆی لێ دەبووە فەیلەسوفێکی مەزن. هەتا ئەو رۆژەی پارێزەرەکەت لە نووسینگەکەی خۆی بڕیاری دادگای سەبارەت بە جیابوونەوەی تۆ و هاوسەرەکەت پێ راگەیاندیت. تۆیش لە خۆشیا و ناخواستە بە پارێزرەکەت گوت( وەی بە قوربانت بم). ئیدی خۆیشت نازانیت چۆن پارێزرەکە پەلاماری دایت و چۆن تۆیش بە هەزارحاڵ خۆت لە ژێر چنگی رزگار کرد. تۆ کە شۆک ببوویت و شپرزە بە کۆڵان و شەقامەکاندا بە لۆقە بەرەو ماڵی فەرە رۆیشتیت. هەر کە خۆت بە ژووردا کرد، بەرەو گەرماوەکە ملت نا. هەتا ئاوێک بە خۆتا بکەیت و جەستەت لە پیسی دەستەکانی پارێزەرەکە پاکژ بکەیتەوە. قەیرێکی باش لە ژێر دوشەکەدا وەستایت هەتا ئارام بیتەوە. بە راستیش کاریگەری دوشەکە و دڵخۆشبوون بەوەی لە ماڵی رۆشنبیرێکی وەکو فەرەیت خەریک بوو ئارامت بکەنەوە. بەڵام کە هاتیتە دەرەوە چی ببینیت. فەرەت بینی بە رووتی لەسەر قەنەفەکە دانیشتووە و مژ لە جگەرەکەی دەدات. پاشان نیگایەکی نامۆی تێگرتیت. نیگای گوورگێک لە سارایەکدا کە لە نێچیرەکەی بڕوانێت. ختوورەیەک بە دڵتدا و  موچرکێکی سارد بە لەشتا هات. هێشتایش ویستت بەسەر خۆتی نەهێنیت و وەکو بەزمێکی نوێی لێکت دایەوە و بەرەو ناندینەکە ملت نا. لە ناو دەرگای ناندینەکەدا بوویت ئەو بانگی کردیت.

( وەرە کچێ! وەرە تەنیشتم)

( دکتۆر! من چەشنێکی تر لە تۆ دەڕوانم)

( وەرە وەختی قسەی گەورە نییە. ئەمن ئەو هەمووە چشتەم لۆ کردی، خۆ ئسفادەکت نەبووە. ئەمن هەندەم لۆ کچەکانی دکە نەکردیە و ئسفادەشیان هەبووە)

فەرە بەدەم قسەکردنەوە و بە رووتی بەرەو لای تۆ دەهات، لە تاو زەوقی هەردوو کونەلووتی فش ببوون و تۆنی دەنگی تەواو گۆڕا بوو‏. لە بینینی لەش و لاری رووتی ئەو دڵت تێکەڵ دەهات. تۆ پاشەوپاش بەرەو ناندینەکە دەچوویت. سەرنجت چووە سەر کێردێکی گەورە کە لەسەر کەوانتەرەکە دانرابوو. زۆر بە پەلە دەستت دایە کێردەکە و بەرەو رووی چوویت.

( بێیتە پێشەوە بەم کێردە گەڵوگونت دەبڕم)

ئەو رەنگی بزڕکا و چووە دواوە. ئیدی هەر هێندەت پێ کرا خاولییەکە لەسەرت بکەیتەوە بۆ سەرو چاوی ئەوی هەڵ بدەیت و جانتاکەت هەڵبگریت و بڕۆیت. کێردەکەشت لەگەڵ خۆت برد. ئاخر بۆت دەرکەوت کە رۆژانی داهاتووت لە نێو ئەو خەڵکەی وا بە تەنیا جەستە و جوانیت دەبینن ئاسان تێ ناپەڕێت.

خەمی ئەوەتە بەر لەوەی بگەیتە لای ئۆتۆمبیلەکەت ئەو کابرا قەشمەرە گەنجەکانت لێ هان بدات و کێشەت بۆ دروست ببێت. هەست دەکەیت ماوەی نێوان تۆ و ئۆتۆمبیلەکەت تەواو نابێت.

( بەوشەوەی ئەو قەحپەیە بە تەنێ لێرە چ دەکا؟)

( دیارە پیاوی بە دەست نەکەتییە، لۆ یەکەکی دەگەڕێ)

دەنگەدەنگ و هەراوهوریاکە خەریکە گەرمتر دەبێت، بە پەلە دەچیتە ناو ئۆتۆمبیلەکەوە و تێی دەتەقێنیت بەرەو شەقامی شەستمەتری کوردستان. پاشئەوەی کەمێک دەئاژۆیت، لە جێیەک رای دەگریت، هەتا پشوویەک بدەیت. برسێتییەکەت بیرچۆتەوە. جگەرەیەک دادەگیرسێنیت.  گیانت بەوەیە شەوە و رووناکی ناو ئۆتۆمبیلەکەیشت هەڵ نەکردووە، دەنا وەکو ئەوێ رۆژێت لێ بەسەر دێت کە لە پارک بە تەنیا پیاسەت دەکرد و هەندێک پیاو بینیتیان جگەرە دەکێشیت، کەوتنە تیروتوانج و قسەی ناشیرین. تەنانەت تەنیاییەکەشیان پێ رەوا نەبینیت و نەیانهێشت چێژی لێ ببینیت.

( ئای چەند تەنیام! تەنیاترین کەس لەم سەرزەوییە، لە نێو ئەو حەوت ملیار کەسە منم، هەر من. چەند خۆش بوو ئێستا داکێکی میهرەبانم هەبایە و سەرم خستبایە سەر رانی و چاوەکانم  لێک بنایە بۆ ئەوەی ئیدی جارێکی تر ئەم دونیا بۆگەن و قێزەونە نەکەوتبایەتەوە بەرد یدەم. من پێویستیم بە پشووە، پشوویەکی درێژ تا ماندووێتیم دەرچێت) حەز دەکەیت ئەمشەو کەمیک خۆت مەست بکەیت. بەرەو عەینکاوە دەڕۆیت. دەگەیتە شەقامی سەد مەتری لە ترافیک لایتیک دەوەستیت. لە ناو ماشینەکەوە چاوت بە کوردەی برا بچووکت دەکەوێت لە ماشینێکدایە و ئەویش ئاوڕێکت بۆ دەداتەوە. گڵۆپی سەوز پێ دەبێت و تۆ بە خێرایی دەئاژوویت. ئەو شوێنت دەکەوێت و رەماشت بۆ لێ دەدات. خەریکە خاوی دەکەویتەوە.

( چییە خەریکە دڵت نەرم دەبێت؟ لێخووڕە و مەوەستە)

( تۆ کێیت؟ چی دەکەیت لە ناو ئەم ماشینەدا؟ کەی سەرکەوتیت؟) تۆ بە ترسێکەوە وا دەڵێیت

( چیرۆکی من و سەربوردەی ژیانی تۆ زۆر لەیەک دەچن. هاتووم تا نەهێڵم بمریت. مەڵێ برامە و بڕوای پێ مەکە. من ئەزموونم هەیە)

( هەر ئێستا دابەزە من نازانم تۆ چۆن هاتوویتەتە نێو ئەم ماشینەوە) تۆ بە شپرزەییەوە وا دەڵێیت. بەڵام کەس لە ناو ماشینەکەدا نابینیت. لە قەراغی شەقامەکە رای دەگریت کەمێک ئاو بخۆیتەوە. کوردەی برات ماشینەکەی لە پێش ماشینەکەتەوە را دەگرێت. دادەبەزێت و بەرەو لای ماشینەکەت دێت. ئەو لێت نزیک دەبێتەوە. ‏تۆ بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوەکانت. دەتەوێت دابەزیت. لەوە دەچێت ئەو لە هەستی تۆ تێ بگات بۆیە خێرا دەگاتە سەرت. ناهێڵێت دەم هەڵهێنیتەوە وخۆیشی هیچ وشەیەک ناڵێ. دەمانچەیەک لە بەر قەدی دەردەهێنێت، چەند فیشەکێکت پێوە دەنێت و خێرا هەڵدێت. باوەشت پێدا دەکەم سەرت دەنووسێنم بە سنگمەوە. خوێن لە سنگ و پشت و دەمتەوە فیچقە دەکات. لەشت سارد دادێت و سپی هەڵ دەگەڕێیت (ئاخرییەکەی بڕوات بە دڵت کرد، واتزانی براکەت بیرت دەکات و هاتووە باوەشت پێدا بکات؟)

بە ئاستەم چاوت بۆ هەڵدەبڕدرێت و تەماشایەکم دەکەیت، بە نووزەیەکی نووساوەوە دەپرسیتەوە تۆ کێیت؟.... (من فاتیمەم. پاڵەوانی ئەو رۆمانەی ئەوێ رۆژێ ماریا عەزیز بە دیاری پێی بەخشیت. من  هەر کە هاتمە ناو جانتەکەتەوە بۆم دەرکەوت تۆیش وەکو من لەچک و جبەکەت فڕێ داوە، زانیم کە ژیانێکی ئارام و ئاسانت نابێت. دەمزانی تۆیش وەکو من پیاوان حەزێکی کوشندەیان چۆتە سەرت و ژنانیش دڵپیسی و ئێرەییەکی کوشندە. ئیدی بەردەوام گوێم لێ دەگرتیت و بە دزی نووسەرەکەمەوە چیرۆکی تۆم دەنووسییەوە. ویستم منیش ببمە رۆماننووسێک و تۆ بکەمە پاڵەوانی رۆمانەکەم تەنیا لەبەرئەوەی چارەنووست بگۆڕم و نەهێڵم بکوژرێیت. ئاگام لێت بوو چەندین جار تۆ لە فسکەفسکی من و نووسەرەکەم رادەچڵەکیت و هەستت هەڵدەگرت. ئەو کاتانە نووسەرەکەم رازی نەدەبوو و منیش ببمە چیرۆکنووس و ژیانی تۆ بکەمە رۆمانێک. ئەو نەیدەویست دەستکاری چارەنووست بکەم. بەڵام دڵپاکییەکەی ئەمشەوت ناچاری کردم لە نێو کتێبەکەوە بێمە دەرێ تا رێگە لە کوژرانت بگرم)

پێڵووەکانت لێک دەنێیت. جەستەت تەواو سارد دەبێتەوە و خۆت لەسەر سنگم پێ راناگیرێت. خوێنیکی گەش بەسەر شەقامەکەدا جۆگەلە دەبەستێت.  

 

تێبینی: فاتیمە، پاڵەوانی رۆمانی ژنە کافرەکەی رۆماننووسی عێراقی( عەلی بەدر)ە.

 

٢٤.٣.٢٠٢٢